ما 3897 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رۆمان و تاکەکەس

وەک زۆر لێکۆڵەر لە سەری ساخن، بەستێنی مێژوویی سەرهەڵدانی رۆمان، کاپیتالیزمە. لەم سیستمەدایە کە 'تاک' بە هۆی رووخانی سیستمی فیودالی سەرهەڵدەدا و، خەون و هەست و بۆچوونەکانی دەبنە بابەتی ژانرێکی نوێی ئەدەبی بە ناوی رۆمان.
بەڵام با وێنای کۆمەڵگایەک بکەین کە ئیدی کاپیتالیستی نیە. داخۆ لە وەها کۆمەڵگایەکدا ژانری رۆمان چی لێ بەسەردێ؟ واتە جڤاکێک کە تێیدا تاک بە مانای بەستێنە کاپیتالیستییەکەی وجودی نامێنێ؟
هەندێ بیرمەند گارانتی مانەوەی تاک دەکەن، بەڵام لە فۆڕمی تردا. واتە مەرج نیە مانای تاک تەنیا وابەستە بە بەستێنی کاپیتالیزم بێت. لە لایەکی ترەوە دەتوانین وێنای سیستمێک بکەین کە 'کۆ' تێیدا زاڵ دەبێ و ئیتر 'تاک' ئەو مانایەی نامێنێ.
لە حاڵەتی دووهەمدا دەتوانێ دوو شت رووبدا: ١ـ یان رۆمان نامێنێ، ٢ـ یان لەجیاتی تاک، کۆ دەبێتە قارەمانی رۆمان!
بەڵام حاڵەتی دووهەم خۆی پێشێلی خۆی دەکا. چونکە 'کۆ' ناتوانێ وەک دیاردەیەکی کۆنکرێت ببێ بە کاراکتێری رۆمان. رۆماننووس ناتوانێ وێنای دۆخێک بکا بۆ وێنە نەتەوە یان چینێک ببنە کاراکتێرە سەرەکییەکانی دەقەکەی.
هەڵبەت رەنگە ئەمە تەنیا بۆچوونێک بێت و بەس، وە لە راستیدا شتی وا بتوانرێ بکرێ. رەنگە ئەم بەستێنە مێژووییەی ئێمە هەنووکە تێیدا دەژین، وەها نیگا و خەیاڵمانی بەرتەسک کردبێتەوە کە نەتوانین وێنای دۆخێکی وەها بکەین. کەواتە لێگەڕێین داهاتوو خۆی بڕیار بدات!
 
سایتی قەڵەم
٨ ژوئەنی ٢٠١٦
 
 

گەڕان بۆ بابەت