عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

لە فەلسەفدا تێروانینێک هەیە پێیوایە خۆشەویستى بە شێوەیەکى سروشتى سێکس کردنە، ئەویدیکە پێیوایە ستایشکردنە. کاتێک کیرکیگارد لە ئاستى جوانیدا دەمێنێتەوە و ناتوانێ پەى بە هاوسەرگیرى لەگەڵ خۆشەویستەکەى بەرێت، ئەوە دەبێتە هۆى لێکجیابوونەوەیان! 

 

 

ئالان بادیۆ

"کردە" لە ستایشى خۆشەویستیدا

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

بادیۆ لە شارى (ریبات)ى وڵاتى (مەغریب)ى عەرەبى لە ساڵى 1937 لە دایکبووە، چل ساڵە کار لە فەلسەفەدا دەکات و کۆمەڵێک بەرهەمى چاپکراوى بە کتێبخانەى فەرەنسى بەخشیوە، لەوانەش: تیۆرى خودگەرایى (1982) بوون و رووداو (1988) لۆژیکى دنیا (2006) ماناى سارکۆزى، ئاکار: کۆمەڵێک وتار لەبارەى شەڕەوە... ئێستا لە پاریس ئوستازى فەلسەفەیە.

ئالان بادیۆ بە چەپ دەژمێردرێت و یەکێکە لە هاوسۆز و بەشداریکەرانى رووداوى مانگرتنى قوتابیانى 1968ى فەرەنسا و وەک فیکر رەگێکى ئاڵتۆسێرى هەیە و دواتر بە فیکرەکانى ژاک لاکانەوە کاریگەر دەبێت، لەگەڵ دلۆز و لیوتار رووبەرووى گفتوگۆییەکى فیکرى تووند دەبێتەوە و ئەوان بە بەکارهێنەرى نادروستانەى فیکرى ئاڵتۆسێر دادەنێت... کتێبى (بوون و رووداو) وەک بەخششێکى سەرەکى فیکرى ئەو تەماشا دەکرێت. لە بارەى دادپەروەرییەوە دەڵێت: دادپەروەرى هەر تەنها ونبوونى نادادپەروەرییە، چونکە نادادپەروەرى ئاشکرا و روونە، بەڵام دادپەرەوەرى تەمومژاوییە. بادیۆ (هەتا هەتایى) و (فرەیى) وەک دوو بنەماى رەواى بوون دەبینێت. فرەیى کە بە شێوەیەکى بێکۆتایى هەڵدەوەشێتەوە و دابەش دەبێت، بەرەو بۆشایى دەبێتەوە، بە مانایەکى دیکە فرەیى دروست نابێت تەنها لە رێگاى بۆشاییەوە نەبێت... پێیوایە ئەو تێزەى ئەو، واتە(بێکۆتایى بوون) دووچارى دوو هەڵە دەبێتەوە، یەکەمیان راڤەکردنى ئایینییە، کە پێیانوایە ئەو بێکۆتاییە دەلالەت لە خودا دەکات و هەموو شتەکان بە خوداوە دەبەستنەوە. هەڵەى دووەمیان بێکۆتایى بوون وەک فەوزایەکى دڵخۆشکەر و تەمومژاویى دەبینێت. ئەوەش هەڵەى دۆلۆز و رۆمانسییەکانە.

جگە لەوە بەردەوام خەریکبوونى بە چەمکى (حەقیقەت) واى کردووە، وەک هەر یەک لە ئەفلاتوون، سپینۆزا، لیبنتز، قسەى لەبارەوە بکرێت. بادیۆ جەوهەرى حەقیقەتى مرۆیى بە چوار هێل بەستۆتەوە، چوار تۆڕ لە کتوپڕیى و داهێنان، چوار رێباز: (سیاسەت) و (خۆشەویستى) و (هونەر) و (زانست). لاى ئالان بادیۆ حەقیقەت ئەوەیە، کە کۆتاییەکى دیاریکراو بوونى نییە، هەر چۆنێ بێت، دەشێ ئەو رێگایە دیارى بکەین، کە رووداو بۆ خودى تاک دەیخاتە روو. لەبەر ئەوەى ماناکانى حەقیقەت بە کراوەیى دەمێنێتەوە، بۆیە ئێمەش تێیدا دەژین. لە ستایشى خۆشەویستیدا، دار التنویر، 2014، ترجمە: غادە الحلوانی، ل24.

لە ستایشى خۆشەویستیدا

بادیۆ دەڵێت کاتێک (نیکۆلاس ترۆنگ Nicolas Truong) پێشنیارى گفتوگۆیەکى لەبارەى خۆشەویستییەوە بۆ کردم، راستەوخۆ رازى بووم و دڵخۆش بووم بەوەى کە ئەو رۆڵى گفتوگۆکار و منیش رۆڵى فەیلەسوفى خۆشەویستى تەمومژاوى ببینم، بەیەکەوە کارمان کرد و بەبێ دوودڵى دەڵێم سەرکەوتنێکى گەورەمان بە دەست هێنا. کتێبى لە ستایشى خۆشەویستیدا بەرئەنجامى ئەو گفتوگۆیەیە و وەک ئەفلاتوون ئەوە دووبارە دەکاتەوە کە "هەر کەسێک خۆشەویستى وەک خاڵى سەرەتایى نەبینێ، بە هیچ شێوەیەک نازانێ فەلسەفە چییە" کتێبى لە ستایشى خۆشەویستیدا تواناى بادیۆى فەیلەسوف بەرانبەر هێرشەکانى نیکۆلاس ترۆنگى حەکیم و فەیلەسوف نیشان دەدات...

کتێبى لە ستایشى خۆشەویستیدا لە شەش بەش و پێشەکییەک بۆ تێگەیشتن لە فیکرى بادیۆ، پێکهاتووە، لە بەشى (خۆشەویستى لە ژێر هەڕەشەدایە)،(نیکۆلاس ترۆنگ) دەڵێت با لە کتێبەکەت "ماناى سارکۆزى" قسە لە رستەى "دەبێ خۆشەویستى لە نوێوە دابهێنینەوە" بکەین، بەڵام دەبێ بەو پەڕى سادەییەوە بەرگرى لێبکەین، چونکە لە هەموو لایەکەوە بەر هەڕەشە دەکەوێت، تۆ ئەو هەڕەشانە چۆن دەبینى؟ بە راى تۆ هاوسەرگیرى سونەتى رێکوپێک، دووچارى دەردى ئەو سەدەمە نەبۆتەوە؟ ئایا ئەو ریکلامەى پێگەى ئەلکترۆنى "میتیک- Meetic" بۆ رێکخستنى ژووانى ئەویندارانە دەیکات، چەند کاریگەرى هەیە... بادیۆ لە گفتوگۆدا دەڵێت: ئەوە وایکردووە بە قوڵى بیر بکەمەوە، یەکەمجار ئەو ریکلامە گۆریِنى ناونیشانى شانۆنامەکەى مارفیۆیە (گەمەى خۆشەویستى و شانس) و دەڵێن "خۆشەویستى بەدەست یێنە، بێ ئەوەى چاوەڕێى رێکەوت بکەیت"  پاشان دەڵێت: "دەتوانین ئەویندارى بکەین، بێ ئەوەى ئەویندار بین" یان "دەتوانین بە تەواوى ئەویندار بین، بێ ئەوەى ئازار بچێژین"، "راهێنانکردن لەسەر خۆشەویستى"... هەموو ئەو بانگەشانەى پێگەى ئەلکترۆنى میتیک وەک برەودان بە چەمکى دڵنیابوون لە "خۆشەویستى" پێچەوانە کراونەتەوە... خۆشەویستى وەک بڕوا رووبەرووى هەموو ترسێک دەبێتەوە، ئەو ریکلامەى پێگەى میتیک پرۆپاگندەکانى سوپاى ئەمریکایى و (کۆلن پاول-ى وەزیرى بەرگرى) بیر دەخاتەوە کاتێک بۆ بۆمبى "زیرەک" و ئەو شەڕانە بانگەشەى دەکرد، کە دەرئەنجامەکەى لەسەر (سفر مردن) و دەستەواژەى "سفر کوشتار" دەکردەوە.

نیکۆلاس ترۆنگ دەپرسێ پێتوایە پەیوەندییەک لە نێوان "سفر کوژراو" و ئەویندارى بێ ترس هەبێت؟ ئایا ئەو تێزەى کۆمەڵناسى پۆڵەندى زیگۆمۆند باومان "هیچ ئیلتیزامم بەرانبەر تۆ نییە" کە سەرمایەداران بەرانبەر کرێکارانى (کاتى) بەکارى دەهێنن (ئەوانەى بیمەى کاریان پێنەدراوە/کارى فەرمییان نییە) و ئەوەى بە ناوى (ئەوینداریى ئازادانە)ى سەردەمى بەکاربردنى خۆشەویستى دلبەر دەیڵێت "من پابەند نیم" چۆن دەبینى؟ بادیۆ دەڵێت لە نێوان "سفر کوژراو" لە جەنگ و "سفرى ترس" لە خۆشەویستیدا هیچ دەرفەتێک بۆ سودفە بوونى نییە... هەڕەشەى یەکەمى خۆشەویستى دەتوانم بە هەڕەشەى دڵنیاکردنەوە ناو بەرم. راستە "سفرى ترس" هەموو هەڕەمەکى بوون و سودفەیەک تەجاوز دەکات و رێکەوتنى پێشوەختە دەچەسپێنێ... بەڵام هیچ شاعیرییەتى تێدا نییە! دووەم ئەوەى لە پێگەى میتیک رووبەرووى خۆشەویستى دەبێتەوە نکۆڵیکردنە لە بایەخى خۆشەویستى، ئەوەش لە رێگاى ئەو فیکرەیەى کە دەڵێت عاشقاتى تەنها گۆڕینى چێژە، نەک ئەزموونى قوڵ یان رەسەن. پرۆپاگندەکانى پێگەى میتیک وەک پرۆپاگندەى سوپا ئیمپریالییەکانە و تەنها ئازار بە ئەویدیکە دەگەیەنێت. لە بەرانبەرى "سفر کوژراو" دنیایەک ئەفغانى و فەلەستینى و... دەپێکرێن. "خۆشەویستى بێ ترس" یاساو رێساى دڵنیاکەرەوە بەرێوەى دەبات و پێویستى بە هێزى پۆلیس و چاودێرى دەروونى و سوپا و بیمە... هەیە، بەڵام بۆ ئەوانیدیکە ترسە! دەتوانم بڵێم خۆشەویستى دوو دوژمنى هەیە، یەکەمیان ئەو دڵنیاکردنەوەیەى کە پۆلیس دابینى دەکات و دووەمیان سنوردانانە بۆ ئەو چێژ و خۆشییەى کە بە شوێنەوە بەندە.

لە بەشى دووەم (فەیلەسوفان و خۆشەویستى) نیکۆلاس ترۆنگ دەڵێت "دەبێ خۆشەویستى لە نوێوە دابهێنینەوە"ت لە رامبۆى شاعیر وەرگرتووە، تۆ بۆ خۆشەویستى زۆر پشت بە شاعیر و نووسەران دەبەستى، ئەى لە بارەى فەیلەسوفان چى؟ بادیۆ دەڵێت لە راستیدا پەیوەندى ئەوان بە خۆشەویستییەوە ئاڵۆزە... لە کتێبى فەلسەفە و خۆشەویستى لە سوکراتەوە تا سیمۆن دوبۆڤوار)ى نووسەران ئۆدى لانسلین و مارى لیمۆنییەدا باس لە دوو تێروِانین دەکرێت، یەکێک دژە خۆشەویستییە و شوبنهاوەر دژ بە ئافرەتان تێیدا بەناوبانگە... بەڵام ئاراستەى دووەم حاڵەتى کیرکیگارد دەبینین! کیرکیگارد پێیوایە ئەوە (منایەتى چێژە) کەسەکان بەرێوە دەبات، نموونەشى دۆن ژوان لە ئۆپێراى مۆزارتدا. کیرکیگارد بۆ خۆى پەیوەندییەکى دوورودرێژى ئەویندارى لەگەڵ "ریگینا"ى لاو هەبوو.

لە فەلسەفدا تێروانینێک هەیە پێیوایە خۆشەویستى بە شێوەیەکى سروشتى سێکس کردنە، ئەویدیکە پێیوایە ستایشکردنە. کاتێک کیرکیگارد لە ئاستى جوانیدا دەمێنێتەوە و ناتوانێ پەى بە هاوسەرگیرى لەگەڵ خۆشەویستەکەى بەرێت، ئەوە دەبێتە هۆى لێکجیابوونەوەیان! کەواتە خۆشەویستى لە ئاستى یەکەمدا شەیدابوونە و لە ئاستى دووەمدا پەیمانە، و بەرەو ئاستى سێیەم دەبێتەوە کە هاوسەرگیرییە... بەڵام لە بۆچوونى من خۆشەویستى تریاکە، بڕوابوونە، حەقیقەتەکەى لە سودەفەبوونیدایە. خۆشەویستى بەرەو فیکرەیەکمان دەبات، کە پێیوایە ناتوانین دنیا ئەزموون بکەین، تەنها لە دیدى جیاوازەوە نەبێت، خۆشەویستى جیاوازى بەرجەستە دەکات.

نیکۆلاس ترۆنگ دەڵێت (ژاک لاکان) گەورەترین تیۆریزەکارى خۆشەویستى دەچێتە نێو ناوکۆییەک کە دەڵێت "پەیوەندى سێکسى بوونى نییە" ئەوە ماناى چییە؟ بادیۆ: ئەو گریمانەیەى ژاک لاکان دەڵێت هەموو کەسێک لە میانى سێکس کردندا تا پلەیەکى گەورە دەچێتەوە نێو خۆى، ئەگەر ئەو وەسفە وابێت، هەڵبەتە ئەوە جەستەى هەر یەکەیان دەبێتە ناوەندیار بۆ ئەویدیکە، بەڵام دواجاریش چێژ هەمیشە چێژى تۆیە. سێکس کردن یەکمان ناخات، بەڵکو لێکمان جیا دەکاتەوە. چێژ بەرەو دوورت دەبات، دوور زۆر دوور لە ئەویدیکە. ئەوەى بەیەکمان دەبەستێتەوە خەیاڵە، بۆیە شتێک نییە بە ناوى پەیوەندى سێکسى، وەک (لاکان) قسەى لێدەکات. خۆشەویستى بۆشایى پەیوەندى سێکسى پڕ دەکاتەوە، بە شێوەیەکى خەیاڵى بۆشایى غەریزەى سێکسى پڕ دەکاتەوە، چونکە دواجار سێکس کردن بەرەو جۆرێک لە بۆشاییمان دەبات، بۆیە دەکەوینە جێبەجێکردنى یاساى دووبارەکردنەوە.

ئایا بەراستى فەلسەفە تێگەیشتنى دژ بەیەکى بەرانبەر خۆشەویستى هەیە؟ بادیۆ دەڵێت من دەتوانم سێ تێگەیشتنى سەرەکى لەیەکتر جیا بکەمەوە: تێگەیشتنى رۆمانسیانە کە پشت بە نەشوە دەبەستێت. تێگەیشتنى پێگەى ئەلکترۆنى میتیک، کە لە دیدى بازرگانى و یاساییەوە تەماشاى خۆشەویستى دەکات. بەڵام بۆچوونى من ئەوەیە کە خۆشەویستى بونیادنانى ئازادییە. ئەگەر بپرسى کام ئازادى؟ ئەوە دەڵێم ئازادى لە خاڵێکى تەواو دیاریکراودا: دیتنى دنیا بە دووان. دیتنى دنیا بە تیڕوانینى جیاوازى دووان.

لە بەشى (بونیادنانى خۆشەویستى) نیکۆلاس ترۆنگ دەڵێت بەڵێ تۆ رامبۆت بیر خستینەوە بەوەى خۆشەویستى دەبێ لە نوێوە دابهێنرێتەوە، بەڵام بەراى تۆ لە کوێوە دەست پێبکەین؟ بادیۆ دەڵێت پرسى خۆشەویستى لە دوو خاڵدا هاوگونجاو دێتەوە، یەکەم لە لێکجیابوونەوەى جیاوازى جۆرى، کاتێک خۆشەویستى بە بەشدارى دوو کەسى جیاواز دێتە ئاراوە، ئەوە دەکەوینە بەرانبەر دوو ساتەوەختى تەئویلى جیاواز، نموونەى رۆمیۆجولێت... هەڵبەتە خۆشەویستیش لە بنەڕەتدا دووانەیە. خاڵى دووەم لەبەر ئەوەى بە دیاریکراوى لەسەر (لێکجیابوونەوە) دروست دەبێت، کاتێ دوو کەس دێنە سەر شانۆ دنیا بە شێوەى دووانەى نوێ تاقى دەکەنەوە، ئەوەش بە " بەیەکگەیشتن" ناو دەبەن. بەیەکگەیشتنى دوو کەسى جیاواز بۆخۆى رووداوە "موفاجەئەى خۆشەویستى"یە، لەسەر بنەماى ئەو رووداوە دەشێ خۆشەویستى گەشە بکات، ئەوەش بونیادنانى خۆشەویستییە.

راستە خۆشەویستى لە ژووان و بەیەکگەیشتندا فۆرمێک لەگەڵ بەردەوامى وەردەگرێت، بەڵام تۆ بۆچى (توانەوە) لە خۆشەویستیدا رەتدەکەیتەوە؟ من رەتیدەکەمەوە چونکە تێگەیشتنە رۆمانسییەیەکان خۆشەویستى ئیستهلاک دەکەن (بەکار دەبەن)، مەبەستم ئەوەیە دەیخەنە دەرەوەى دنیاى واقیعەوە، رۆمانسییەکان خۆشەویستى لە یەک دیمەندا دەبینن، نەک بونیادنانى دیمەنێک لە دوو لاوە، ئەوەش ناو دەنێن توانەوە؟!

بەڵام ئایا سروشتى ئەو بونیادنانەى تۆ باسى دەکەیت، چۆنە؟ بادیۆ دەڵێت: چیرۆکێکى بێدەنگە... من ناڵێم دنیاى خێزان بەشێک نییە لە خۆشەویستى، بەڵام ئەوە تەفسیرێکى زۆر شێوازگیرانە و رووکارئامێزانەیە و ناشێ خۆشەویستى لە خێزاندا کورت بکەینەوە، ئەوەى دەمەوێ قسەى لێبکەم بەردەوامبوونى خۆشەویستییە! مەبەستم لە بەردەوامى بێکۆتایى بوون نییە، بەڵکو داهێنانى رێگایەکى نوێیە بۆ بەردەوامبوون لە ژیان، تێگەیشتنێکى دیکەى زەمەنە، خۆشەویستى ئارەزووکردنى بەردەوامییە، بەڵام بە شێوەیەکى نادیار-خۆشەویستى- دووبارە داهێنانەوەى ژیانە، داهێنانى خۆشەویستى لە نوێوە، واتە دووبارە داهێنانەوەى ژیان لە نوێوە.

نیکۆلاس ترۆنگى حەکیم دەپرسێ لە کتێبەکەت (هەلومەرجەکان) لە کۆمەڵێک فیکرەى چەسپاو لە بارەى خۆشەویستییەوە، دەخەیتە ژێر پرسیارەوە، بە تایبەتى ئەوە فیکرەیەى دەڵێت خۆشەویستى وەهمە، یان خۆشەویستى رووییەکى رازاوەیە و حەقیقەتى سێکسى دەرئەنجامیەتى، یان خۆشەویستى لە بنەڕەتدا ئارەزووە و لە سێکسدا بێدار دەبێتەوە.... بادیۆ دەڵێت هەموو ئەو چەمکانە سەر بە رەوشتن و بە رێبازى گومانکارانەوە بەندن. ئەو رێبازە پێیوایە ئەگەر شتێک لە خۆشەویستیدا هەبێت ئەوە ئارەزووە، بەپێى ئەو دیدە خەیاڵ خۆشەویستى بونیادى دەنێت، بۆ ئەوەى ئارەزووى سێکسى بە توێکڵى دەرەکى بشارێتەوە! ئەو فیکرەیە مێژووییەکى دوور و درێژى هەیە و هەمووان والێدەکات گومان لە خۆشەویستى بکەن. ئەو دیدە سەر بە زمانى دڵنیابوونەوەیە، چونکە پێمان دەڵێت گوێ بگرن ئەگەر ئارەزووى سێکس دەکەن، بڕۆن سێکس بکەن، پێویست ناکات بکەونە داوى خۆشەویستییەوە. بەڵام خۆشەویستى لەوە گەورەترە تەنها بە وشە بیخەینە روو...

لە بەشى (حەقیقەتى خۆشەویستى) بە بادیۆ دەڵێت تۆ باسى ئەفلاتوون و پەیوەندى تایبەتى نێوان دوو خۆشەویستت کرد، بەڵام چۆن باسى حەقیقەتى خۆشەویستى دەکەیت؟ بادیۆ دەڵێت خۆشەویستى بە جۆرێکى دیاریکراوى حەقیقەت پەیوەستە، ئەو حەقیقەتەش زۆر بە سادەیى حەقیقەتى دووانە، حەقیقەتى جیاوازییە، بە بڕواى من خۆشەویستى ئەوەى پێى دەڵێن -دیمەنێک لە دوو لاوە- ئەوە شارەزاییە! بەو مانایە خۆشەویستى دژ بە نکۆڵیکردنەکان دەوەستێ و بەردەوامى دەنوێنێ و شارەزایى تەواوى دنیایە، خۆشەویستى لە جیاوازییەوە خۆى بەرهەم دەهێنێت، حەقیقەتێکى نوێیە بەرانبەر جیاوازى.

با بڵێین خۆشەویستى دیمەنێکە لە دوو لاوە، ئایا بوونى منداڵ ئەو دیمەنە ناکاتە سییانە؟ بادیۆ: ئەو پرسیارە گرنگ و قوڵە، بەڵام بوونى منداڵ گەڕانەوەیە بۆ تاکبوون، ئامانجى خۆشەویستى لە دایکبوونى منداڵە و دەلالەت لە تاکبوون دەکات، پاشان منداڵ بەشێکە لە فەزاى خۆشەویستى، دەبێ جارێکى دیکە لە نوێوە یارییەکە بە هەمان رێگا دووبارە بکەینەوە. خۆشەویستى دەبێ بەردەوام نوێ بکرێتەوە.

لە بەشى (سیاسەت و خۆشەویستى) نیکۆلاس ترۆنگى حەکیم دەڵێت بۆ دەبێ سیاسەت دایکى خۆشەویستى بێت. ئایا چونکە رووداو و ریکلام و وەلایە؟ بادیۆ دەڵێت لەرووى تیۆرییەوە سیاسەت جێبەجێکردنى حەقیقەتە، بەڵام جێبەجێکردنێک کە هەمووان دەگرێتەوە. واتە کردەى سیاسى حەقیقەتێک ئەزموون دەکات، بە ئەندازەى بەخششى هەمووان. بەڵام ئایا سیاسەت دەتوانێ دادپەروەرى بەجێ بهێنێ؟ دەتوانێ گونجاو و نەگونجاو بەیەکەوە کۆ بکاتەوە؟ لەگەڵ هەموو ئەو پرسانەش دەتوانین خێزان بە دەوڵەت، دەوڵەت بە حاڵەتى خۆشەویستى بچوێنین، بۆ نموونە کاتێک بەشدارى لە بزاڤێکى سیاسیى جەماوەرى گەورەدا دەکەیت، گرژبوونەوەیەک لە نێوان پرسى (ئەندازەى کۆ دەبێ چەند بێت) و پرسى (هێزى دەوڵەت و دەسەڵات) تاقى دەکەیتەوە... لە دەرئەنجامدا دەگەیتە ئەوەى کە دەوڵەت خەریکە خیانەتى سیاسى دەکات. ئایا دڵنیایى خێزانیش خەریکى خیانەتکردن نییە لە خۆشەویستى؟ ئێمە دەبێ ئەو پرسیارە بخەینەروو. بە بڕواى من خێزان لە خاڵێکەوە بەرەو خاڵێکى دیکە و لە بڕیارێکەوە بەرەو بڕیارێکى دیکە... هەنگاو دەنێت، خاڵى پێشنیارکردنى سێکس، منداڵ، سەفەر، کار..... هەموو ئەو خاڵانەش رەگەزى بانگەشەکردنى خۆشەویستین، وەک چۆن سیاسەت خاڵەکانى لە هێزى دەوڵەت و بەرەکانى سیاسەت و یاساکان و پۆلیس... دەبینێتەوە، ناشێ تەنها دەوڵەت لە تێڕوانینى سیاسى کراوەى شۆڕشگێرانەدا کورت بکەینەوە و دادپەروەرى بخنکێنین. دواجار دەبێ خاڵ خاڵ قسەیان لە بارەوە بکەین، نابێت تاقیکردنەوەکان لەگەڵ دەرئەنجامەکان تێکەڵ بکەین. وابزانم ناتوانین بەبێ دەوڵەت لە سیاسەت بگەین، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە، کە هێز ئامانجە، بەڵکو ئامانج کەشف کردنى " ئەندازەى بەخششى هەمووانە "، نەک خودى هێز. وەک چۆن لە خۆشەویستیدا دنیا لە دیدى جیاوازەوە تاقى دەکەینەوە، لە خۆشەویستیدا ئامانج کەشف کردنى جیاوازییە...

 لاکان نیگارى (سیاسەتى هاوڕێتى) کێشاوە، تۆ بۆچى ناتوانى (سیاسەتى خۆشەویستى) وێنا بکەیت؟ بادیۆ دەڵێت: ناشێ خۆشەویستى و سیاسەت تێکەڵ بە یەکتر بکەین، چونکە دەکەوینە بێ ماناییەوە. لە سیاسەتدا کەسانێک یەکتریان خۆش ناوێت، کەچى بەیەکەوە سیاسەت دەکەن ((ئەو قسەیەى بادیۆ قسەیەکى دریدام بیر دەخاتەوە کە دەڵێت: لە ناو ئەوەى پێیدەگوترێ واقیع هەمیشە کۆمەڵێک ناکۆکى هەیە، کە تواناى ئاوێتەبوونیان نییە، کەچى پێکەوەش هەن، ئەگەرچى هەر یەکەیان بەرانبەرەکەى خۆى نەرێ دەکاتەوە)) بەڵام خۆشەویستى وا نییە، یان هەیە یان نییە. لە سیاسەتدا دوژمنکارى هەیە، بەڵام لە خۆشەویستیدا تەگەرە هەیە.

لەگەڵ ئەوەشدا خۆشەویستى دەکرێ جەنگ بێت.... هەڵبەتە خۆشەویستیش وەک هەموو جێبەجێکردنە حەقیقییەکانى دیکە، هەر بە ئاشتى کۆتایى نایەت، بەیەکداچوونى تووندیش بەخۆوە دەبینێت، ئەزموونێکى پڕ ژانوژوارە، خەڵکانێک بە هۆى خۆشەویستییەوە دەتلێنەوە، خۆیان دەکوژن، دەمرن، خۆشەویستى بەپێى پێوانەکانى زۆر لە سیاسەتى شۆڕشگێرانە بێ ئازارتر نییە، خۆشەویستى یاساى خۆى هەیە و لە ناوەوە پڕە لە نێودژى و تووندوتیژى، بەڵام لە سیاسەتدا لەگەڵ دوژمن رووبەروو دەبیتەوە، بەڵام لە خۆشەویستیدا دەکەویتە بەرانبەر پرسیارێکى درامى، خۆشەویستى دراماى ناخە، دراماى ناوەوەیە! لە خۆشەویستیدا ناکەویتە بەرانبەر هیچ دوژمنێک، بەڵکو دەکەویتە نێو ململانێى جیاوازییەوە... دەبێ بە تەواوى سیاسەت لە خۆشەویستى بکەینەوە، چونکە خۆشەویستى سەرکێشییەکى تاکانەیە و سیاسەت دەستەجەمعییە. خۆشەویستى لە رێگاى تاکەوە بە دواى حەقیقەتدا دەگەڕێت، سیاسەت لە رێگاى دەستەجەمعییەوە... خۆشەویستى بەهاکەى لە ناوەوەى خۆیدایە، بەهاى سیاسەت لە دەرەوەى خۆیدایە...

لە بەشى (خۆشەویستى و هونەر)دا نیکۆلاس ترۆنگ دەڵێت: ئەندرێ بریتۆن گوتى سەدەى بیستەم، خۆشەویستى وەک خوازەى حەقیقەت چەسپاند، بەڵام هەر بریتۆن بوو گوتى سادەترین دەستەواژە لە هونەردا خۆشەویستییە؟ بادیۆ: ئێمە قسەمان لە رامبۆ کرد، نوێکردنەوە بە نسبەت سوریالییەکان بزاڤێکى هونەرى و بوونگەرایى و سیاسییە و قابیلى هەڵوەشانەوە نییە. هونەر بە خاڵێکى زۆر بەهێزەوە بەندە، ئەویش بەجێهێنانى دادپەروەرى رووداوە. لە سیاسەتدا مێژوو بە رێکخستنى رووداو هەڵدەسێت، هەڵبەتە دواى روودانى... بەڵام لە هونەردا دووبارە رووداو لە لێوردبوونەوە و دنیاى خەیاڵەوە بونیاد دەنرێتەوە. بریتۆن لەو دیدەوە قسە لە (پەیوەندى هونەر) بە خۆشەویستییەوە دەکات، چونکە خۆشەویستى لە بنەڕەتدا ئەو ساتەوەختەیە کە رووداو تێیدا "بوون" دەبڕێت. ئەوە لێکدانەوەى "شەیداییە" شەیدایى بۆ هیچ یاسایەک کورت ناکرێتەوە، هیچ یاسایەکى نییە. زۆرجاران قسە لە لایەنە ناکۆمەڵایەتییەکەى خۆشەویستى دەکرێت "عاشقان لە دنیادا تاک و تەنیان" تەنیا ئەوانن خاوەنى جیاوازیین، لە رێگاى جیاوازییەوە دنیا تاقى دەکەنەوە. خۆشەویستى شەیدابوونە لەو خاڵەوە سوریالییەکان شۆڕشى شیعرییان لە زماندا راگەیاند و سووربوون لەسەر شۆڕشى شیعریى لە بووندا...

دواجار هونەرى شانۆ هەمیشە جەخت لە خۆشەویستى دەکاتەوە، خۆشەویستى وەک ئامرازێک بۆ یاخیبوونى چینى کۆمەڵایەتى و سیاسى: خۆشەویستى لە شانۆدا تراجیدیا و رەتکردنەوە و تووڕەییە. بادیۆ وەک دواین فەلسەفەکارى نەوەى شۆڕشى 1968ى فەرەنساى رۆشنگەر و شۆڕش و ئازادییەکان، پێیوایە خۆشەویستى داهێنانى دووبارەى ژیانە، ئێمە لە خۆشەویستیدا بڕوا بە جیاوازى دەکەین، ئێمە گومان لە خۆشەویستى ناکەین. بە کورتى ئالان بادیۆ لەو گفتوگۆیەدا پێمان دەڵێت لە بەر ئەوەى هیچ کردەیەک بێ بیرکردنەوە بوونى نییە، کردە هەرگیز مرۆڤ رزگار ناکات! ئەوە خۆشەویستییە مرۆڤ رزگار دەکات... بەر لەوەى فیکر بچێتە قۆناغى کردە دەبێ سەرەتا تێبگەین، کە چۆن و لەسەر چ بنەمایەک ئەو فیکرە دروست بووە؟! لە رووى زانستییەوە فیکر یان بیرکردنەوە دەرئەنجامى وەڵامێکى دەمارى یان دەروونییە، فیکر وەڵامى دەستبەجێى هەستیارەکان بۆ هەستێکى گەڵاڵەکراو و دیاریکراو، یان وەڵامى بیرەوەرى دەداتەوە، بە مانایەکى دیکە وەڵامى هەست و نەستە کەڵەکەکراوەکانى دەروونە بۆ بیرەوەرى، بەو مانایەش رەوتى بیرکردنەوە وەڵامە بە بیرەوەرى، واتە فیکر لەسەر پرۆسەى بەیادهێنانەوەى هەست و نەست دروست دەبێت، هەموو بیرەوەرییەکیش لە رێگاى ئەزموونێکەوە رەوتى فیکرى بەجێ دەهێنێ... دواجار کردە ئاکامى بیرکردنەوەیە، ئاکامى ئەزموونە، ئاکامى بیرەوەرییە... تەنها خۆشەویستى نەبێ، خۆشەویستى کردەیەکە دەکەوێتە دەرەوەى تێگەیشتنى فیکرى و ئەزموون و بیرەوەرییەوە! خۆشەویستى ئەزموون نییە، خۆشەویستى بیرەوەرى نییە، خۆشەویستى فیکر نییە، خۆشەویستى تەنها لە کاتى عاشقبووندا هەیە، خۆشەویستى لە خود سەرچاوە ناگرێت، خود خۆشەویستى ناناسێت، ئەکاتەى کە خۆشەویستى هەیە، خود بوونى نییە، خود بە ئەزموونەوە بەندە، خۆشەویستى تەنها لە کاتى عاشقبووندا دەبێ بە فیکر، بۆیە لە کلتورى کوردیدا دەڵێن عاشق کوێرە... کەواتە خۆشەویستى ئەزموون نییە، خۆشەویستى کتوپڕییە! کاتێک خۆشەویستى هەبێ کردە هەیە، خۆشەویستى ئاکامى کارى بیرکردنەوە نییە، چونکە بیرکردنەوە بە پرۆسەیەکدا تێپەڕیوە، بەڵام خۆشەویستى هەیە، خۆشەویستى ئەزموون نییە، پرۆسەى ئەزموون و بیرکردنەوە هەنگاو هەنگاوە و خۆشەویستى ساتەوەختییە. مرۆڤ  تەنها بە کردەى خۆشەویستى رزگارى دەبێت، ژیان شانۆى خۆشەویستییە.

 

 

 

 

بازدید: 991