ما 4490 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رەسوڵ سەفەریانی

ژن و پیاو پێش بیر و ئایین و سیاسەت هاتنە دونیاوە. سەرەتا ئەوان پێکەوە بوون و پاشان هەرخۆیان ئەوانی تریان خولقاند. نە جل بوو، نە سەرپۆش، نە  خودا، نە کلتور و نە ئایین. سەرەتا وەک رەوتی سروشتی، ژن وەک سەرچاوەی بەردەوامی و زاوزێ خاوەن دەسەڵات و بڕیاردەر بوو.

 

ژن، خەباتکاری ژیان

رەسوڵ سەفەریانی

دیسان مانگی مارسە و بەهارە و ژیاننەوە. سەرهەڵدان و بوژانەوە و گەڕانەوەی خوێنی سروشت لە دەمارەکانی بووندا. مارسە و مێژوویێکی سوور بە خوێن، خوێنی شاژنانی پێشڕەوی رێگای خەبات بۆ یەکسانی، بۆ دوبارە ژیانەوە. مارسی سور و گوڵاڵە سورەکانی، هەموو ساڵێک یادی ئەو ژنانە دەکەن کە دڵۆپە خوێنەکانیان ئەمڕۆ  باخچەی یەکسانی و ئازادی دەڕازێنێتەوە. مارس موژدەیە بۆ رزگاری لە دەسەڵات و کۆیلەتی. هەشتی مارس یادی فیداکاری و لەخۆبوردوویی و بەرخۆدانە. هەشتی مارس بە نوێبوونەوەی هەموو ساڵەی پێمان دەڵێت کە خەبات بەردەوامە و سرەوتن یانی سەردانەواندنە بۆ سەهۆڵبەندانی دەسەڵاتی تاک جنسی. هەر وەک چۆن بوون بێ لایەنێکی جنسی نابێت، هاوسەنگی  و هاوبەشی لە ژیانیشدا مەرجە و مافە و مانەوەیە و حەیات.

ژن و پیاو پێش بیر و ئایین و سیاسەت هاتنە دونیا. سەرەتا ئەوان پێکەوە بوون و پاشان هەرخۆیان ئەوانی تریان خولقاند. نە جل بوو، نە سەرپۆش، نە  خودا، نە کلتور و نە ئایین. سەرەتا وەک رەوتی سروشتی، ژن وەک سەرچاوەی بەردەوامی و زاوزوو خاوەن دەسەڵات و بڕیاردەر بوو. پاشان خودا و چەقۆ و شمشێر و تفەنگ سازکرا و پیاو گرتی بەدەستەوە و ژنی پێ  کۆیلە کرد و خۆی کردە حاکم و رێسا و یاسای دانا بۆ هاوڕێ سەرەکی و سەرەتاییەکەی سەردەمی خولقاندنی. ژنی لە ماڵ بەستەوە و لە ئینسان بوون بەتاڵی کردەوە و تەنیا دایکایەتی پێبڕا و ئەرکی خزمەتکاری. پیاو بۆ بەهێزکردنی خۆی خودای زلکردەوە و کردیە یاسادانەر. یاسا پیاوانەکانی خۆی وەها پیرۆزکرد کە بە خەیاڵی ژنیشدا نەیێت کە ئەمە خودای پێاوانە و یاساکانیشی تەنیا لە مێشکی دژە ژن وژنکوژیانەی پیاوان ئەداڵێت و بۆ پیرۆز کردنی لە زبانی خودایێکی نەبینەوە دەوترێتەوە. پێ ترازاندن لەو یاسانە هەزاران ساڵە سزای کوشتنی لەگەڵ بووە و ئەمڕۆش هەر گەرمی ئەوخوێنە رژاوانەی لەگەڵە و قەت نەیانهێشتوە سارد بێتەوە. لە یەکەم پێغەمبەرەوە تا دوایینیان هەر پیاو بووە و تەنانەت یەک ژنیش لەم کاروانەدا نەبووە و نابێت. ئەم کاروانە پیاوانەیە و هەموویان خوا وەک نەفسی پیاوانەی خۆیان سازدەکەن و وەک رەوشتی خۆیانی دەناسێنن.  ئەم یاسانە لە پرۆسەیێکی درێژی هەزارساڵەوە دێت و لە ناخی کۆمەڵگادا وا جێدەگرێت کە تەنانەت ئەگەر بتوانین ئاینیش لە دەسەڵات بخەینن و چیتر کۆمەڵگا و بەتایبەت پیاوان گیرۆدەی مادەی هۆشبڕی ئاینی نەبن هێشتا ئەو یاساپیاوسالارییە لە خانەکانی مێشکی کۆمەڵگادا وەک بەشێک لە کلتور و داب و نەریت خۆی دەردەخات و وەک خڵتە پیاوسالاری تێدا دەمێنێتەوە و زۆری دەوێت کە بگەینە ئەو رۆژەی کە بتوانین کۆمەڵگایێکمان ببێت کە هەمووان مرۆڤ تەنیا وەک مرۆڤ بەبێ رەگەز و جنس سەیر بکەن و یەکسان بیان بینن. ئەمڕۆ خڵتەی پیاوسالاری تەنانەت لە کۆمەڵگا پیشکەوتوەکانیشدا، لە ناخی پیاوە یەکسانیخوازەکانیشدا ماوەتەوە و جاروبار لە رەنگ و رووی جۆراوجۆردا خۆی دەردەخات.

 

بۆیە 8ی مارس کۆن نابێت، هەتا یەک دڵۆپ خوێن لە بستێک لە خاکی ئەم گۆی زەویە لە جەستەی ژنێک لەبەر ژن بوون برژێت، هەتا یەک ژن بە کۆیلەتی بژی و بڕیاردەری ژیانی خۆی نەبێت هەتا خاڵێک خڵتەی پیاوسالاری لە دەرونی یەک پیاودا مابێت خەباتی یەکسانیخوازی بەردەوام دەبێت . 

گەڕان بۆ بابەت