ما 3016 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 خوتبە و هەڵاتن لە بەرپرسیارەتی

ڤاتیکان لە ناو جەرگەی شاری رۆم پایتەختی ئیتالیا وەک وڵاتێکی سەربەخۆ نەک سەرنجی توریستەکان لە هەموو دونیاوە رادەکێشێ، بەڵکو قیبلەی مەسیحییە کاتۆلیکەکانیشە. ئەوەی لەم وڵاتە گچکە جێگای سەرنجە، حاڵ و هەوای ئایینی، بینا و خانووە مێژووییەکانی و ئەو حەشیمەتە فراوانە لە لایەنگرانی "پاپ" ە کە لە ناو شەقامەکانیدا دەبینرێن.

 

بەڵام ئەمە تەنیا دیمەنە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم شوێنە نیە، بەڵکو ئەو دەرۆزەکەر و سواڵکەرانەیش کە لێرە و لەوێ داماوانە بە پشتی کوڕ و جل و بەرگی شڕەوە دەست بۆ خەڵکی پان دەکەنەوە و چاوەڕوانی یارمەتییەکی هەر چەند بچوکیشن، یەکێک لەو دیمەنە ناخۆشانەیە کە دڵی رێبواران دەڕوشێنێ.

بە دیتنی ئەم دەرۆزەکەرانە یەکێک لەو پرسیارانەی لە مێشکی مرۆڤدا دروست دەبێ ئەوەیە کە چلۆنە لە پەنای خانووی پاپ دا کە بەردەوام خوتبەی چاکە و دلسۆزی و بەدەمەوە بوونی مرۆڤەکان لە ئاست یەکتردا دەخوێنێ، بەردەوام ئەو مرۆڤانە دەبینرێن کە بۆ نانی شەو موحتاجن!

هەڵبەت ئەم دیاردەیە تەنیا تایبەت بە ڤاتیکان نیە. دیمەنێکی دزێوتری ئەم بابەتە لە وڵاتانی موسوڵمان دەبینرێن کە ئیتر لەوێ هەژاری لەوپەڕی خۆیدایە.

پرسیار ئەوەیە چلۆنە لەو وڵاتانەی پیاوە ئایینییەکان زیاتر لە شوێنەکانی تر دەستیان دەڕوا و خوتبەی چاک چاک دەدەن و بە کەلامیان گوێی دونیایان پڕکردووە، ئەوەندە دۆخ دەتوانێ خراپ بێت و کەچی لەو وڵاتانەی دەنگی پیاوە ئایینییەکان ئەوەندە بەرز نیە، باشتر لە پێناوی باشتر کردنی ژیانی مرۆڤ هەنگاو هەڵهێنراوە!؟

تۆ بڵەی خوتبە خۆی لە خۆیدا جۆرێک لە هەڵاتن لە بەرپرسیارەتی راستەقینە نەبێت؟

 

سایتی قەڵەم

 

٩ فێبرواری ٢٠١٦

گەڕان بۆ بابەت