ما 7176 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 

نەژاد عزیز سورمێ

چاوەڕێ بە، پەلەمەکە!
ئەو بێدەنگییەى
وێنەى پەلکەگیا
بە شەقام و شۆستەکانەوە وەربوون
بەرهەمى سنگى قەڵشتووى چیایانە.

 

روومەتى بەفر

نەژاد عزیز سورمێ

 

دەترسم نەگەیتە مەککە،

چونکە ئەو ڕێیەى گرتووتە دەچێتەوە تورکمانستان.

سەعدى شیرازى

 

 

1

خاک لە تەمەندا بۆر دەچێتەوە

کۆڕەوى فرمێسک

دڵى بیابان

تاشەبەرد بەلافاوى ڕۆژگار دەدرەوشێنەوە..

 

چاوەڕێ بە، پەلەمەکە!

ئەو بێدەنگییەى

وێنەى پەلکەگیا

بە شەقام و شۆستەکانەوە وەربوون

بەرهەمى سنگى قەڵشتووى چیایانە.

 

2

کێ لەو غەفڵەتە، خۆشە، شیرینە

مێژوومان بەبیردێنێتەوەو بە بەفرمان دەناسێنێ...؟

وەختى سەعى نەهات

وەختى یارى تەواو نەبوو؟

3

چڕنۆکم لە پۆڵا گیرکردووە

چاوەڕوانم

چاوەڕوانم

چاوەڕوانم

چاوەڕوانى سپێدەیەکەم

بەناوخوێنبەرەکانمان تێپەڕێ

 

خاک لە کارواندا نییە

تا ئەو دەمەى پردیش نەڕووخا بوو

ئاگام لێ بوو،

بەخۆى و سنگى نووساوى بەدوامانەوە بوو

هەستم بە بۆشایى

کەند و دۆڵاندا بڵاودەکەمەوە

وەک ئێش گینگڵ ئەدەم

وەک ئاسوودەییش شەپۆل

لەبیردەکەم

خاکم بەپێنگانى ئاگرێکى کڵپە سەندوودا سپاردووە..

 

خۆڵەمێشى دیوارى (مۆڵ)ەکان

مەرگى ڕەشى پێشان دەدەن

تۆى لەبیرچوونەوەى تیا دەچێنن

کۆمیدیایە ئەم کۆمیدیایە

ڕوناهى لەخۆڵەمێشەوە دێ.

 

4

شار لە دووکەڵى

پاشماوەى چەکە بریقەدارەکاندا نقوم بووە

مرۆڤ لە شووشەى پلاستیکیدا دەتوێنرێنەوە

ئامادەگییەک بۆ بەرگرى و گڕدان نەکراوە

باڵەخانەکان (ئاسۆ)یان شاردۆتەوە

شوێنکات لەداخا

موو موو سمێڵى دەردێنێ.

خەڵکى مەلە لەکێلگەکاندا دەکەن

ڕووبار دەکێڵن.

 

من ڕادەکەم

ڕادەکەم

ڕادەکەم

ڕادەکەم ، هەناسەسوار

خۆم بەسەر خاکدا دەدەمەوە

 

بۆ گوڵ چاوەڕێى بەهاردەکەم

بۆ بەفر چاوەڕێى زستان

بۆ ئەستێرەى زێڕینى گەڵا چاوەڕوانى پایزو

بۆ نان چاوەڕوانى هاوین دەکەم.

 

چاولێک دەنێم

خۆم لەگەڵ خاکدا دەبینمەوە

بەبیرم دێتەوە

لەبیرچوونەوە چییە

بەبیرم دێتەوە

بەبیرهاتنەوە چییە.

5

خۆڵەمێش بۆ تۆیە گوڵەکەم ، گوڵى باخان

خۆڵەمێش بۆ تۆیە

فرمێسکى خەونان

بۆ ئێوەیە خۆڵەمێش

ترپەى دڵە بێنازەکان

 

زۆرى نەماوە (مەرگ)یش قەدەغە بکرێ

ئاى خۆڵەمێشى ڕەش

تراویلکەى ڕێ

مۆتەکەى ڕۆژێکى خەفەکراو

سیمات لەسنوورى بێ سنوورى

خاکم دەچێ

 

ئەمە وێنە نییە دەیکێشم

ئەمە خەونى چۆلەکەى بەرسێبەرى سواندەیە

ببینە چەند ئاسوودە دەخوێنێ

ببینە چەند ئاسوودە دەڕوانێ

چەند ئاسوودە جیقنەى بەردەداتەوەو

لە شەقەى باڵى دەدا.

 

دەزانى فڕینى چۆلەکە

شتێکم بە بیردێنێتەوە

ئێستا نازانم چى پێ دەڵێن

جاران پێیان دەگوت نیشتیمان

بوونەوەرێک بوو

ئەوەندە خۆشەویست بوو

ئەوەندە خۆشەویست بوو

ئەوەندە خۆشەویست

لە دڵ و چاو جێیان بۆ دادەخست

شیریان لە شادەمارەکانەوە دەدایێ

ئێستا نازانم لە کوێیە

دەڵێن بینیویانە

بەرگى خۆى گۆڕیوە

ناوى خۆى گۆڕیوە

(مۆڵ)ێکى بەدواى خۆیەوە خستووە

هاتووچۆى (چین) دەکا.

6

لە نووسینەوەى مێژووى شاردا

هەمیشە گەڕەکەکانى مەرگ لە بیر دەکرێن

هەمیشە کووچەو کۆڵانەکانى مەرگ

نایەنەوە بەرچاو.

 

ئەدى (خۆر)تان چى لێ کرد؟

کە بە ڕووتى

وەک شێتێکى ڕاوەدوونراو

بەناو شاردا ڕادەکا؟

 

ئەى خاک!

ئەى لەمەرگ نزیکتر

ئەى خاک!

ئەى لە مەرگ دوورتر

دەنگمان بردیەوە ناو بێشکە

قسەت نەکرد

جەستەى ماندووتمان

بەخوێن نەخشاند

قسەت نەکرد

 

 

ئەوە چییە

 

بە چ چاو و ڕوویە

سەیرى ئاوێنە دەکەین؟

ئەوە مێژووە

خۆى بەسەر جەستەى ڕووتى تۆدا دەدا ئەى خۆر!

ناهێڵێ عەورەتت دەرکەوێ

 

ئەوە نهێنى سێبەرە،

دەنگى چرا

ڕوناهى با

وشە کپکراوەکانمان دادەپۆشێ.

 

7

لێم نزیک بەرەوە

بەڵام توخوا بە ئەسپایى

ختووکەیەکم بدە، با لەخەو ڕابم

ئەو مۆتەکەیەم لە کۆڵ بێتەوە

کە بە کاغەزى کیسەى بەتاڵى چیمەنتۆوە پێچراوە..

 

هەست دەکەم دەست و قاچم

بە برغو بە جەستەمەوە لکێنراون

 

ئاى ئەى خاک

ئارەقەى نێوچەوانت چ لێ کرد

بۆ کوێت برد؟

کەڵەشێرەکان کەى دەخوێنن

ئەم شەوە کەى دوایى دێ ئەى خاک!

ئەى پاشاى بێتەخت و بێدەنگ و بێڕەنگ؟

 

غوبار لە فرمێسکدا بوو بەقوڕ

ئێمە هەر تێنەگەیشتین

دنیا جیاوازە لەوەى دەیبینین

هەر تێنەگەیشتین

 

شینایى، شینایى زەمانە

لەوەرزى خۆڵەمێشدا

بەهەشت لەچاومان دەخولقێنێ

 

ڕەنگە بشپرسى

تۆ بەدواى ژیاندا هەڵدێى

لەوانەیە سنوورى تراویلکەم

بەزەبرى هێز پێ دیار بکەى

لە کاتێکدا بەخۆت

لەسەر قەنەفەیەکى تووکن پاڵت داوەتەوە

چرووت دەکێشى

 

بۆنى چەند خۆشە ئەو هەرامە چرووتە

لەبۆنى تەم دەچێ.

8

چراکان بەرى لاى ئێمەى ڕەشداگەڕاوە

دەستت بدە دەستم

تا یەکتریمان لێ دیارە دەستت بدە دەستم.

 

                                             

 

 

گەڕان بۆ بابەت