ما 6588 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

و: نه ژاد عزیز سورمێ

گوێم لێیە لە دەرگام دەدەن
منیش هاوار دەکەم
لە کاتێکدا گەیشتووەتە ئێسقانم
- چ دەکەم لە بەهەشت؟

 

نیگەرانی، لە بارەی چارەنووسم لە بەهەشتدا

 

فازڵ عەززاوی

و: نه ژاد عزیز سورمێ

 

ئەوەی ئێستا زیاتر نیگەرانم دەکا،

کە ژیانم

بە ڕاکردن

بەدوای وەهمدا لەبێن برد،

سەراب دوای سەراب

تا وەناو ساڵان کەوتم

کە ببیەم،

کەسێ بێ لە دەرگام بدا

تاکو - بێ ویستی خۆم -

لە پاداشتی ڕەفتارباشیم لە دونیادا

لەگەڵ خۆیم بباتە بەهەشت

تا فریشتان

لەبن داران ببینم

بە ڕاست و چەپ ڕیز دەبەستن و

هوتاف بەناوی من لێ دەدەن،

شاباش!

شاباش!

*

سەربڵند،

وەک تاووسی پەڕبڵاو

لەسەرخۆ

بەسەر فەرشی سووردا دەڕۆم

کە بە دوور و درێژی ڕاخستراوە

دەف و تەپڵم بۆ لێدەدرێ

وێنەی ڕاکەرێکی سەرکەوتووی

یارییەکانی ئۆلۆمپیش

دەروێشە پیرۆزەکان،

لەسەر شانیانم دادەنێن

بەرەو دیجلەیەک لە مەی و

فوراتێک لە هەنگوێنی شاخاوی

لەوێ غیلمانان دەبینین

دەفری زێڕین دەهێنن،

تژی میوەی هەمەجوور

کەنیزەو حۆریش

لە فلیمێکی پیرۆزدا

بێ پەردە،

مێینەتیانمان پێشان دەدەن

شاباش!

شاباش!

*

بەڵام من ڕازی نیم

هاوار دەکەم:

ئەمن!

کە ئەوەش دوور و نزیک

لەبارەی منەوە دەیزانن،

وەک هەموو حەکیم و عاقڵان

وێسکی سکۆتلەندیم،

لە مەی پێ خۆشترە

وەک هەمیشەیش،

بەبۆنی هەنگوێنی لینج

گێژ دەبم

لەوەش زیاتر،

من بەڕاستی بێزار دەبم

هەموو کاتم بە سەرخۆشی

لە ئەبەدییەتدا بەسەربەرم و

بەناو بەهەشتێکدا بسووڕێمەوە

تەنانەت ئەگەر دەرگاکانی

لە زێڕو زوبەرجەدیش بێ

یا میوانەکانی

ئەو قەددیسانە بن

کە هەندێ جار

بەسەر ئاودا هاتبن و چووبن و

بەڕیشیان

ڕاوی شەیتانیان کردبێ.

 

لە دوایدا،

گوێم لێیە لە دەرگام دەدەن

منیش هاوار دەکەم

لە کاتێکدا گەیشتووەتە ئێسقانم

- چ دەکەم لە بەهەشت؟

ببمە برادەر!

بمبەرە دۆزەخی گڕدار!

تا لەوێ بە بەختیاری و

بە کەرامەت بژیم

تەنیا لەوێ،

دەتوانم ئەوەی بنووسم

لەو شیعرانەی نەمنووسیون

ناڕازی،

داوای خۆم

دژ بە هەموو

کڵۆڵی و کوێرەوەری جیهان

عەرزی مەلەکووتی هەرە بەرز بکەم

شاباش!

شاباش!

 

 

گەڕان بۆ بابەت