ما 5028 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئەمە عادەتی کۆنینەی سەرۆکە،... عادەتێک کە لە کاتی بیرکردنەوەی زۆر و گەیشتن بە بڕیارێکی گرینگ لێی روودەدات. هاوڕێیان بە گاڵتەوە دەیانگوت "ماڵی ئەو پشتێنە ئاوەدان کە نیشتمانێکی رزگار کرد!"

 

ماڵی پشتوێنی سەرۆک ئاوەدان!

فەڕۆخ نێعمەتپوور

سەرۆک ساڵانی ساڵە گوێی لە تەقە نەبووە. ئەوەندە لە ژوورەکەی خۆی و لە شوێنی کارەکەی لە گەڵ هاوڕێیان و ئەم و ئەو کۆبووەتەوە، ئەوەندە تەنیا گوێی لە قسە و لە زۆربڵێی کەسانی دەورووبەر گرتووە، کە چیدی تاقەتی نەماوە. ئەو ئیستا لە ژێر سێبەری تاریکی درەختێک لە ئێوارەیەکی درەنگدا دانیشتووە و بیر لە ساڵانی زوو دەکاتەوە، ساڵانی تەقە،... تەقە زۆرەکان.

سەرۆک کە یادی ئەو ساڵانە دەکاتەوە، دڵی پڕ دەبێ، ئەوقێک گەرووی دەگرێ و جاری وایە بە دزییەوە دەکەوێتە گریان. کە دەگری، درەختەکە بە ئەسپایی لقەکانی دەکاتەوە، بۆ ئەوەی ئەستێرەکان بە نهێنی لە فرمێسکەکانی سەرۆکدا بدرەوشێنەوە. هەندێ جاریش سەرۆک رقی لە سەرکەوتنی شۆرش دەبێتەوە، چونکە لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕش هەستی کرد لەناکاو هەموو شتێک کۆتایی پێهات، زۆر خێرا، دونیا بوو بە قاقڕستان! ئیتر ژیان بە بارێکی تردا کەوت، بەو شێوەیە نەما کە هەبوو، بۆ هەمیشە ژیانی لێ ون بوو، بەتایبەت تەقەکان! تەقەکان، بۆ ناو ژووری زیندانەکان، یاخود بۆ کاتی راو، پاشەکشەیان کردبوو. سەرۆک لە ژێر سێبەرە تاریکەکەدا ئاخ هەڵدەکێشێ و، نەفرەت لە کات و لە زەمەن دەکا. راستە ئەو ساڵانە پڕی دڵەڕاوکێ و ترس و مردن بوون، بەڵام تام و چێژی تایبەتی خۆیان هەبوو. تام و چێژێک کە چیدی دووپات نابێتەوە. ئاخ بۆ دەنگی تەقە و بۆ... گەرمیی لوولەی تفەنگ!... ئاخ خ خ خ! هەڵبەت هەندێ جار کاتێ لاپرەسەنی ئەم باسەی هەروا لە گەڵ هاوڕێیان لە کۆتایی کۆبوونەوەکاندا کردووەتەوە، ئەوان زۆر لە گەڵ سەرۆک هاودەنگ نەبوون و، دەیانگوت "خۆشی ئەو سەردەمانە هی حاڵ و هەواکەی بووە، هی پێوەندی نێوانیان و دۆزەخی نێوان هومێد و ناهومێدی، یان رەنگە ئەوەیکە ئەو سەردەمانە گەنج بوون، یەکجار گەنج!"، بەڵام سەرۆک لە دەروونی خۆیدا گاڵتەی بەم قسانە دێت، ئاخر گەر تفەنگ و تەقە نەبا، چلۆن ئەو دۆخە دروست دەکرا؟ ها،... چۆن؟ ئەو باوەڕی وایە تفەنگ زیاترە لە تفەنگ، لە راستیدا تفەنگ شتێک لە گەڵ خۆی هەڵدەگرێ و دەیهێنێ، کە کەس نازانێ چییە، بەڵام هەیە و دەتوانێ دونیایەک مانا بە شتەکان بدا، دونیایەک خاترە و ئەو فەزا تایبەتییەی دەڵێی دونیایەکن لە ناو دونیایەکی تردا... ئاە تفەنگە نازدارەکان!

وەک بڵێی لەناکاو بە ئاکام و بڕیارێک گەیشتبێ، رەپ هەڵدەستێتە سەرپێ، دەستەکانی لە سەر کەلەکەی دادەنێ، گەردن دەکێشێ و لە ئاسمان دەڕوانێ (پشتوێنەکەی لە شوێنی دەستەکانی کۆدەبێتەوە و مچۆڵە دەبێ). ئەمە عادەتی کۆنینەی سەرۆکە،... عادەتێک کە لە کاتی بیرکردنەوەی زۆر و گەیشتن بە بڕیارێکی گرینگ لێی روودەدات. هاوڕێیان بە گاڵتەوە دەیانگوت "ماڵی ئەو پشتێنە ئاوەدان کە نیشتمانێکی رزگار کرد!"

لەو رۆژەوە ئیتر کۆڵان و گەڕەک و نیشتمان گۆڕا. چونکە خەڵک تاونەتاو، لێرە و لەوێ، بە شەو و رۆژ، نیوەشەو و سپێدە و... گوێیان لەو تەقە فیشەکانە دەبوو کە دونیایان دەلەراندەوە. سەرەتا لایان پرسیار بوو، بەڵام پاش ئەوەی هاوڕێیان لە رێگای رادیو و تەلەفزیۆن و رۆژنامە و کۆبوونەوەکانەوە ئاگادارییان کردنەوە، ئیتر دامرکان. زانیان مرۆڤە مەزنەکەیە. بە یەکتریان دەگوت "سەرۆکە، خۆتان مەشەمزێنن، وەڕەزە و، حەزی لە تەقەیە!"

راستییەکەی ئەوە بوو، هەنووکە سەرۆک چوار دەمانچەی دەبەست، بە کڵاشینکۆفێکیش بە شانییەوە، کە وەک جلی سەر تەناف لەبەر بایەکی نادیاردا، دەشەکایەوە. جگە لەمانە بەو هاوڕێیانەیەوە کە بە چەک و تەقەمەنیی زیادییەوە هەردەم بە شوێنییەوە بوون، بۆ ئەوەی سەرۆک کەم نەهێنێ و نەکا کتوپڕ دیسان وەڕەزی رووی تێبکاتەوە و نیشتمان بێچارە بێت. ئیتر جاروبارە، هەرکات دڵی دەیخواست رادەوەستا و تەقەی دەکرد (ئەم دڵخواستنەیش زۆربەی کاتەکانی دەگرتەوە)، جاری وابوو لە ئاسمان، جاری وابوو لە درەخت و باڵندەکان و، جاری وایش بوو لە کێوەکان سیرەی دەگرت و بەر فیشەکی دەدان. فیشەکەکان گیڤەیان دەکرد و ئاسمانیان دەدڕی، دەنگیان، دڵی دەلەراندەوە و خێرایی گەڕانی خوێنی لەجەستەکاندا زیادتر دەکرد. سەرۆک کە ساڵانی ساڵ بوو پێنەکەنیبوو، بەرەبەرە بزە بۆ لێوەکانی گەڕایەوە. چیدی ئیتر لە ژێر درەختەکەی ئێواراندا دانەدەنیشت تا ئەستێرەکان لە فرمێسکەکانیدا شۆق بدەنەوە.

بەڵام گرفت ئەوە بوو کە هێمنایەتی و خۆشگوزەرانی لە نیشتمان تۆرا و بار و بنەی پێچایەوە. هاوڕێیان کە سەرەتا تەقەکانی سەرۆکیان وەک شتێکی کاتی و ئاسایی لێکدەدایەوە، بەرەبەرە دڵەڕاوکێ و ترس رووی تێکردن. هەڵبەت نەک لەبەر خەڵکی، بەڵکو پێش هەموو شتێ لەبەر خۆیان و بنەماڵەکانیان. نیوەشەو نەبوو لە ناو جێگادا رانەچڵەکێن و سۆزگۆڕینەوەیان لە گەڵ هاوسەرەکانیان لێ تێک نەچێ، یاخود منداڵەکانیان دەست نەکەن بە گریان و، بە هەڵەداوان خۆ نەکەن بە ژووری خەوەکانیاندا. هەروەها لەهەموو شوێنێک باس هەر باسی سەرۆک بوو. خەڵکی کۆدەبوونەوە و قسەیان لەسەر دەکرد، ئەمە هەم باش بوو و هەم نا، ئاخر شت کە لە سنووری خۆی لایدا، مەترسیدارە! بەناچار رۆژێک بە دوور لە چاوی سەرۆک کۆبوونەوە بۆ ئەوەی تاوتوێی وەزعەکە بکەن و، رێگا چارەیەکی بۆ بدۆزنەوە.

هاوڕێیەک کە هێشتا زریکەی ژنەکەی لە گوێیدا دەنگی دەدایەوە، گوتی نیوەشەوێک دەچم لەبەر پەنجەرەی ژووری خەوەکەیدا منیش تەقە دەکەم، بۆ ئەوەی تێبگا! هاوڕێیەکی تر باسی لە سەفەر کرد، ئەوەیکە سەرۆک لە دووای ساڵانی ساڵ مانەوە لە نیشتمان و خزمەت کردن بە شۆڕش، دەبێ چەند حەفتەیەک کورسییەکەی جێ بێڵێ و بچێ بۆ کەنار دەریا، بۆ قەراخ ئاوە شینە بێ سنوورەکان. هاوڕێی سێهەم باسی لە حۆرییەک کرد لە دۆڵێکی دوور کە هەموو دەردێکی چار دەکرد، بەڵام بەو مەرجەی پێش ئەوەی کەسەکە بچێتە لای، دەبێ لەبیری بچێتەوە خاوەنی چ پلە و پایەیەکە.  

بەڵام ئەمە حیکایەتی مشکەکان بوو کە هەر کام پلانێکیان بۆ لەناوبردنی پشیلەکە پێشنیار دەکرد، بە بێ ئەوەی کەسیان جورئەتی جێ بەجێ کردنی هەبێ. سەرئەنجام، هاوڕێ تووڕەکان پاش کەمێک لێڕامان لە یەکتری، بڕیاریان دا هەتا سەرۆک بۆخۆی ماندوو دەبێ و واز لەتەقەکردن دێنێ، دۆخەکە تەحەمول بکەن و، چاوەڕوان بمێننەوە.

بەڵام مەگەر سەرۆک ماندوو دەبوو؟ بگرە رۆژبەڕۆژ زیاتر و زیاتر تەقەی دەکرد. وەهای لێهات، خەڵکی وڵاتانی دراوسێ لە سنوورەکان کۆدەبوونەوە و بە سەرسوڕمانەوە گوێیان لەو تەقانە دەگرت وا لە وڵاتی دراوسێیانەوە دەهاتە گوێ. وەهای لێهات کە سەرۆکەکانی تر ئەمەیان بە نیازخراپی سەرۆک لێکدایەوە و سوپایان لە سەر سنوورەکان کۆکردەوە و ئامادەباشیان هەتا زەمانێکی نادیار راگەیاند. سەرۆک کە مێشێکیشی میوان نەبوو، ئەمجارە لە جیاتی چوار دەمانچە و کڵاشینکۆفێک، چوار یوزی و رەشاشێکی دەبەست، لە گەڵ ئەو هاوڕێیانەی وا بە شوێنیەوە بوون و هەر کامەیان ئار بی جی یەکیشیان پێ بوو! ئار بی جی یەکانی سەرۆک بەڕاستی نیشتمانی دەهەژاند!  

دیسان هاوڕێیان لە دەوری یەکتر کۆبوونەوە، دووبارە بۆ تاوتوێ کردنەوەی دۆخەکە، ئەمجارەیان لە ترسی هێرشی دراوسێکان و ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕێکی نەخوازراو لە ناوچەکەدا. یەکیان گوتی زۆر ئاسانە، دەچین راپۆرتێک پێشکەش بە سەرۆک دەکەین، سەبارەت بە دراوسێکانمان و دڵەڕاوکێ و ئەگەری هێرشیان. هاوڕێیەکی تر وەڵامی دایەوە پێت وایە تا ئیستا ئێمە راپۆرتمان پێ نەداوە؟... حەح! لە راپۆرت کەممان نەهێناوە، بەڵام مەگەر دەیانخوێنێتەوە؟ تازە رەنگە بیانخوێنێتەوە، بەڵام مەگەر لێیان حاڵی دەبێ و تێیان دەگا؟ هاوڕێکان زیاتریان بیرکردەوە. سەرئەنجام یەکیان گوتی چار نیە دەبێ دۆخی سەردەمی شۆڕشی دیسان بۆ زیندوو بکەینەوە، رێک وەک جاران! هەموو بە سەرسوڕمانەوە لێیان رووانی. چۆن؟ چۆن شتی وا دەکرێ؟ زۆر سادە، دەبێ وەک جاران لە سەر سنوور مەقەڕێکی بۆ بکەینەوە، لەگەڵ دەیان چەکدار، دووربینێکیشی دەدەینێ. ئەوسا ئەو تیمانەی جارناجار دەبێ ئاودیوی سنوور بن. هاوڕێیان لە یەکتریان روانی. بەڵام کامە سنوور؟ هەر ئەو هاوڕێیە وەڵامی دایەوە لە دونیادا هەر سنوور زۆرن، پەک ناکەوێ.

لەو رۆژەوە سەرۆک لە سنوورێك بە دووربینێکەوە وەک جاران جێگیربووەتەوە و، بای ئێوارانی کەژەکان لە روخساری دەداتەوەو، خۆشی و چێژی ژیانی دیسان بۆ گەڕاوەتەوە. ئەگەرچی دەستە چەکدارییەکانی سەرۆک لە دۆڵێک ئەولاتر لە جیاتی ئەوەی ئاودیوی سنوور بن، دەگەڕێنەوە و رێک لە پشت مەقەڕە سنوورییەکەی سەرۆک، لە دۆڵێکدا بە چەند هەفتە لێی دەکەون و دەخۆن و دەیگوزەرێنن و، ناوەناوەیش بە بێ تەل راپۆرت لە سەر ناوچە پێشکەش بە سەرۆک دەکەن!

هاوڕێیان کە زۆر لە پلانەکەیان رازین و هێمنی و ئاسایشیان بۆ نیشتمان گێڕاوەتەوە، تەنیا یەک خەمیان هەیە، ئەویش ئەوەیکە سەرۆک ئاگای لە نیشتمان نەماوە و نازانێ چی دەگوزەرێ. بەڵام ئەمەیش زۆر کێشە نیە. هەر ئەو دەستە چەکدارییانە لە راپۆرتەکانیاندا باسی ئەوە بۆ سەرۆکیش دەکەن کە ئیستاکە ئەوانن بە دەسەڵات گەیشتوون و سەرۆک دەبێ وەک هەمیشە رێنوێنیان بداتێ لە سەر شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات و شۆڕش. سەرۆکیش چەند بە حەزەوە و چەند حەکیمانە ئەم کارە دەکات. ئەگەرچی پێی سەیرە کە چلۆن دەکرێ لە دووای سەرکەوتنی شۆڕشی نوێ و، بە دەسەڵات گەیشتنی هاوڕێیان، ئەو هەر دەبێ لە سەر سنوور دابنیشێ و، لەوێوە بە دووربین سەیری نیشتمانێک بکا هاوڕێیان لەمێژە بەڕێوەی دەبەن!

 

 

گەڕان بۆ بابەت