ما 12207 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

زبان و وشە (بەشی کۆتایی)

هەموو زبانێک لە کۆمەڵێک وشە پێک دێت کە وەک دانیشتوونی شارێک دایم لە زاوزێدان و هاوکات لێشیان دەمرێت. وشەکان لەگەڵ رۆژ و بە گوێرەی پێداویستییەکان لەدایک دەبن و دەچنە نێو حەشیمەتی وشەکانەوە.

 

هاوکات بڕێک لە وشەکانیش بەهۆی پێویست نەبوونیان لە کەڵک دەکەون و وردە وردە لەبیردەچنەوە. زیندوویی ئەم رەوتە وادەکات کە پاش ماوەیێکی درێژ ئەگەر سەیری زبانی نوسراوی کۆن بکەیت، تێگەیشتنیان سەختە، یان ئەگەر کەسێک لە ساڵانی زۆر زووەوە بگەرێنیتەوە، قەت لە هاوزبانەکانی ئەمڕۆی خۆی ناگات. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم گەشە و گۆڕانکارییانە بەشێکی زۆر لە وشەکان نەگۆڕن و لە کۆنەوە ماونەتەوە کە پێیان دەڵێن "میراتە وشە"، واتە وشەی بە میرات جێماو لە باپیرانمانەوە. بەشێکیش لە وشەکان لە زبانەکانی ترەوە وەردەگیرێن و ئەم وشانە قەرزکراون و دەتوانین پێیان بڵێن "وشەی قەرز". ئەم وشانە زۆرتر لە رێگای خوێندن و تەکنۆلۆژیا و زانست و بازرگانییەوە هاتونەتە نێو زبانەوە.

بەڵام زۆرجار گۆڕانکاری نیشانەی گەشە نییە و بە هۆی رەوتێکی نۆرماڵ و پێشکەوتوانە وەدروست نابێت، بەڵکو دەسەڵاتێک یان حکومەتێک هەوڵدەدات بەدەر لە رەوتی گەشەی زبانی دەست بخاتە نێو زبانێک و وشیارانە بە نەرمی هەوڵ بۆ سڕینەوەی بدات، کە ئەم کارەش زۆرجار بە قەدەغەکردنی خوێندن و نوسین یان قسەکردن بە زبانێک و مەجبورکردنی نەتەوەیێک بۆ قسەکردن و خوێندن و نوسین بە زبانێکی تر دەبەنە پێشەوە. نمونەی ئەم کارە لە تورکیا تا چەند ساڵی پێشو بەسەر کوردەکاندا دەهات کە هەوڵی بە تورک کردنیان دەدرا. حکومەتەکانی ئێرانیش بەدرێژایی مێژوو بە شێوەیێکی نەرمتر هەوڵی بە فارس کردنی کوردەکان و تەنانەت تورکەکانیشیان داوە.

باشترین کار بۆ بەرگرتن بە نەمان و فەوتانی زبانێک، نوسینی کتێب و چاپەمەنیی بە بەردەوامییە کە هەم دەبێتە هۆی سەقامگیربوونی زبان و، هەمیش یارمەتیدەرە بۆ گەشەی رۆژانەی قسەپێکەرەکانی.

سایتی قەڵەم

 

٦ مارس ٢٠١٦

گەڕان بۆ بابەت