ما 1037 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نیعمەتپور

منیان راگواست چونکە لە دووای چل شەو و چل رۆژەکە، دەنگۆ لە گەڕەک بڵاو بووەوە کە من لەم سێ کەسە دەچووم: لە سەدام، لە چەنگیزی مغۆل و لە هیتلەر. هەر بۆیە باوکم لە ترسی ئەوەی نەکا قسەکە راست هەڵگەڕێ و منیش شەڕێکی ترسناکی تر هەڵگیرسێنم و بە میلیۆن مرۆڤ تێدابەرم، لە تاوا هەتا بۆی کرا منی لە ژێرخانەکە پەستاوت.

 

تەنیا شانەیەک

فەڕۆخ نیعمەتپور

هەر کە لە دایک بووم، لە دووای چل شەو و چل رۆژ، کاتێک کەمێک پشکوتم و خۆم خەمڵاند، دایک و باوکم بە پەلە لە تاقە ژێرخانەکەی ماڵەکەمان شاردیانمەوە. ئەوەندە بە پەلە کە نە فریا کەوتن مەمکە مژەکەم لە گەڵ خۆیان هەڵبگرن و نە بێشکەکە و نەو ئەو بلوێرە میزەی ئەوەندە بۆگەناوییەی دەڵێی سەدان ساڵ بوو لێیەوە میزم کردبوو. ئەوان تەنیا فریا کەوتن پەتووەکە لە دەورم بئاڵینن و وەها هەڵاتن کە باوکم لە دووای هەڵهێنانی چەند هەنگاوێک زۆر بە خراپی بە دەمەوە کەوت. ئیستایش لە دووای تێپەڕینی دەیان ساڵ هەر بە دەست ئێش و ژانی قاچەکانییەوە دەناڵێنێ و، لەعنەتی خەڵک و دراوسێی خراپ و بیر و لێکچواندنە سەیروسەمەرەکان دەکا.

من کە هەر ئەو کاتیش یەکجار ئەم شاردنەوەیەم پێ ناخۆش بوو، لە داخا چل شەو و چل رۆژی تەواو گریام، بەو تەمایەی بمگێڕنەوە بۆ شوێنە سەرەتاییەکەی خۆم، بۆ ژوورەکە، بۆ ئەو شوێنەی باوکم تێیدا لە سەر کورسییە گچکەکەی خەونی بە هێنانی ژنی دووهەمەوە دەبینی و، دایکیشم تێیدا بەردەوام بیری لە ماڵی باوکی دەکردەوە.

بەڵام بۆ منیان بۆ ژێرخانە مێژووییەکە راگواست؟ هەرچەند کەمێک شیکردنەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە زەحمەتە و هەتا ئیستایش من لە گەڵ ئەم شیکارییەی خۆم رانەهاتووم، بەڵام هەوڵ دەدەم هەر چۆنێک بێت بۆتانی باس بکەم،... تا ئەو جێگایەی زمان و ئەقڵی ساوایانەی ئەو کاتم ئیزنم پێ بدات کە هێشتاکە هەشتاد رۆژ و شەو لە تەمەنی نەگوزەرابوو.

منیان راگواست چونکە لە دووای چل شەو و چل رۆژەکە، دەنگۆ لە گەڕەک بڵاو بووەوە کە من لەم سێ کەسە دەچووم: لە سەدام، لە چەنگیزی مغۆل و لە هیتلەر. هەر بۆیە باوکم لە ترسی ئەوەی نەکا قسەکە راست هەڵگەڕێ و منیش شەڕێکی ترسناکی تر هەڵگیرسێنم و بە میلیۆن مرۆڤ تێدابەرم، لە تاوا هەتا بۆی کرا منی لە ژێرخانەکە پەستاوت. هەڵبەت با ئەوەیش بڵێم کە من بە ئیستایشیەوە نەمزانی چلۆن زارۆکێکی هێشتا بە جوانی نەخەمڵاو کە نە سمێڵی لێ رووابوو و نە ریش و نە قژێکی وەها، دەیتوانی لەو سێ کەسە بچێ. بەڵام دایک و باوکم ئەمەیان بۆ گرینگ نەبوو. ئەوان پێیان وابوو هەر قسەیەک چووە سەر زاری خەڵک و باس کرا ئیتر خەڵک باوەڕی پێدێنن و تا بتەوێ بۆیان باس بکەی و تێیان بگەیەنی کە وا نیە، درەنگ دەبێ، جاری وایشە وەها درەنگ کە خودا بە خودایی خۆی مەگەر رەحم بکا. ئەوان کە پاراستنی من و خەڵکیان زۆر لا گرینگ بوو، بە پەلە لەو ژێرخانەیان کردم کە هێشتا بۆنی ئەو مانگا و گوێرەکانەیان دەدا بە درێژایی ژیانی چەندین نەوە تێیدا ژیابوون.

من کە واقم وڕمابوو، سەرئەنجام دایک و باوکم رازی کرد بە هەبوونی ئاوێنەیەک لە ژێرخانەکە مل بدەن. ئاوێنەکەیان بۆ هێنام. لەو کاتانەدا دەورم قەرەباڵغ نەدەبوو، بە گاگۆڵکێ دەچوومە بەر ئاوێنەکە و سەیری خۆمم دەکرد. بە چەندین رۆژ ئەم کارەم دووپاتکردەوە. جاری وابوو ئەوەندە سەیری خۆمم دەکرد کە چاوم لە رەشەوە دەهات و وەها سەرێشەیەکم دەگرت کە دەستبەجێ خەوم لێدەکەوت. تا سەرئەنجام رۆژێکیان رازەکەم دۆزییەوە. من لە سەدام دەچووم چونکە وەک سەدام چرچێک رێک نێوان دوو برۆمی قڵاشتبوو. چرچێک وەک دارچرابەرق کە لە ناو تەوێڵمەوە دەستی پێ دەکرد و لە سەر رەقایی لووتم ون دەبوو،... لە هیتلەر دەچووم چونکە وەک ئەو قژم خاو و لووس بە لایەکدا لە سەر سەرم کەوتبوو و بە هەر جوڵەیەکم وەک شەپۆلی ئاوی دەریا تاڵەکانی لە سەر یەک دەخزین،... لە چەنگیز دەچووم چونکە وەک ئەو کاتێک لە شتێک ورد دەبوومەوە (باشتر وایە بڵێم مۆڕ دەبوومەوە)، برۆکانم وەک کەوانێک جوان قەفیان تێدەکەوت.

کە بە ڕازەکەم زانی، تەواو خەم دایگرتم. بیرم کردەوە کەواتە چارەنووسی من یان مانەوەی ئەبەدی لەم ژێرخانەدا بوو، یان مردنێکی زوودڕەس. بەڵام من ژیانم وەک هەر کەسێکی تر خۆش دەویست. دەمویست گەورە بم و لە پاش دەیان ساڵی تر بمرم، یاخود قەت نەمرم (من بە زارۆکیش هەمیشە هومێدی ژیانی ئەبەدیم هەبووە). رۆژێکیان لە کاتێکدا دایکم مەمکی دەدامێ، لێی پاڕامەوە چارەسەرێکم بۆ بدۆزێتەوە. پێم گوت رەنگە من لەو سێ پیاوە بچم، بەڵام لە دەروونەوە شتێکی ترم، لە جۆرێکی تر. دایکم داماوانە لێم راما و لە کاتێکدا بە پەنجەکانی لە گەڵ قژە هیتلەرییەکانم کایەی دەکرد، گوتی:

ـ "رۆڵە گیان! ئەوانیش وەک تۆ زەمانێک ساوا بوون،... وەک تۆ بێدەسەڵات و داماو،... چاوەڕوانی ژنێک کە بێت و مەمک بخاتە سەر دەمیان بۆ ئەوەی لە برسان نەمرن!"

من کە چاوەڕوان نەبووم دایکم بەم شێوەیە وەڵامم باتەوە، گوتم:

ـ "نا دایە گیان، تۆ لە هەڵەدای! من پێم وایە ئەوان هەر لەو رۆژانەوە کە خەریکی مژینی مەمکی دایکیان بوون، بیری هەڵگیرساندنی شەڕە گەورەکان لە مێشکە ساویلکە و ساواکەیاندا دەهات و دەچوو. من پێم وانیە شتی ئەوەندە گەورە کتوپڕ بە مێشکی کەسێکدا بێت. نا پێم وانیە!"

بەڵام دایکم تەنیا درێژەی بە کایەی پەنجەکانی دەدا و لە کاتێکدا نەرم نەرم فرمێسکی بە سەر قڵشتە سەدامییەکەدا دەڕشت، لە کەوانەی سەیری برۆ چەنگیزەکانمی دەڕوانی.

سەرەڕای رۆژە دژوارەکانی دوورکەوتنەوەم بۆ ژیرخانەکە و دانیشتنی بێ پایان لە بەر ئاوێنەکە، هەمیشە پیم وابوو کە ئەم رۆژانە خەونن و سەرئەنجام کۆتاییان دێ. هەربۆیە ئیتر هەوڵم دەدا زۆر نەبمە مایەی خەمی زیاتری دایک و باوکم. بۆ خۆم زۆر ئاقڵانە لەوێ رادەکشام، گاگۆڵکێم دەکرد و تا دەمتوانی پەنجەکانی خۆمم دەمژی. بەڵام رۆژەکان و شەوەکان لەوە درێژتر بوون بیرم لێدەکردەوە. هەربۆیە هەوڵم دا بە شێوەیەک لە شێوەکان پڕیان بکەمەوە. بۆ ئەم مەبەستە هەوڵم دەدا بیر لەو سێ کەسە بکەمەوە کە من بە تاوانی لێکچوونیان لەم ژوورە ناخۆشە بووم. ئیتر کاری من بوو بە ئەمە. بیر لە منداڵییان، لە گەنجیەتی و گەورە ساڵییان، لە رووداوەکانی ژیانیان. هەموو رۆژیک وەک فیلمی سینەمایی ئەم بیرانەم لێدەدایەوە و لێدەدایەوە. ئەوەندەم بینی بوون کە ئیتر تەواو لەبەرم کردبوون. وام لێهات کاتێک دایکم دەهات تەڕ و وشکم کات و شیرم بداتێ، دەنگی خۆمم وەک سەدام لێدەکرد و بە دەنگێکی ژێر و کشاوە و بێ منەتانە کە لە بن مەڵاشوومەوە دەهاتە دەر، بە سەرمدا دەگوڕاند کە بۆ درەنگ کەوتووی. بۆ ئەوەی سزای درەنگ کەوتنەکەیشی بدەم هەوڵم دەدا ناخۆشترین بۆگەن لە ژوورەکەدا بڵاو بکەمەوە (لە شێوازی گازی شیمیایی). یان وەکوو هیتلەر لە کاتێکدا سەرم کتوپڕ بە لایەکدا فڕێدەدا، مشتم بە عەرزەکەی بەر دەممدا دەکوتا و دەمقیژاند کە بۆچی شیرەکە تامی جارانی نەماوە (وەک چۆن هیتلەر گلەیی لە لاوازبوونی هەستی نەتەوە پەرەستانەی خەڵکی ئاڵمان دەکرد). یانخود وەکوو چەنگیزی مغۆل دەستی راستم بەرز دەکردەوە و دەمگوت "شیری رەسەن، شیری وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست." دایکم کە سەری لەم کردە سەیر و سەمەرانەی من وڕدەما، بە پەلە رایدەکردە دەرەوە، باوکمی بانگ دەکرد و لە کاتێکدا باوکم بە هەر دوو دەستەکانی توند توند رایدەگرتم، دایکم مەمکی دەخستە دەممەوە و بە زۆر تێری دەکردم.

ئەم چیرۆکە درێژەی کێشا تا ئیتر بەرەبەرە گەورەتر بووم. بە سەرسامییەوە دایک و باوکم دیتیان کە نەک تەنیا لە سەدام و هیتلەر و لە چەنگیزی مغۆل ناچم، بگرە چرچەکەی ناوچاوم رەویبووەوە، قژە خاو و ساف و لووسەکەم نەمابوو و برۆکانیشم وەک برۆی ژاپۆنییەکانیان لێهاتبوو (لە گۆشەکانەوە کشاوە بەرەو سەرەوە). باوکم بە تایبەت بە بینینی ئەمە وەها رقێک دایگرت کە هەڵاتە کۆڵان و هەتا توانی بە دەنگی بەرز جوێنی بە خەڵکی گەڕەک دا. خەڵکی گەڕەک کە بەرەبەرە کۆببوونەوە، بە سەرسامییەوە لە یەکتریان دەڕوانی و پێیان وابوو باوکم شێت بووە. ئەوجار باوکم داوای لە دایکم کرد من بهێنێتەوە دەرەوە. من کە تەواو بە ژوورەکە خووم گرتبوو و تیشکی هەتاو چاوەکانمی ئازاردەدا، لە دووای بێنە و بەرەیەکی زۆر سەرئەنجام تەسلیمی گریانەکانی دایکم بووم و، چوومە کۆڵان. باوکم شێتانە منی پیشانی خەڵکەکە دەدا و دەیگوت:

ـ "جوان سەیری بکەن!... جوان جوان. ئەی بۆ وەها نەبوو،... بۆ وا دەرنەچوو؟... ها! ئەم غەدرە چی بوو لە من و لە ماڵ و منداڵم کردتان؟ ساڵانی ساڵە لە کونێکم کردبوو و بە دزییەوە دەژیا و دایکیشی بە دزییەوە مەمکی دەدایە،... ئەی نامەردانە،... ئەی بەخیلینە!... ها بۆ واتان کرد،... بۆ؟"

خەڵکەکە جوان جوان لە منیان رووانی، لەو گەنجەی ئیستاکە بە قژ و ریشێکی درێژی سوورەوە و بەو چاوانەوە کە شین دەچوونەوە. ئەوان کە قەت گەنجێکی لەم چەشنەیان لە گەڕەکدا نەبینیبوو، سەیری یەکتریان کرد. ئەوسا سەرئەنجام یەکیان چەند هەنگاوێک لێم هاتە پێشەوە و پاش کەمێک رووانینی وردی تر، رووی کردە خەڵکەکە و گوتی:

ـ "خەڵکینە!... خەڵکی گەڕەک!... پێتان سەیر نیە ئەم شکڵ و شەمایلە! پێتان وانیە لە مەسیح دەچێ،... ئەو مەسیحەی دینی ئیسلامی بەسەردا هات و وەک فەرموودەی خودای گەورە دووا دینە و دەبێ هەموو کەس دینی خۆی جێ بێڵێ و ببێتە موسوڵمان؟ تەنانەت مەسیحییەکان و خودی مەسیحیش!... پێتان وانیە ئەم شکڵ و شەمایلە مەترسییەکە بۆ ئێمە،... بۆ گەڕەک؟"

خەڵکەکە پاش کەمێک رامان و راوەستان، تێکڕا گوتیان "ئەشەمیللا!... ئەشەمیللا وایە!"

باوکم و دایکم لەو رۆژەوە دیسان منیان پەستایەوە ژێرخانەکە. من کە ئەمجارەیان بە پێچەوانەی کاتی منداڵی یەکجار ئەم گەڕانەوەیەم پێ خۆش بوو، بە دایکم گوت:

ـ "دایە گیان! من بۆ پاشماوەی تەمەنم لەو ژوورەدا تەنیا پێویستم بە شانەیەکە و بەس. شانەیەک بۆ ئەوەی ساتەکانی ژیانم بە شانە کردنی قژ و ریشە سیحراوی و جوانەکانم بەسەر ببەم،... ئا، تەنیا شانەیەک!"

 

        

گەڕان بۆ بابەت