ما 9244 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

وشە ئامراز بۆ مانا، یان ئامراز بۆ شێواندنی مانا

وشە گرینگترین ئامرازی پێوەندی ئینسانە و ئەرکی دەربڕینی هەست، باوەر، بۆچوون و روانگەی مرۆڤەکانی لە ئەستۆیە. بۆ لەیەک تێگەیشتن و ئاسانکردنەوەی ماناکان، لە نێۆ ئینسانەکاندا رێکەوتنێکی مانایی لەسەر وشەکان هەیە کە وەک کۆدێک بۆ خوێندنەوەی پەیامەکان و تێگەیشتن لە ئاخافتنەکان بەکاردیت.

 

 لە هەموو زمان و کۆمەڵگایەکدا زۆرێک لە وشەکان هەڵگری چەندین مانای جیاوازن کە بە پێی شوێن و هاوریزییان لەگەڵ وشەگەلی تر دەگۆردرێن، بەڵام خوێنەر، یان بیسەر بە گوێرەی بارودۆخی وشەکە و هاوریزەکانی باری مەبەستی بێژەر، یان نوسەر وەردەگرێت و لێی تێدەگات.

لە دونیای ئەدەبدا زۆرجار بۆ جوانکاری کەڵکی رازاننەوە لە وشە وەردەگیردرێت و بە کەڵک وەرگرتن لە مانا جۆربەجۆرەکانیان تام و چێژی تایبەت دەبەخشرێت بە رستە و، خوێنەر یان بیسەر کەیفخۆش دەبێت بە بیستن و خوێندنەوەیان. واتە لەم بارەیشەوە وشە هەر ئامرازێکە و بۆ جوانکاری بەکار دێت.

بەڵام لە دونیای سیاسەتدا بە عەکسی ئەدەبەوە زۆرجار کەلکی ئاوەژوو لە وشەکان وەردەگیردرێت و وەک ئامرازێکی دژ بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەکان و خڵافاندنی رای گشتی کەڵکی ئامرازی لە وشەکان وەردەگیردرێت. واتە بە کەڵک وەرگرتن لە مانا رواڵەتی و ناسراوەکەی وشەکان ئامانجی تری پێ دەپێکن و بۆ مەبەستێک بەکاری دێنن کە هیچ پێوەندیێکی بە مانای سەرەکی وشەکە کە دونیا لەسەری ساخبوونەتەوە، نییە.

بۆ نمونە وشەی دیموکراسی کە وشەیێکی ناسراو و خۆشناوە و لە لای زۆرینەی ئینسانەکانی رووی زەویی پەسەندکراوە، دەزانن ئەوانەی دژی سەقامگیری دیموکراسین دیکتاتورن. بۆیە زۆر جار لەم وشە بۆ پەلاماردان و هێرش کردنە سەر وڵاتێک کەڵکی ئامرازی وەردەگیردرێت و زلهێزەکان بەناوی پشتگیری لە دیموکراسی و بۆ سەقامگیرکردنی هێرش دەکەنە سەر وڵاتێک یان دەسەڵاتێک، بەڵام لە ئەساسدا ئامانجیان شتی ترە. یان وشەی ترۆریست کە لەو وشانەیە کە باری نەرێنی و خراپی مانایی هەیە، بۆیە دەسەڵاتداران بۆ سەرکوتی ئوپۆزیسیون و ئازادیخوازان بەکاری دێنن و هەموویان خەباتکارانی راستەقینەی ئازادی و مافەکانی مرۆڤ بە ترۆریست ناوزەد دەکەن و لە ژێر چەتری ئەم نێوەدا دەست دەدەنە کوشتن و قڕکردنی مافخوازان.

وەک لەسەرەتا ئاماژەمان پێکرد وشە خۆی ئامرازێکە بۆ پێوەندی نێوان ئینسانەکان، بەڵام ئەم ئامرازە زۆر جار لە جێگەی خۆیدا و بۆ ئەرکێک کە پێی سپێردراوە بەکار نابرێت بەڵکو دەکرێتە کەرەسەیێک بۆ ئامانجێکی جیاواز و شاراوە، دەکرێتە کڵاوێک و لەسەر رای گشتی دەنرێت بۆ خڵافاندنی خەڵک و بێدەنگ کردنیان لە بەرانبەر کردەوە نارەواکاندا.

سایتی قەڵەم

١٤ یانواری ٢٠١٦

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت