ما 5844 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

راهاتن، بەشێک لە تەمەنی گەورەساڵی

بەشێک لە تایبەتمەندییەکانی گەورەبوون و تەمەنی گەورەساڵی ئەوەیە کە مرۆڤ فێردەبێ لە گەڵ راستییە تاڵەکانی دەورووبەری زیاتر رابێ و وەک بەشێکی گرینگی ژیان قبوڵیان بکاو لە گەڵیان بژی، رەنگە هەندێ جار بە بێ کاردانەوەیەکی ئەوتۆ.

 

 راستییەکانی وەک ئەوەی مەرگ هەیە، ئازیزان دەتوانن بەجێمان بێڵن، مرۆڤ ئەو فریشتەیە نیە کە کاتی منداڵی پێمان وابوو هەیە و، هەروەها ئەوەی کە شکست وەک سەرکەوتن بەشێکی گرینگی ژیانە.

ئەم تایبەتمەندییە، مرۆڤی گەورەساڵ بە تەحەممول و بەسەبر باردێنێ و جۆرێک لە قوڵیی پێدەدا و فێری دەکا کە بەشێکی گرینگی ژیان نەک تەنیا خەون بینین و بەگژداچوونەوە، بەڵکو بریتییە لە وەرگرتن هەندێ راستی کە رەنگە مرۆڤ زۆر هێزی بەسەریاندا نەشکێ. لە راستیدا ژیانی گەورە ساڵی بە جۆرێک زیاتر لە ژیانی منداڵی تێکەڵ بە کۆنسێرڤاتیسم دەبێ و، زۆر جار هەندێ کەس ئەمە عەینی ئەقڵ لێکدەدەنەوە.

هەڵبەت ئەمە بەو مانایە نیە ئیتر یەکجار بۆ هەمیشە بێ جوڵەیی و خەون نەبینین و هەوڵ و ماندووبوونی زیاتر بەرۆکی بەشەر بەردەدا و  بۆ هەمیشە وازیان لێ دێنێ. بە پێچەوانەوە، تەمەنی گەورەساڵی کاتێک خەون دەبینێ، خەونەکانی بە پێچەوانەی سەردەمی منداڵی زیاتر تێکەڵ بە قوڵایی و خەمێکەوەیە کە لە سەردەمی منداڵیدا نابینرێ. هۆکاری ئەمە بەشێکی کاتە و بەشێکی ئەزموونە و لە هەموویان گرینگتر بەشێکی تێگەیشتنی پترە. سێکوچکەی کات و ئەزموون و تێگەیشتن، مرۆڤ فێردەکا کە نەک تەنیا ئەوەندە لە داهاتوودا نەژی، بەڵکو رابردوو و ئیستایش بەشێکی گرینگی ژیانە و ژیان لە راستیدا بەم سێ قۆناغەوە مانای تەواو پەیدا دەکا.

تەمەنی گەورەساڵی، تێپەڕین بە ناو داڵانێکدایە کە خەونەکانی منداڵی و جەوانیش دەخاتەوە جەغزی بیرلێکردنەوەی دووبارە و سەرلەنوێ دووبارە. وەک چۆن مارسل پروست لە رۆمانەکەی خۆیدا "لە شوێن کاتی لەدەست چوودا" دەیکا. رەنگە ئەم بەشە گرینگترین بەشی تایبەتمەندیی تەمەنی گەورەساڵی بێت.

بە منداڵی، لە تەمەنی گەورەساڵی وەک دونیای بەدی هاتنی خەونەکان دەڕوانین و لە تەمەنی گەورەساڵیش زۆر جار تەنیا بیر لە شیرین بوونی خەونەکانی منداڵی و جەوانی دەکەینەوە، هەرچەند بەدیش نەهاتبێتن.  بەتەمەنی گەورەساڵی، خەونە بەدی نەهاتووەکانی سەردەمی منداڵی و جەوانی دەبن بە بەشێک لە راستیە تاڵەکانی ژیان کە لە گەڵیا رادێین.

سایتی قەڵەم

 

١٠ مارسی ٢٠١٦ 

گەڕان بۆ بابەت