دیسان تیرۆر

تەقینەوەکەی بێلژیک و کوژران و برینداربوونی کۆمەڵێک خەڵکی مەدەنی و بێتاوانی تر لە لایەن تیرۆریستانەوە دیسان پرسی تیرۆریزمی بە گەرمی هێنایەوە ناو باسان.

 مێدیای ئەورووپی هەوڵی ئەوەیەتی پیشانی بدات ئەگەرچی تیرۆریستەکان خۆیان بە ئیسلامی دەزانن و بە ناوی ئیسلامەوە خەڵکی بێتاوان دەکوژن، بەڵام لە راستیدا ئەوان فڕیان بە ئیسلامەوە نیە و تەنیا بە خراپە و بە نیازی بەد کەڵکی لێوەردەگرن. کاتێک سەیری مێدیای ئەورووپی دەکەی و کاتێک لە گەڵ موسوڵمانەکان لە سەر شەقام و ناو بازاڕ قسەدەکەن بە جوانی گوێمان لەم هەڵوێستە دەبێ.

بەڵام لە لایەکی ترەوە ئەوە راستییەکی حاشاهەڵنەگرە ئەم تیرۆریستانە لە بنەماڵەی موسوڵمانەوە دێنە دەرەوە و وابەستەن بە باکگراوند و پاشخانێکی ئیسلامی. ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەگەرنا هەموو خەڵک، لانیکەم بەشێکی بەرچاویان پەیوەندێکی راستەوخۆ لە نێوان ئەم تیرۆریستانە و کۆمەڵگای ئیسلامی ببینن. ئەوان دەڵێن بەهەرحال تیرۆریستەکان لە ناو موسوڵمانەکانەوە سەردەردێنن. رێک هەر ئەم لۆژیکەیە کە ئیزن بە کەسێکی وەک دوناڵد ترامپی ئەمریکایی دەدا لە خوتبە سیاسییەکانیدا لە گەشتی پێشبڕکێ بۆ هەڵبژاردنی کاندیدای سەرۆک کۆماری لە ئامریکا بە جورئەتەوە بڵێ کە گەر هەڵبژێردرا ئەوا ئەمر دەردەکا ناوچە موسوڵمان نشینەکانی ئامریکا زیاتر بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵ و چاوەدێریی پۆلیسەوە.

بۆ بەرپەرچدانەوەی تیرۆریستە ئیسلامییەکان تەنیا ئەوەندە پێویست نیە موسوڵمانەکان خۆیانیان لێ جیابکەنەوە، بەڵکو پێویستە بە گەرم و گوڕی لە دژیان راوەستن کە ئەمەیش بە شێوازی جۆراوجۆر دەکرێ. بۆ وێنە لەقاودانی ئەوانەی وا هەست دەکرێ سەریان بە تیرۆریستەکانەوەیەو دەستپێکردنی هەڵمەتێکی بەرفراوانی میدیایی و رێکلامەیی لە دژی تیرۆریستان بە تایبەت لە مزگەوتەکاندا.

بە بێ بەشداری و بەرنگاری خودی موسوڵمانەکان، بنەبڕکردنی تیرۆریستانی ئیسلامی مەحاڵە.

سایتی قەڵەم

٢٤ مارسی ٢٠١٦

 

 

بازدید: 1197