ئەحمەد رەزا

مردن، ئەو وشە گەورەیەیە، مردن چەندم ئەوروژێنێ گەر بزانی، ڕۆژانە بەرەو خۆیم ڕائەکێشێ، کاتێ بۆم دەرئەکەوێ ئێمە ناژیین، بەڵکو لە چاوەڕوانیی ئەو مردنەداین، کە لێی ئەترسین، بەڵام لە هەمان کاتدا لەناوهێنانیشی ناوەستینەوە.

 

نامە کاریگەرەکەی ئەو کچەی خۆی کوشت

ئەحمەد رەزا

مەیسا شاروف، کچێکی ١٨ ساڵی تونسییە. پێش خۆکوشتنی، نامەیەکی کاریگەری بۆ هاوڕێیەکی جێهێشتووە. زوربەی ماڵپەڕە عەرەبییەکان، بە هۆی گرنگیی نامەکەوە، بایەخێکی زۆریان بەم کەیسە داوە. تەنانەت هەندێكیان وەک ماڵپەڕی "العربي الجدید و العین و لیالینا" ڕەگەزی کچەکەشیان گۆڕیوەو کردوویانە بە ئوردونی. ئەمەش دەقی نامەی مەیسایە، کە ڕۆژی ٢٧ی ٦ بە پەت خۆی خنکاندووە:

(( سەری پەنجەکانم بە ڕوخسارما ئەهێنم، ڕوخساری منت لە بیرە؟ کە بەردەوام پێت ئەوتم جوان و هێمن و پرشنگدارە، وەک ئەستێرەی دووری شەو؟ بەڵام ئێستا ناشرین ئەیبینم، بێ تام ناشرینە!

شوێنەواری پەڵەی شین و ئەرخەوانیی هەندێجار هەموو جەستەم ئەگرێتەوە، دوێنێ براکەم تێروپڕی لێدام، لەبەرئەوەی بۆی دەرکەوت جگەرە ئەکێشم، هەر پەڵەیەک مژی ئەو جگەرە خۆشەی بیر ئەخستمەوە کە خانەکانی مێشکیان پڕ کردوومەتەوە، براکەم لێیدام، کە ڕۆژانە خۆی دوو پاکەت ئەکێشێ.

دەست بە جەستەی شەکەتما ئەگێڕم، گۆشەی هەڵاوساوم ئەکەوێتە بەردەست. ئەزانی؟ ئەم جیهانە کڵۆڵەو ڕۆژانەش ئێمە کۆڵەوار ئەکا. ئەم جیهانە کردەیەکی فێڵبازانەی گەورەیە، خوا کردوویەتی، یان ڕاستییەکەی نازانم کێ کردوویەتی، بۆ ئەوەی وەهمێکمان لا دروست بکا، کە ئێمە زیندوین و ساڵانێکی زۆریش بە پەشۆکاویی بە هەنگاوی وردەوە بەرەو مردن بچین.

مردن، ئەو وشە گەورەیەیە، مردن چەندم ئەوروژێنێ گەر بزانی، ڕۆژانە بەرەو خۆیم ڕائەکێشێ، کاتێ بۆم دەرئەکەوێ ئێمە ناژیین، بەڵکو لە چاوەڕوانیی ئەو مردنەداین، کە لێی ئەترسین، بەڵام لە هەمان کاتدا لەناوهێنانیشی ناوەستینەوە: ئێمە لە هەواڵەکاندا مردن ئەبینین، لە قاوەخانەو بەرنامەی تەلەفزیۆنیی و ئاینیی و کەیف و خۆشییەکاندا باسی ئەکەین. لەجلوبەرگماندایە لەبەری هەڵئەکێشین، لە ثێشوازی جەژندا ئاژەڵێکی بێوەیی سەرئەبڕین، هاوڕێ گیان، تەنانەت لە کاتی خۆشەویستیی شێتانەشدا ئەڵێین "بۆت ئەمرم".

نازانم ئەگەر خوا لەسەر هەق بووبێت کاتێ دروستی کردم، دواتر خستمییە ناو ئەو خەڵکەوە، کاتێ بە شەقامەکاندا ئەڕۆم، هەموویان بە "خراپە/ الشر"م ئەزانن، ئەبم بە سۆزانیی تەنها لەبەرئەوەی نامەوێ وەک ژن/ کۆیلە ڕەفتار بکەم: لە پەیمانگە ئەگەڕێیتەوە بۆ ئەوەی چێشت لیبنێت و جلوبەرگی براو باوکی ڕێکبخات، پاشان دائەنیشێ بۆئەوەی باسی هاوسەرگیریی و گوێڕایەڵیی و شەرەف و هاوسەری ئایندە بکات. ئایا خوا ئاگادارە ئەو شانشینەی لەسەر زەویی دروستی کردووە، ڕۆژانە ئەبێت بە کوشتارگە؟ ئایا بە ئەنقەست ئەو ڕۆژهەڵاتەی، کە هەموو پێغەمبەرەکانی تیابووە، وایلێکردووە ببێت بە گۆڕستانی ژنان؟ بۆچی بەرەو مردنمان ئەبا، ئەو خواوەندەی وروژاندن و زەلیلکردن خوڵقاندنێکی نوێ پێشبڕکێی ئەکا؟

کێ پێی وتووی مردن شتێکی خراپە؟ ئایا ژیان لە بەرامبەریدا، شتێکی باشە؟ دڵتەنگیی خنکێنەری ڕۆژانەو ئەو دەستانەی هەموو ڕۆژێک درێژ ئەبن بۆ ئەوەی پێت ڕابوێرن، ناو ئەنێیت ژیان؟ من بە ڕاستی بۆ حاڵی خۆمان بەداخم، من وەک هەر ژنێکی ڕۆژهەڵات، نازانم بەرگریی لە خۆم بکەم، ڕۆژ بە ڕۆژ گەورە ئەبم و پڕ ئەبم لە قینی ئەو نادادپەروەرییەی لێرە کەڵەکە ئەبێت، پڕ ئەبم لە قینی ئەو "هیچ نەوتن"ەی ڕۆژانە ئێمەی ژن ئازار ئەدا، ئەو زاراوەی "سۆزانیی"ەی لە هەموو گۆشەیەکەوە چاومان تێ ئەبڕێ، بێ ئەوەی لە شتێکا سەرکەوتوو بیت لە ئاستی دەسەڵاتی سەرکوتکەری ئەم کۆمەڵگەیەدا. ئێمە ڕۆژانە چەندینجار ئەمرین، کاتێ هەست بە بێدەسەڵاتیی ئەکەین.

ئیتر من ملکەچی مردن نابم، ئەمەوێ لەدایک بم، خۆم بخوڵقێنمەوە لە ڕاڕەوی تازە/ ترسناکەوە، هاوڕێم ئەم جیهانە جێی منی تیا نابێتەوە، بەهەشتی بەرفراوان و هەورم ئەوێ لە سەروویانەوە خەو ببینم. ئەمەوێ بژێمەوە.

ئەم پەتە دوور دوور ئەمبا، ئەم پەتە نفت و نوێیە بە گوشارێکی زۆر کەمتر لەوەی ڕۆژانە پێی ئەخنکێم، ئەمخنکێنێت.

 

هەرکات پێویستت پێم بوو، لە تەنیشتتەوە ئەمبینیتەوە، خەم نەخۆی هاوڕێ، گەر ویستیشت دوومکەوە.))

بازدید: 799