ما 4027 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

سەباح ڕەنجدەر

ئەى ئاواز لە ڕووى فرمێسکە سارد و گەرمەکانم دامەمێنە

چاوى جیهان کە لەمندا دەبێتە دڵ

سەرەتاى هەفتە بە ئەستێرەى بچوێنە

کۆتایى هەفتەش بە مانگ

لە بەراورددا چاوەڕوانم ئەو شتانەى بەدرزى دڵەوە دێن و دەڕۆن

 

 

دواکەوتن لە کەشتیی نووح

سەباح ڕەنجدەر

            1

چەند شووشەیەکى ڕیزکراوى سەرڕەفە

کە لە مۆزەخانەدا کوژران

لە دەنگى خۆیان بەئاگاهاتن و گوتیان دیوار هەورى بەتاڵبوو نییە

تاووسێکى بەرچاوڕوون لەسەر دیوارى بەندیخانەدا                                       

هێلانەى شکۆ و بەخشندەیى چێ کردووە

لە پێخەفى چاوى بەندییەکان دەنوێ و گریان دەکاتە خەون

بەندییەکان پێیان خاو و نەرم

دەمارى دڵیان توند و گەرم و کاسەى سەریان پوورەهەنگ

نیازى دەموچاویان ئاشکرا و درەوشاوە و درێژە بەژیاندان

چەناگەشیان لەناو شیشى زیندان دەرهێناوە و کردوویانەتە تابلۆى ڕێگاوبان

ئەم تاووس و هێلانەیە بۆیان بووەتە

ئاشنایى و ڕۆشنایى

خامۆشى و فەرامۆشى

شەرم و شانازى

زەوى و زەرى

چووم دەست بۆ گەنجینەى هێلکەکان ببەم

دڕکم لە پێى ڕاچوو

دڕکى زامى نازى ئەشق و خەمڵینى بێ پەروایى

ئەشق دژایەتیی ئاشق دەکات و ئەم دەخاتە جێگاى ئەو

بە حەپەساویش بە چواردەورى مەرگ ڕادەوەستێت و چاوەڕوانى دەگرێتە باوەش

دڵ لە قەپێلکى هێلکەشدا دەڕسکێ و دەبێتە جەنگەى بەهار

من ئەم جەنگەى بەهارە هەتا ناو دڵى دەناسم

شێوەکارێکى ئاسۆ پڕ تانوپۆ و دەموچاو ڕوون بەئاشکرایى بەهەشت

تابلۆى هێلکەکانى لە چرکەى ترووکاندا کێشا

بەندییەکان دواى ئەوەى لەو چاڵە ڕەشە هاتنە دەرێ

پێکى ئومێدیان خواردەوە و ژیان ڕوون بووەوە بە

نەوا و ئەنواى ئەزەل و غەزەل

تابلۆکەیان کڕى

بە نیازى کتێبى ڕێنوێنى لە نزیک دڵیان هەڵیانواسى

پڕ نابێتەوە لە هەست و یادەوەرییەکانیان

ئاوازى تاووس لە سەرەتاى هێلکە ترووکان

دەستى کە بۆنى چیلکە و پووشى هێلانەى تێکەڵاون

بەسەریان دادەهێنێت

تا ئەبەد ژیان لەناو ئاوازدا بەسەردەبەن

گەشە لە خورپەى خۆشبەختى ئاوازدا دەنوێ و پشوودەدات

دەکرێت گوێ لە دەنگێک لە ئەزەل و دەنگێک لە غەزەل ڕابگرن

بەئاوازێکیش ڕازى بن

ئاواز باس لە شوێنێکى پارێزراو دەکات

تێیدا تەماشاى هەناوى ئاو دەکەین

ئاویش لەبەر خاترى ئێمەیە نامرێت 

بەگەرمى دڵى دەمانژیێنێت

لە جۆشى ئێمەش پڕ ڕەنگە

لە گەرمایى شەرابدا ڕازم لە زمانى چرا بیست

تاووس لە بۆشاییدا دەگەڕێ ڕەنگى ئەشق دادەڕێژێ

چى لە تاریکیدا هەیە

تاووس لە بۆشاییدا دەگەڕێ ڕەنگى دڵ دادەڕێژێ

چى لە تاریکیدا هەیە

لەسەر جەستەى ئەشق و دڵیش ڕەنگى بێدارى دەڕوێ

دڵخۆش بە شکۆتم لە ئەشق و دڵ هەڵگرتووە و ئەشق و دڵیش دەبنە ڕابردوو

ڕابردوو مۆمێکى پێیە بە ئارامى دایدەگیرسێنێت

ئەشق و دڵ داگیرسێن با تاریکى دەستمان بەسەردا نەگرێ و بەلەمى ڕاوە ماسى نقووم نەبێت

          2

ئەى ئاواز لە ڕووى فرمێسکە سارد و گەرمەکانم دامەمێنە

چاوى جیهان کە لەمندا دەبێتە دڵ

سەرەتاى هەفتە بە ئەستێرەى بچوێنە

کۆتایى هەفتەش بە مانگ

لە بەراورددا چاوەڕوانم ئەو شتانەى بەدرزى دڵەوە دێن و دەڕۆن

حەلواى خودا و

بۆنى خۆشى دەستنوێژ و

شوورەى گوڵ و

دڵەخورپەی مەستانم لێ نزیک بن

ئەستێرە و مانگ و نان و ئومێد و تاسەى دوانزا و تەزوو بەخشین و چاوى مەرد

خاوەن هەموو ڕوخسارێکن

دەفتەرى مەشق لەباوەش دەگرن و خوێنگەرمی دەدەنێ

دەفتەرى مەشقیش گەرمایییەکى ئەفسانەیى تێدایە

شەو و ڕۆژ لە مۆمى نیوە سووتاوى مندا یەکتریان ناسى و کاتیان دابەش کرد

وەک دوو خوشک و براى لە خوێنى پشت هاوهەست و مەشقى زۆر لە ژیاندا ماو

بێ وچان لە ڕووبارى قووڵ دەدەن و فرمێسکە سارد و گەرمەکانم دەپارێزن

منى زۆر بەسەرخۆدا زاڵ

وەک پێغەمبەرێک سەرگەرمى سرووش وەرگرتن بێت

چوومەتەوە ناو دڵى خۆم و پێستم وەک چەتر بەسەر ڕووبەرێکى تەواو خرۆشاودا هەڵدا

هەست دەکەم هیچ شتێک دوایى نەهاتووە

دەموچاوى ساکارى عەرد و ئاسمان

تا خودا دەڵێ بەس سپین

پەڕەى وەفا و نمەکیان لە خۆ پێچاوە و لە نۆتەى ئاوازدا پشوو دەدەن 

هەوڵ دەدەم سەرنجى دەموچاوى ساکاریان بدەم و بیانناسم

پاشان ئارام و هێمن لە هەتاودا مەلە بکەم و لەگەڵیاندا بژیم

3

دێوەزمەى چرا کوژاوە

خۆى لە ماڵى ئێسک و پرووسکدا شاردووەتەوە و زمانى هەردوو ڕووى ئاوێنە دەزانێت

دەشیەوێت بە زیندوویی بمانخوات

تاووسەوان پەڕى تاووسەکانى شووشت و ڕۆیشت تا ئەو شوێنە ڕۆیشت

هێلکە تێیدا وەک نزیکبوونەوەى گەرمى لە دڵ دەبریسکێتەوە و دەبێـتە سرووشى فەرموودە

دەچێتە سەر قەڵاى هێلکەکانى و تەماشاى ژیان دەکات

پاش دەستبازى و چاوبازى لەگەڵ ژیان

وەک ئەوەى خوناو بێت لەناو چاوى ڕوونبووەوەى پەیامێک

دەچێتە بەر خۆرى گیانبازى

دەڕوات تا ئەو شوێنە دەڕوات

خودا گوێ لە ترپەى دڵى دەگرێت و هەنگوینى سەرباڵى مەلى خۆشخەبەر دەڕژێتە شووشەى ماڵان

ترپەى دڵ چەند بارسووکە

بە خوناوى ڕوونبووەوەى چاوى گوڵ

دەڕۆم تا ئەو شوێنە دەڕۆم

دڵ بەر نائومێدى ناکەوێت

مەستیى تاووس دەکەمە بەهرە و پەیام و گۆزەى خەمڵینى شەرابى تووى ڕەش

ئاوازێکى نەرم سەرى گەرمم ئاوڕشێن دەکات

تاووس هەر لە ئاسماندا دەڕوات

لە سروشتى نەشێواویشدا دەنیشێتەوە

من بە دەنگى خەیاڵ دەیدوێنم و باڵى سووک دەبێت

بۆ هەستان و باوەشێنکردنى هێلکە و هێلانەى

تاووس بارى ئێمەى لەسەر باڵى هەڵگرتووە

داوە مووى ناڕۆشنى نێوان ژیان و مردن ڕادەکێشێت

سووڕى دەوران خۆشتر و نهێنى هەستیش ئاشکرا دەکات     

             4

ژیانى من چەند لە سادەیى شەو و ڕۆژ دەچێت

وا بەپەلە و نەرمەغار بەرەو نەمان دەڕوات و درەنگیش لە خەو هەڵدەستێت

هێشتان خۆرى هۆگربوون و خەونێکم

نەگەیشتووەتە نیوەڕۆ گەرمم بکاتەوە

ئەستێرەى شەوم دەڕژێتە

نسرمێکەوە و سەرمام دەکاتەوە

دیسان بەسەرچاوى داخراوى ژیاندا پەرت دەبمەوە

داد

دادى دڵ و ڕازێکى مات لە سەکۆیەکى ڕووناکدا هەڵبەز و دابەزى پەنجەم لەسەر شمشاڵدا ببینن

وەک ئەفسانەیەک دەخەوم و لە شەڕ ناگەڕێم

بەڵام کەمێک گەردەنى لارى گوڵی مەرگ بۆن دەکەم

دەرکەون ڕووناکى سەکۆ و دیدارى خودا دەرکەون

لەبەرچاوم شاراوە نین دەرگا و پەنجەرەى ماڵ و بەر و پشتى دەستمن

من لە ئێوەوە لەژیان گەیشتم و دوانیگاشم لەسەر ئێوەیە 

هەر تەنیا هاوارێک دەبیسترێت و بەس

هاوارێکى بەئارام

هەر تەنیا دەرکەوتنێک دەبیندرێت و بەس

دەرکەوتنێکى بەئاکام

حیکمەتى گوێڕایەڵى دادى دڵ بۆ هاوار و دەرکەوتن

 پێش تۆفانی نووح

لەژێر ئاسمانێکدا کە هەموو ڕەنگەکانە

بەڵام شین زاڵە

دادى دڵم بەخەبەر هاتووە و سەرى ناڕەزامەندى ڕادەوەشێنێت

نەخش و نیگارى ترسێکى درێژخایەنى ڕشتووە

دەشبینێت بەردى دیوارەکان دەکەون 

ئاى درەختى ئاسوودەیی سێبەرت لە پیاڵەم نەکرد

پیاڵەى دڵبینى چەند لە سادەیى شەو و ڕۆژ دەچێت

ئەوەندەش دڵ هەڵگوشراو و بێ پەناى 

ئەى مایەى ڕەنج و بەهرە و ستایش و برینى پیرم

5

فرمێسکى تامەزرۆییم لەبەر چراى ڕێگاى کۆچى یاران زۆر ڕشت

فرمێسکى تامەزرۆیى

لارەلار نەیێیت و سەد دڵم نەکەیت

ئاگات لە دەستم بێت

مەیی مانم بەدەستەوەیە

پەیمان ڕاگرم و چاوى داگیرساوى سەر تەنافم

ڕوونە بەدیارى و خەڵاتى بەخشندە

چاوى داگیرساوى سەر تەناف بەخشندەیى زۆر و وێنەى پاکیزەیى پێیە و دەمانگەڕێنێتەوە

یەکەم ماندووبوون و

یەکەم درەوشانەوە و

یەکەم شەڕى پەپوولە و کلۆ و

یەکەم مژدە

دێت

گوڵێک دێت

گوڵبەدەستەکە ون دەبێت

دەچێت چراى ڕێگاى کۆچى یاران گەش دەکاتەوە

ماندوو دەبێت و لەناو یەکەم درەوشانەوەدا پشوودەدات

دەیەوێ بزانێت دووریی نێوان هەڵچوون و ڕۆچوون چییە و چەندە

یان کامیان وشەیەکى دووچاو ڕاکشاوە

بزەى ڕەزامەندى بەلێوەوەیە

دەچێتە دەستى گوڵبەدەستە ونبووەکەوە                                                                  

6

درەخت گەڵا و لکى خۆى سنووردار ناکات

دایکە حەوا ئاوێنە و زایەڵەى هەموو ناوەکانە

جوانیی خۆى لە ڕوخسارى جواناندا ئاشکرا کردووە و پێکى ئومێدى بۆ تێکردوون

باوکە ئادەمیش لە خۆڵى مەستى یەکەمین ڕوان

ئاوازى بۆ گۆرانى ژیان دانا و دەنگى زرینگایەوە

ئەوەى گۆرانى نەبیسێت ئاگرى مەست نابێت و ناولەپى خۆى ناناسێت

زەوى کراسێکى نیگا شەرمنى وەک دایە حەواى پۆشیوە

لە یەک بزر نابین

ڕەز جوانیى میوەى خۆى دا بە هەمووان

توانى زەمین بکاتە بەهەشت

ئەرێ پەیامنێرى بەهەشت و کاتژمێرى دەستى مردوو و گڵۆپى کۆڵان و بەردى بیرەوەرى چى دەڵێن

بەیارمەتیى هێزى خودایى نیگا گەرمەکان بکێشنە هەناوتانەوە    

ئارام و هێمن بە شوێن نیگا گەرمەکانەوە دێم

بەهرە و پەیامم بۆیە هاتنم لەرینەوەى هەیە و وزە دەبەخشێتە ڕێگاکان

هاتوو وەک باڵێکى شکاو یەخسیرى نیگایەکى کەمێک ڕووناک

ئارام و هێمنیش لەبەر گەرمایى نیگا دیاری و خەڵات وەردەگرێت

دەشزانم نیگا پیاو دەکاتە تیشک و پێڵووى هەڵدەداتەوە

لە ماڵى ساکارى تەمەن لەگەڵ کۆچى ئەستێران لە خەو هەستاوم

دێم دەست بە ڕوومەوە مەنێ

ئاگر لەژێر پێدا بکوژێتەوە

دیاری و خەڵاتى نیگایە و پێستى وشکى زەوى تەڕ دەکاتەوە                       

شکۆى نیگا و سێوى تەڕ لە تەماشاتان پاراوبوویمە

بەباشى کاتى دیاری و خەڵات دەناسم                                                                                                        

7

لە پیاڵە و مەیی سینەتدا باڵى مەلە بهاوێم

پەلەکوتەى نقومبوون بمگرێت

هێشوو سرووشى خۆگرتنەوەیە

هێشوو ناودەنێم خانە زیندووەکانى لەش و بۆنوبەرامەى دەستنوێژ

بەردى بەجێماوى سەربەردەنوێژ هەڵدەگرمەوە و لە قۆڵمى دەبەستم 

تا ئەوپەڕى خوان و گەشت داوەتى دەبم

ئەمە نە ڕووگەیە نە ڕووگەنما نە دووربین نە بەڵێنى قوفڵ نە دانەى داو نە ئەسپبازى نە مەیدانخوازى

ژیانە هەڵدەقوڵێت و دادەبەزێتە سەرناوچەوانى ڕووناکى

لە سەرمایەکى کپدا چۆلەکەى سڕبوو گەرم دەکاتەوە

جریوە و جووکەش هێڵکارى سیمامان دەکێشن 

چۆلەکە چاوى لەبەر پێى خۆى ناگیرسێتەوە و گفتوگۆى پیاسە ناگێڕێتەوە

قوربانى و نزا و دروود و چلچرا و مژدە بەسەر باڵییەوەن

من قەت نەمزانى چۆلەکە لە چى ڕادەمێنێت

جریوە و جووکەشى لە چیدا دەبێـتە نەوا و ئەنواى ئەزەل و غەزەل

دەچمە داوەتى خوان و گەشت و بینینى

ئێوارانى بەرەو گوندبوونەوەى مازووچنان                                                

8

تەواوى شەو مەلە و دڵگەمەى کرد و بە دەموچاوێکى تەواو کراوەوە

لە ڕۆخ چەمێکدا هاتەدەرێ

ئەستێرە و مانگ تا بەرەبەیانى هەزار ڕەنگ

بە دەرکەوتنى یەکەم ڕوخسار و ڕووخۆشیى پەرى دەخرۆشان و زمانێکى تریان دەبوو 

منیش لەپێستى تەنک و ئاو لەسەر نیشتووى مەیخانەی دڵ

کە دەرگای بە ڕەنگى ئاو ڕەنگ کراوە

سەیرى خرۆشانى پەیامنێرى بەهەشت و کاتژمێرى دەستى مردوو و گڵۆپى کۆڵان و بەردى بیرەوەرى دەکەم

وەک کوێرێک لە چڵەپۆپەى خرۆشاندا بزر دەبم و هاوارى چاوساغێکمە

چاو دادەخەم و دڵ دەکەمەوە

ئەفسوونێک دەبێتە ئەسپى یاڵ و بژ ئەستێرەى ڕژاو و وتووێژى ساکارى دیدار

لە کێڵگەى گەرم و مەستى ئاوتێگەڕاوت ئاڵاى سپى هەڵدەدەم

داخى داخان لەم جەنگەدا تفەنگم لە شان دەخزێت و دەشکێم

ئاڵاى سپیم لێ وەرگرە و لەلام بمێنەرەوە

ئەسپ بە بۆنوبەرامەى سواران دەگەڕێنەوە

پیرى لالە بەدەست لە تەنیشتم گۆرانی خەڵوەتى دڵ دەڵێت

بەڕاز و نیاز و سکاڵاوەش لەگەڵ دەفدا تێک ئاڵاوە

دەستى نزا و هەستگەرمى بەرز کردووەتەوە

خودای لە سەران دەستى مێشک و دڵم لە یاخەدا بکەرەوە و ڕزگارم کە

منیش لە تەختى بەرزاییدا بووم

دڵڕوونیم تێدا ڕژا و زانیم چى بکەم

گۆرانى ئەمشەو لە ئاو و مەلەدا بمێنەرەوەم بەسەر گژوگیادا پژاند

تاووس بە کۆ کۆرسم بوون

ئاخ لە خرۆشى دەنگیان و دەمودووى درەختەکانى دەوروبەر

بەتەنیا لە ڕۆخ چەمدا ماومەوە و لە بەردەمیدا لەسەر قاچێک وەستاوم

دەست بە کەزیی نەرم و شلى ئەستێرە و مانگ دادەهێنم

پەرییش بە پێستى تەڕیەوە چەند سانا تێپەڕى

مێوانى شەوى ڕاز و شەوى شەوانى نەکردم

دەستى لەسەر شانم دانا و ڕۆیی پەین بخاتە ژێر درەختى ژوان

نەرم نەرم تەپەى پێیم گوێ لێبوو            

گوێم وەک خوانى ڕایەخستراو بەتاڵ و زمانم لاڵ

چاوى ئەمەکیش ئامۆژگارى کردم یەکەم بینین بەیاد بهێنمەوە

نیگا ئاشنایى تاهەتایەش لە دڵدا دەپارێزرێت

خونچەى کوێستانان بەگەرمایى دڵ دەکرێنەوە

دڵ لەگەڵ ئەو درەختانە بدوێ

ئێواران پڕدەبن لە جریوە و جووکە و برینى هەڵخستراو

خودای لە سەران مێشک و دڵ هەراسان و ماندوویان کردووم

بمخەرە ئەوەل دڵۆپە بارانى پەڵەى ساڵ و برینى زەویم پێ داپۆشە

زەوى کراسێکى نیگا شەرمنى وەک دایە حەواى پۆشیوە

لە یەک بزر نابین

لە بەرەبەیانێک کە ئەستێرە و مانگ بە هەزار ڕەنگ خرۆشاون

تیشکێکى خەمڵیوم پێشاندە         

ببێتە دیدارێکى سادە و گۆناکان دابگیرسێنێت

هەموو گۆنا داگیرساوەکان دەڵێن

ژیانێکی ئاسوودە هەیە

دڵمانی تێدا ناکوژرێت

خەریکە دڵمان لە باڵی باڵندەوە دەبێتە فانۆس

تیشکی پڕی ماڵی هەموو گۆنا داگیرساوەکان دەکاتە تاجى دیدار

ئەرێ بۆ ئاسمان کە پڕ ئەستێرە و مانگ دەبێت لە زەوى نزیک دەبێتەوە

           9

بێدەنگیى زمان و خورپەى گەرمى ئەشق بانگى ئێوە دەکەم

تەزینێکم گەرم بکەنەوە و بەشدارى جەنگم بکەن

لەبەر سەرما دەستەکانم لێک دەخشێنم

خۆر بکوژە و تەواوى ئەستێرەکان بانگى شوێنى خەڵوەت دەکات و دەیانکوژێت

بە ڕێکەوت کاتێکى ڕووخۆش کە من تێیدا دەکوژرێم دەگەمە بەردەرگاى سرەوتن

لەپڕ دەنگم دەنووسێت و دەبێتە لاپەڕەى بەتاڵى ئەلبوومێک

پاش چەند چرکەیەک بەفر دەمارى زەوى دەگوشێت

تاووس بۆنى کۆچى گیانێکیان کردووە

دێنە بەر دارەتەرم و چرا و قورئان بەسەر خوێندندا و بۆنى کەسوکار

پاشاى گیانم پاشاى بەخشندە پێویستە تۆ گوێت لە دەنگى من بێت

لە ناز و خۆنواندنى بەفردا

بە بۆن دەکەوم و لە خەودا قسە دەکەم

خەو تا چێشتەنگاو درێژ دەبێتەوە و بەڵا بەڕێوەیە

ڕووناکى بەفر هێندە بەهێزە چاو بە شەوارە دەخات

تۆ لەودیوى دەرگاوە وەک ئاوێنە و مۆمت لێ دێت

چاوەڕێى ڕوودانى و تەنیا دەنگى منیش نابیستیت

بەفر خوێنى منى دەوێ

دەتوانن لە میوەدا بیناسنەوە

چاوەڕوانى گەیشتنە

کات میوەى پێگەیاندووە

منیش ڕەنگى خوێنى خۆمم بیر دەکەوێتەوە و ڕەنگى دڵیشم دەبینم

سێبەرى ڕەنگى دڵ سووکە

لە ناوچەوانى ڕوون ڕوونى خوداوەنددا شانم دایە شانى برینێک کە چەناگەى بڵند کردووە

لە کوڵمى داگیرساوى فریشتەشدا ڕاکردنى دڵى خۆمم پێشاندەن و بمنێژن

ناشتن سرەوتى خۆشەویستی و گۆرانییە لە ستایش و تاسەى ئەزەل و غەزەل

تاووسى بۆنکردووى کۆچ دەپرسن کوا

مانگیش کەزى لەسەر زەوییە و کیژە خەواڵووەکانى داپۆشیوە 

لیمۆى بۆنخۆش ڕێگام بدە ڕوو بەناز و خۆنواندنى بەفر و فیزى خۆکردنەوەى تاووس

خەڵوەتى دڵڕوونى بگرم و سەرى خۆم بە کۆشى کتێبى شکۆى خوداوەندەکان بکەم

مەرگ ناوى هەموومان دەزانێت

شەرمى شکاوە و بەناوى خۆمانەوە بانگمان دەکات 

نەشمزانى چۆن وا بە ئاسانى ناوى کەسى لێ تێک ناچێت   

گورگیش لێوى بە زمانێکى ڕەق وەک سوورگى دەرگاى زیندان دەلێسێتەوە                                                                                                                                          

10

لاپەڕکانى ژیانمت نووسى و بە هەموو چەشنێکیش

بەسەر پێستت دەخولێمەوە و ناوت دەڵێمەوە

بەهرە و پەیام و ماتیى دڵم وەربگرە

ئەدى نەمگوت ئەگەر مەرگ هات لە دیوانەکەم بمنێژن

شیعرى زۆرم بۆ ئازیزان و کۆستى ناکامى خۆم نووسیوە

ئێ خودایە بەڵکو  لەگەڵم بێنە زاخدانى چاو

مۆمى سەردەستیان دابگیرسێنن و دەستى سڵاو بەرز بکەنەوە

بەژێر درەختى بەرداردا تێبپەڕین

نەزانین کات دەمەوعەسرە یان تەنکایى بەرەبەیان

پێبکەنین و فرمێسک بەچاوماندا بێتە خوارێ

سرووشى ئارام و بێ دەنگ مەگەر نەمگوت

بە دڵ دەخوازم کوڕێکى سووکەڵە بوومایە

بە پایسکیل بچووبوومایە نانەواخانە و نانى بەکونجى و ماستى بە سەرتووم

بۆ بەرچایى دایک و باوکم بهێنابووایە

پاشان لەگەڵ خوشک و براکانم

بە ماڵدا ڕاوڕاوێن بکەین و وەک گیان وەبەرهاتن ببریسکێنەوە

درەخت و ڕووبار و مانگ و ئەستێرە و گیا و باران و گەشبوونەوەى پەلکەزێڕینە

منداڵى سروشتن و خوشک و براى منیشن و لە گۆرانییەکانم دەیانڵێم

کاتێک ئێسکبەندى جیهان بەیەکەوە گرێدرا و گیانى داڕشت

پێش خۆر بزە و ماتى من تاراى بەسەر ڕوخسارى داهێنا

ئەو کات تەنیا ژیان هەبوو

نەشمدەزانى ژیان چ ئازارێک دەکێشێت

ئەسپى ڕاو بیرى لەوە دەکردەوە

مێژووى خوێن لە دەمارى کەروێشک یان تاژى کۆنترە

ئەى دڵ کێ درەختى بەردارى لێرەدا بەخاوەن کردووە

من لامپام هەڵکردووە و سوپاسى بەختى ڕووناکى و تف لە پەنچەرەى ڕەش دەکەم

لامپاش هیچ نهێنییەکى نییە و یارییەکانى خۆى پێشان دەدات

لە پشت خۆ لێککێشانەوەى مامز و پەڕکردنەوەى قورینگ بەسەر لکى شلکەوە

تەماشاى دەکەم و هەناسەى بەخشین و وەرگرتن و وچان و گەشانەوەم

لەم لاوە بۆ ئەولا دەبا

لە زەردەى ئێواراندا لە هەموو لایەک هۆگربوون و فێنکی باى سێبوورى سەرمیوەى گەییو دەردەکەوێ

کرمى ئاوریشم لە هەناسەوە قۆزاخە پڕ دەکات و زەمین گەرم دەکاتەوە

زەمینیش بۆنى هەموومانى کرد و ڕووەکى بۆ ڕواندین شانى گەرمى ڕاوەشێنین

لە شوێنێک لا دەدەم و وچانێک دەدەم

 

چى بەڕێوەیە ڕوو بدات

گەڕان بۆ بابەت