ما 7804 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

دەقی سەرەتا
فوندامێنتالیستەکان بە ناوبانگن لە گەڕانەوەیان بۆ دەقی سەرەتا، واتە بۆ ئەوەی لە یەکەم سەرچاوەکاندا نووسراون. فۆندامێنتالیستەکان هەر چەشنە خوێندنەوەیەکی تر رەد دەکەنەوە و، تەنیا پێ لەسەر ئەوە دادەگرن وا لە سەرچاوەدا هاتووە.
لە یەکەم نیگادا ئەم روانگەیە ئەو بۆچوونەمان تیا دروست دەکا کە فۆندامێنتالیستەکان لە ناو هەموو روانگەکانی تردا کە لە ناو رێچکەیەکی ئایینی، فەلسەفی، یان سیاسی دا دەست دەکەون، لە حەقیقەت نزیکترێکن و ئەوانن کە نوێنەری راستەقینەن.
بەڵام بە راستی وەهایە؟
وەک لە قسەکانی سەرەوەماندا دەردەکەوێ، فۆندامێنالیستەکان تەنیا یەک جۆر لێکدانەوەن لە دەقەکان لە ناو هەموو لێکدانەوەکانی تردا. بەڵام لێکدانەوەیەک کە پێی وایە لە هەموو ئەوانی تر راستترە، ئەوەندەیش سوورە لە سەر ئەم راست بوونە کە ئامادەیە هەموو هەڵگرانی روانگەکانی تر بە جەستە لەناو ببات. واتە بەرجەستەترین شت کە ئەوان لە روانگەکانی تر جیادەکاتەوە هەمان پێداگری، دەمارگرژی و ئامادەیی و دەستپێشخەرییە بۆ لەناو بردنی جودابیران، ئەگینا ئەوانیش تەنیا یەک جۆر روانگەن و بەس. روانگەیەک کە قورسایی دەخاتە سەر سەرەتا.
بەڵام ئایا ئەمە بەرەو رێژەگەراییمان نابا؟ ئەوەی کە هەموو روانگەکان لە سەر دەقێک دەتوانن بە جۆرێک راست بن؟ ئایا ئەمە نابێتە هۆی ون بوونی حەقیقەت؟ چونکە زۆر کەس دەڵێن حەقیقەت لە زاتی خۆیدا یەکە و ناتوانێ دوو بێت.
ئەمە دەتوانێ رەخنەیەکی بە جێ بێت، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کە لە بواری ئەندێشە مرۆییەکاندا تا ئیستا هەموو مرۆڤەکان نەیانتوانیوە لە سەر یەک لێکدانەوە لە بوارێکی تایبەتدا کۆک بن و هەمیشە لێکدانەوەی جۆربەجۆر هەبووە. هەر ئەمە وامان لێدەکا کە بڵێین گەر حەقیقەتێکی تاقانە و 'واحد' بوونی هەیە، بەڵام هێشتا مرۆڤ نەیتوانیووە بیگاتێ و هەر بەڕێوەیە بۆ ئەوەی سەرئەنجام دەستەبەری بکات. گەیشتن بە حەقیقەتیش شتێک نیە بە زەبر و توند و تیژی بیگەینێ، بەڵکو تەنیا بە گفتوگۆ و بیرکردنەوە و شرۆڤە دەتوانین مسۆگەری بکەین. بۆیە چارمان نیە جگە لەوەی هەمیشە بیروڕا جۆربەجۆرەکان تەحەمول بکەین و رێگایان پێ بدەین و، وەک سەرچاوەیەک بۆ جوڵانی حەقیقەت سەیریان بکەین.
سایتی قەڵەم
 
٩ جولای ٢٠١٦
 

گەڕان بۆ بابەت