بانگەشەی نوێنەرایەتی کردن

بانگەشەی نوێنەرایەتی کردن، دیاردەیەکی کۆنە و لە لایەن زۆربەی کەس و لایەنەکانەوە پەیڕەوکراوە. بۆوێنە، باوک زۆر ئاسان لە لایەن بنەماڵەوە قسەدەکا و، حیزبیش لە لایەن خەڵک یان چینێکی تایبەتەوە.
 
 
زۆر جاران بیستوومانە کە حیزبێک باسی ئەوەی کردووە کە لەلایەن گەلەوە قسەدەکا، یان نوێنەرایەتی چینێکی تایبەتی لە کۆمەڵگا دا لە ئەستۆیە.
ئەمە لەکاتێكدایە کە لە پڕۆسەیەکی دیمۆکراتیی تایبەتدا ئەم نوێنەرایەتییە بەکەس نەسپێردراوە و تەنیا بانگەشەیەکە کە لایەنە دیاریکراوەکە خۆی پێی گەیشتووە و، وەک کەرەسەیەکی رێکلامەیی و ئایدیۆلۆژیایی بۆ راست و دروستیی هەڵوێستەکانی خۆی بەکاری دەبا.
بەڵام ئایا رێکخراو، یان کەسێک تەنانەت گەر لە پرۆسەیەکی دیاریکراوی دیمۆکراتیانەیش دا ئەم نوێنەرایەتییەی پێ سپێردرابێ، دەتوانێ ئیدیعا و بانگەشەی شتێکی لەم چەشنە بکا؟
لە وەڵامدا دەتوانین بڵێین کە کەس یان حیزبێکی سیاسی دەتوانێ نوێنەرایەتیی رێکخراوێکی تایبەت بکا، بەڵام ناتوانێ نوێنەرایەتیی نەتەوە یان چینێکی تایبەت بکا. لەبەر ئەوەی کە هەر ئەو نەتەوەیە یان ئەو چین و توێژە دەتوانێ خاوەنی چەندین حیزب و رێکخراوی تر بێت کە لە بەرنامەدا جیاوازن.
کەواتە دیمۆکراتیەت و بەرپرسیارەتی راستەقینە ئەوەمان پێ دەڵێ کە لە بانگەشەی قسەکردن و نوێنەرایەتی کردنی یەکە گەورە و پڕ لە روانگە جۆربەجۆرەکانی کۆمەڵگە و ناو کۆمەڵگە خۆمان بپارێزین و لە راستیدا تەنیا باس لە روانگەی خۆمان و ئەو لایەنە بکەین کە خۆی رێک خستووە و، خاوەنی بەرنامەی تایبەتە.
بانگەشەی نوێنەرایەتیکردنی نەتەوە، یان چینێکی تایبەت لە هەڵوێستی خۆبەزلزانانە و تۆتالیتارییەوە دێت و خنکێنەری پلۆرالیزمی ناو کۆمەڵگەیە.
سایتی قەڵەم
٢١ مەی ٢٠١٦ 
 
Bilderesultat for representater karikatur
بازدید: 1380