ما 1353 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئەگەرچی ئەمڕۆ یەکێک لە جوانترین ئێوارەکانی ژیان و دونیایە، بەڵام سەرۆک چەندە حەزی بە هاتنی شەوە،... چەندە حەزدەکا شەو دێت و دیمەنی ئەو رۆژەی دایکی بۆ جارێکی تر لەگەڵ خۆی دەبا. بردنێکی دوور دوور،... هەتا ناو رەشاییەکان.

 

 

سەرۆک و دایکی

فەڕۆخ نێعمەتپوور

لە لای سەرۆک ئەو ئێوارەیە یەکێک لە ئێوارە جوانەکانی دونیا بوو. پانتایی بەرفراوانی ئاسمان کە لە دووردەستەکاندا ون دەبوو، بەو رەنگە جۆربەجۆرانەوە وا جێگایان بۆ یەکتر چۆڵ دەکرد و کەچی بەردەوام دەهاتنەوە، ئەو باڵندە دوورەدەستانەی شێتانە دەفڕین و قووڵایی ئاسمان لەخۆ بێخۆی کردبوون، هەروەها بەو کێوانەوە وا هەتا دەهاتن زیاتر دەبوون بە سێبەر و بە رەشایی، سەرۆکیان لە خۆیاندا نوقم کردبوو. دونیا هەڵبەت هەر ئەمە نەبوو، بەڵکو گوڵ و درەختەکانی حەوشەکە و ئەو بۆن و بەرامەی بڵاویان دەکردەوە، لە گەڵ ئەو مێش و زەردەواڵە و مێشهەنگوینانەی دەنگێکی بەئاستەم و بەردەوامیان چێکردبوو، سەرتاسەر ببوونە دیمەنێک کە ئەویان لە گەڵ خۆیان دەبرد. دەڵێی دونیا خەریکی سیحرکردن بوو.

سەرۆک، لە ژیانیدا ئەم جۆرە دیمەنەی یەکجار بینیبوو، بەڵام ئەمڕۆ جۆرێکی تر بوو! نازانێ بۆ. رەنگە هۆکارەکەی ئەو زیادە وزەیە بوو ئەمڕۆ کتوپڕ لە دووای ئەوەی شوێنی کارەکەی بەجێ هێشتبوو، لەناکاو لە ناو جەستەی تۆکمە و کۆنینەیدا هەستی پێکردبوو. ئەو بە ئەزموونی خۆی دەیزانی کە مرۆڤ بە گشتی خاوەنی وەها وزەیەکە، ئەو وزەیەی سەرەڕای هەموو ماندووبوونەکان لەوێدایە و کتوپڕ خۆی دەردەخا، کە خۆیشی نیشان دەدا ئیتر لە گەڵ خۆی دونیای بەرچاومان دەگۆڕێ. بەتەواوی. جیهان دەبێ بە جیهانێکی تر. سەرۆک باوەڕێکی سەیری بەم زێدەوزەیە هەبوو و تەنانەت پێی وابوو ئەمەیە سەرچاوەی سەرەکیی شۆڕش و شۆڕشگێڕبوون. ئەگینا بەم ژیانەی مرۆڤەکان هەیانە کە بەردەوام دەبێ خەریکی دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی رۆژانە بن، هیچ شتێکی تر بۆ ئینسان جگە لە حەوانەوە و چاونوقاندنی ئێوارەیان و شەوانەیان نەدەمایەوە، بەڵام بەخۆشییەوە ئەم وزەیە لەوێ بوو، لەوێ لە شوێنێک لەناو جەستەدا و ئیتر دەبوو بە سەرچاوەی ئەو شتانەی کە دەبوونە هەوێنی فیلمە ئەکشنەکان (سەرۆک بەم وشەیە بزەی هاتێ. ئەوەی کە بۆچی ئەم کەلیمەیە بە زەینیدا هاتبوو، سەری سوڕما و ئەوسا بە کاریگەریی تەکنەلۆژیای ئەمڕۆ لێکیدایەوە کە تەواوی دونیای داگیرکردبوو.) بەڵام هاوکات ناوچاوانیشی تێکنا (حەزی بە پاڵ خستنی شۆڕش و ئەکشەن لە پاڵ یەکتردا نەکرد). خۆی بە تاوانبار لێکدایەوە، تاوانبارێک کە جوانیی یەکێک لە ئێوارەکانی ژیان خەڵەتاندبووی.

دەستی برد، سۆندەکەی هەڵگرت و دەستی کرد بە ئاودانی باخچەکە. بۆنی گڵ و خاکی وشک بەرزبووەوە و سەرۆکی مەست کرد. وەک بڵێی دەستێکی نادیار، بۆن و عەتری بە سەر تەواوی دیمەنی ئەم ئێوارەیەدا بڵاوکردبێتەوە و، بەم شێوەیە سیحری دیمەنەکەی سەدچەندان کردبێ. زرەدەواڵە و هەنگەکان کە حەزیان بە ئاوەکە نەبوو، پاش سەمایەکی گێژانە دوورکەوتنەوە و، روویان لە بەشەکانی تری حەوشەکە کرد، ئەگەرچی هەندێکیان هەر وازیان نەدەهێنا.

ئەوسا سەرۆک بیری دایکی کردەوە. بیرێکی تیشک ئاسا کە دەڵێی لە شوێنێکی ئاسمانی ئەم ئێوارەیەوە خۆی بە خانووی مێشکیدا کردبێ.

لەجێ هێشتنی دایکی ساڵانی ساڵ دەگوزەرا. ئەوەندە کە نەیدەتوانی بیانژمێرێ. ئەسڵەن یەکەم رۆژیشی، کە هەموو کەسێ بە جوانی لەبیری دەمێنێ، بەجوانی نایەتەوە بەرچاوی و، لە گەڵ چەندین وێنە و رووداوی تر زۆر بە ئاسانی تێکەڵیان دەکا. چەندین جار، لە کاتی دەرفەتە کەمەکاندا، هەوڵیدابوو وێنەکان لەیەکتر جیابکاتەوە و سەرئەنجام ئەوەی بەڕاستی روویدابوو، بێنێتەوە بەرچاوی خۆی،... بەڵام بێ سوود بوو. وێنە لاوەکییەکان لەوێ بوون و وازیان نەدەهێنا. قیرسیچمە بوون. دایکی ئەو رۆژە، رۆژە نەگبەتەکەی جێ هێشتنی وڵات، هاتبووە بەر بنکەکە و داوای کردبوو کوڕەکەی ببینێ (سەرۆک هەستی دەکرد دایکی لە کردەیەکی سەرسوورهێنەردا کە کەس نەیدەتوانی بە جوانی لێکی بداتەوە، لە تەواوی رووداوەکانی دوواتری ئەو رۆژە گەیشتبوو، تەنانەت لە رووداوەکانی ساڵانی ساڵی دوواتریش، ئەوەیکە ئەو دوواجارە لەو شوێنە لەناو ژوورەکەدا لە گەڵ هاوڕێکانی کۆدەبێتەوە و ئیتر دەبێ بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لێ بکا). دایکی هاتبووە ژوورەوە. سەرۆک هەر ئەوەندەی لەبیرە. لەمەبەدووا وێنەکە لەگەڵ راکەڕاکە و دەنگی تەقینەوە و هەراوهوریا و هات و هاواری هاوڕێیان و خەڵک تێکەڵ دەبێ، پاشان لە گەڵ ئەو سنوورەی تۆزی خۆڵەکەی بۆنی هەمان خۆڵی نیشتمانی دەدا. ئەوەیکە دایکی چۆنی سەیرکردبوو و چی گوتبوو، نایەتەوە بیری. وەک بڵێی دەنگی تەقینەوە سامناکەکان و تۆزی سەرسنوور، سڕیبنیەوە. بەڵام رەنگە دایکی هەر لەبنەڕەتدا فریا نەکەوتبێ هیچ بڵێ، وەک هەمیشە، وەک هەموو ژیانی کە تەنیا دەیڕوانی و دەیڕوانی. بە بێ هیچ کەلامێک.

شلینگەکە بە دەستیەوە بەردەبێتەوە و لەحەژمەتی هێز و فشاری ئاوەکە، پێچ و لوول دەخوا و قاچەکانی تەڕدەبن. سەرۆک خێرا هەڵیدەگرێتەوە و لەبەرخۆیەوە جوێنێک دەدا. بەڵام نا، ئاوەکە ناخۆش نەبوو! ئەوسا رووی سۆندەکە لە حەوا دەکا و وەک باران بەسەر سەری خۆیدا دەیبارێنێ. بارانی ئاسمانی ساماڵی یەکێک لە جوانترین ئێوارەکانی جیهان. "ئاخ، دایکم قەت لێم تێنەگەیشت،... قەت،... لەبیرە گەورەکانی ژیانم!" ئەوسا لەژێر بارانەکەدا دایکی بە تاوانبار دەزانێ، تاوانبار بۆ ئەوەی سەرۆک ئەو رۆژەی بە جوانی لەبیر نیە، ئەوەیکە دایکی چی گوت و چۆنی لێڕوانی و چۆن شوێنەکەی بەجێ هێشت.

سەرۆک ئەوەتەی لەبیری دێ وای لێکداوەتەوە کە ئەم جۆرە هەستانە بووە نەیهێشتووە نە پلانەکەی و نە بیرەوەرییەکانی بەجوانی خۆیان بنوێننەوە. هەستە قێزەونەکانی بەزەیی بەخۆدا هاتنەوە و ئەوەیکە منداڵ هەر منداڵ دەمێنێتەوە لای دایک. ئەو هەستانەی وا بەرگری دەکەن لە سەرکەوتنەکان. ئەوەیکە دایک دەبێ یەکجار بۆ هەمیشە لەوە تێبگا منداڵ لە قۆناخێکدا چیتر منداڵ نیە و جاری وایە دەبێ بە بەشێک لە پرۆژەیەکی یەکجار گەورەتر،... پرۆژەی سەرکەوتنی شۆرش.

هەتاو ئارام ئارام لە ئاسۆ زیاتر نزیک دەکەوێتەوە. جوانیی ئێوارە سەرسامتری دەکا. بەڵام چەند جار هەوڵیدابوو لە دایکی بگەیەنێ؟ تێیبگەیەنێ ژیان تەنیا ئەو و دایکی و پێوەندییەکانی نێوانیان نیە. ئەم پرسیارە رایدەوەستێنێ. لەبیری دێ هەوڵیدابوو، بەڵام هەر جارەی زۆر خێرا وازی هێنابوو. دایکی لەگەڵ ئەوەی گوێی لێگرتبوو و بە چاوی پڕ لە میهرەبانی سەیری کردبوو، بەڵام دەڵێی لە شوێنێکی تر بوو. هەربۆیە هەمیشە زۆر خێرا وازی لە قسەکانی هێنابوو. دایکی تێنەدەگەیشت. ئەو هەمیشە لە شوێنێکی تر بوو. شوێنێک وەک بیرەوەریی سەرۆک لە دایکی لە رۆژەکەدا. ئەوسا رقی لە باوکی دەبێتەوە کە قەت دایکی وەها بارنەهێنا، تێبگا. "ئەوانەی تێناگەن وەهایان بەسەردێ،... بۆ هەمیشە منداڵ لای ئەوان منداڵە!... بۆ هەمیشە بە حەسرەتەوە دەژین و، تەنانەت... دەیشمرن!"

رادەبێتە سەر قاچەکانی و سینگی پێشدەخا و ئەمجارە هەوڵدەدا زیاتر قەراخی باخچەکە ئاوبدا. ئەو قەراخانەی وا زووتر لە شوێنەکانی تر وشک دەبنەوە. لە دەروونەوە حەزی بە تواناکانی خۆیەتی. ئەوەیکە توانیبووی و بەردەوام دەتوانێ هەستە ساویلکەکان بخاتە پشت سەری خۆیەوە و، بەردەوام درێژە بەرێگا بدات. بێگومان گەر هەمووان لەم توانایە بەهرەمەند بوونایە ئەوا دونیا ئیستا لە شوێنێکی تر دەبوو،... لە شوێنێک وەک شوێنی ئارەزووەکان و خەونەکانی ئەو. بزەیەکی دێتێ. ئەم بیرەوەرییە لەم ئێوارە جوانەدا بە تەواوی نەشیاو دێتە بەرچاوی و، هەوڵدەدا بیرەوەریی تر بژیێنێتەوە. بەناو رووداوەکاندا تێپەڕدەبێ، بەڵام هەرجارە و دیسان لە لای دایکی سەر دەردێنێتەوە! وەک بڵێی وزە زیادییەکە ئەمڕۆ بۆ دایکی تەرخان کراوە و بەس. وەک بڵێی وزە زیادییەکە پێش ئەوەی بگا، بڕیاریداوە چۆن بگا. رقی لە خۆی دەبێتەوە. نا، ئەو دەبێ بەسەر ئەم کۆسپەیش دا وەک هەموو ئەوانی تر زاڵ ببێ. ناکرێ سەرۆک خۆی بداتە دەست هەستە ساویلکەکانی سەردەمی مندالی و سەردەمی پێنەگەیشتوویی. ئەو ئیتر سێوێکە و گەییوەو و لە دارەکە بۆ هەمیشە بەربووەتەوە. درەخت و لقەکە هی رابردوون، رابردوویەکی یەکجار دوور.

رەنگەکانی ئاسۆ ئاڵ و واڵاتر دەبن. سوور، سەرئەنجام زاڵدەبێ و ئەوانی تر قووتدەدا. سەرۆک رقی لەم گۆڕانەیە. رەنگی سووری وەک بیرەوەریی ئەم ئێوارەیەی دایکی دێتە بەرچاوی کە سەرئەنجام هەموو رەنگ، یانخود بیرەوەرییەکانی تر قووتدەدا. "نا ئەم ئێواریە نابێ وەها و بەم شێوەیە کۆتایی پێ بێت!" شلینگەکە بەرزدەکاتەوە و لە ئاسۆی دەگرێ. رەنگە ئاوەکە، پاشماوەی تیشکی ئاسمان بکا بە کۆڵکە زێڕینە. سەرۆک دەزانی کۆڵکە زێڕینە ئاکامی شکاندنی تیشکە لە ناو قەترە هەر بچووکەکانی ئاودا لە بەرینایی ئاسماندا. بۆیە دەبێ ئاوی ناو ئەم شلینگە ئەوەندە بەهێزبێ کە بگاتە ئەوێ،... ناو ئاسمان،... ئاسمانی ئاسۆ. بە پەنجەی کونێکی کەمتر بۆ ئاوەکە دەهێڵێتەوە. ئاوەکە دەفڕێ، بەڵام تەنیا دەگاتە ئەوبەری پەرژینی دەوری باخچەکە. سەرۆک رقی هەڵدەستێ، توڕەدەبێ و دەست دەکا بە جوێندان. ئێوارەیەک کە ئەم نەتوانێ بیکا بە بەشێک لە پرۆژەی خەونەکانی خۆی بە کەڵکی چ دێ؟ تەنانەت ئەگەر جوانترین ئێوارەی دونیایش بێت؟

لەوبەر پەرژینەکەوە، قرپۆکێکی سەوز دەردەپەڕێ و بەقەڵەمباز دووردەکەوێتەوە. ئاوەکە ترساندوویەتی و هەڵایدەبڕێ. وەک بڵێی بە جێگای خۆحەشاردانەکەیان زانیوە. دوورکەوتنەوەیەکی سەوز. سەوزێک بەرەو ئاسۆ کە رەنگە ئەویش لەناو سووریی ئاسۆدا ون بێ. ببێ بە سوور. سەرۆک سۆندەکە فڕێدەدا و دەنەوێتەوە و بەردێک لە گۆشەی باخچەکە هەڵدەگرێ و شوێنی قرپۆکە نگریسەکە دەکەوی. هەر بەو بەردە لە یەکەم هاویشتندا دەیپێکێ. قرپۆکەکە لە قیڕە قیڕ دەکەوێ. سەرۆک ئەوەتەی لەبیری دێ دەستی ئەنگاوتنی باش بووە. هەمیشە باشی پێکاوە. لە ئیستا گەڕێ کە تەمەنی هەڵکشاوە و چاوەکانی وەک جاران یارمەتیی نادەن. کاتی خۆی باشترین تفەنگ هاوێژ بووە. هەڵبەت ئەمەیش زۆر خراپ نەبوو. ئەگەرچی یەکەم جاریەتی قرپۆک دەکوژێ، بەڵام چاکی کوشت،... چاکی ئەنگاوت! بۆ ماوەیەک لەسەر جەستەی مردارەوەبووی رادەوەستێ و سەیری دووا پەلەقاژەکانی دەکا. سەرۆک کە هەمیشە مەرگی وەک دیاردەیەکی یەکجار ئاسایی لێکداوەتەوە (بەتایبەت مەرگی سەردەمی شۆڕش)، بیری دایکی دەکەوێتەوە کە چەند ئاسان بۆ مەرگی کەسانی تر دەگریا. دایکی هەمیشە وابوو. فرمێسکێکی هەمیشە ئامادە. دایکی قەت نەیویست لەم دیاردە ئاساییەی ژیان واتە مەرگ بگا. "رەنگە لەبەر ئەمە بێ ئەو رۆژەم بە جوانی لەبیر نەماوە؟... ئا، ئەمە بێت؟"

کە دەگەڕێتەوە لای شلینگەکە و باخچەکە، هەتاو داچووە. دوواتیشکەکان دووا سەمای مەرگ دەیانگرێ و پەلەقاژە دەکەن. شتێکی رەش لەناو ئاسمانەوە دەدەڵێ و بێڕەحمانە بڵاودەبێتەوە. دەڵێی خودا بە قەڵەمێکی دەنووک پان، خێرا خێرا خەریکی رەنگکردنی ئاسمانە. سەرۆک سۆندەکەی دەستی فڕێدەداتەوە سەر زەوی و لە دیمەنەکەی بەردەمی ورد ورد رادەمێنێ.

ئەگەرچی ئەمڕۆ یەکێک لە جوانترین ئێوارەکانی ژیان و دونیایە، بەڵام سەرۆک چەندە حەزی بە هاتنی شەوە،... چەندە حەزدەکا شەو دێت و دیمەنی ئەو رۆژەی دایکی بۆ جارێکی تر لەگەڵ خۆی دەبا. بردنێکی دوور دوور،... هەتا ناو رەشاییەکان.

 

 

 Bilderesultat for mother caricature

گەڕان بۆ بابەت