ما 4141 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

پێشەوا کاکەیی

 ئیدی بەم چەشنە وا بڕوات نووسەران یان ڕەخنەگر و لێکۆڵەرە ڕاستەقینەکان دونیابینینێک نەدۆزنەوە، نووسەر، لە ستاییش و ڕەخنەی حەقیقەت دەکەوێت و بەر ستاییش و ڕەخنەی کەسێتی دەکەوێت. 

 

ئەدەب، لە نێوان بە ستاییشکردنی ناستاییش و ڕەخنەی ناڕەخنەییدا

پێشەوا کاکەیی

ئەدەب، لە کوێی دونیای ئێمەدا ماوە، وەک ڕێڕەوی خۆی بڕوات. شیعر، پەخشانە شیعر، پەخشان، غەزەل، چوارینەیی، چیرۆکە شیعر، شانۆنامەی شیعریی، ڕۆمانە شیعر، چیرۆک، کورتە چیرۆک، ڕۆمان، هتد... گەر  بمانەوێت قسە دەربارەی ئەو بابەتە بکەین، کە نووسەر، یەکێك لەو بابەتانەی سەرەوە دەنووسێت، لە کوێی نووسین و لێکٶڵینەوە و ڕەخنە و ستاییشدا بنێین. ئایا، ئەوەی دەنووسرێت، لە ئەدەبی بەرەنگارییەوە: لە شیعرەوە تا دوایی، هەروەها لە نۆستالۆژیا و مۆدێرنە و عیرفانییەت و تەسەووف و، هتد... بە شیعر و ڕۆمان و چیرۆک و هەتا لێکۆڵینەوە و ڕاڤەکردن و بەراوردکردنی دەقدا، لە کوێی دونیای فیکری ستوونیدا بنێین. ئایا، ڕامان لێرەدا بە ستوونی دەمێنێتەوە و کار لەسەر جومگە سەرەکییەکانی ڕستە و بەردە قەڵشیوەکانی وشە و گردۆچکەکانی بەش بەشی نێو ئەو دەقەی نووسەر دەکات، کە لە نێو کتێبێکدا خستوونیەتە گەڕ. ئایا فیکری دونیای ئێمە لە حەقیقەتی ڕامان نەکەوتووە، دابەش بووبێت بەسەر دونیای خەیاڵ و واقیعدا. نووسین، لە نووسەر دەسەندرێتەوە و بکرێتەوە بە سێگۆشەی خەیاڵ و واقیع و حەقیقەت، خۆی ڕاڤەی نیشان بدات و تۆش لە فیکری ستوونیتدا، قورسایی یەکێکیان دەستەبەر بکەیت و دووانەکەی تر، بە ویژدانەوە لە جێی خۆیدا بنێیت. هەندێک جار، نووسین، هەر سێ ڕەهەندەکەی تێدا کۆ دەبێتەوە و ناتوانین ئاماژەی پێ نەدەین. ئەوەی دەیبینین، لە دونیای ئەدەبیاتی کوردییدا، نووسین، لە نووسەر نەسێندراوەتەوە و وەک خۆی مامەڵەی لە تەکدا بکرێت، بە تایبەت لە دوای ساڵەکانی ٢٠٠٩ وە تا ئێستاکە بەردەوامی هەیە. گەر ڕەخنەگر، لێکۆڵەر، لە دەرەوەی ئەم هەرێمەی باشووریش بێت، جیهانبینی بۆ ئەم ژانەرانەی سەرەوە کە باسمان کردن، لە ماڵە دروستکراوەکەی فەیسبووکدا، هەموو دەچنە نێو یەک خانەوە و وەک خۆی مامەڵەی لە تەکدا ناکرێت. ڕێك دابەش دەبێت بەسەر دونیای فیکر لە دەرەوەی فیکر وەک خۆی. دابەش دەبێت بەسەر دونیای سیاسیی بە دەر لە سیاسیبوونی نووسەرەکە، کە گوتارێك یان کتێبێک دەنووسێت، شوێنێک ئاڕاستەی زیاتری بۆ دیاری دەکرێت لای خەیاڵبینی نووسەر، ڕووداوێک بەرجەستەتر دەبێت، لای واقیعی نووسەر، کارەکتەرێکی حەقیقەتی دەستنیشان کردووە، کە ڕووداو و شوێن بە دوای خۆیدا دەبات. ڕەخنەگرێكی نا ڕەخنەگر، دێت لە دونیای یان فیکری دابەشبووی نێو کۆمەڵگە، باس لە ڕەخنە دەکات، کە لایەنێکی جومگە سەرەکییەکەی خۆی تێکداوە. یان لە دونیای سیاسەتی کۆمەڵگەی کوردی دەدات، ڕەخنەگری نا ڕەخنەگر دێت لە تێڕامانی شانەیەکەوە تا کاریزمای نێو حیزبەکەی، شیکاری بۆ دەقی نووسەر دەکات. گەر یەکێک دابەش نەبووبێت بەسەر دونیای فیکر و دونیای سیاسییدا، لە گۆشەیەکی تێڕامانەوە مامەڵەی لە تەکدا دەکرێت، کە نووسەر ناچار دەکات بگەڕیتەوە دونیا واقیعەکەی خۆی لەسەر لاپەرەی کاغەز ئاڕاستەکانی دیاری بکات و خوێنەرێکی ورد،  یان ڕەخنەگرێکی ورد بۆ خۆی بدۆزێتەوە و ڕەخنەگر بە وردییەوە ڕەخنەی ئاڕاستە بکات، دەشێت کە هەمان ڕۆژنامە بێت یان گۆڤار یان بە کتێبێک وەڵامی کتێبەکەی نووسەر بداتەوە. ئەوسا نووسەر خۆی بە واقیعی لەگەڵ ئەو ڕەخنەدا دەبێت مامەڵە بکات و سەرنجەکانی کاری تێ بکات یان بە دواداچوونی بۆ بکات، کە خۆی نەیدیووە. لە هەڵەی ڕێنووس و ڕێزمانەوە و تا دونیای فیکر و ئەو کەرەستە سەرەکییانەی نووسەر بە کاری هێناوە، خۆی لەگەڵ خۆیدا دابنیشێت و لایەنەکانی ئەو ڕەخنەیە ڕاڤە بکاتەوە. هەروەها گەر نووسەر، کتێبێك یان گوتارێك یان شیعرێك، هتد... بنووسێت و شایەنی ئەوە بوو کە: لە لایەن خوێنەر و ڵێکوڵەرانی نووسینەوە، پێشوازی لێکرا، نووسەر، خۆی ڕێگەی باشتر دەگرێتە بەر تا ڕێگەی دی، هەلی دی، ڕامانی دی،  نیشانی خوێنەر بداتەوە. کە شتێك بخاتە سەر ئەدەبیاتی کوردی. لەگەڵ ئەوەشدا، لە دونیای ئەمڕۆدا: نووسەر، گەر بێتە نێو کایەی فەیسبووکەوە، بە دەست خۆی نییە دابەش دەکرێت بەسەر ئەو دونیابینینانەی سەرەوە کە باسمان کردن. یان بە ستاییشی ناستاییشدا دەڕوات و، نووسەر کار لەسەر بەردەوامی ئەم ستاییەشە دەکات و زۆرجار لای نووسەر" بەڕێژەیی" خۆی ڕەخنە ڕەت دەکاتەوە، کە هێندە کەوتۆتە بەر ستاییشی ناستاییش. دونیایەکەی تر، لە ڕامانیدا ون دەبێت، یان دەشێت مامەڵەی لە تەکدا پێ نەکرێت. بە پێچەوانەشەوە، زۆرجار، خوێنەری نێو ئەو دونیایەی فەیسبووک، یان نووسەری نێو فەیسبووک، لەبەر ئەوەی نووسەرە ڕاستەقینەکە بەسەر ڕەوتی دونیابینینی ئەودا دابەش نەبووە و نەکەوتۆتە هیچ بەرەیەکی فیکری و سیاسیی، ئەو دێت دایدەپەڵۆسێت هەتا بگرە لە کەسایەتییەوە تا دوایی. ئیدی وەهای لێ دێت، ڕەخنەگرێکی باش کە بیەوێت لێدوانێک بدات لەسەر بابەتەکەی شیعر بێت یان گوتار، هتد... بەرگە ناگرێت و هەتا لە واڵاکەی، سڕ "بلۆک"ی دەکات. ئیدی بەم چەشنە وا بڕوات نووسەران یان ڕەخنەگر و لێکۆڵەرە ڕاستەقینەکان دونیابینینێک نەدۆزنەوە، نووسەر، لە ستاییش و ڕەخنەی حەقیقەت دەکەوێت و بەر ستاییش و ڕەخنەی کەسێتی دەکەوێت. کە دەبێت، نووسین لە نووسەر وەربگیرێتەوە و وەک خۆی مامەڵەی لە تەکدا بکرێت بە ستیاییش و ڕەخنەوە. نەك وەک ئەوەی ئەمڕۆ کە لە دونیای خوێنەر و نووسەر "لە نێو فەیسبووک"دا ڕوو دەدات.

 

Bilderesultat for ansvarsløs

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت