ما 1577 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

خۆبەزلزانین، سەرەتای کەوتن

سەردێڕی ئەم بابەتە، زۆر جاران وەک قسەی نەستەق لەناو کلتوری گەلاندا هەیە و دەیبیستین. دووپاتکردنەوەی ئەم گوتەیەیش لەناو نووسەراندا بەردەوام بەرەو ئەم راستییە ترسناکە پەلکێشمان دەکاتەوە کە نابێ خۆبەزلزان بین، چونکە ئەمەدەبێتە هۆی لێکدانەوەیەکی ناڕاست لە توانا و لە لێهاتووییەکانی خۆمان و، ئیتر لە شوێنێک لەترمان پێدەدا و دەمانخا.

 

بەڵام بۆ ئەم قسەیە راستە؟ راستە چونکە مرۆڤ قەت ناگاتە ئەو ئاستەی بتوانێ وەها لەخۆی رازی بێت کە ئەم رازیبوونە بگەیەنێتە ئاستی خۆبەزلزانین. مرۆڤ هەمیشە بەڕێگاوەیە و ئەمەیش دەبێتە هۆی ئەوەی هەمیشە لە هەوڵی گەشەی پتر و رەواندنەوەی زیاتری کەمایەسییەکانی خۆیدا بێت.

بەڵام ئەم خۆبەزلزانینیە تەنیا لە ئاستی تاک دا نابینرێ، بەڵکو لە ئاستی کۆ دا و بگرە لە ئاستی نەتەوەیش دا دەبینرێ. 'ژۆزە ساراماگۆ' نووسەری پورتوگالی لە کتێبی 'ساڵی مەرگی ریکاردو رەیش' دا دەڵێ "کەواتە ئەم نەتەوە خۆبەزلزانانە کە شانازی بەخۆیانەوە دەکەن ئەوەندەی پێناچێ دەکەون، هیچ وشەیەکیش بەقەدەر وشەی 'تێداچوون' ناتوانێ وەسفی ئەوان بکا."

لەمێژوودا زۆر لەو نەتەوانەمان بینیوە وا لە زمانی سەرکردەکانیانەوە ئەم هەستی خۆبەزلزانینەیان درکاندووە و کەچی سەرئەنجامیان کەوتن و چۆکدادانیان بووە. بۆ وێنە نەتەوەکانی سەردەمی دەسەڵاتی فاشییەکان لە ئاڵمان و لە وڵاتی ئیتالیا. هەروەها لە نزیکترین مێژوویش دا ئەو دەسەڵاتانەی لەم شانازی و خۆبەزلزانینەوە جوڵان، وەک ئێراقی سەردەمی سەدام و لیبی سەردەمی قەزافی و هەتا دوواتر. لێرەدا هەڵبەت کارمان بە راستی یان نادروستی هێرشەکانی رۆژئاوا بۆ سەر ئەم وڵاتانە نیە، ئەوەندەی دەمانەێ ئەم خاڵە بوروژێنین کە نەتەوەی لەم چەشنە سەرئەنجام رۆژێک زۆر بە خراپی لەتردەدا و دەکەوێ، جا بە هەر هۆیەکەوە بێت. واتە ئەو گەلانەی وا زیاتر ئەم هەستەیان تێدایە، دۆخی کەوتنیان لەبارترە.

جا لەجیاتی رووبەڕووبوونەوە لە گەڵ دونیا بە وەها هەستێکەوە، باشترە بیر لەوە بکەینەوە هەمیشە شوێنێکی باشتر هەیە ئێمە بیگەینێ و بۆیە ناکرێ شانازی بە ئیستامانەوە بکەین. هەروەها لەبیرمان نەچێ کە خۆبەزلزانین هەمیشە هەڵگری بەکەمگرتنی ئەوی ترە، کە ئەمەیش خۆی لەخۆیدا دوچاری کێشەمان دەکا.

سایتی قەڵەم

 

١٩ ئاپریلی ٢٠١٦

گەڕان بۆ بابەت