ما 5905 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

هەشتی مارس پیرۆز!

سەیرە! رۆژێک بۆ بوونەوەرێک دیاری کراوە کە مرۆڤ سەرەتا لە سکی ئەودا پێ دەنێتە ژیانەوە و، لەوێدایە کە یەکەمین چرۆکانی ژیانی دەپشکوێ. سەیرە لە بەر ئەوەی کە دیاریکردنی ئەم رۆژە نەک لە بەر رێزگرتن لە شوێن و پێگەی، بەڵکو بۆ ئەوەیە کە بیرمان بێتەوە کە ئەویش مافی یەکسانی هەیە لە گەڵ ئەو پیاوانەی وا لەو بەردەبنەوە!

 

ئەمە یەکێک لە گەورەترین تراژێدیا ـ کۆمێدیاکانی مێژووی مرۆڤایەتییە.

هەڵبەت مێژووی سووک سەیرکردنی ژن لە مێژووی فەلسەفەدا یەکەمین جار بۆ ئەرەستو دەگەڕێتەوە. فیلسووفێک کە پێی وابوو مرۆڤ تەنیا لە تووی پیاو دروست دەبێ و ئەرکی ژن تەنیا هەڵگرتنی ئەم تووەیە تا جوان دەخەمڵێ و پێدەگا و پێ دەنێتە دونیاوە. ئەرەستو بۆ سەلماندنی ئەم بۆچوونەی خۆی لە بەڵگەی سادە و ساویلکەی وەبەرچاوکەوتنی سپێرمی پیاو کەڵکی وەردەگرت کە ئەمە ئەوی بەو ئەنجامە گەیاندبوو تەنیا پیاو خاوەنی ئەم تووەیە و بەس، نەک ژن (چونکە هی ژن نەدەبینرا!).

بەم شێوەیە زۆر سادە لە مێژووی بیری فەلسەفەیشدا بە کەم سەیرکردنی ژن و دابەزاندنی پێگەی، بوو بە راستییەکی حاشاهەڵنەگری ژیان، بیرێکی فەلسەفی کە لە سەر بنەمای ئەزموونێکی هەستیی ساویلکانە دامەزرابوو. وە چەندە مێژوو دەبا لە گەڵ ئەم کێشەیە دەست لە ملان بێت هەتا بەو ئاکامە بگا کە مرۆڤ تەنیا لە تووی پیاو دروست نابێ!

بەڵام بە دۆزینەوەی رازی چونیەتی دروستبوونی مرۆڤ، دیسان ژن نەیتوانی پێگەی شیاوی خۆی بەدەست بێنێتەوە، چونکە نزم سەیرکردنی ئەم بوونەوەرە تەنیا لایەنی فەلسەفی نەبوو، بەڵکو خۆی لە قەرەی زۆر بواری دیکە دەدا. بۆ وێنە، بنەما کلتوری و چینایەتی و کۆمەڵایەتییەکان. ئەو بنەمایانەی کە دەبێ چارەسەرییان بۆ بدۆزرێتەوە، ئەگینا کێشەی بێ مافیی ژن هەر لە شوێنی خۆیدا کەم تا کورت دەمێنێتەوە و قەت بە کۆتایی خۆی ناگا.

بێگومان هەتا ژیان بمێنێ و تێیدا مرۆڤ بە کەم سەیری ژن وەک یەکێک لە دوو کۆڵەکە سەرەکییەکانی هەبوونی مرۆڤ بکا، هەوڵ و تەقەلا و خەباتی ژنانیش دەمێنێ بۆ لابردنی یەکێک لە بێ ماناترین غەدرەکانی مرۆڤ لە خۆی.

هەشتی مارس، رۆژی ژن، وەک سیمبولی خەباتی ژنان و هەموو مافخوازانی لایەنگری ژنان بەرز رادەگرین و بەو هیوایەی مرۆڤ بتوانێ رۆژێک ژن لە شوێنی سروشتیی خۆی لە ناو پەیوەدنییە کۆمەڵایەتییەکاندا ببینێتەوە.

سایتی قەڵەم

٨ مارس ٢٠١٦

 

 

گەڕان بۆ بابەت