ما 5783 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

بەردەوامیی تراژێدیا

تراژێدیای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەنیا تراژێدیای نەبوونی دەسەڵاتی ناوەند نیە، بەڵکو تراژێدیای هەموو ئەو گچکە دەسەڵاتانەیشە کە نەک تەنیا پابەندی دروستکردنی دەسەڵاتی ناوەند نین، بەلکو لەچوارچێوەی سنوری گچکەی خۆشیاندا ناتوانن ناوەندێک بن بۆ هەموو ئەو گروپ و رێکخراو و تاقمانەی وا ئەوانیش دەیانەوێ ناوەند بن!

 

لە راستیدا تراژێدیای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تراژێدیای لێکترازانی بەردەوامی رایەڵە کۆمەڵایەتییەکانی پێکەوە بوونە کە وەبەر گێژەڵوکەی خۆخوازی کەوتووە. خۆخوازییەک کە لەژێر ناوی دیمۆکراسی و ماڤدا خۆی شاردووەتەوە و لای وایە دیمۆکراسی و ماف تەنیا بە واتای کارکردنە لە سەر ئەو تایبەتمەندییانەی جیاوازی دەبەخشن، نەک ئەو تایبەتمەندییانەی وا هاوبەشیش دەبەخشن. لە وەها حاڵەتێکدا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە پێگەی شەڕە بێکۆتاییەکان و مەیدانی تاقیکاری هێزە گچکە و گەورەکان لە پێناوی سەپاندنی دەسەڵاتی خۆ. ئەوەیش وا لەم ناوەدا زەرەرمەندە تەنیا خەڵکن و بەس.

بە کورتی، رۆژهەڵاتی ناوەراست سەرزەمینی وردکردنەوەی بەردەوامی پانتاییەکان و سەپاندنی جۆرێک لە هەرج و مەرجە کە بەگشتی بیری ئەو تیۆرەی 'هابز' مان دەخاتەوە کە تێیدا لەنەبوونی دەسەڵاتێکی بەهێز، مرۆڤ دەکا بە گورگی مرۆڤ. وە لەوێ بەداخەوە مرۆڤ بووە بە گورگی مرۆڤ.

سەردەمانێک ئەو ناوچەیە لە ژێر چەپۆکی دەسەڵاتە ناوەندییە بێ بەزیی و سەرەڕۆکان دەیناڵاند و خەونی بە بەرووخانیان و بەرپاکردنی شێوازێکی تر لەدەسەڵات دەبینی، ئیستایش لەدووای ساڵانی ساڵ بەردەوامیی شەڕ و کێشە و ناسەقامگیری، جۆرێک لە ئاوات و ئارەزوو بۆ گەڕانەوەی دەسەڵاتی ناوەند سەری هەڵداوە، هەڵبەت نەک بە حەتمی لە شێوازی دەسەڵاتی قەدیم. بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە دروستکردنەوەی وەها دەسەڵاتێک پێویستی بە پلانێکی جیهانی هەیە، پلانێک کە ئیستاکە بزرە و لە راستیدا هیچ هێزێکی جیهانی و ناوچەیی حەزی بە وەها بەرنامەیەک نیە. لە ئاستی ناوخۆییشدا تازە ناوچەکە وەها بەسەر هێزە ناوچەیی  و لۆکالییەکاندا دابەش بووە کە خۆبینینەوەیان لە پانتاییەکی گەورەتردا مەحاڵە.

بەداخەوە ئەوەی وەک ئاڵترناتیڤ دەمێنێتەوە، بەردەوامیی شەڕ و هەرج و مەرج و بێ سەروبەرەییە. وادیارە هێشتا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێ خوێن لە جەستەی خوێناویی بڕژێ،... خوێن!

 

سایتی قەڵەم

٣٠ ئاپریلی ٢٠١٦  

 

 Bilderesultat for tragedia

گەڕان بۆ بابەت