ئاگری شەڕ، ئاگری خۆشی
هەموو ساڵێک کێوەکان و شارەکانی کوردستان ئاگرێکی تایبەتی تێدەکەوێت کە بە تەواوەتی جیاوازە لە گڕی ئاگرەکانی تر. ئەم ئاگرە پتر لە دوو هەزارساڵە لە گەڵ دووا رۆژی زستاندا دەکەوێتە جەستەی خەواڵوی زەوی و بە گڕ و تینی خۆی دەمارەکانی دێنێتە گۆ و سەهۆڵبەندانی زستان دەتوێنێتەوە و بەرگی سەوز کە نیشانەی بوژانەوەیە دەپۆشێتە بەر خاک و، کراسی سپی قوڕاوی دادەکەنێت.
ئەم ئاگرەش بە دەست ئینسان دەکرێتەوە و لە کردنەوەیشی شادە و لەگەڵ سەمای بڵێسەکانیدا هەڵدەپەڕێت و گۆرانی دەڵێت. ئەمە ئاگری شادی و بوژانەوەیە و، ئاگرێکی سەوزە.
بەڵام هەر ئەم ئینسانە بۆ تەماح و ماڵی دونیا و رکەبەریی بەرژەوەندی، وەها ئاگر لە یەکتر و لە جەستەی سروشت بەردەدەن کە تا سەر ئێسکی مناڵ و گەورە و گیاندار و بێگیان دەسوتێنێت و دوکەڵەکەیشی لە چاوی هەمووان دەچێت. ئەم ئاگرە ژیان و ماڵ سوتێنەرە و بۆنی سوتانی دڵی لێدێت و، لەبەر بڵێسەیدا تەنیا مەرگ سەما دەکات و بەس.
ئەمساڵ هەر دوو ئاگرەکە لەیەک ئاڵاون و شارو گوند و سروشتی وڵاتانی گرتوتەبەر، بەڵام باڵای بڵێسەی ئاگری شەڕ وەها بەرزە کە سێبەری بەسەر ئاگری نەورۆزدا راکێشاوە و، مەترسی سوتاندنی ژیان پتر لە بوژانەوەیەتی. ئەمە ئاگرێکی سوتێنەر و مەترسیدارە و ئاگری سورە.
هیوادارین لەگەڵ بارانی بەهاری سروشت، خوڕەی بارانی ئاشتی، ئاگری شەڕ دامرکێنێت و نەورۆز ببێتە دەسپێکی رۆژێکی نوێ و کۆتری هێمنی و ئاشتی لە شاخ و شاری ناوچەکەدا هێلانە هەڵبەسێت و گمەی خۆشی لە گوێسەبانی ماڵەکاندا موژدەی ئارامش و ئازادی و ئایندەیێکی رووناک بداتە مناڵانی بێ هێلانەی ژێر خەیمە ساردەکان و، ئیتر چیتر جلەکانیان بۆنی دووکەڵی شەر نەگرێت.
نەورۆز و ساڵی تازەتان پیرۆز!
سایتی قەڵەم
١٩ مارسی ٢٠١٦