ما 3684 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 

ئازاد کەریمی

بنکەی سەرەکی ئەم ئایینە لە هەرێمی گۆران و کەڵهوڕ لە دەوروبەری کرماشاندایە لەبەر ئەوە سوڵتان سەهاک دوای کۆچی دوایی شێخ ئیسای باوکی ڕووی کردە ئەو مەڵبەندە وئەو بەشەی کوردستانی بە شوێنی دامەزراندنی ئایینی نوێی یارسان کرد.

 

کاکەییەکان کێن؟(٨)

ئازاد کەریمی

هەروەک پێشتر باس کرا عەلی خەلیفەی چوارەمی ڕاشدین بە هۆی دژایەتی کردنی عەرەبەکانەوە هاتە بابل و بنکەی دەسەڵاتداریەکەی لەوێ دامەزراند، بەڵام ڕاستیەکە ئەوەیە جیهانی ئیسلامی هیچ کات گوێڕایەڵی ئەو نەبوو شام و حێجاز و مسرلە ڕکێفی مەعاویەی ئومەویدا بوو. تەنیا بەشێک لە کوردەکانی بابل لەگەڵ عەلیدا بوون، ئەوانیش سۆفیەکانی دینەوەری و بەدینی بوون کە بە "گۆران" یان فیدایی و گیانفیدا دەناسران. گۆران و یاران، کوردانی دینەوەریی سۆفی بوون و شەڕیان بۆ عەلی کرد چونکە بە گوێرەی ئامۆژگاریەکانی مانی زەندیک، ئەمشاسپینتە یان "جیلوەی سپینتەی مایندە"، بریتیە لە نوور و بە سمسارا یان دەونادون دەچێتە جەستەی ئەوکەسەوە وا زوروان هەڵیبژاردوە و ئەو کەسە جیلوەیەک لە خودای سپینتەی مایندەیە وهەموو کردار و ڕەفتاری وێنایەک لە کردەوە و گفتی خودای سپینتەیە. بە بڕوای گۆرانەکان عەلی ئەمشاسپینتە یان جیلوەی سپینتەی مایندەیە لەبەرئەوەی دژ بە عەرەب وئیسلام ڕاوەستاوە و لەگەڵیان شەڕ دەکات. ڕاستیەکەشی ئەوە بوو لە مزگەوتەکانی شام،حێجازومسردا هەموو بەرنوێژەکان نەحلەتی عەلی یان دەکرد.

گۆرانەکان یان یارانەکان،هەمان سۆفیە دینەوەریەکانن وا عەلی ئبیتالب نازناوی شێعەی پێبەخشین. دوای کوژرانی عەلی سنووری دەسەڵاتی مەعاویە گەییشتە کوردستان و بابل. لەوە بەدواوە کرداری توند و تیژ و پاکتاوکردنی کوردەکان بە بیانووی جۆراوجۆردەستی پێکرد.عەرەبە موسڵمانەکان شەڕیان بۆ فراوان کردنی خاک و سنووری دەسەڵات دەکرد بۆ وێنە حجاج یوسف فەرمانداری بابل ئازاری زۆری بە کوردەکان دا ودەیان نموونەی دیکە، بەڵام کوردەکان بەرگرییان لە ئایین و بیر و بڕوایان دەکرد،ئەوان لە ژێر سایەی "پیر"ەکانیاندا وا هەم باوکی مەعنەوییان بوون و هەم سەرۆکی کۆمەڵگەکەیان بوون شەڕیان لەگەڵ عەرەبە موسڵمانەکان دەکرد. ویژدانی مرۆڤی کورد هەزاران ساڵ بوو بەو درووشمە پەروەردەکرا بوو کە ئەم دنیا دنیایێکی مادی و بێبایەخە و نابێ شەڕی لەسەر بکەیت هەر بۆیە بە گوێرەی ئەو فەرهەنگە سۆفیستاییەوە بیرۆکەی دنیاگرتن و داگیرکاری و بەرپاکردنی شاهەنشاهی و ئێمپراتوریی لە ناو کۆمەڵگەی کوردستانیدا بەهێز نەبوو، تەنانەت وای لێهاتبوو لە سەردەمی ئەژدیهاگ شای ماددا بە هۆی دنیاداری لەڕادەبەدەری شا و خەڵکی دەوروبەری، پیری موغان فەرمانی بە موغان و پیاوانی ئایینی کرد پاڵپشتیی مەعنەوی خۆیان لە ئەژدیهاگ شا بستێننەوە و ئەمەش بوو بە هۆی ئەوە فەڕی یەزدانی لە شا بستێندرێتەوە و ئەژدیهاگ شا لە لایەن سوپاسالاریشەوە پشتی چۆڵ کرا و ئەویش ناچار بوو تاج و تەختەکەی ڕادەستی کورش بکات وا کچەزای بوو.پیران سەرۆکی مەعنەوی کوردانی نوورپەرست یان هەموو بیرو باوەڕە ئایینی و سۆفییانەی کۆنن وا هەمووی پەیوەندی بە ئایینی زوروانەوە هەیە کە خودای زەمان و کات و دەمانە و ئافرێنەری بوون و نەبوون و باوکی ڕووناکی و تاریکی هەتاهەتاییە. وەک مەهرانیەکان، گاورەکان، هۆریانیەکان، مەزداییەکان، دینەوەرەکان و بەدینەکان و مەنداییەکان و دواتر جوولەکەگەری، مەسیحیەت ،ئەزدایی ویارسان.

یارسان، یاری، کاکەیی، ئەهل هەق، عەلیوڵایی و غولاة. ئەم ناوانە، پێناسەی یارانەکان یان گۆرانەکانە، ئەو کوردانەی وا باوەڕیان بە ئایینی دینەوەری سۆفیگەری کۆنی کوردی هەیە و بوژاندنەوەی ئەم ئایینە لەسەر دەستی "سوڵتان سەهاک" بووە. سوڵتان سەهاک بەرزنجی لە سەدەی سێزدەی زایینیدا لە بەرزنجەی سلێمانی لە کوردستان لە دایک بوو بە ڕەچەڵەک دەگاتەوە بە عەلی کوڕی ئبیتالب، هەرچەندە بە نەتەوە کوردە و بە کوردی قسەی کردوە و بە کوردی پەرتووکە کانی خۆی نووسیوە لەوانەش "نامەی سەرەنجام"ە کە بە زاراوەی هەورامی سەر بە زمانی کوردی نووسراوە. سوڵتان سەهاک (اسحاق) کوڕی شێخ ئیسا (عیسا) پیری تەریقەتی قادری یە.شێخانی تەریقەتی قادری کە  پێوەستی ئامۆژگارە عێرفانیەکەیان واتە شێخ عەبدولقادر گەیلانی کوردن بە خەڵکیان دەکوت بە "کاکە" بیانناسێنن،هەروەک باسکراوە کاکەڕم یەکەم تیشکی ڕۆژ لە ڕۆژهەڵاتە وا هەڵدێ و ئیزەدی میترا (حەوتەن،حەوتەوان،ئیکەتاوس،تاوس شا) پاریزەری تیشکەکانی خۆر واتە شید یان شەدە بە گشتی و پارێزەری یەکەم تیشکی خۆر واتە کاکە ڕم یان کاک ڕمەیە. ئەمشاسپینتە یان جیلوە و هاوزادەی سپینتەی مایندەش تیشکی خۆرو پرشکەی شید واتە کاکە ڕمەیە و دەچێتە تەن و جەستەی ئەوکەسانەوە وا ئافرێنەرهەڵیبژاردوون. لەوانەش پیری موغان، پیری تەریقەت وخاس و چاکەکان.

لە کۆندا و هەتا پێش حوکمی قزڵباشی سەفەوی لە ئازەربایجان (کە بەشێکی گرینگی خاکی کوردستان بوو) و حوکمی عوسمانیەکان لە مەزرابۆتان و شارەزوور، زۆربەی کوردان لەسەر ئەم ئایینە بوون.لە هەر شوێنێکی کوردستان بە ئازەربایجانیشیەوە کە ئێستا زمان و شوناسی گۆڕاوە و تورکانی شێعەی عەجەم نیشتەجێی ئەو بەشەی کوردستانی قەدیم بوون ئاسەواری مەزارگەی پیاوچاکان و ساڵحان هەیە و بە نازناوی ''پیر'' بەناوبانگن، بەڵام وادەزانرێ سەید و شێخی موسڵمانانن دیارە بە گوێرەی دژایەتی ئیسلام لەگەڵ سیمبۆل و هێماکانی نائیسلامی،هیچ کات ئەولیای موسڵمان بەوە ڕازی نەبوون نازناوی ئایینی جیاواز لە ئیسلام بەسەریاندا ببڕدرێ هەر بۆیە هەموویان چاک یان شەخس یان وەلی یارسانەکانن. وەک کەوەسوار(گاوەسوار،خدر، گرشا گێومەرد)، سوڵتان ناباڵغ، پیرشالاڵی لە کوردستان کە لە کۆنەوە باوە ڕۆژانی چوارشەمە خەڵک بۆ نەزرونیاز بچن بۆ زیارەت کردنی ئەوشوێنە پیرۆزانە. ئەوە لە کاتێکدایە ڕۆژی پیرۆزی موسڵمانەکان هەینی واتە جومعەیە.

بنکەی سەرەکی ئەم ئایینە لە هەرێمی گۆران و کەڵهوڕ لە دەوروبەری کرماشاندایە لەبەر ئەوە سوڵتان سەهاک دوای کۆچی دوایی شێخ ئیسای باوکی ڕووی کردە ئەو مەڵبەندە وئەو بەشەی کوردستانی بە شوێنی دامەزراندنی ئایینی نوێی یارسان کرد.

یارسانەکان لە ''جەمخانە''دا ڕێوڕەسمی ئایینی خۆیان بەجێ ئەهێنن.ئافەرین کردنی ''حەوتەوانە''یان ڕۆحە پیرۆزەکانی حەوت کەس لە پیران و خواوەندەکانیان کە یەک لەوانە عەلی کوڕی ئەبیتالب و سوڵتان سەهاک و سوڵتان داود،سوڵتان بێنیامین و باوە یادگارو سوڵتان مووسایە بە ژەندنی ئامێری مۆسیقایی ''تەمورە'' لە جەمخانەدا دەکرێ.

یارسان بڕوای بە ''دەونادون'' یان تەناسخ هەیە،واتە ڕۆح لە دوای مەرگ دەچێتە جەستەیەکی نوێوە و لەدایک دەبێتەوە هەتا حەوت جار. تاکوو دەگات بە نوری پاکی خودای گەورەی ئافرێنەر. هەبوونی خواوەندەکان (هاوزاد،ئەمشاسپینتە) بە پێچەوانەی ئەوەی موسڵمانەکان بانگەوازی بۆ دەکەن هێمای کوفر و شرک واتە شەریک قاییل بوون بۆ پەروەردەکار نیە.

یارسان بۆ هەریەک لە حەوتەوانە پیرۆزەکانی هێمای لە ڕواڵەتی مرۆڤ دا قاییل کردوە وەک سمێڵ و ئەبرۆ. هەر بۆیە ڕێز بۆ سمێڵ دادەنێن و نایتاشن. بە هۆی نەگونجاو بوونی داب و نەریتی ئەم ئایینە لەگەڵ ئیسلام، هەروەها بێ بەزەیی بوونی لایەنگرانی ئیسلام لەگەڵ یارسانەکان، لایەنگرانی ئەم ئایینە ڕاز و ڕەمزی ئایینی خۆیان بەلای کەسی دیکەوە باس ناکەن، هەر بۆیە چیرۆک و دەنگۆ و بوختانی جۆراوجۆر بۆ ئەم ئایینە درووست کراوە.

لە سەردەمی شاهەنشایی پەهلەویدا هەندێ زەخت لەسەر یارسانەکان کەم بوەوە. بەڵام دوای هاتنی کۆماری ئیسلامی لە ئێران زەختی دەوڵەت وەک نوێنەری مەزهەبی شێعەی دوازدە ئیمامی کە مەزهەبی فەرمی ئەو وڵاتەیە لەسەر هەموو ئایین و مەزهەبەکانی ناشێعە سیستێماتیک و چڕ و پڕتر بوەتەوە، لەوانەش یارسانەکان. بۆ نمونە تێرۆری سەید خەلیل عالی نەژاد سەرۆکی ئایینی یارسان لە وڵاتی سوید و وێران کردن و بێڕێزی کردن بە شوێن و مەزارگە پیرۆزەکانیان لە لایەن ئۆرگانە پەیوەندیدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە. هەروەها سوکایەتی کردن بە سمێڵ و تاشینی سمێڵی گیراوانی یارسانی لە زیندان وا بە هەر بۆنەیەکێوە گیرابێتن و لە زینداندا بن.

 

لە دووساڵی ڕابردوودا زەختەکان لەسەر کوردانی یارسانی زۆرتر بوونەتەوە.

گەڕان بۆ بابەت