نەژاد عزیز سورمێ
دوو دەرگادەرگایێ داخراویەکێ کراوەتارمایی مرۆڤێکى سەرگەردان.
ئەزموون
نه ژاد عزیز سورمێ
( ئەم هۆنراوانە دەگونجێ لەگەڵ تاقیکردنەوەى دى وەک (پۆستەرە شیعر) و
شێوازى وەک (هایکۆ –HAIKU)ەوە پێڵوز بکرێن..
من بۆ ڕوونکردنەوە دەڵێم: هیچ کامیان نین، بەقەد ئەوەى هەوڵدانێکە لە
کێشانى چەند تابلۆیێک بەهۆیێکى دیکەى دەربڕین..)
• هێللانە
شەباقەى برینە،
یا چاڵە خوێنە،
یادەمى بورکان.
• (....)
کڵاوڕۆژنەیەکى شیشبەند
چەند تاڵە تیشکێ
مرۆڤێ دەستى بە قاچییەوە گرتووەو
سەرى بە دیوار هەڵپەساردووە.
• ئاواز
پۆلێ گەڵاى سەوز
بە هەوادا دەفڕن.
باران نم نم دەبارێ
دنیا بەرگى سپێدەى لەبەردایە.
• ستیڵ لایف
درەختێ ڕاقەناو
کەلاوەى خانوو
باوڵێ تەنەکە و
لێفەى شڕى لەبیرکراو.
ئاژاڕى چەند چرۆیەک
بەسەریانەوە بایەقۆش
گۆرانى شێوێندراوى
چاخى تیخبەند دچڕێ.
• (....)
چاوى سەرسام
چاوى زەق
چاوى نوقاو
چاوى نەرم و
چاوى تیژ
کۆمەڵێ چاو
کۆتکێ لەسەر ڕژاوە .
• برسیەتى
گوڵەگەنمێ
پەیژەیەکى پێوەنراو
گورگێکى پێ هەڵدەگەرێ.
• شەوق
نیشانەى پرسیار
بەدەورى دڵێ خوێنى لێ دەتکێ.
ئاسمان گەشە
دەستێ ڕەگى دەرکردووە..
• سووتان
دووکەڵێکە
چاو چاو نابینێ
کەویە بەفرێک دەسووتێ.
• ڕوانین
(1)
کۆڵکەدارێکى قەراخ ڕووبار
ژنێکى ڕاکشاوە .
(2)
ئاگرێ دێ
ئاگرێ دەڕوا
بەدوو ئاگر
دنیا تاریک داهاتووە.
(3)
مێزێک
چایەک
پاکەتێ بەغدا
هەندێ شوێن پێی بچووک و
هەندێکى دى زەبەللاح.
• دڵنەوایی
کچێ ڕەشپۆش
لەسەر پانیژە وەستاوە
تریفەى مانگ و
ورشەى ئەستێرەى ئاوابوو
کۆ دەکاتەوە.
• دیوارەکان
دیوارێ.. دوو دیوار.. دە دیوار
چیمەنتۆبەندەکان ڕووخان
تەنیا دیوارێ قور ماوە
نەڕووخاوە.
• ئێش
ئاسمان دڕکى لێ دەبارێ
زەوى دڕکى لێ شین دەبێ
خۆرێ دڕکاوى هەڵاتووە.
دڕک.. دڕک
لەهەر چوار لاوە دڕک.
• (....)
لەناو ئەو هەموو قەڵشت و بۆشاییەدا
کە دەگونجێ بوومەلەرزەیێ
پێکى هێنابێ
پنتێ سەرەنجت ڕادەکێشێ.
• بروسکە
دوو دەرگا
دەرگایێ داخراو
یەکێ کراوە
تارمایی مرۆڤێکى سەرگەردان.
• گومان
سێبەرى ئەژدیها
پەڵیەکە، ڕەش و ناڕێک
بەسەر چەقى دووڕیانەوە.
• سەنگەر
بانێک
بێ کۆڵەگە، بێ دیوار
بانێک ئاسمانیشى بەسەرەوە نییە.
• زەنگ
ڕەوە مەلێکى بەرزەفڕ
لەشکارتەیێکى ژەنگگرتووى
ئاسمان دەکا.
• (....)
چیایێک خەریکە دەڕمێ
چەند دەستێ سنگى خۆیان داوەتەبەرو
ناهێڵن..
چەند دەستێ ناهێڵن چیایەک بڕمێ.
• تونێڵ
چوار بازنەى بچووک
بەدەمى گورگەوە.
چوار بازنەى بچووکى
نێو بازنەیێکى گەورە.
زریزەیێکى ژەنگاوى
لەو ناوە لوولى خواردووە.
• ڕوانین
هێڵێک ئاسۆى لەباوەشى خۆى گرتووە.
ڕووبارێکە
دەشێ ڕەگى درەختێ بێ
یاهەر سەراب و هیچى تر.
• پۆرترێت
کۆمەڵێ جۆگە
دوو کانى وشک
تیشە بەردێک
سیمایێ ماندوو، دوو باڵى
لەڕاست و چەپدا ڕواوە.
• مانەوە
کۆخێکى بە پێوە ماوى
نێو دڕاڵەى شاخ
شوورەیێکى گڵکۆیینى
بەدەوردا کێشراوە.
• (....)
تەرمێک لەسەر دەم کەوتووە
چرایێک کوژاوەتەوە
درەختێک بەلادا هاتووە
زەوى و ئاسمان لەیەک نزیک بوونەتەوە.
بارانێ سوور داى کردووە.
9