ئەزموون

هەموومان رەنگە بە جۆرێک لە جۆرەکان سیمای مەند و هێور و ئارامی باوەگەورەکانمان لەبیر مابێت. ئەو تایبەتمەندییانەی کە زۆر ئاسان گرێمان دەدایەوە بە پیری، دوواکەوتووی، نەزانی و بێسەوادی. ئەو نەسڵەی کە پێمان وابوو نەوەیەکە بێ ئاگا لە مێژوو، لە سیاسەت، لە دەورووبەری و لە داهاتوو.

 

لەبیرمانە چەندە ئارام لە ناو دووکان، لە سەر سەکۆی بەر مزگەوتەکان و لە ئێوارەیانی ناو کۆڵان پێکەوە رادەوەستان و پێکەوە دەدوان و پاشان بەرەو ژوورەکانیان دەڕۆیشتن. ئەو نەوەیەی کاتێک شۆڕشیش هات، زۆربەیان هەروا مات و بێدەنگ و هێور و ئارام بوون.

ئەوەی ئەوان لە نەوەکانی دووای خۆیان جیادەکاتەوە (مەبەست تەنانەت باوەگەورەکانی دوواتریشە)، هەر ئەم خەسڵەتانە بوون. بە راستی هۆکار چ بوو؟ هۆکار ئەوە بوو کە ئەوان یەکەم نەوەی شارنشین بوون، یان ئاگاداریی زاتییان بوو لە نەگبەتی مرۆڤ، یاخود شتی تر؟

هەندێ پرسیار هەیە وەڵامیان نیە. یان رەنگە دەبێ زەمەن وەڵامیان بداتەوە، واتە دەبێ راوەستین هەتا ساڵەکان دەگوزەرێن و نەوە خۆهەڵکێشەکان ئەو دەرفەتەیان هەبێ کە بۆخۆشیان کەمێک تۆزی تەمەنیان لێ بنیشێ و رووداوەکان ئەزموون بکەن تا بە دەرک و تێڕوانینێکی راستەقینەتر بگەن.

وە نەسڵەکانی دووای ئەو باوەگەورانە ئەمەیان بەسەردا هات.

ئەوەی کە هێوریی ئەوان شتێکی تێدا بوو، نەوەکانی دوواتر تێی نەگەیشتن. هەڵبەت شەرت نیە ئەو هێورییە کتومت دووپات بکرایەوە، بەڵام دەبا بە جۆرێک نیشانەکانی لە نەوەکانی دوواتردا مابان. ئەوەی کە مرۆڤ وەک هەمیشە بوونەوەری گەمەی نێوان دوو جەمسەرە دژبەیەک و نەیارەکانە، نەک ئەوەی کتومت تەسلیمی یەکیان بێت.

باوەگەورەکان بێسەواد بوون، بەڵام بێ ئەزموون نەبوون. باوەگەورەکان کتێب خوێن و قسەزان نەبوون، بەڵام نەوەکانی دوواتریش ئەوەندە لەسەرەخۆ نەبوون بۆ گوێ لێگرتنیان. هەموو شتێک وەک هەمیشە زۆر خێرا تێپەڕی، بەڵام ئەو جارەیان خێراتر!... زۆر خێراتر!

سایتی قەڵەم

 

٢٧ یانواری ٢٠١٦

بازدید: 1392