ما 1555 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

سەباح ڕەنجدەر

ئەدیبەکانیش بەشێکیان سیاسەت دەکەن...، بە تایبەتى ئەدەبی بارگاویکراو بەسیاسەت و هەڵچوونى شۆڕشگێڕانە. بەمنى دەگوت: تۆ نەگەشبینى، نەڕەشبینى. منیش دەمگوت: نەگەشبینم، نەڕەشبینم. شیعرى من لە پەراوێزى هەردووکیاندا بەڕێوەدەچێت.

 

شیعر و دەمانچەى ئاوى

سەباح ڕەنجدەر

دواى وەستانى شەڕى ناوخۆ، کوردستان دابەش بوو بەسەر دوو دەسەڵاتدا. لەهەر بۆنەیەکیاندا ئەدیبەکانیان داوەت دەکرد و دەبوون بە کوڕى نازدار و ڕێزلێگیراوى بۆنەکان. ئەم داوەتکردنە وەک ڕێزگرتنێکى بەخششى ئەدەبى نەبوو، بەڵکو دەسەڵاتەکان وەک مەرامى تایبەتى و خۆدەرخستنێک و جۆرێک تاکتێک ئەو مەرحەبا و خوانەیان بە ئەدیبەکان ڕەوا دەبینى. بۆ ئەدیبەکانیش جۆرێک ڕێکەوتى تاسە شکێن و ناوازە بوو، یەکتریان تێدا دەبینى و ئاگادارى بەرهەمى یەکترى  دەبوون. بەرهەمى تازەى خۆشیان پێشکێش بەیەکترى دەکرد، پەیوەندییەک بەرجەستە دەبوو، پەیوەندى ئەدەبى. ئا ئەوکات، تاڕادەیەکى زۆر شارەکان هاتوچۆکردنیان تێدا قەدەغەبوو.

لە بۆنەى پەنجا ساڵەى دامەزراندنى: (پارتى دیموکراتى کوردستان)دا، کە لە ساڵى 1996 لە مەسیف بەڕێوەچوو، ئەدیبەکانى هەولێر و سلێمانى و کەرکووک و دهۆک، زۆربەیان داوەتى ئەم بۆنەیە کرابوون. ئەوکات هەولێر لەژێر دەسەڵاتى: (یەکێتى نیشتیمانى کوردستان)دا بوو، ئێمە کۆمەڵێک ئەدیب بووین بانگهێشى ئەم بۆنەیە کرابووین. گوتیان دەبێ بچنە دەزگاى ......(ناوەکەیم لەبیر نەماوە)، بەڵام لە شوێنى پارێزگاى کۆنى هەولێر و قایمقامیەتى ئێستا بوو، پسووڵەى ڕێپێدانتان پێ بێت، ئینجا بازگە ڕێگاتان پێ دەدا بچن، یان نا. بەو پێیەى (محەمەد موکرى) هەم هاوڕێمان بوو، هەم ئەدیبێکى سەدا سەد یەکێتى بوو، لەناو حیزبەکەیدا گوێى لێڕادەگیرا. داوامان لێی کرد کارئاسانییەکمان بۆ بکات. ئێمە: (عەبدوڵڵا سەڕاج، کەمال غەمبار، خاڵە حەمرین، بۆتان جەلال، سامان دزەیی، ئەحمەد حەیران و من). وابزانم (جەلیل کاکەوەیس)یشمان لەگەڵدابوو، یەکمان گرت و چووین بۆ ئەو دەزگایەى بۆیان دەستنیشان کردبووین و سڵاوى محەمەد موکریشمان پێبوو، (ئەحمەد حەیران و سامان دزەیی) لە پێش پرسگەى دەزگاکەدا دڵیان خورپەى کرد و بێ ئەوەى قسەیەک لەگەڵ ئێمەدا بکەن، کە پێکەوە هاتووین و چ ئەرکێکمان لەسەر یەکترە، بەخشکە ئێمەیان جێ هێشت و گەڕانەوە، کە ئێمە بە دڵشکاوى و دەموچاوێکى تووڕەوە هاتینە دەرەوە لە نزیک دیواربەندى (گیو موکریانى) چاودێرى ئێمەیان دەکرد، ئەگەر ڕێگامان درا لەگەڵمان بێن، ئەگەر ڕێگاشمان نەدرا ئەو ساغ و سەلامەت. نە ئاو شێلووبووە، نە بەفر شوێن پێیەکى لەسەر جێ ماوە. ئەنجام بەرپرسەکە ڕێگاى پێ نەداین، (کەمال غەمبار) بوێرانە و لۆژیکانە و لەجێى خۆیدا قسەى بۆ بەرپرسکە کرد و ئەم جۆرە کردەوانەى بە داپڵۆسین و دیکتاتۆریەت لە قەڵەم دا، بەرپرسەکە بەشێوەیەکى ناشایستە وەک ئەوەى هەڵسوکەوت لەگەڵ کۆمەڵێک دەستگێڕى ناو بازاڕ بکات، کە سەرپێچییەکیان کردبێت، ئێمەى بەڕێ کرد. ئەنجام ئەوانى تریش گەڕانەوە و پەرتەیان لێ کرد. کەمال غەمبارم وەک پیاوە گەورەکانى ناو مێژوو، لە خاڵى هەڵوێستدا بینى، وەک مەیدانخوازییەک ڕووى تێ کردم و گوتى: سەرکێشى شاعیریەتى لێرەوە دەردەکەوێت، یان سەرکێشى ڕەخنەگرانەم بە تەنیا بکەم. منیش بێ دوو دڵى بڕیام دا بچم و گوتم: چى دەبێت با ببێت، ئەگەر باجى سەریشبێت. لەم ڕووداوەدا لە پاڵ تواناى ئەدەبى، ئەوەم بۆ دەرکەوت، کە کەمال غەمبار پیاوى هەڵوێست و ئەدیبێکى بە جەرگ و چاونەترس و واقیعییە و خاوەن قسەى خۆیەتى. ئیدى لەم چرکەساتە بەدواوە بووە جێگاى هەموو بڕوایەکى من و برا و پشت و پەنام، باشیش لە بیرکردنەوەى خۆمان گەیشتم و دەبێت کەسایەتى ئەدەبیمان بەسەر هەموو ئاستەنگێکدا سەر بخەین و گەشەى پێ بدەین.

چووینە گەراج و قەمەرەیەکى تایبەتمان گرت. لە بازگەى: (هەولێر - مەسیف) ڕێگایان لێگرتین و ئێمەیان گێڕایەوە. برادەرێکى نزیکى خۆمم لە بازگەکەدا بینى، کە زۆر هۆگرى شیعرەکانى من بوو، بەتایبەتى بە دوو شیعرم: (چنگەڕنێى سیپان و هەناسەى شاخ)، کە لە ژمارە (2)ى بڵاوکراوەى (ئاسۆس)، گەلاوێژى 1984دا، بڵاوکراوەتەوە. شیعرى: (دابارین)، لە ژمارە (43)ى گۆڤارى (کاروان)، نیسانى 1986دا، بڵاوکراوەتەوە. لە یادى بۆردومانى دە ساڵەى قەڵادزێدا نووسیومە. ناوى (موحسین) بوو، بەداخەوە لە شەڕى ناوخۆدا و هەر لە هەمان بازگەدا بە تۆپى دوورهاوێژ بووە قوربانى. بەمنى گوت ئەگەر بە تەنیا دەچیت ڕێگات دەدەم. منیش پیاوەتییەکەم ڕەت کردەوە و پێمگوت: (ئێوە لە خەسڵەتى ڕۆشنبیرى داماڵدراون). ئەم وەک بەرپرسەکەى تر هیچ قسەیەکى نابەجێى نەکرد. تەنیا گوتى: لە نیازى خۆتەوە تەماشاى خەڵکى دیکە مەکە، ئەدیبەکانیش بەشێکیان سیاسەت دەکەن. خوێندەوارێکى وردى ئەدەبیات بوو، بە تایبەتى ئەدەبی بارگاویکراو بەسیاسەت و هەڵچوونى شۆڕشگێڕانە. بەمنى دەگوت: تۆ نەگەشبینى، نەڕەشبینى. منیش دەمگوت: نەگەشبینم، نەڕەشبینم. شیعرى من لە پەراوێزى هەردووکیاندا بەڕێوەدەچێت، ئێستاش چەند کتێبێکم، هەردوو بەرگى: (داغستانى من)ى ڕەسووڵ هەمزەتۆڤ. وەرگێڕانى لە ئینگلیزییەوە: (عەزیز گەردى) و دوو ڕۆمانى: (حسام بەرزنجى)، 1-زەلیل. 2-کانگاى بەڵا و ڕۆمانى: (دایک)ى مەکسیم گۆرکى. وەرگێڕانى لە فارسییەوە: (کەریمى حسامى) لە کتێبخانەکەیدا مایەوە. ئەو برادەرەم لە ڕێگاى شاعیرى بەتوانا و وریا: (قادر ئیبراهیم مینە)وە ناسى. بەداخەوە مەکینەى زاڵمى سیاسەت قادرى هاڕى و ئێستا هیچ توانایەکى شیعرى تێدا نەماوە، (بەداخەوە).

ئەوەى وەک بیرەوەرى لام مایەوە هەر لە گەراج پارەى شوفێرەکەمان دا، کە بە مشتومڕى ئێمە و بازگەى زانى، جوامێرانە ئێمەى هەریەک هێنایەوە پێش ماڵى خۆمان و پارەکەشى بۆ گێڕاینەوە.

لەوکاتە کورتەى لەگەڵیدا بووین شریتێکى (حەسەن گەرمیانى) خستبووە سەر تەسجیلەکەى، لەناو دەنگ و ئاواز و ئەدایەکەدا نقووم ببووم، کە هاتمە خوارەوە سوپاسیم کرد. شریتەکەى وەک دیارى پێ بەخشیم، هەوڵم دا لێی وەرنەگرم. گوتى: بازگە دڵى ئێوەى شکاند، تۆش دڵى من مەشکێنە، حەسەن گەرمیانى گۆرانیبێژێکى دەگمەنە، لەخۆوە دروست نەبووە. بێ ئەوەى دەسەڵاتێک، یان تیپێکى مۆسیقى، یان کەسێک بەرزى بکاتەوە، بۆ خۆى دەفڕێت و ئاسمانێکە بۆ ئەوەى خەڵکانى تریشى تێدا بفڕێت. لەم بۆنەیەدا بەشێک لە ئەدیبان گەیشتبوون و گۆڤارى تێڕامانیان بەسەردا دابەش کرابوو، لە دانیشتنى ناوخۆیاندا گفتوگۆیەک لەبارەى شیعرێکى من و شیعرێکى (حەسیب قەرەداخى) لە نێوان (قەرەداخى و حەمە کەریم عارف) دروست دەبێت، کە لە ژمارە (1)ى گۆڤارى (تێڕامان - ڕامان)، تەممووزى 1996دا، بڵاوکراوەنەتەوە. شیعرەکەى ئەو بە ناونیشانى: (فەجرى عەشق) و شیعرەکەى منیش بە ناونیشانى: (دروودى ئاوێنە).

(حەمە کەریم عارف) لە گفتوگۆکەیدا بەراوردێک لە نێوان هەردوو شیعرەکەدا دەکات. قەرەداخیش دەمارى دەگیرێ و بەراوردکردنەکەى پێ قبووڵ ناکرێت. هەڵزەقینەوەى لا دروست دەبێت. وەک: (فەیسەڵ دێهاتى) بۆى گێڕامەوە، قسەیەکى زۆر ناشیرینیش بەمن دەڵێت. لەکاتى گفتوگۆ و هەمان دانیشتندا: (محەمەد عومەر عوسمان) داوا لە (ع. ح. ب) دەکات گفتوگۆیەکى ئەدەبى بۆ گۆڤارى ڕامان، لەگەڵدا ئەنجام بدات. قەرەداخیش بە (ع. ح. ب) دەڵێت: (بە تەمومژ و سەرلێشێوان ئاماژە بە شیعرەکەى سەباح بدە). ئەویش لایەنگرى بۆچوونەکەى دەبێت و داواکەى بەجێ دەهێنێت. چاوپێکەوتنەکە لە ژمارە (3)ى گۆڤارى ڕامان، 5ى ئەیلوولى 1996دا، بڵاوکراوەتەوە و تێیدا دەڵێت: (شیعرێک من تێینەگەم بە شیعرى دانانێم. ئێستە هەر لە ژمارەیەکى ڕاماندا شیعرێکى (سەباح ڕەنجدەر)م بەرچاوکەت. لەوانەیە هەیە بڵێ ئەمە چاکترین شیعرە، بەڵام ئەو تەمومژە من لێی تێناگەم، بە مەرجێ ساڵەهاى ساڵە شیعر دەنووسم و دەخوێنمەوە.) یەک لە ئامادەبووان: (عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجى)، کە ڕەخنەگرێکى خاوەن میتۆدە، بەم هەڵسوکەوتە دڵتوند دەبێت و لە خەسڵەتى ڕۆشنبیرى دایدەماڵێت، پێی ڕاگەیاندم: ع. ح. ب هیچ بەرهەمى تۆى نەخوێندووەتەوە، بگرە هەر ناویشتى بەرچاو نەکەوتووە. ئەم هەڵەپێکردنە قەرەداخى پێی کردووە، وەک هەڵوێستى داکۆکى و هەڵزەقینەوە و کاردانەوە و دژە دیاردەیەک بوو، بەرانبەر بەراوردکردن و گفتوگۆیەکە. بۆچوونى جیاواز و جۆراوجۆر پەیوەندى بە ڕایەڵ و تانوپۆى شیعرەکە، خۆیەوە هەیە. بوار دەڕەخسێنێ بۆ لێکدانەوە و بەراوردى جیا جیا.

ماوەیەکى بەسەرچوو، لە ڕێکەوتى 16/6/1997دا، لە هەولێر لە هۆڵى میدیادا ع. ح. ب مێوانى بۆنەیەکى ئەدەبى بوو، من و بۆتان جەلال و دانا عەلى سەعید خۆمان پێى ناساند و وێنەمان لەگەڵدا گرت. ئێستا وێنەکە لە ئەلبوومى من دایە. وەک مەبەست لەگەڵى وەستام و گفتوگۆیەکى کورتمان لەبارەى ئەدەبدا کرد. بە دیاریکراوى ئەوەم لەگەڵدا باس کرد تەمومژ پێداویستییەکى ئێستێتکییە و هێزێکى خوڵقێنەرە. ئەوەى تۆ مەبەستتە لێڵییە. بابەتى چاوپێکەوتنەکەیم هێنایە پێشەوە و گوتم: مامۆستا لەو چاوپێکەوتنەى لە گۆڤارى ڕاماندا بڵاوکراوەتەوە وەک شاعیرێک ئاماژە بەمن دەدەیت، کەچى من چیرۆک دەنووسم، قەت شیعرم نەنووسیوە. ئەمیش تەزبیحێکى دەنگ گەورەى بەدەستەوە بوو، بەدەم پەنجە جووڵاندنەوە ڕووى لەمن وەرگێڕا و بە قووڵاییەکى زۆرەوە گوتى: (ئەى بۆ وایان گوت).

لە ناوەرۆک و جەوهەرى خۆیدا دانى پێدانا و لە ڕاستییەکە تەواو دڵنیابووم. منیش بۆچوونى خۆمم بە پاکى و ڕاشکاوانە گوت و گوتم: ئەگەر ئەدەبت باش ناسیبێت، چۆن دەتوانیت مەودایەک وەربگرى و بۆچوونێکى جەڵەبى لەم شێوەیە دەرببڕیت. دڵم ئێشاند. (خودایە داواى بووردن لەم دڵئیشانە و هەموو دڵئێشانەکان دەکەم.)

ماوەى چەند ساڵێکى بەسەرداچوو لە هەمان گۆڤاردا: (ئازاد عەبدلواحید) چاوپێکەوتنێکى دیکەى لە ژمارە (33)، 5ى ئازارى 1999 لەگەڵدا ئەنجام داوە، لەوێدا دەڵێت: (لە هەولێر (کەریم دەشتى) دەبینم شتى جوانى هەیە، (سەباح ڕەنجدەر) شتى باش دەنووسێ).

ئەى شیعر: چیایەکى چەند هەستى و چەندیش بەر گوللەى کوێر و دەمانچەى ئاوى دراوى. ڕەنگە ڕەخنەگرێک، یان خوێنەرێک وەک شاعیرێکى بە ئەزموون، کە نیو سەدەیە شیعر دەنووسێت، گوێى لێ بگرێت. ڕەنگیشە لە چاوپێکەوتنى دووەمیشیدا منى نەخوێندبێتەوە و بەرهەمى نەناسیبم. تەنیا بۆ پاساودانەوەى بۆچوونى یەکەمى، بۆچوونى دووەمى دابێت، لەبەر ئەوەى من بە هەڵە بردنەکەیم زانیوە.

نەناسین و بۆچوون لەبارەى یەکترى دان، مەیدانى کوشتنى یەکترییە. لە کاتێکدا ئەم خاڵە لە ژیانى ئەدەبى خۆم دەهێنمەوە یاد و ئەوەش دەزانم. ئەو وردە بیرەوەریانە پەناگەى ڕۆحن و خۆتى تێدا دەبینیت، چۆن ڕۆیشتووى و چۆنیش دانیشتووى. چۆنیش خۆت لە ماوەکاندا دەناسیتەوە. هەقیقەتى ماوەکان چى بوونە بۆ گەشەى ڕۆحیت و خۆلادان لە زمانى دەستەمۆ. بە دیاریکراوى مەبەستمە ئەوە بپرسم: دەبێ هۆى چی بێت کەسێک بچێتە ژێر کاریگەرى بۆچوونى کەسێکى دی و خاوەنى پێوەرى خۆى نەبێت، یان پێوەر ونکردن چ بارودۆخێکى خنکێنەرە بۆ بۆچوون.

کە پێویستى ئەم نووسینە خرۆشاندمى، بۆ باش ناسینى، تەواوى دیوانەکەیم خوێندەوە، کە ساڵى 2013 بەڕێوەبەرێتى چاپ و بڵاوکردنەوەى سلێمانى لە 850 لاپەڕەى قەوارە گەورەدا چاپى کردووە.

شاعیرێکى زۆر ئاساییە، لە ئاستى گۆرانى میللى سادە و ڕەوانە. قووڵایی بیرکردنەوەى کەم تێدایە و تەنکە، ئەگەر لە هەندێک دێڕ و کۆپلەشدا قووڵایی بیرکردنەوەشى تێدابێت، کەم لەناو بیرکردنەوەکەیدا دەمێنێتەوە و نایگەیەنێتە بارى تێڕامان و خۆبینییەکى داهێنەرانە، بەجێی دەهێڵێت.

سەرەتاى شیعرى: (شەو)ى جوان و ئێستێتیکییە، لە ناوەڕاستیدا سیاسەتى دەهێنێتە ناوە و هەستە شیعرییەکەى لەناو دەبات و دەبێتە (مانا و گواستنەوە)، ئەمەش جۆرێکە لە ناشارەزایی ئێستێتیکاى ئەدەبیدا. لە ئەدەبى ئێستێتیکیدا زمان تەنیا مانایە، گواستنەوە نییە.

فریشتەى خەم سەرى سوڕماوە ئەمشەو

ئەوەندەى خەم بەم و بەو داوە ئەمشەو

لەبەر لێشاوى تیپى مەینەتیدا

سوپاسى خۆشى شکستى داوە ئەمشەو

*                      *                      *

من لە ڕێگاى هەست و هەناسەى قووڵى زمانەوە نەکەوتمە ژێر کاریگەرى باوخوازى بەشێک لە شیعرى کوردییەوە، جیاوازم لە: (ئامانج) و (ئێستێتیکا) و (ئاراستە)دا، شیعرى ئاوێتە: جیاوازە لە شیعرى قوڕگ. شیعرى ئاوێتە پەیوەندییەکى داهێنەرانە لە نێوان زەینى (خوێنەر) و زەینى (نووسەر) دروست دەکات. کەواتە: شێواز و بیرکردنەوەم لە نموونە باوخوازەکەى شیعرى کوردییەوە نییە. بۆیە پرسى تێنەگەیشتن و تێگەیشتن. ویست و داوایەکە لە شێوازى باوخوازدا. پەیوەندى بە چێژەوە نییە. چێژ خۆشى لە دۆزینەوەوە وەردەگرێت. ئەوەندەى پەیوەندى بە (پێکهاتەى نوێ) و (بوون) و (چییەتى)یەوەیە، پێکهاتەى نوێ و بوون و چییەتى، خۆیان ناوەند و تەوەرێکن و بەرەو قووڵاییت دەبەن و لە ناخەوە هەوڵ دەدەن دیدى باوخواز و گوێى باوخواز بگۆڕن و ئاگاییەکى ئەندازەییت بدەنێ، کە چۆن مامەڵە لەگەڵ بارودۆخى ئەم پێکهاتە نوێیە و بوون و چیەتییەوە بکەیت، ڕوانینى بابەت و هێزى جیاوازى دەق لە ڕێگاى سۆسەى ڕۆحى زمانەوە ببینیت.

پووشکین فەرموویەتى:

ئەوەى هەیە ڕادەبوورێ

ڕابردووش هەمیشە جوانە

هێزى نزا لەم دوو دێڕە شیعرە وەردەگرم و ئەم داوایە لە هێزى نادیار دەکەم، خودایە ئەوەى وەک دوژمنیش هەڵسوکەوتى لەگەڵدا کردووم من لێی دەبوورم و لەگەڵیدا دەچمە ناو سێبەر و هەتاوى سروشت و بەخششى تۆ. لەگەڵ هێزى ڕووخێنەرى ئەدەبیشدا ناجەنگم، چونکە ئەو بڕوایەم هەیە داهێنەر دەکوژێت، بەڵام ناڕووخێندرێت. جەنگى ئەوی دى سەبارەت بە داهێنەر جەنگ نییە. قەواڵەى بەتاڵە.

هەموومان دەڕۆین، تەنیا ژیان بە زیندوویى دەمێنێتەوە، پاش مردنمان ژیان. بە وردى، زۆر بە وردى دەمانبینێت. سەرەتا ئەم بۆچوونەم لە (ع. ح. ب)دا خوێندەوە، سنوورە فراوانەکانم لا بچووک بوونەوە. هەستم بە غەدرێک کرد، وامزانى دەستم لێ بەرزکراوەتەوە بۆ لێدان، بەڵام ئێستا، بیست ساڵى بەسەردا تێپەڕیوە. نۆزدە ساڵیش بەسەر کۆچى دوایی: (حەسیب قەرەداخى)، شازدە ساڵیش بەسەر کۆچى دوایی: (ع. ح. ب)، تاسەى ئەوە دەکەم، وەک چۆن دەست و دڵت دەکەیت بە چەترێک و بەسەرى دڵشکاوێکدا  هەڵیدەدەیت، هەم خۆت و هەم دڵشاوەکە دەچنە ناو سێبەر و هەتاوى سروشت و بەخششى خودا. هەزار جار لەوە زیاتر، تاسە لە هەموو هەستەکانم پلدەدا، بەم درەنگى شەوە، ساتەوەختى ئەم نووسینە، بچم دەست بەسەر کێڵەکانیان دابهێنم و بە خۆڵى گۆڕەکانیان تەیەموومێک بەجێ بهێنم و شەونوێژێک بکەم. نوێژى شیعر و ئەوپەڕى داهێنان. خودایە بمگەیەنە ئەو بارەى داواى دەکەم.

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت