ما 8990 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

نەژاد عزیز سورمێ

ئەوانەى ڕۆیشتن
ئاسوودە لە سپێدەى ئاژاوە
ئاسوودە لە چاوەڕوانى
نهێنییان بۆ ئێمە جێ نەهێشت
دیماهیان بەسەرابی
بڕست و پەندگۆیی و پیرۆزگرى هێنا.

 

 

پاسەوانەکانى ناخ

نەژاد عزیز سورمێ

پەیژەیەک لە گوڵ بۆ هەور

لە هۆمیرۆسەوە

هەمان تارمایی و هەمان وەهم

سەماى دڕک

لێوارە بە تەنتەنەکانى پرسیار

کەللەپڕیی، کەڕوو

سەرى پەتەکان لە فڕین دەچن

ئاسۆ لە پرۆتۆکۆڵێکى قەدکراو

لەتەقسێکى ئابڕوبەر.

 

( ئەوانەى ڕۆیشتن

ئاسوودە لە سپێدەى ئاژاوە

ئاسوودە لە چاوەڕوانى

نهێنییان بۆ ئێمە جێ نەهێشت

دیماهیان بەسەرابی

بڕست و پەندگۆیی و پیرۆزگرى هێنا.

 

ئەوانەى ڕۆیشتن

لە بێشەڵانى (ئا) و (نا)وە،

ئاسوودە لە سپێدەى ئاژاوە

ئاسوودە لە چاوەڕوانى

بۆى دەرچوون.

 

گوێى شار بە وتاران بریندار

مردن لەژیان خۆشتر نەبوو

مۆرێک بۆ گۆشەگیرى

بۆ زمان پژان

بۆ سۆز

گۆڕ لە خەونێک دەچێ سپی

سپی وەک کەفاوى سابوون

وێنەى (خود)ێکى سەر بەتەم

چاوى شار بە وتاران سووتاو

هەور بە مشتێ خۆڵ

بەرى ئاسمانانى نەگرت

ئینجانەیەک لەکلیل

شۆڕشێک لەشەرم

شەو نەیهێشت قژم لەسەردا بڕوێ

شەو نەیهێشت من و خۆم

یەکترى ببڕێنینەوە

شەو نەیهێشت گوێمان لە فرمێسک

چاومان لەدەنگ بێ.

 

تونێڵێکى تاریک بوو

ئەو گیانبەتاڵییەى لەئاڵوودەیی زیاترى تێدا نەبوو

مۆتەکەیەکى پیر، کانگەى شەیتانهێن

شەشدەرى لێ گرتبووین

ئەى شار گۆڕ

کە دڵنیا و ئاسوودە لەڕەهایی ئاکامەکانەوە

پێ لەسەر پێ تیلاکت لێ خوار کردووە

ئەى جەستەى تاجە خلۆر کراوەکان

پیاڵە و سەنگدڵى ومەیخانەش

بۆ دەرەوەى خەونەکانمان تووڕدران

ئێستا تارماییەکى ئاوابوو و

ئەستێرەیەکى نووستووین

ئێستا لەخاڵێک دەچین

تا لەبەر ژمارەیەکمان دانەنێن ناخوێندرێینەوە.

 

شارا چ شارا

سروودێکى دەگمەن

کوورەى نوور

شارا چ شارا، بەخۆى دەچوو

گەنجینەى کەژاوە

گوڵێکى ڕەنگ هەڵایساوى باخچەى خوا

نیشتمانێک پڕ بە هەناسە

 لە زەماوەندى شەختەدا

چووە دەست ئەوانەى

ڕێگایان بۆ نەدەچووەوە بانە

شارا چ شارا؟

زەمانێکى زۆر کولێرەى لەژەهردا کردە قیبلە

کولێرەى کردە دەزگاى بیرکردنەوە لە مردن

شارا چ شارا

جۆگە و ڕووبارەکانى لەچوارچێوە دەگرت

زستانێک لە پەمۆ

کرمى ڕووناهیخۆرى

لە جەستەى دنیا بەرداوە

کازیوە

سپێدە

نیوەڕۆ و ئێوارەیان پێ نەهێشتین.

 

 

داد ئەى شارى گۆڕ

کە دڵنیا و ئاسوودە

لە ڕەهایی ئاکامەکانەوە

پێ لەسەر پێ

تیلاکت لێ خوار کردووە

بە هارێک لە شێتى

شیعرى بە قەسیدەمانەوە نەهێشت

داد .... داد...

داد... ئەى شارى گۆڕ

باڵایەک لە کینە

کێوێک لە پۆستاڵ

داڵانێک لە خونکاریی

شایان بوون بدرەوشێنەوە؟

 

ئەوانەى ڕۆیشتن

ئاسوودە لەسەرى پەتەکان

وەک بەرپابوونەوەى پەپوولە

یا گوێ بۆ مۆزارت ڕادێران

لە حەقیقەتى سێبەرە کزەکاندا

دەیانویست بە ماچ

دەمى ئۆپۆزسیۆنى ئەڤین بگرن.

بۆشاییەک لە پڕى

جبەخانەیەک لە ئاشتى

ڕێگە بوو دەڕۆیى

نەک قاچەکانى من

مانگ بوو دیاربوو

نەک پەنجەى من

ئەو دارەى سێبەرى دەکرد

شین نەبووەوە

ئەو پاژنانەى شوێنەواریان دەرکەوتبوو

پاژنەى بۆرە جەنگاوەرەکان بوون

دیلیان لە مەزراى ئەجندان

بە پەتى پەشمین دەخنکاند.

 

ئیتر تەواو ئەى چاوى پاسەوان

چیڕۆکى سێبەر لێرەدا تەواو بوو

گرێکان

لە هێدمەى هەرزەیی و پەیمانشکێنیدا

لێرەدا کرانەوە

لێرەدا

ئەى چاوى پاسەوان.

 

Bilderesultat for sol nedgang

 

 

گەڕان بۆ بابەت