ئەحمەد رەزا

عومەر دەغریر، بە هۆی پەیوەندیی بە ئۆپۆزسیۆنی تونسییەوە لە سەردەمی "بورقیبە و بن علي"دا، چەندین جار دوچاری ناڕەحەتیی بووە، وەک لەسەر کار دەرکردن و دوورخستنەوەی بۆ شارە دوورەکانی دوور لە نیشنگەی خۆی.

 

'عومەر دەغریر' شاعیری نوێخوازی تونس

ئەحمەد ڕەزا

 شاعیرو نوسەری نوێخوازو دیاری تونس "عمر حسن سالم" ناسراو بە "عومەر دەغریر"، ساڵی ١٩٥٤ لە شاری 'حمام سوسە'ی سەر کەنارەکانی وڵاتی تونس، لە خێزانێکی هەژار لەدایک بووە، کە بژێویان لەسەر هەندێک بەروبوومی کشتوکاڵیی بووە. خۆی ئەڵێت:

((مناڵی ناوەنجی پێنج خوشک و برا بووم، لە لەوەڕگەکان و لە نێو مەڕوماڵاتدا خوێندنی سەرەتاییم تەواو کرد. ئێمە بەو ژیانە سادەو ساکارەی خۆمان ڕازی بووین و پێی گەورە بووین. هەرچەند لە خوێندندا زۆر سەرکەوتوو نەبووم، بەڵام توانیم لە بەشێکەوە بۆ بەشێکی تر بچم. لەگەڵ خوشک و براکانمدا کتێبەکانمان دەستاودەست ئەکرد، تا ناچار نەبین کتێبی نوێ بکڕین، بەوەش خۆشەویستیم بۆ کتێب لا دروست بوو، هەرچییەکم دەست بکەوتایە ئەمخوێندەوە. ئەوە بووە مایەی ئەوەی دەست بکەم بە نوسین، شیعرم ئەنوسیی و نەمئەهێشت خوشک و براکانم بیخوێننەوە، یەکسەر ئەمدڕاند. شیعرەکانی " الشابي"م زۆر خۆشئەویست و لەبەرم ئەکرد. بە ئێستاشەوە لە یادم ماون.))

عومەر دەغریر، بە هۆی پەیوەندیی بە ئۆپۆزسیۆنی تونسییەوە لە سەردەمی "بورقیبە و بن علي"دا، چەندینجار دووچاری ناڕەحەتیی بووە، وەک لەسەر کار دەرکردن و دوورخستنەوەی بۆ شارە دوورەکانی دوور لە نیشنگەی خۆی.

دەغریر لەگەڵ شیعریشدا ڕەخنەگرێکی نوێخوازەو بابەتەکانی لە ڕۆژنامەو گۆڤارو پێگە ئەلکترۆنییە جیهانییەکان بڵاو ئەکاتەوە. چەند کتێبێکی شیعریی هەیە: ((ابجدیة العشق الممنوع... فنجان شای یعطره صمتي... نساء الحقیبة وما حاورتهن من حور الکلمات.))

سێ دەقی نوێی دەغریر:

دەقی یەکەم:

شەکەتم من... وەک شەمەندەفەرە ڕێگە دوور لەبەرەکان

وێستگە دزەکردووەکانی ناو ژاوەژاو ئەمقۆزنەوە

ڕەنگە وێستگەی داهاتوو بە خۆشییەکی مەحاڵەوە

بمگێڕێتەوە بۆ چنگی با...

ڕەنگە پیتەکان خەندە بگرن پاش پەڵە گریانێک...

لێرەو لەوێ ئەوەستم و جگە لە تاریکیی هیچ نابینم

لە وڵاتەوە پێچرابێ...

مناڵانێک خۆیان ئەدەن بەسەر ڕایەڵەی ئاگردا...

ڕیش وەکو بزمار بە گەردنی خەڵکەوە وەستاوە...

شەقامەکەش لە خاچدراوە چاوەڕوانی ساتی یەکلاکەرەوەیە...

هیچ شتێک نییە ئاماژە بۆ ژیان بکات، جگە لە مردن...

هیچ شتێک شایستەی خۆشیی نییە...

بە تەنها وشەکان لەسەر گۆنام فرمێسکەکانیان وشک ئەکەنەوە

تاوەکو پشوو بدەم.

دەقی دووەم:

زۆر بیرت ئەکەم وامەکە زیاتر چاوەڕوان بم...

لە کتێبی " ئەلف و بێی بێدەنگی لە هاواری وتندا" وە:

چۆن بتوانم

گوزارشت لە بێدەنگییەکی سپیی پڕ وشە بکەم، فرمێسکێک لە چاویا نەبێ؟

ئەترسم بەلای خەونێکدا تێپەڕم، هیچ خۆشیەکی تیا نەژی.

وەک بەردەوام گومڕایانە ئەڕۆم.

نە تیشک و نە هاواری ئازارەکان، هیچیان ڕامناگرن.

خەم بە هەمان شێوە هەڵئەخزێتە سەر کاغەزێکی سپیی تێکەڵ بە مەرەکەبی ساتەکان کە خوێن تیایدا نایبەستێ.

هەموو وشەکان بە ڕووتیی ڕووەو چارەنوسی داکوتراوی خۆیان لەسەر لێوی زەمەن بۆ پێشەوە ئەڕۆن.

دەرگایەک لەسەر ئازار بکەمەوە؟

لەسەر سنگت ناوازەترین شیعر بەئاگا دێت،

لە لەپتا وتن ئەڕوێت و ئەوسا ئەزانم هەروەک مناڵان حونجەی چاوەکانت بکەم.

ئێستا بێدەنگییم بۆ ئەو شوێنەم ئەبا کە وشە تیایدا ئەژی.

دەقی سێیەم:

چۆن بە وشە خەمەکانم وەرگێڕم؟

چۆن برینم تیمارکەم و

فرمێسکم بە وشە بسڕم؟

چۆن بە وشە گیان بەبەر ئەم نیشتیمانەدا بکەمەوە؟

تۆش لە کۆشکە عەرەبییەکەتدا مشتێ بەڵێن ئەگریتە خۆو

بۆ بێگانە لێشاوی وشە ڕائەخەی...

 

 

 

 

 

بازدید: 948