ما 7559 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

هەواڵ و کەڵکی ئاوەژوو

گەشەی خێرای تەکنیک و تێکنۆلۆژی کە بە ناوی شۆڕشی تێکنۆلۆژی دەناسرێت لەگەڵ خۆی دونیای لە هەموو بارێکەوە گۆڕیوە. ئەم گۆڕانکاری و شۆڕشە لە ژیانی تاکە کەسییەوە بگرە هەتا سیستەمی دەسەڵاتەکان دونیای خستووەتە ژێر کاریگەری خۆیەوە.

 

 

 بەڵام زیاتر لە هەموو بوارەکان لە بواری میدیایی و پێوەندییە گشتیەکاندا شۆڕشی تێکنۆلۆژی خۆی نواندوە. ئەمڕۆ ئیتر هەواڵەکان لە دەست کەس، گروپ یان دەسەڵاتێکی تایبەت قەتیس نییە و ناتوانرێ هیچ هەواڵێک بۆ ماوەیێکی زۆر لە چاو و گوێ خەڵکانی دونیا بشاردرێتەوە. گەورەترین قازانجی ئەم هەمەگیری و گشتگیرییە ئەوەیە کە دیکتاتورەکان ناتوانن ئیتر بە کەیفی خۆیان دەستبدەنە کوشت و بڕ و دەنگ لە کەس بەرز نەبێتەوە. هاوکات، خەڵکانی دونیای وەها پێکەوە گرێداوە کە ئیتر سنوری جوگرافی و جیاوازی ئاینی و زبانی و رەنگی پێست دەوریان نییە و هەموو ئینسانەکان هەر وەک ئینسان پێکەوە دەبەستێتەوە و پشتیوانی و هاوپشتیان بۆ یەک رادەکێشێت. ئیتر ستەمکردن لە خەڵکی شار، یان ناوچە و نەتەوەیێک شتێکە کە بە هەموو ئینسانەکانی رووی گۆی زەوی پێوەندی هەیە و دەنگی هەموویان بەرز دەکاتەوە. واتە هەمووشتێک بە هەمووان پێوەندی هەیە و هەمووانیش ڕاوبۆچوون و پشتیوانی، یان دژایەتی خۆیان دەربارەی ئەو رووداوە دەردەبڕن و، لە چاوتروکانێکدا هەموو گۆی زەوی دەتەنێت و تێدا بڵاو دەبێتەوە.

بەڵام ئەم خێرایی و گشتگیریی و ئاسانکاری میدیاییە زیانێکیشی هەیە کە ئەگەر بە وردی و زیرەکانە هەواڵەکان تاو توێ نەکرێت، دەتوانێت زۆر بە ئاسانی ئینسان توشی هەڵە بکات و هەست و بیر و سۆزی بە هەڵە و سەراوژوور کەڵکی لێوەر بگیردرێت. ئەمەش بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی دەسکرد یان هەڵە دەکرێت کە ئینسانەکان توشی سەرلێشێواوی، یان هاندانیان بەرەو لاڕێ دەکات و، بەم شێوە کەڵکی خراپ لە هەست و سۆزی ئەو مرۆڤانە وەردەگیردرێت و هەست و سۆزیان بۆ مەبەستی تایبەت و بۆ قازانجی تاقمێک بەکاردەهێندرێت. بۆیە دەبێت لە رووبەڕوو بوونەوە لە گەڵ هەواڵە میدیایەکاندا زۆر بەوردی و وریایی و بەدوور لە سۆز و هەستی ساویلکانە هەڵسوکەوتمان بێت. چاوی عەقڵ و لێکدانەوەی تایبەت ئەو دوو کەرەسەیەن کە دەتوانن لە ساویلکەیی رووبەرووبوونەوە لە گەڵ هەواڵ دوورمان بخەنەوە. لە راستیدا هەواڵ تەنیا هەواڵە و بەس بە بێ هیچ ئایدۆلۆژیا و سیاسەتێکی تایبەت لە پشتییەوە. بەلام هاوکات بە هۆی ئەوەی مرۆڤەکان خاوەنی ئایدۆلۆژیا و بیری سیاسی تایبەتن، هەواڵ دەتوانێ زۆر خێرا لە هەواڵ دەربچێ و بەرگی دیکەی بۆ لەبەر بکرێ. جا بۆ ئەوەی تەنیا دەزگا مۆنۆپۆلە گەورەکانی هەواڵدەری نەبن کە ئەم بەرگەی بۆ لەبەر دەکەن، ئێمەیش دەبێ بتوانین بە چاوێکی ورد و لێکۆڵەوەرانە و رەخنەگرانەوە لە گەڵ هەواڵەکان پەیوەندی بەرقەرار بکەین. دونیای میدیا ئەو دەرفەتە دەدا کە بە چاولێکردن و هەڵسەنگاندنی جۆرەها سەرچاوەی هەواڵ، وردتر بین سەبارەت بە خودی هەواڵەکە و بەو سیاسەت و ئایدۆلۆژیایەی لە پشتی راوەستاوە.

سایتی قەڵەم

 

٣٠ مارسی ٢٠١٦  

گەڕان بۆ بابەت