ما 11295 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

جێگا چۆڵ کەین!

زۆر جار، هاو نەسڵەکان لە خۆیان هەمیشە وەک جەوان دەڕوانن، لە گەورەترەکان وەک پیر و، لە کەم تەمەنترەکان وەک منداڵ. ئەم هەستە تەنانەت لە کاتی قۆناغی سەرەوەی گەورە ساڵیش دا ون نابێ.

 

رەنگە تەنیا ئەو کاتە ون ببێ کە سەر و ریش بە تەواوی سپی هەڵگەڕێ و، گەورەترینەکان بەربەرە زۆربەیان مردبێتن. واتە دەبێ نەسڵێک لەو سێ نەسڵە مەیدانی چۆڵ کردبێ بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێ باوەڕ بە پیربوونی خۆی بکا.

ئەمە دەکرێ بە جۆرێک لە جۆرەکان میسالی جۆری دەروونناسیی ئەو نەوەیە بێ وا سەر بە دەورانێکی تایبەتی سیاسیە. ئەم نەوەیە هەمیشە گەورەکان لە باری ئەقڵ و تێگەیشتنەوە بە پیر و کۆنسێرڤاتیڤ دەزانن و نەسڵی دووای خۆیان بەو منداڵانەی کە بۆ ئەوەی ئەوانیش لە مانای ژیان بگەن دەبێ جۆری بیر و هەڵس و کەوت و تێڕوانینی ئەوان بۆ ژیان قبوڵ و رەچاوبکەن. رەنگە ئەم جۆرە نەسڵە تەنیا ئەو کات باوەڕ بە پیربوونی خۆی دێنێ کە گەورەکانی پێش خۆی مردبێتن و ئینجا ئیتر باوەڕ بە پیربوونی خۆی لە بواری بیر و باوەڕیش دا بهێنێ.

ئەوەی کە نەوەیەک یان کەسانێک بیانەوێ وا بیربکەنەوە کە راستییەکان لای ئەوانە خۆی لە خۆیدا گوناح نیە و، لە راستیدا وەک ئەندێشەیش خۆی لە خۆیدا مافە، بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە دەیەوێ خۆی تەنیا راستیی نەک سەردەم بەڵکو هەموو سەردەمەکان بێت و بەس. وە بۆ ئەوەی ئەم راستییەی خۆی بسەلمێنێ، لە زمانێکی تیژ و هێرش بەرانەیش کەڵک وەردەگرێ.

ئەوەی رەنگە لە ژیاندا نەگۆڕێ، نێوەڕۆک و شتە بنەڕەتییەکانی وەک لە نێوەنددا بوونی مانای مرۆڤە، ئەگینا شێوازەکان هەمیشە دەکرێ گۆڕانی بنەڕەتییان بەسەردا بێت. با فێربین جێگا بۆ گەنجەکان چۆڵ بکەین!

سایتی قەڵەم

٢٥ فێبرواری ٢٠١٦

 

 

گەڕان بۆ بابەت