ما 3977 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رزگار خدر ئەمین 

لەدەرگا دەدەم و بە تۆنێکی جیاواز لە جاران  دەڵێم: / سەلام ستەم کارە خۆشەویستەکەم ئەو هەموو ناحەقیەت باش / تاساو سەیرت دەکەم  /لەگەل یەک دوو بزەی ساردی /تێکەڵ بەو پایزە.

 

 

دواسەمای وشەکان

رزگار خدر ئەمین       

دوای سەردەمێک لە تێڕامان

لە دەستەگوڵی سەر روخی پەنجەرەکە

 زانیم  کە گوڵ

 ئەو جوانیەی ساختەیە و

 ئەو بۆنەی پەرشی دەکات

 هی خۆی نیە و

 هی خۆی نابێت

من سەدەیەکە خۆشی لە وشەکان هەست پێ ناکەم و

 سەدەیەکە چاوەکان بیناییان لێڵە و

سەدەیەکە فرمێسک لەچاوانما ئەڵقەی بەستووە تۆ نایبینیت

شەوان خۆم و چەپکە گۆرانیەک لەو گۆرانیانەی

کەمێك و تەنها کەمێك

 هیوا بە هەستە نەخۆشەکان دەبەخشن

  بەئارامیەکی نەزانراو لە کوێوە هاتوو

 چەند ساتێ خەومان لێ دەکەوێ

.......

ئێستا

من بە کۆڵێك

 لەو خەمانەی لە دووری تۆ کۆم کردەوە

بە کۆڵیك لەو

 هەستانەی لەدووری تۆ رو‌ح لەجەستەیان نەماوە

بە کۆڵێك لەو

 پێکەنینانەی لە دووری تۆ لە گریان دەچن

بە کۆڵێك لەو

 هیوایانەی لە دووری تۆ رەگیان وشک بووە

بەکۆڵێك لەو گۆرانیانەی

 لە دووری تۆ ئاوازەکانیان شێواوە کەسێ نیە بیان بیستێ

لەدەرگا دەدەم و بە تۆنێکی جیاواز لە جاران  دەڵێم:

سەلام ستەم کارە خۆشەویستەکەم ئەو هەموو ناحەقیەت باش....

تاساو سەیرت دەکەم

لەگەل یەک دوو بزەی ساردی

 تێکەڵ بەو پایزە...

تۆ کەلەبیری ئەوە دابووی

 چی وەڵامی دڵێکی  شکستە بدەیەوە

من بەهەمان ئاوازی شکاو

 شکاوێك کە ئەمەلی چابوونەوەی زۆر کەمە..

دووبارە دەڵیم:

سەلام ئاگرە خامۆش بووەکەی من ئەو هەموو بێدەنگیەت

لەتوانای من بەدەرە....

تۆ کە جگە لە بێ دەنگی هیچی ترت نەوت...

من لە چاوەکانتا هەستم بە نقارێکی بێ کۆتای کرد

من لە چاوەکانتا هەستم بەساردیەکی بێ کۆتای کرد

وای چ نەنگیەکە...

چ نەنگیەکە

 دەست دەنێی

بەرووی دڵێك کە چاو لەدەستی تۆیە

دەست دەنێی

 بە رووی دڵێك کە فێری نازی تۆیە

دەست دەنێی

بە رووی دڵێك کەنیگاکانی لەسەر تۆیە

وای ...وای... چ نەنگیەکی گەورەیە!

 

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت