ئاگری شەڕ، ئاگری خۆشی

هەموو ساڵێک کێوەکان و شارەکانی کوردستان ئاگرێکی تایبەتی تێدەکەوێت کە بە تەواوەتی جیاوازە لە گڕی ئاگرەکانی تر. ئەم ئاگرە پتر لە دوو هەزارساڵە لە گەڵ دووا رۆژی زستاندا دەکەوێتە جەستەی خەواڵوی زەوی و بە گڕ و تینی خۆی دەمارەکانی دێنێتە گۆ و سەهۆڵبەندانی زستان دەتوێنێتەوە و بەرگی سەوز  کە نیشانەی بوژانەوەیە دەپۆشێتە بەر خاک و، کراسی سپی قوڕاوی دادەکەنێت.

 

 ئەم ئاگرەش بە دەست ئینسان دەکرێتەوە و لە کردنەوەیشی شادە و لەگەڵ سەمای بڵێسەکانیدا هەڵدەپەڕێت و گۆرانی دەڵێت. ئەمە ئاگری شادی و بوژانەوەیە و، ئاگرێکی سەوزە.

بەڵام هەر ئەم ئینسانە بۆ تەماح و ماڵی دونیا و رکەبەریی بەرژەوەندی، وەها ئاگر لە یەکتر و لە جەستەی سروشت بەردەدەن کە تا سەر ئێسکی مناڵ و گەورە و گیاندار و بێگیان دەسوتێنێت و دوکەڵەکەیشی لە چاوی هەمووان دەچێت. ئەم ئاگرە ژیان و ماڵ سوتێنەرە و بۆنی سوتانی دڵی لێدێت و، لەبەر بڵێسەیدا تەنیا مەرگ سەما دەکات و بەس.

ئەمساڵ هەر دوو ئاگرەکە لەیەک ئاڵاون و شارو گوند و سروشتی وڵاتانی گرتوتەبەر، بەڵام باڵای بڵێسەی ئاگری شەڕ وەها بەرزە کە سێبەری بەسەر ئاگری نەورۆزدا راکێشاوە و، مەترسی سوتاندنی  ژیان پتر لە بوژانەوەیەتی. ئەمە ئاگرێکی سوتێنەر و مەترسیدارە و ئاگری سورە.

 هیوادارین لەگەڵ بارانی بەهاری سروشت، خوڕەی بارانی ئاشتی، ئاگری شەڕ دامرکێنێت و نەورۆز ببێتە دەسپێکی رۆژێکی نوێ و کۆتری هێمنی و ئاشتی لە شاخ و شاری ناوچەکەدا هێلانە هەڵبەسێت و گمەی خۆشی لە گوێسەبانی ماڵەکاندا موژدەی ئارامش و ئازادی و ئایندەیێکی رووناک بداتە مناڵانی بێ هێلانەی ژێر خەیمە ساردەکان و، ئیتر چیتر جلەکانیان بۆنی دووکەڵی شەر نەگرێت.

نەورۆز و ساڵی تازەتان پیرۆز!

 

سایتی قەڵەم

 

١٩ مارسی ٢٠١٦

بازدید: 1443