شێعر و پەخشان

بەوەدا دەزانم

زیاد رەشاد قادر

بەوەدا دەزانم تۆ لێرە نیت

تەنیایى بە کۆڵمەوەیە

تەنیایى لەناو پاس لە تەنیشتمەوە دادەنیشێ

تەنیایى لەگەڵ من سەیرى ئەو دار هەرمێیانە دەکا

کە جوانى لە سەرى زوڵفیانەوە دەتکێ

 

 

بەوەدا دەزانم

 

زیاد رەشاد قادر

 

"وەش ڕەنگى بازەم، سا دەى بێ ڕەنگى

شادى با وەس بۆ، وەختەن دڵ تەنگى"

مەولەوى

 

 

بەوەدا دەزانم تۆ لێرە نیت

دڵتەنگى سبەینان بەر لە من لە خەو هەڵدەستێ و

تەمى بەر پەنجەرەکەم لادەدا

دڵتەنگى شامینۆکم بۆ تێدەکات و

بەرچاییم لەگەڵ دەخوات

بەوەدا دەزانم تۆ لێم دوورى

دڵتەنگى تا سەر سوچى کۆڵان بەڕێم دەکات و

پاشان بە عیشوە و سەخاوەتەوە پێم دەڵێ

هێوارێ زوو وەرەوە دوا نەکەویت ها

بەوەدا دەزانم تۆ لێرە نیت

تەنیایى بە کۆڵمەوەیە

تەنیایى لەناو پاس لە تەنیشتمەوە دادەنیشێ

تەنیایى لەگەڵ من سەیرى ئەو دار هەرمێیانە دەکا

کە جوانى لە سەرى زوڵفیانەوە دەتکێ

تەنیایى وەک من لە پیاسەى ئەو قورینگانە ورد دەبێتەوە

کە وەختێ پارویێ گەنم دەخۆن

لە میناى گەردنیانەوە دیارە

بەوەدا دەزانم تۆ لێم دوورى

تەنیایى لەگەڵ من دەچێتە حزوورى

(دەنگى پێى ئاو)ى سوهراب

تەنیایى لەگەڵ من گوێ لە هاژەى

سترانێکى (حەسەن دەرزى) دەگرێ

تەنیایى لەگەڵ مندا خەیاڵ دەیباتەوە

بۆ تاق و بەر هەیوانى منداڵى

بۆ کن مامۆستاى وانەى کوردى و

لەگەڵ مندا

(تۆ تۆپى یارى کردنى، وەک کوولەکەى ڕۆحى منى) دەڵێتەوە

بەوەدا دەزانم تۆ لێم دوورى

چوون سرکەفرۆشێکى بێ تەبیعات

گێچەڵ بە نارنج و سماق دەکەم

کام شاخ سەختە دەمەوێ سەرى خۆمى لێ بدەم

کێهە ڕووبار تیژ و ترسناکە

گەرەکمە ڕۆحى خۆم بخەمە بەر هاژەى وى

 

بەوەدا دەزانم تۆ لێرەیت

باڵندەیەک هەیە

ماڵیان دەکەوێتە لاى چەپى

کۆڵانى قەفەسى سینگم

بە ترپەى گۆرانییەکانیڕا دیارە

ئەو باڵندەیە تۆیت

بەوەدا دەزانم تۆ لێرەیت

تۆ لێمەوە نزیکى نزیک

 

 

 

وان، مایسى 2015

 

این آدرس ایمیل توسط spambots حفاظت می شود. برای دیدن شما نیاز به جاوا اسکریپت دارید