ما 8945 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ریالیزمی سیاسی، داڕمانی خەون
یەکێک لە ئاسەوارە فکری و رەوانییەکانی رووخانی یەکیەتی سۆڤیەت ماڵئاوایی کردنی یەکجارەکی زۆربەی هێزە سیاسییەکان لە رۆمانتیزمی سیاسی و پاڵدانەوە بە ریالیزمی سیاسی بوو. ئیتر خەونی چێکردنی بەهەشت لە سەر زەوی کۆتایی پێهات.
 
لە دووای ئەم شکستە ئەم رستەیە زیاتر لەجاران لە لایەن سیاسییەکانەوە دەبیسترا "مدینە فاضلە مان پێ دروست ناکرێ." گوتنی ئەم رستەیەیش نەک لە رووی داماوییەوە، بەڵکو زۆرتر لە رووی بەکەمگرتنی لایەنی بەرامبەر یاخود خودی بیرەکەوە بوو، تەنانەت لەم رستەیە کەڵک وەردەگیردرا نەک بۆ رەدکردنەوەی توانای سازکردنی کۆمەڵگای سۆسیالیستی، بەڵکو بۆ تەنانەت کەمێک ئینسانی کردنی هەندێ لە پەیوەندییەکان. بۆ وێنە بەرگریکردن لە لێدانی منداڵان لە قوتابخانە لە لایەن مامۆستاکانەوە وەک چێکردنی مدینە فاضلە سەیری دەکرا!!
بەڵام ئاکامەکانی تری ریالیزمی سیاسی چ بوون؟ ئاکامێکی تری ئەمە بریتی بوو لە قازانجخوازی و بیرکردنەوە لە دەسەڵات و پێگەیشتن یان راگرتنی بە هەر شێوازێک. ئیتر دەسەڵات بوو بە مەبەستی سەرەکی و، هەموو چاکسازییەکان لەپێناوی باشترکردنی دۆخە کۆمەڵایەتییەکان وەک هەوڵی بێ فایدە بۆ دروستکردنی مدینە فاضلە لێکدرایەوە. بەم شێوەیە سیاسەت لە ئەرکی سەرەکی خۆی کە رێکخستنی کۆمەڵگا بوو بەتاڵکرایەوە و بوو بە گۆڕەپانی ململانێ و شەڕ و رقابەتی لایەنەکان.
بەم شێوەیە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت بوو بە مەیدانی ململانێی سیاسیی ئەو هێزانەی کە ئەرکە کۆمەڵایەتییەکانیان لەبیرچووەوەو تەنیا لە بیری دەسەڵاتدابوون و بەس. یەک بە ناوی ئایینەوە و یەک بە ناوی نەتەوەوەو... .
کە مەبەستی سیاسەتیش تەنیا بوو بە دەسەڵات، یانی ئەوەی کە دونیا دەبێ بەشەڕ و بەس،... شەڕێکی ترسناک و هەمیشەیی.
 
سایتی قەڵەم
 
١٢ی ئاپریلی ٢٠١٦

گەڕان بۆ بابەت