ما 3128 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

نووسین و وەرگێڕان: محەمەد محەمەدمرادی
لەوەها دۆخێکدا بەریەککەوتنی زمانی کوردی و دەقێکی مەزنی وەک فێنۆمێنۆلۆژیای ڕۆح، بێگومان بەریەککەوتنێکی سەرنجڕاکێش و فێرکارانە، و بەوەدا کە زمانی کوردی لە پڕۆسەی بیکامینگ و کامڵبووندایە، ئەزموونێکی مێژوویی دەبێت. 
دەربارەی وەرگێڕانی کوردیی دیاردەناسیی ڕۆح
(فینۆمینۆلۆجیی هۆش)
نووسین و وەرگێڕان: محەمەد محەمەدمرادی
 
بەدڵنیاییەوە گشتمان ئاگادارین کە زمانی کوردی نەک هەر لە بەشی چەمک و زاراوەسازیی فەلسەفیدا بەڵکوو تەنانەت لە پێچوخەمی ڕستەبەندی و باری جوانیناسانەی دەقیشدا بەرەوڕووی کێشە و کەموکوڕیی جدییە. هۆکارەکەشی ئاشکرا مێژوویی و مەتریالیستییە، کۆمەڵگای ئێمە لە باری مۆدێڕنیزم و مۆدێڕنیزاسیۆنەوە لە دۆخێکی دڵچڕدایە، واتە زۆرێک لە دیاردە و فۆڕمە نوێیەکانی ژیان و بیرکردنەوە لە کۆمەڵگای ئێمەدا بوونی نەبووە و هەر بەوپێیەش تا ئێستە نەهاتوونەتە ناو زمانەکەمانەوە!
 
لەوەها دۆخێکدا بەریەککەوتنی زمانی کوردی و دەقێکی مەزنی وەک فێنۆمێنۆلۆژیای ڕۆح، بێگومان بەریەککەوتنێکی سەرنجڕاکێش و فێرکارانە، و بەوەدا کە زمانی کوردی لە پڕۆسەی بیکامینگ و کامڵبووندایە، ئەزموونێکی مێژوویی دەبێت. 
 
لەم یاداشتەدا بەنیازین وەکوو سەرەتایەک بۆ ئاوڕدانەوە لەم کتێبە مەزنە چەند سەرنجێک لەسەر ناونیشانی کوردیی کتێبەکە بهێنینە ئاراوە. چونکە ناونیشانی ئەم کتێبە لە خۆیدا هەڵگری یەکێک لە گرنگترین و بنەڕەتیترین چەمکەکانە کە لە فەلسەفەی هێگلدا بەردەوام دووپات دەبێتەوە. وشە یان باشتر وایە بڵێین چەمکی Geist  لە فەلسەفەی هێگلدا یەکێکە لە دەروازە گرنگەکانی تێگەیشتن لە دەزگای فەلسەفیی ئەم بیرمەندە. دژوارییەکانی ئەم چەمکە لە ڕاستیدا هەر لە وەرگێڕانی چەمکەکە خۆیەوە دەست پێدەکات، وەرگێڕانی وشەی ئەڵمانیی  Geist لە دنیای ئینگلیزی زمانیشدا مشتومڕێکی زۆری لێ کەوتۆتەوە، بۆ وێنە لە زمانی ئەڵمانیدا بە «نەخۆشیی دەروونی» (mental illness) دەڵێن Geisteskrankheit. بەڵام Geist هەروەها پێدەچێت بە مانای «ڕۆح» (Spirit) بێت، بە هەموو مانا جۆراوجۆرەکانیەوە. بەم شێوە، der Zeitgeist «ڕۆحی زەمانە»یە،  سێهەم ئێلێمێنتی پێکهێنەری سێ‌پیرۆزان لە مەسیحیەتدا، لەدوای «باوک» و «کوڕ»، «Der Heilige Geist»ە واتە «روح‌القدوس». شتێک کە دژواریی کاری وەرگێڕ دوو بەرامبەر دەکات ئەوەیە کە هێگل لە هەندێک شوێندا، بەڕوواڵەت ئەم وشە کەمتازۆر هەر بەو شێوە بەکار دەبات کە ئێمە وشەی «زەین» (mind) بەکار دەبەین، و لە شوێنەکانی تردا بە هەمان شێوە کە وشەی «ڕۆح» (spirit) بەکار دەبەین، و دیسان لە هەندێک کاتدا لە کاربردی ئەودا توخمگەلێک لە هەردوو ماناکە بوونی هەیە. [1] بۆ نموونە لە کاربردگەلێکی تایبەت وەکوو «ڕۆحی زەمانە» و «ڕۆحی تیم «[team spirit]، دیارە مەبەستی هێگل لە وشەی Geist  زەین نییە، بەڵام  لە باقیی حالەتەکاندا  مەبەست  لەم وشە هەمان «زەین»ە. 
 
بۆ نموونە؛ «هێگل دەڵێ [ئەوەی لە مێژوودا ڕوو دەدات، زەروورە [necessarily] ڕوو بدات].  ئەم قسە بە چ مانایەکە؟ و چۆن مومکینە ڕاست بێت؟ هێگل وەڵام دەداتەوە [مێژوو بەم هۆیەوە شتێک نییە جگە لە پێشکەوتن و کامڵبوونی وشیاربوونەوە لە ئازادی کە بەرابەرە لەگەڵ پشکوتنی زەین.] فەرهەنگی ئاکسفۆرد دەڵێ «فێنۆمێنۆلۆژی» بە مانای «زانستی فێنۆمێنەکانە، بە جیاکردنەوەی لە زاستی بوون[being].» ئەم شرۆڤەیە هیچ کێشەیەکی نییە ئەگەر ئێمە لەگەڵ جیاوازی نێوان «فێنۆمێن» و «بوون» ئاشنا بین. بەڵام بۆ کەسانێک کە ئاشنا بەو جیاوازییە نین، هەمان فەرهەنگ لوتفی کردووە و زیادی کردووە: «فێنۆمێن» لە کاربردی فەلسەفیدا واتە «ئەو شتەی هەستەکان یان زەین ڕاسەوخۆ پەیی پێدەبات؛ ئۆبژەی بێواسیتەی تێگەیشتن (بە جیاوازی لە جەوهەر یان شتی لەخۆیدا [thing in itself]).» دەکرێ بە نموونەیەک ئەو جیاوازییەی کە لێرەدا دانراوە ڕوون بکەینەوە. بیر لە جیاوازیی مانگ بکەنەوە ئەو جۆرەی کە دێتە پێش چاوی ئێمە، و ئەو جۆرەی کە بەڕاستی هەیە. مانگ دوێشەو بە چاوی من وەکوو هیلالێکی زێوین دیار کەوت کە لە تۆپی تێنیس گەورەتر نەبوو؛ بەڵام ئەڵبەت لەڕاستیدا گۆیەک بوو لە بەرد و هەڵدێر و شاخ بە ڕووبەری چەندین هەزار کیلۆمەتر. هیلالی زێوین فێنۆمێنە، و فێنۆمێنۆلۆژی، لێکۆڵینەوە لەوەیە کە شتەکان چۆن لای ئێمە دیار دەکەون.
 
کەواتە ئەگەر فێنۆمێنۆلۆژی لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتیی دیارکەوتنی شتەکان لای ئێمەیە، دەتوانین بزانین کە «فێنۆمێنۆلۆژیای زەین» لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی دیارکەوتنی زەینە لای ئێمە. وەها شیمانەبۆچوونێک دروستە، بەڵام دەبێ پێچێکی لە جۆری هێگلیشی پێ زیاد بکرێت. کاتێک لێی دەکۆڵینەوە کە زەین  چۆن لای ئێمە دیار دەکەوێ، لێکۆڵینەوەکەی ئێمە جگە لەوە نییە کە زەینی ئێمە چۆن لای زەینی ئێمە دیار دەکەوێ. کەواتە فێنۆمێنۆلۆژیای زەین بەڕاستی لێکۆڵینەوە لەوەیە کە زەین چۆن لای خۆی دیار دەکەوێ. »[2] 
 
بەڕێز محەمەد کەماڵ لە وەرگێڕانە کوردیەکەدا بەرامبەر بە وشەی Geist وشەی «هۆش»ی بەکار بردووە کە لەوانەیە لای خۆی لۆژیک و ڕوونکردنەوەی هەبێت بۆ ئەم بڕیارە بەڵام ئێمە تا ئێرە بە کورتی بۆمان ڕوون بۆوە کە جیاوازیی مەفهوومی و تێرمینۆلۆژیک لەسەر چەمکی Geist، جیاوازیی بۆچوون و ناکۆکییە لەسەر ئەوەی کە ئایا ئەم وشەیە (Geist) وەربگێڕدرێت بۆ زەین (mind) یاخود ڕۆح (spirit)، کە ئەڵبەت زۆربەی وەرگێڕە ئینگلیزی‌زمانەکان لەم دواییەنەدا ئیتر لەسەر هەمبەری ڕۆح (spirit) ساغ بوونەتەوە و بەکاری دەبەن و لە پانتایی و تەواوەتیی باس و بابەتەکانی تایبەت بە چەمکی Geistدا کەمتر دیومانە کە باس لە هۆش بکرێت! 
 
ژێدەر:
[1] هگل ـ نویسندە: پیتر سینگر؛ ترجمه دکتر عزت اللە فولادوند. 
[٢] هەمان سەرچاوە. 
Image result for hegel kunst

گەڕان بۆ بابەت