ما 2860 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

نەژاد عزیز سورمێ

 

لە شەقامە سەرمەدییەکانى مێژوودا
پیاسەت دەکرد
ساڵى سێ زستان و
چوار زستان و
پێنج زستانت دى

 

 

وڵاتى ناو دەنکە هەنار

 

نه ژاد عزیز سورمێ

 

(لەو دیو دێوەجامەى نائومێدیدا گۆرستانەکانیان ئاوەدان دەکردەوە

چ خەمت بوو. هەردوو چاوت گیرا بوو

جێى تاڵە هەتاوێکیان تیا نەمابوو

(ئیساکا)ت لە چاوێک و (پنلۆپ)ت لە چاوەکەى دى هەڵگرتبوو.)

 

چۆلەکەیش هێلانەى هەبوو

شەوان سەرى غەریبى خۆى پێ دەکرد

بێ مرادى ،

لە کاروانسەراى (شکۆ) وە دەستى پێ کرد

ڕەزمگێران،

تاسەى کروزانەوەى وڵاتێک بوون

نەتەختى هەبوو نە تەلار

لە بێپەروایى زەمەندى خەونەکانمان نەخشابوون.

 

(ئەوە وڵاتى من نییە وەرزبازیى

وێنەى تنۆکە ئارەقێک

بەلاجانگى دێتە خوارێ

ئەوە وڵاتى من نییە،

چۆلەکە لە بەر خۆری مەلە بکەن و

بارانى لێ نەبارێ.)

 

تەمى سەر گەشتەیى نەبوو ئەوە کریڤ

سنگى پێگوزەر

تیلاکى ناکامى

شەوقى چاوەروانى و

(باران) ى دۆستى هەژاران بوو

دەرەوشانەوەى تارماییەکان،

توانەوەى ڕەشەبا بوو

مەگەر نەتدى؟

خونچەى بە چڵان و

بارانى بە هەورانەوە نەهێشتبوو

مەگەر نەتدى؟

چەند ڕەش بوو

بە چڵێ هەتاو توایەوە؟

مەگەر

       نەتدى؟

 

( مەڵبەندى دنیا نەبوو ئەو

شەوێکى درێژدادڕ بوو

بێزارى بوو تا ڕادەى

بێزارى شەو)

 

تەنێ ئاڵاى سەرى خۆى بوو

تەنى من بوو

جامێ لە دەست شازادەى ساماڵتان نابوو

خوێنى من بوو

تۆ تەماشا

ئەو زادەیە بێ وێنەیە

بە چ ژانێکى گلاراو لە دایک بوو و

ماڵئاوایى لە نیشتمانى برینەکان کرد

                               تەماشا

 

لە شەقامە سەرمەدییەکانى مێژوودا

پیاسەت دەکرد

ساڵى سێ زستان و

چوار زستان و

پێنج زستانت دى

لە ئەشکەوتى سڕ و بن تاوێران

لە چاوى هاورێکەت بەدەر

یاوەرێکى دیکەت نەبوو

تۆ هەر ڕووەو بناوان کشاى

هەبوو هەر زوو چیرۆکەکەى دوا پێ هێنا

تۆ هەر ڕووەو بناوان کشاى

ڕووەو شکۆى گوڵڕەنگى ژیان

ڕووەو حەقیقەتەکان هەمووووى               

 

 

گەڕان بۆ بابەت