زیاد ڕەشاد قادر
(حاجى قادر) کڵۆ کڵۆ توایەوەلە حەسرەت بێکەسیى کوردانگڕى غوربەت سەر ئەرزى لێ کرد بە زیندانبەڵام وەجاخى هۆنراوەى ڕۆشنتر و دەغڵى بەیتى سەوزتر بوو
ریشى شیعرم سپى دەبێ و بە دەستى بەتاڵ دێمەوە
زیاد ڕەشاد قادر
(مەولەوى) لە داخى کۆست و فیراقى عەنبەر خاتوونێ
بینایى چاوانى داهات
وەلێ هەورى خەیاڵى ئەو ئاودارتر و
چاوى شیعرى بیناتر بوو
***
(نالى)ى مەزن بۆ حەبیبەى زێد و یار و نیشتمانى
دڵى بوو بە دەرد و کەباب
ڕۆحى بوو بە شارى ئەشک و شاراى گریان
لێ خەرمانى چامەى ئیشقى بەفەڕتر و
ئاگرى پەیڤ و هەڵبەستى گەرمتر بوو
***
(حاجى قادر) کڵۆ کڵۆ توایەوە
لە حەسرەت بێکەسیى کوردان
گڕى غوربەت سەر ئەرزى لێ کرد بە زیندان
بەڵام وەجاخى هۆنراوەى ڕۆشنتر و
دەغڵى بەیتى سەوزتر بوو
***
کەچى منى دەستکورتى باخى خەیاڵ و
نەدارى بازاڕى شیعر و
قەلەندەرى وارى وشە
دێوى دوورى دڵۆپ دڵۆپ
لە خوێنى تەمەنم دەخوا
خەزانى خەم گەڵا گەڵا
لە بەهارى عومرم دەبا
ئەوجا بەم زمانە کورت و
زەینە پەرت و بڵاوەوە
بەم ئەندێشە کەم و تەنک و خامە کول و شکاوەوە
نە دەتوانم بە قەد قوڵیى ناڵەى فیراق
هاوارى خۆم بنووسمەوە
نە پێم دەکرێ
ئەم شاخى قورسى دەردانە
بکەم بە قەسیدەى ئیشق و
بە دیارى بۆتان بێنمەوە
بۆیە ئەفسووس ئەم زستانە
ڕیشى شیعرم سپى دەبێ و
بە دەستى بەتاڵ دێمەوە