ما 914 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

پێشه‌وا كاكه‌يى

شاعیر وەک ئەویندار و، ئەویندار وەک شاعیر، هەم ستەمکار و هەم ستەمدیدەیە. ئەویندار بۆ هاوئەوینەکەی، لە ڕۆحییەتی گوڵەوە دەست پێ دەکات و دەبێتە جەللاد وەک ڕۆحکێشان. گوڵ دەبێتە شەهیدی چرکەساتی ئەوین. شاعیریش، لە گوڵەوە بەرەو باغ و تەنیا هەوڵی وێرانکردنی شار و خاپوورکردنیشی دەدات.

 

گوڵ، وەک بکوژ و پەژموردەکراوی نێو شیعر

پێشه‌وا كاكه‌يى

گوڵ، ئه‌و چه‌مكه‌ شيعرييه‌يه،‌ كه‌ خۆى دزيوه‌ته‌ نێو شيعره‌وه‌، يان ئه‌وه‌ شاعيره‌ له‌ رِێى شيعره‌وه‌ دەیهەوێت خۆی بخزێنێتە‌‌ نێو گوڵه‌وه‌؟ ئايا ئه‌وه‌ گوڵه‌ له‌ چركه‌ساتى خه‌ياڵدانى مرۆڤدا گه‌وره‌ ده‌بێت، يان ئه‌وه‌ مرۆڤه‌ به‌ خه‌ياڵ گوڵ هێزی گەشەی پێ دەدات و وەک فریادرەسێک ئاوى ده‌دات تا په‌ژموورده‌ نه‌بێت؟ ئايا ئه‌وه ‌گوڵه‌ له‌ ڕێى جوانييه‌كه‌يه‌وه‌ شه‌هيد ده‌بێت، يان ئه‌وه‌ ئێمه‌ين بۆ جوانييه‌كى ديكه‌، گوڵ شه‌هيد ده‌كه‌ين.

لە بونیادتنانی شیعردا، "گوڵ" تەنیا وەک وشە، نەک وەک خودی خۆی، شیعر وەک دێڕ، کۆتایی بە مۆسیقای نێوەوەی دێنێت، یان هەر ئەم وشەیە بە دەر لە مە، مۆسیقای دەرەوەی شیعر بە ئاڕاستەی ڕامانیشدا دەبات.

بە درێژایی مێژوو، گوڵ شەهیدی دەستی جەللادی عاشق وەک بکوژی ڕۆح بۆ کایەیەکی دیکەی ڕۆحە. شاعیر، دەستپێکی هەر شیعرێکی بۆ بە شاعیربوونی، دۆزینەوەی وێنە و لەرینەوەی مۆسیقا و چێژبەخشی ڕۆحە، لەسەر کوشتنی ڕۆحێکی دی، بۆ بە خشین بە ڕۆحێکی دی. کاتێك شاعیر، لەسەر کوشتنی ڕۆحی گوڵ ڕادێت، بۆ بەردەوامی پێدانی شیعرییەتی، دەبێتە جەللادێکی گەورەی ڕۆح وەک جەستە و، لە هەمانکاتیشدا دەبێتە بەخشندە و جوانیبەخشێکی وەها بۆ ئەویندارەکەی، هەر لەسەر خودی هەمان وشە، بەبێ خودی ڕۆح.

ئەم قسەیەی "تریستان تزارا"، کە دەڵێت: "مەرج نییە هەموو شاعیرێک شیعر بنووسێت و، مەرجیش نییە هەموو شیعرنووسێك شاعیر بێت." ئەوەی لێرەدا دەمەوێت لە بارەی ئەم دێڕەوە بدوێم، ئەوەیە کە، خوێندنەوەیەکی ڕاڤەکردنانە بۆ دێڕەکە نییە. بەڵکوو بۆ دەرەوەی ئەم دەلالەتەیە. ئەوەی شاعیرە و شیعر نانووسێت، ئەو دیدە ڕۆحە ئامادەییەیە کە هەمیشە بە دوای خودی ڕۆحدا دەگەڕێت و توانای نووسینەوەی ڕۆحی نییە. ئەوەی شیعرنووسە و شاعیر نییە، بە دەر لە پێوەرەکانی شیعر و شاعیربوون، دیدی ڕۆح و مرۆڤبوونم بە لاوە گرنگترە. هەڵبەت ئەوە دەردەخات کە شیعرنووسەکە، لە پێناوی شیعرەکەدا، ڕۆح دەکاتە مەبەست، وەک کەرەستەی وشە وەگەڕی دەخات و دایدەماڵێ لە ڕۆح. هەرچی شاعیرە شیعرنەنووسەکە، بە دوای دڵۆپێک ئاودا دەگەڕێت بۆ ڕۆحیەتی گول تا لە پەژمووردەیی ڕزگاری بکات.

شاعیر وەک ئەویندار و، ئەویندار وەک شاعیر، هەم ستەمکار و هەم ستەمدیدەیە. ئەویندار بۆ هاوئەوینەکەی، لە ڕۆحییەتی گوڵەوە دەست پێ دەکات و دەبێتە جەللاد وەک ڕۆحکێشان. گوڵ دەبێتە شەهیدی چرکەساتی ئەوین. شاعیریش، لە گوڵەوە بەرەو باغ و تەنیا هەوڵی وێرانکردنی شار و خاپوورکردنیشی دەدات، گەر هاوئەوینەکەی بیهەوێت، لە شار دوور بکەوێتەوە. هەڵبەت ئەمە بە دیدێکی شیعرانە بۆی دەڕازێنێتەوە. هەموو شتێك لە ڕۆحی شاعیردا دەبێتە کوژراو و لەسەر کاغەزیش دیڕێکی جوان و وێنەدار.

بۆیە دەربازبوون، شتێکی مەحاڵە، ڕۆحێك دەبێتە قوربانی بۆ ڕۆحێکی دی و لە ئاکامیشدا، درێژەپێدانی بە دوای خۆیدا دێنێت و زنجیرەی مرۆڤایەتی دەخاتە نێو بازنەی پرسیارەوە. ئەوەی بیهەوێت لە بکوژ و پەژمووردەیی دەربازی ببێت، دەبێت گوڵ وەک ڕۆح و ئەوینیش وەک ڕۆح خوێندنەوەی بۆ بکات. هەردووکیان بخاتە نێو بازنەی ڕۆحەوە، بۆ مانەوەی ڕۆحێكی جوان

 

 Bilderesultat for blomster

گەڕان بۆ بابەت