ما 7997 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

پاڵتۆکەی تۆ لەوێ لە گالەرییەکە ئەگەرچی کۆنە، بەڵام نافەوتێ. ئەو لەوێ بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە.

 هەموو رۆژێکی وەرزە ساردەکان کاتێک دەگەڕێمەوە ماڵ، پاڵتۆکەم وەک هەمیشە هەڵدەواسم. پاڵتۆیەکی رەشی کۆن کە وەک هەر شتێکی تری دەورووبەری من بۆنی ساڵەکانی گرتووە. ئەمە کارێکی رۆتینی رۆژانەمە. هیچ شتێکی نوێی بۆ من تێدا نیە، هەڵبەت پێویستیش ناکا تێیدا بێت، بەشیکی گرنگی ژیان دووپاتبوونەوەیە. رۆژەکان بەم شێوەیە تێدەپەڕین تا رۆژێک بە رێکەوت (پێم وابێ)، سەردانی هۆڵێکی گالەریم کرد، لەوێ چاوم بە وێنەیەکی هەڵواسراوی وێنەکێشێک کەوت. بە بێ ئەوەی بە خۆم بزانم، کوڕەکەم کە وێنە کێش و هونەرمەندە، پاڵتۆکەی منی کێشابووە و لە دوو توێی تابڵۆیەکی هونەریدا لەوێ بە یەکێک لە دیوارەکاندا لە تەنیشت تابلۆکانی تر هەڵیواسیبوو. منێک کە هەڵواسینی پاڵتۆکەم و شێوازی راوەستانی شەوانەی لە سەر بزماری ناو کۆمۆدەکە قەت سەرنجی رانەکێشابووم، کتوپڕ وەها نوقمی ئەم تابلۆیە بووم کە بۆ خۆیشم لام سەیر بوو. ئارام ئارام لێی نزیک کەوتمەوەو بە وردییەکی زیاتر سەرنجم دا.

بە راستی ئەوە چی بوو کتوپڕ سەرنجی منی سەبارەت بە پاڵتۆکەم گۆڕی؟ ئەوە هەمان پاڵتۆی من بوو، یان شتێکی دیکە بوو وا بە سەر ئەو دیوارە پان و بەرین و سپییەوە هەڵواسرابوو؟

کە دەڕۆمەوە، بە دەم رێگاوەو شەو لە ناو جێگادا بیر لەم پرسیارانەی خۆم دەکەمەوە. دەچم پاڵتۆکەم لە کۆمۆدەکە دەردەهێنم و لێی ورد دەبمەوە. ئەگەرچی نیوە شەوە و بە دەستەوە گرتنی پاڵتۆ جۆرەیەک دەنوێنێ، بەڵام من نوقمی خولیایەکی ترم. پاڵتۆکەم هیچ شتێکی تر جگە لە پاڵتۆبوونەکەی بە من نابەخشێ، بەڵام لەوێ لە گالەرییەکە لە ناو دوو توێی تابڵۆکەدا شتێکی تر بوو، شتێکی غەریب، یەکجار غریب،... لەو غەریبانەی پێیان دەڵێن ئاشنا! ئارام دەیخەمەوە جێی خۆی و دەچمەوە ناو جێگاکەم.

دڵنیام ئەوەی ناو تابڵۆکە هەر هەمان پاڵتۆی منە. ئەوەندە دڵنیا کە تەنانەت رەنگە هەڵبزرکاوەکەی دەوری یەخەیشی دەناسمەوە. کوڕەکەم وادیارە یەکجار سەرنجی من داوە، بە بێ ئەوەی بەخۆم زانیبێ. دەست دەبم و گووشی تەلەفۆنەکە هەڵدەگرم. دەمەوێ تەلەفۆنی بۆ بکەم، لێی بپرسم داخۆ کەی و لە چ حاڵەتێکدا وێنەی پاڵتۆکەی لە زەین و خەیاڵی خۆیدا هەڵگرتووەتەوە، یاخود رەنگە ئەسڵەن بە کامێرا وێنەیشی لێ هەڵگرتبێ و دوواتر لە رووی وێنەکەوە بووە تابلۆکەی کێشاوەتەوە،... بەڵام واز دێنم. شتێک لە دەروونەوە پێم دەڵێ تەلەفۆن کردن و پرسیاری لەم شێوە بێ سوودە و هیچ شتێک نادا بە دەستەوە. تابلۆکە شتێکی تیا بوو کە وێنەی کامێراکان ناتوانن هەڵگری بن.

ـ "ئاە پاڵتۆ قەدیمییەکە!"

لە دەنگدانەوەی ئەم رستەیە لە ناو مێشکم دا رادەچڵەکم. ئا، رەنگە هۆکارەکەی قەدیمی بوونی پاڵتۆکە بێت. رێک وایە، زەمەن. ئەوەی کە ساڵەکانی رابردووی ژیانی من بە جۆرێک لە تان و پۆی دا حەشار دراون. ئەوەی کە گەر کەسێک هەبێت و زمانی تان و پۆ بزانێ، دەتوانێ زۆر بەسەرهات دیسان ببیستێتەوە. لە دۆزینەوەی هۆکار، هەست بە ئاسوودەیی دەکەم. بەتانییەکە تا ژێر ملم رادەکیشم و بە بزەوە چاوەکانم دەقونجێنم. بەڵام نا،... راوەستە! گەر قسە لە سەر زەمەنە، ئەی ئەوە نیە خودی پاڵتۆکە لێرە لە ناو کۆمۆدەکەدا دەتوانێ باشتر لێی بدوێ! مەئیوس چاو هەڵدێنم و قەراخی پەتووەکە شل شل بەر دەدەم.

رەنگە هۆکارەکەی ئەوە بێت کە ئەگەرچی هەر هەمان پاڵتۆکەی منە، بەڵام چیتر من ناتوانم لە بەری بکەمەوە. ئەو لەوێ لە دوو توێی ئەو تابڵۆیەدا شتێکە بۆ خۆی و بەس. شتێک کەس ناتوانێ لە سەرمادا لە بەری بکا و خۆی پێ گەرم بکاتەوە. ئا، رەنگە هۆکارەکەی سەربەخۆبوونەکەی بێت. ئەوەی کە ئیتر کەس ناتوانێ تۆزی ساڵەکان لە تان و پۆکانیدا بچێنێ. ئەم بۆچوونە ئارامم دەکاتەوە، بەڵام ناوێرم وەک جاری پیشوو خۆم بدەمەوە دەستی خۆشییەکانی. شتێک لە دەروونمەوە پێم دەڵێ پەلە نەکەم و زۆر لە خۆ رازی نەبم. کەواتە ئیستا دوو پاڵتۆ لەوەی من دەست دەکەوێ، یەکیان لێرە و لە ژوورەکەی مندا و ئەوی تریان لەوێ لە گالەرییەکە لە هۆڵێکی تاریکی گەورەی سارد و سڕدا. چەند لەو شەوە ساردەی زستاندا بەزەییم بەوەی ئەوێدا دێتەوە. پاڵتۆ نەمرە تەنیاکە!

خەوم لێ دەکەوێت یان نا، نازانم. ئەوەندە دەزانم کابرایەکی تێکسمڕاو بە ریشی درێژ و سپییەوە دەردەکەوێت، رێک لە پشتی کۆمۆدەکەوە. من کە تێێدا ماوم داخۆ بترسم یان نا، زۆر خێرا مەحوی روخساری ئەمین و کەلامی ئارامی دەبم:

ـ "پاڵتۆکەی تۆ لەوێ لە گالەرییەکە ئەگەرچی کۆنە، بەڵام نافەوتێ. ئەو لەوێ بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە."

کەواتە هۆکار مانەوەیە. کوڕەکەم پاڵتۆکەی منی نەمر کردووە. من لە دەروونمەوە هەست بە رقێک سەبارەت بە کوڕەکەم دەکەم، باشە بۆچی لە جیاتی پاڵتۆکە، منی نەمر نەکردووە. روو دەکەمەوە پیاوە بە ساڵاچووەکەو، دەڵێم:

ـ "سوودی چیە جا؟ شتێک ئەبەدی دەکرێ کە ناتوانێ چیدی کەسی تر گەرم بکاتەوە."

ـ "پێویست ناکا شتە ئەبەدییەکان کەسی تر گەرم بکەنەوە. جاری وایە تەنیا ئەوەندە بەسە بزانین کەسانێ هەبوون کە دەیانتوانی گەرم بنەوە. جگە لەوە مەبەست لە هەبوونی پاڵتۆکە لە ناو تابڵۆکەدا ئەوە نیە کە کەسێک گەرم داپۆشێ. ئەرکی ئەو، وەبیرهێنانەوەیە."

من کە بەم گوتەیە بیری چاوە پڕ لە تامەزرۆییەکانی دراوسێکەمان لە کاتی زستاندا دەکەومەوە، بە خۆم دەڵێم کورەکەم چەندە بێروحمە کە لە پیش مندا و لە منەوە زیاتر بیری لە دراوسێکەمان کردووەتەوە.

ـ "کەواتە شتە ئەبەدییەکان زیاتر باسی شتە گچکەکان دەکەن، ئەوانەی وا کەمتر دەبینرێن؟"

بزەیەکی تاڵ لێوە زەردهەڵگەڕاوەکانی دەتەنێ. یەکێک لە دەستەکانی لە جەستە جیا دەکاتەوە و درێژ دریژ ئاماژە بە دەرەوە دەکا:

ـ "رێک وەک باوکەکان بۆ منداڵەکانیان!"

من کە لەم قسەیە ناگەم، دەبینم ئارام ئارام ون دەبێ. تا ماوەیەک تەمێکی سپی لە شوێنەکەیدا لە ناو ژوورەکەدا دەمێنێتەوە.

ئا، نەجوڵان، رەنگە هۆکارەکەی نەجوڵانەوە بێت. پاڵتۆکە لەوێ بۆ هەمیشە ئارامی گرتووە. وەک مرۆڤی ناو قەبر. وەک چۆن قەبر لە کاتی لێڕوانینیدا هەموومان مت دەکا و بە ترس و رێزێکی سەیرەوە لێی دەڕوانین، پاڵتۆکەی منیش لەوێ وای لێهاتووە. تابڵۆکە، بووە بە گۆڕی هەمیشەیی ئەو. پێکەنینم دێ چلۆن شتێک کە هێشتا ماوە، دەکرێ گۆڕێکی ئەبەدی بۆ ساز بکرێ. خەنی لەم بیرەی خۆم هەڵدەستم و دەچمە مەتبەخ بۆ خواردنەوەی ئاو. لێوانە ئاوەکە هەڵدەگرم و لە سەر کورسیی تەنیشت پەنجەرەکە دادەنیشم. لە دەرەوە مانگ لە نێوان شەپۆلی هەورە سپی و رەشەکاندا خەریکی مەلەیە. ون و پەیدا،... پەیدا و ون.

ـ "نا،... راوەستە! رەنگە هۆکار ئەوە بێت رەنگی پاڵتۆکە لەو رەنگەیە ئیستاکە مانگ مەلەی تیا دەکا،... رەنگی رەشی شەو،... چ رێکەوتێک!"

هەڵدەستم و تەوێڵم بە شووشەکەوە دەنێم. فێنکاییەک بە جەستەمدا دادەگەڕێ. بیری ئەو ساتانەی دەکەمەوە کە منیش مانگ بووم. مانگێکی پێست گەشی کەم تەمەن لە ناو خۆڵی گەڕەکدا.

من کە قەت سەرنجی ئەوەم نەداوە کوڕەکەم چلۆن لە دونیا و لە دەورووبەری خۆی دەڕوانێ، هەوڵ دەدەم لەمەبەدووا جوانتر سەرنجی ئاکاری بدەم. لە بیرم دێ بە منداڵی لە چەشنی منداڵەکانی تری هاوتەمەنی خۆی بوو. شتێکی تایبەت لە هەڵس و کەوتی دا نەدەبینرا. تۆزی گەڕەک لە گەڵ ئارەقەی لەشی تێکەڵ دەبوو و ئێوارەیان دەبوو بە پەیکەرێکی خۆڵین. لە دەرس و دەوریشی دا مامناوەندی بوو. نەدەمایەوە، بەڵام نمرەکانیشی زۆر باش نەبوون. ئەسڵەن ئەو لە هەموو شتێک دا حاڵەتی مامناوەندی دەگرت. وەک بڵێی پێش ئەوەی لە دایک بێت، ئەرەستو فێری دەرسی موڕاڵی خۆی کردبێ. کە بە تووش شەڕەوە دەبوو، هەتا سنووری ئەگەری لێدان دەڕۆیشت، بەڵام کەمتر هەڵدەکەوت ببێ بە شەڕە مست و شەڕە شەق. کە عاشقیش دەبوو، تا ئەو پەڕی سنووری خۆش ویستن دەڕۆیشت، بەڵام بە بێ دامەزراندنی پەیوەندییەکی تایبەت. کە شۆڕشیش کرا و خەڵک هاتنە سەر شەقام و تەقە کرا و بە هەزاران تیاچوون، ئەو ئەگەرچی لە خۆپیشاندانەکاندا بەشداری دەکرد، بەڵام قەت تاقە گولەیەکی بەرنەکەوت. ئا، هەمیشە وەها بوو کە لە نێواندا دەڕۆیشت. دەستی تەقدیر بوو یا خوڵق و خوی خۆی یان ئامۆژگارییەکانی ئەرەستو، نازانم. ئەوەندە دەزانم کە دەمزانی سەرئەنجام تەمەنێکی کامڵ تەواو دەکا و دەرفەتی ئەوەی دەبێ زۆر شت لەم ژیانەدا ببینێ و بە ناویاندا تێپەڕێ. بەڵام،... بەڵام نا،... راوەستە! ئیستا دەزانم، هەر ئەم بە نێوان تێپەڕینەدا دەتوانێ گەلێک دەرفەت بڕەخسێنێ. ئیستا دێتەوە یادم. کە دەهاتەوە، هەمیشە نیگاکانی پڕی شت بوون،... پڕی رووداوە نەگوتراوەکان. کە بە سەر پرددا تێپەڕیت و ئەم لاو ئەو لات رووبارێکی خرۆشان بوو، ئەوا دەتوانی هەر دوو لا ببینیت. دەتوانی سەیری ئەو ئاوانەی بکەی کە ئەگەرچی لەیەک دەچن، بەڵام هەر کامەیان تام و رەنگ و بۆنی خۆی هەیە. رەنگە هەر ئەمە بێت رازی حەزی تێڕوانینی مرۆڤ لە ئاو. ئیستا دەزانم، ساڵەکان و رووداوەکان کەڵەکە بوونە بە سەریا.

ـ "پاڵتۆکەی منیش یەکێکە لەوان! باوکێک کە هەموو ئێوارەیەکی زستان بە پاڵتۆیەکەوە لە کۆڵانەوە تێدەپەڕێ، پەیکەرێک کە سەرئەنجام هەر لە ناو ئەو بەرگەدا سەر و ریشی سپی هەڵدەگەڕێ."

پیری. ئیستا دەزانم، تابڵۆکە باس لە پیری دەکا. پیربوونی باوک. ونبوونی منداڵی. دەچم دیسان دەرگای کۆمۆدی جل و بەرگەکان دەکەمەوەو لێی دەڕوانمەوە. لێرە لە ناو کۆمۆدەکە و لە ناو ئەم ماڵەدا زۆر شتی دیکە هەن، بەڵام لەوێ لە ناو دوو توێی تابلۆکەدا تەنیا پاڵتۆکە هەیە و بەس. تەنیا شتی ناو یەک دونیا. بوونەوەرێک کە دەتوانێ لە یەک کاتدا هەم وەک خودا خوڵقێنەر بێت و هەم وەک شتەکانی تر خوڵقێندراو. بوونێک کە خۆی لە خۆیدا تەواو دەبێ، وەک جەغز. چەند هەست بە جیاوازیی نێوان ئەم دوو پاڵتۆیە دەکەم. کتوپڕ پێم وایە کە ئەمەی ناو کۆمۆدەکە چ غەدرێک لە هەبوونی ئەوی تر دەکا. هەست دەکەم ئیتر ئەرک و کاری ئەم تەواو بووە،... لە مێژە تەواو بووە. ئیتر بیانوویەک بۆ ژیان نەماوە. سوپاس بۆ ئەوەی هێشتمەوە تا بوو بەوی تر، هەرچەند ئەم هێشتنەوەیە تەنیا لە رووی عادەتی ژیانەوە بوو و بەس.

ئەگەرچی دەرەوە سەرما و بەستەڵەکە و بەفر هەتا ئەژنۆیەک لە سەر زەوی نیشتووە، بەڵام سبەی زوو لە خەو هەڵدەستم و دەچمە دەرەوە،... بەرەو چۆمی گەورەی قەراخ شار. ئەو چۆمەی کە لە ناوەڕاستیدا نایبەستێ. بەیانییەکی سپی پۆشی تەنیا، بە خەڵکێکی نە زۆر بە دەرەوە. لە سەر ناوەراستی پردەکە رادەوەستم. ئارام پاڵتۆکە دادەکەنم و پاش ماوەیەک راگرتن بە دەستمەوە، بەری دەدەم تا بکەوێتە ناو چۆمەکە.

پاڵتۆکە وەک پەڵەیەکی رەش لەو بەیانییە زووەی یەکێک لە زستانەکانی تەمەنمدا، ئارام ئارام دوور دەکەوێتەوە. من کە تەواوی عومرم نەمتوانیبوو نیگای کوڕەکەم بخوێنمەوە، ئیستا دەبێ رێز دابنێم بۆ ئەو پاڵتۆیەی ئەو دەیبینی نەک بۆ ئەو پاڵتۆیەی ئەوی نەدەبینی. لە کاتێکدا سەرما قرچە قرچی خستووەتە ناو ئێسقانەکانمەوە و هەڵدەلەرزم، کاتێک بە کۆڵانەکەدا تێدەپەڕم و لە ماڵەوە نزیک دەکەومەوە، بە توش منداڵێکەوە دەبم کە بەو سەرمای زستانە بە بێ پاڵتۆ تەنیا بە کڵاوێکی کۆن و ئەو دەستکێشانەوە یاری دەکا لە هەندێ شوێن ریشاڵ ریشاڵ هەڵگەڕاون. ئاە نیگاکان چەند ئاشنان،... ئاە نیگا ئاشنا دوورەدەستەکان!

 

 

گەڕان بۆ بابەت