زبان و دەسەڵات (٢)

بە گوێرەی مانای دانراو بۆ زبان لە زۆربەی فەرهەنگنامە گەورەکاندا وەک ناسیونال ئێنکلوپێدین، فەرهەنگی زانیاری سوێدی، "زبان بە واتای ریزکردنی وشەکان و گرێدانیان پێکەوەیە لەسەر رێزمانێکی تایبەت بۆ دەربڕینی هەستێک یان گەیاندنی پەیامێک." بەڵام زبان تەنیا ئەمە نییە.

 

 زبان زۆر قووڵترە لەوەی بکرێت بە چەند وشە یان چەند دێڕ مانای پڕ بە پێستی بۆ بکرێت. ئینسان، یەکەم و تەنیا بوونەوەری سەرگۆی زەوییە کە خاوەن زبانێکە بتوانێت بەتەواوەتی قسەی پێبکات و هەموو هەست و نەستی خۆی پێ دەرببڕێت و، پەیامی خۆی بگەیێنێتە دەوروبەری. بەشێک لە زانایان و پسپۆڕان لە سەر ئەو رایەن مرۆڤ لەکاتێکەوە بووەتە مرۆڤ کە زبانی گرتووە و توانیوویەتی قسەبکات. ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ کەی؟ کەس نازانێت و لەوانەیە باس لە ملوێنان ساڵ بێت.

بەڵام ئەم کەرەسە تایبەتەی ئینسان کە بۆ هەموو مەبەستێک بەکار دێت، هەر وەک لە بەشی پێشودا باسمان کرد هەر ئێستا لە دونیادا شەش هەزار جۆری ناسراو و سەبتکراوی هەیە کە بەشێک لەوانە ئێستا وەک کەڵە زبان دەکرێت ناوزەدیان بکەین، چونکو خاوەن زۆرترین رێژەی قسەپێکەرن.

زبان وەک پەنجەرەیەکە و ئینسان وەک ژوور، هەرچی ئینسان زبانی زۆرتر بزانێت دەلاقەی ژوورەکەی زۆرترە و ماڵەکەی رووناکترە. ئەوانەی کە زبانی زۆر دەزانن سەرکەوتووترن لە ژیانیاندا و کاروباریان ئاسانتر بۆ دەچێتە پێشەوە. نێلسون مانێلا دەڵێت: ئەگەر تۆ بەو زبانە قسە بکەی کە ئەوان تێیدەگەن، ئەوە قسە بۆ مێشکیان دەکەیت، ئەگەریش زبانی ئەوان بزانێت ئەوە قسە بۆ دڵێان دەکەیت.

واتە ئێنسان لە رێگەی زبانەوە دەتوانێت دڵەکان بۆ لای خۆی راکێشێت، کە بتوانی دڵی خەڵک راکێشی، ئەوە قسەیشت دەڕوات.

ئەوانەی لە زباندا بە توانان، ئاسان دەتوانن لە هەموو شوێنێک جێگەی خۆیان بکەنەوە. شارەزایی لە زباندا جیاوازی کەسایەتی دەبەخشێتە ئینسان و لە کەسانی دەوروبەری خۆی جیای دەکاتەوە و بە شێوەیێکی بەرچاو زاڵی دەکات بەسەر ئەوانیتردا کە توانای کەمتریان لە زباندا هەیە. وایان لێدەکات کە ملکەجی قسەکانی بن و گوێی لێبگرن. ئەمە راستیێکی کۆنە کە دەڵێت دەسەڵات و زبان پێکەوە بەستراون، ئەوەندە هاوتەریبن کە جار وبار دەوترێت زبان دەسەڵاتە. 

 

سایتی قەڵەم

 

١٨ فێبرواری ٢٠١٦

بازدید: 1423