ما 769 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

نەژاد عزیز سورمێ

ئەو ئاپۆرەیە بشکێنە

ئەو تاڵە مووە بپسێنە

من کەى دەتوانم خۆم لەبەر سپێدەکى بارانیى وا شۆخ بگرم؟!

 

ئاودەنگى

 

نەژاد عزیز سورمێ

 

پێش ئەوەى بێى

دنیا چۆڵە

سپێدە غەریب

هەمیشە درەنگ دێ

کە دێی گۆنات پشکۆیێ ئەرخەوانی

بەهارت کردووە بەتۆقەى

تاڤگەى هێمنى پرچت

لە دەرگا دەدەى

لە دڵەکەم دەدەى.

 

( ئاگر ، ئاگر خەفە دەکا

ڕووبار دەریا دەخنکێنێ

تۆیش من)

 

ئەو ئاپۆرەیە بشکێنە

ئەو تاڵە مووە بپسێنە

من کەى دەتوانم خۆم لەبەر سپێدەکى بارانیى وا شۆخ بگرم؟!

 

 

هەمیشە درەنگ دێى

پێش ئەوەى بێى

دنیا چۆڵە

سپێدە غەریب

کە پێ دەنێیە هۆڵەکە

پێ لە دڵى منیش دەنێى

ئاخ... دڵم... ئاخ!

 

 

 

بە خێرایى لەرینەوەى چڵێ نێرگز تێدەپەڕى

شیعر لاڵە

نمەى باران

ڕوونایى چاو

قوڕگى گیراوى سپێدە دەکاتەوە

من دەزانم

بەچاوى تۆ و

تەزووى گەرمى

لەشى خۆمڕا دەزانم

ئەو تاڵە مووەى نێوانمانت

لێ بووە بەکێوێ سەخت

بەغوربەتى هەموو دنیا.

 

تۆ گەردوونێکت لەچاوت هەڵگرتووە

کچى شەفەق!

خوا

نیگاکان

خەوى بەر سێبەرى درەخت

بەغدا

رۆژانى ئومێد و خەم.

 

من ناتوانم ببم بەشتێکى دى.

لەوەتەى هەم

شەو لە ئەسپى سەرکەشى ڕۆژ دەبەستم

چاوم بڕیوەتە ئایندە

من ناتوانم ببم بەشتێکى دى

تۆ دەتوانى

تۆ دەتوانى ببی بە ئاودەنگى ڕێگەم

بەتارمایی و شوێنەوارى

ڕۆژانى عیشق

تۆ

   دەتوانى

            کچى

                  شەفەق!

 

لەگەڵ ئەوەى کە نابێ خۆشم بوێی

خۆشم دەوێى

خۆشم دەوێى،کچى شەفەق!

کارەساتە تاڵە موویەک

بەقەد هەموو غوریەتى دنیا ئەستوور بێ

کارەساتە... کچى شەفەق!

کا

   رە

      ساتە.

 

 

گەڕان بۆ بابەت