ما 7543 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

  

و: نەژاد عزیز سورمێ

چى بکەم هاوتەمەنەکانم؟
کە من هەموو بەیانییەک
لە ڕۆژنامە ڕۆژانەییەکاندا
دەنگت بە سوورى بەرەواژەوە،
وێنەى ڕۆژێکى ڕەش دەخوێنمەوە؟
برسییەتى جووتیاران دەخوێنمەوە؟

 

 

من هاوارم، چ قوڕگێک دەمچڕێ؟

فازڵ عەززاوى

و: نەژاد عزیز سورمێ

 

 (گۆرانییەک

لە باخچان گوێم لە درەختان گرت،

ناڵە و فیغانیان بوو

لە ئاسماندا گوێم بۆ مەلان ڕادێرا

دیتم کۆچ دەکەن

گوێم لە مرۆڤ گرت

لە غوربەتى سەردەمدا نەمدۆزییەوە..

نەمدۆزییەوە هاوزاکانم!)

 

چى بکەم هاوزاکەم؟

تا نەیەڵم ئەم شەوە سووتێنەرە

بگاتە چەهرەت؟

دژمنان بۆتى دەهێنن،

بە پێڵاوى پۆڵایینەوە پێشێلت دەکەن،

لە خەودا سەردانت دەکەن،

بە خۆشەویستى بانگت دەکەن

کەچى تۆ قوربانیی ئەوانى؟

 

چى بکەم هاوزاکانم؟

کە من لەسەرگردى نامۆیی دانیشتووم،

لە زەماوەندى مرۆڤدا،

جەنازەى ئەم جیهانە دەبینم هەژاران هەڵیدەگرن؟

کەژاوەگەلێک لە چەند کیشوەرێکەوە،

شەیتان حوکمیان دەکا؟

 

چى بکەم هاوزاکانم؟!

کە هاوزاکەم دەبینم لە قاوەخانەى مەزنان دادەنیشێ،

تریاکى ئازادى دەکێشێ،

وەک کوێر لاشەى لە مەیخانان ڕادەکێشرێ،

ڕۆشنایی بەلەپى دەستدا دێتەخوار،

کە جەللادان بە دەورى سەرى ئەو شارانەدا دەخولێنەوە

بە ئاگرى ئەبەدییەتەوە شۆراون؟

 

چى بکەم هاوتەمەنەکانم؟

کە من هەموو بەیانییەک

لە ڕۆژنامە ڕۆژانەییەکاندا

دەنگت بە سوورى بەرەواژەوە،

وێنەى ڕۆژێکى ڕەش دەخوێنمەوە؟

برسییەتى جووتیاران دەخوێنمەوە؟

گۆرانى (نایل) لە کێڵگەیێکى بەردراو

لەناو دێرى مەرەزەى سووتاودا،

وێنەى جورج دەچڕن،

پەنجەکانیان بەسەر خوێنى خاکى بتپەرستدا

ژەهرى لێ دەتکێ ؟

 

کوا دڕندەى وەستاوى کەنارى ڕووبار؟

قوربانیى دیکەى بدەنێ، پاکیزەکانتانى بدەنێ!

خوێنى خواى بدەنێ، کە بەسەر کەڤراندا ڕژاوە

بیدەنێ!

تا بزانین ماناى بزانین چییە؟

تا ئاگرى مردووان بکوژێنینەوەو

لە مرۆڤەوە دەست پێ بکەین.

 

چى بکەم هاوزاکانم؟

کە لە تاراوگەدا مەکینان دەبینم

عاشقى بەکرێگیراو بەرهەم دێنن،

بە شارە داگیرکراوەکاندا دەخولێنەوە،

تژى خۆڵەمێش،

بەسەر خەمى دۆڕاواندا دەڕۆن و

ماڵان ،

بۆ دڕندەى نووستووى دارستانى بیابان

بنیات دەنێن ..؟

 

چى بکەم هاوزاکانم ؟

کە گوێم لە چەندان نەوەیە

لە برینى گوڵدا کەڵەواژى دەبنەوە،

تارمایین،

وەک مەلى زێڕین

مەلە لە دیجلەدا دەکەن،

پاشان گۆرانى دەچڕن و دەمرن،

وێنەى عاشقان، لە خەمان بەتەنێ دەمرن،

کە نیشتیمانێکیان نەدى پەناى بۆ ببەن،

وەک چۆن غەریب،

پەنا بۆ نیشتیمانى غەریبان دەبا..؟

 

چى بکەم هاوزاکەم؟

منیش وەک تۆ بە کوڵم،

خەون بە ژنێکەوە دەبینم

لە زینداندا، لە نێوان من و مەرگ دابنیشێ ؟

لە نیشتیمان پتر، حەزمان لە مێینەیە ..

کە لە جوانترین ڕۆژانى تەمەنماندا تێکماندەشکێنێ!

کە ئازادى چەقۆیێکە لەدڵ دا،

دروشمێکە بە نهێنى هەڵیدەگرین و

لە ژوورى زیندانێکى لە بیرکراودا

بە قاوەوە دەیخۆینەوە.

 

چى بکەم هاوتەمەنەکانم؟

کە من بە شێتایەتى ئەو گەنجانەوە،

لە قوتابخانە دەردەکرێم،

بە بێدەنگى بە جیهاندا دەسووڕێنەوە و

لەسەر شۆستەى شارە گەورەکاندا

بێ خەم یا نازناوێک

لەوەى دەوڵەت دەیاندا بە خەڵک

دەمرن؟

 

چى بکەم هاوزاکەم؟

کە من لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا

دابەش بووبم،

میرێک لەناو ڕۆکێتێکدا بەرەو ڕۆح دەچێ،

لە خێوەتى هۆزەکەمدا دیلم،

نامۆ لە نێوان ئامێر و خواوەندى ڕووت،

لە نێوان یەهووداو لەخاچدراوى سەرشانم ..

من یەهوودا نیم، لە خاچدراو نیم

ئەى تۆ کێى؟ وەرە پێش !

من پێنجى حوزەیرانى عارەبیم

من ئەو حەفتەیەم، بە سۆزى ڕۆژهەڵاتییانەوە

ڕۆژى لێ هەڵوەران ..

من شەڕى دژ بە خۆمم ..

ئافرەتێک لە باڵاى گەلەکەمدا هاتەخوارێ

مەمکى فڕێدانە ئاو و وتى:

ئەوەى دەیەوێ ژنى شەڕ بخوازێ با بێتە پێش

سڵاو ئافرەت !

ئەى ئەوەى لەژێر هەورى شەودا وەستاوى،

چاوەڕێى نەوەیەکى دى بکە،

نەوەیەک وەک ساماڵ بروسکە دەداو

وەکو خۆر، بە ویقارەوە بۆت دێ،

میرێکى عارەب لە پاشەڕۆوە، ئەمشەو چاوەڕێى بە!

چاوەڕێم بە ئەى سکی بە ملیۆنان منداڵ پڕ!

چاوەڕێم بە تا (ئایندە) منداڵێکى عارەبى دەبێ !

سەرکەوتنى چاوەڕوانکراوى لەتۆوە لێ دەکەوێتەوە..

 

چى بکەم هاوزاکانم؟

کە خاک پاشاى بتپەرستى داومەتێ، عەباڕەش،

ئەڤین فرمێسکى داومەتێ، گوژاڵک و

ژنى وا بەرهەم دێنێ پێشى مردن

شین لەسەر گۆڕم دەگێڕن،

داواى دڵدارى ڕۆحییان لێ دەکەم،

کە پێم دەڵێن،

دەمرم بۆ ئەڤینێ و لەبیرم دەچێتەوە مردووم ؟

من گەلى مردووم، زەمەنى مردووم،

من پێش مردن، وەچەیێکى مردووم ..

 

چى بکەم هاوزاکانم؟

کە من بە غەریبى بەناو غەریباندا ڕادەبوورم،

غەریب دەرم دەکەن،

چونکە نیشانەى لەخاچدرانم پێ نییە ..!

 

چى بکەم هاوزاکانم؟

کە من (حەمەد)ى جووتیارى یاخى بم

هۆرەکان پەناى بۆ ببەن،

پۆلیس لە شەوى زەماوەندا ،

لە نێوان گوڵەسوێسن و توتڕک دا ڕاوى بنێ ؟

لە دوایدا تەنیا، وەک دارخورما

لە ماڵى ئاغەدا بمرێ ؟

کاروان لاى من وەستا،

سەردەم غەریبى هەستاندم و

وتى: بڕۆ گوڵ لە بێستانى دەریادا بچنە ؟

هەژاران لەبەرى دەکەن،

گەردانەن لە خانەى مێژوودا

دەبا ؛ لە برینى شەهیدان کراسێک بێنن

بەسەر کێڵگەى زێڕینى گەنم دا هەڵیخەین

- باهۆز گوڵى دارستانى کوژاندەوە

باهۆز گوڵى خوێنى کوژاندەوە

- با بێتە پێش

- چیم لە دەست دێ لە بابل دا بیکەم؟

کە من پیاوێک بم پێوەندار،

جیهان بە گاسنێک لە ملمدا دەبینم ،

لە نووستنیشدا هەڵیدەگرم ؟

- با بچێتە پێش

لە نێوان گوڵ و گوڵدا چەقۆ

لە نێوان ئازادى و چۆلەکەدا ئاشتى ..

ڕاپەڕیم،

کۆت و پێوەندم هەڵگرتن،

ترسى نووستووى ناو پێستم بەڕەڵڵاکردو

ڕاوەستام دەستم دایە شەڕ لە بابل

خەمى تەنیای دونیا ..

 

چى بکەم هاوتەمەنەکانم ؟

کە من چەند مانگێکە توونێلێک

لە ژوورى زیندانەکەم لێ دەدەم ،

لە چاوى پاسەوانەکانمدا شاردوومەتەوە ،

دەیخەمە شەو و بۆ هاوڕێکانم دەگریم

کە لەبەر زینداندا لە سێدارە دران ..

منیش هەر کە بەیانى دا،

بەناو مردوواندا دەخشێم و دەنووم و

خەون بە ژنێکەوە دەبینم ؛

لە دەرەوەى شوورەى زیندان بانگم دەکا:

- دوو ساڵە لەبەر دەرگام ،

لە بارەى (با)وە لێم دەپرسن

بگەڕێوە لام، ڕێگات گوڵڕێژ دەکەم !

لە دڵەوە هاواردەکەم ،

خۆشەویستەکەم گەڕایەوە ..

 

 

چى بکەم خۆشەویستم کە دڵ نەخۆشە؟

چى بکەم کە توونێلەکان ڕێگاى زیندانێکن

لە شەودا

بۆ زیندانێک لەشەو؟

چى بکەم دڵەکەم کە دنیا شەوە؟

 

( چەند جار دەکرێ ون بوو ون بێ

تاکو ڕێگا بناسێ ؟

چەند جار دەکرێ عاشق دڵداریێ بکا،

تا ڕق و کینە هەڵوەرێن ؟

چەندجار دەکرێ زیندانى زیندان بکرێ ،

تا زیندانەکان بڕوخێن ؟

چەندجار دەکرێ شەپۆل لافاوان بەرپاکا،

تا کەنار بە بنەخۆى بدا؟

چەند جار دەکرێ چەقۆ لە مرۆڤدا بچەقێ ،

تاوەکو ئێش بناسێ ؟

چەند جار دەکرێ شۆڕش بەرپابێ ،

تا پیسى پاک بکرێتەوە ؟

چەندجار دەکرێ مەسیح لە خاچ بدرێ ،

تا خاچ ڕابێ ؟

چەندجار دەکرێ دژمنان بیابان بگرن ،

تاکو چەک هەڵدەگرێ ؟

چەندجار دەکرێ هاوار بقیژێنێ ،

تا مردوو گوێیان لێ دەبێ ؟

چەندجار هاوتەمەنەکانم ؟! )

 

چى بکەم هاوزاکانم ؟

کەمن منداڵێکم لە دارستاندا

لە ناو گورگان لە دایک دەبێ ..

ئایا بگریم ؟

کێ دەنگم دەبیێ؟

لە باهۆزى لماوى زیاتر ..

کێ گوێى لێم دەبێ ؟

 

چى بکەم هاوتەمەنەکانم ؟

کە من مێژووییەک لە لەپى دەستم هەڵدەگرم

خوێنى لێ دەتکێ ؟

کە دەروێشێکى کۆتبەندم ،

لەگەڵ تارمایی وا دادەنیشم گاڵتەم پێ دەکەن ؟

قوتابى کۆلیژە بۆشەکان ،

بەسەر ترسدا هەڵبوو،

قوربانیى کتێبە زەردەباوەکان ؟

 

چى بکەم هاوزاکانم ؟

لە کاتێکدا بە ڕمێکى شکاو و زمانێکى بڕاوەوە

بۆ شەڕ دەچم ؟

چونکە من لە ئاشتى شەڕدا نووسراوم..

 

چى بکەم هاوتەمەنەکانم ؟

کە من ڕیکلامێک بم بۆ برسییەَتى لە تەلەفزیۆندا ؟

چى بکەم ؟!

کە من دوا پیت بم لە زمانى عارەبیدا ؟

داخۆ دەزانم هاوزاکانم؟ هاوزا بە تەنیا کوژراوەکانم ،

کە چۆلپەرستان بەسەر ئەستووندەى زرێپۆشان

لە خاچى دەدەن و

لە خیوەتى غوربەتدا بەسەرى دادەدەن ؟

بەژێر خۆڵەمێشى شارە سووتاوەکاندا دەڕوا،

بوو بە ڕۆژ، پاشان شتەکانى تێدا کوژایەوە ..

بوو بە ژنێکى یافایی ،

سەربازان ماوەیەکى درێژ گەمارۆیان دا ،

کوڕێکیان دایێ نامانناسێ ،

چۆلپەرستێکیان دایێ

خزمەتى خوداوەندەکانى بیابان دەکا ..

 

تۆ کێى؟

گوێم لێ بوو، لەو تارماییانەدا بانگم دەکەن

کە لە سێبەردا بەشەڕدێن

لەو شارانەى بەسەر ئاوەوە بەرەو من دەخشێن

لەو کرێکارانەى بە پەتى نەفرەت بە دیوارەوە گرێدراون ..

لەو قوتابییە گوندییانەى بە دەرگاى شۆڕشدا تێدەپەڕن ..

بریندار بە ئاگرى ئەڤینى کوێر ..

 

تۆ کێى؟

گوێم لە دەنگێ بوو لە ساراوە بۆم دەهات

وتم: با هەستم ئەوە دەنگى ئێوەیە هاوتەمەنەکانم !

دەیناسم وەک هەنگوێنى تاڵ بەسەر لێومەوەیە

دێتە ناوم، وەک گوللە لە دڵمدا،

خەونەکانم لە ژوورى ڕۆژگارمدا ئازاد دەکا

ئەوە دەنگى تۆیە هاوتەمەنەکەم !

دەیناسم کە لە تەنیاییدا

لە گرتووخانەکانى پۆلیس ،

لەژێر قامچى غەواراندا دەناڵێنێ ..

چوون تۆ وەک سپێدەى ، پاراوى ..

وێنەى کەوانەى ماهى ،

لە چاوى دایکێکى عارەبیدا

وتم با هەستم ئەوە دەنگى تۆیە هاوزاکەم

هەستام، بە قەدەمشکاوییەوە هاتمە لات

نیگەرانیم دەمترسێنێ

چیت لێم دەوێ هاوزاکەم ؟

چیت لێم دەوێ نیگەرانیم ؟

من پیاوێکم بێ ناونیشان

شێتێکم لەسەردەمێکى شێتدا

سەرم لە زیندانەکانى دونیا داوە

لەشەڕدا لەگەڵ نەداراندا بووم

لە شەڕى ئەو مرۆڤانەدا بەشداربووم

بەدواى مەملەکەتى خوادا وێڵن

زۆر مردووم و هەستاومەتەوە ..

گوێم لە چەوساوان بووە بوونەتە لەشکر

ڕایانوەستاندووم و

لەبارەى لەشکرى من لە ئێوەدا لێیان پرسیوم

ئایا ئێوە،

لەسەردەمى مرۆڤى دۆڕاودا

لەشکرى منن؟

ئایا ئێوە لەشکرى منن

لە سەردەمى نیشتیمانى داگیرکراودا ؟!

 

تۆ کێى؟

گوێم لێ بوو

دەنگێک لە ساراوە دێ

تۆ کێى؟

من ئەو سەربازەم

لە لەشکرى زۆرلێکراواندا گەڕاومەتەوە

تۆ کێى؟

من ئەو عارەبە کوژراوە بێ لاوانەوەیەم

لە رۆژنامەکانى ڕۆژانەدا ..

وەرە لام، دەستت لەملم بکە !

ئەى هاوتەمەنى بکوژ و کوژراوم

با تژى ئاشتى بچینە دەرەوە

گوڵ بدەینە لاوان

بەخۆشەویستى بەشەڕبێین

تا لە دڵى مرۆڤدا خۆشەویستى لەدایک بێ و

ئازادى بگاتە دڵى هەموو غەریبان .

 

ئاماژە:

(*) ئەم قەسیدەیە لە کۆشیعرى شاعیر (ێاعداً حتى الینبوع)ــەوە کە کۆى قەسیدەکانى لە نێوان 1960- 1974ى لەخۆگرتووە بڵاوکردنەوەى دەزگاى (المدى)ـەوە کراوە بە کوردى، بڕوانە چاپى دووەم ساڵى 2003 لاپەڕە (35تا45).

(*) وشەى (نایل) جۆرێکە لە گۆرانى چۆلپەرستانى عارەب، کە بە تایبەتى لە باشوورى ئیراق دا باوە.

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت