خۆویستی و ئایین

خۆویستی و ئایین
یەکێک لەو فاکتۆرانەی بە وتەی 'هیوم' فیلسوفی سکۆتلەندی، دەتوانێ کۆمەڵگا بخاتە بەر هەڕەشەوە، 'خۆویستی' یە، واتە  .(egoisme) خۆویستی دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ یان کۆمەڵێک کەس تەنیا خۆیان لافەڕز بێت و هەرچی هەیە تەنیا بە خۆیان رەوا ببینن. لەم تیۆرەدا 'ئەوانی تر' رەچاوناکرێن و گەر هەیشن تەنیا بۆ کەڵک لێوەرگرتنن.
 
دین یاخود ئایین، یەکێک لەو دیاردانەیە هەوڵی داوە لە دژی خۆویستی راوەستێ و جۆرێک لە 'ئەویتر خوازی' یان (altruisme)، بێنێتە ئاراوە. هەرچەند زۆربەی ئایینەکان لە دواپێناسەدا جۆرێک لە خۆخوازیان بە سەردا زاڵە و تەنیا خۆیان پێ راستە، کە ئەم حاڵەتەیش ریشەی لە خۆویستیی فکریی ئەوان دا هەیە.
 
لەو وڵاتانەی دین تێیاندا بەهێزە، هەمیشە دەسەڵاتدارەکان هەوڵیانداوە لە دین وەک ئامرازێک کەڵک وەربگرن بۆ راگرتنی ئارامیی کۆمەڵگا (ئەوەیکە مرۆڤ دەبێ لە خودا یان میتافیزیکدا وەها بتوێتەوە کە تەنیا ئەمە مانا بە ژیانی بدا و بەس)، هەڵبەت هەر بەم کارە رانەوەستاون و بە تایبەت لەو وڵاتانەی دین و دەسەڵات تێکەڵن، هەوڵیانداوە لە رێگای قۆرخ کردنی دەسەڵات و بەکاربردنی زەبروزەنگ، ئارامیی کۆمەڵگا زیاتر دابین بکەن. پارادۆکسەکە رێک لێرەدایە! زیاتر شی بکەینەوە.
 
پرسیار ئەوەیە بۆچی لە کۆمەڵگایەکدا کە بە رواڵەت بە هۆی زاڵبوونی دین، 'ئەویترخوازی' بەهێزە، بەڵام ئارامی دابین ناکرێ و دەسەڵاتداران پەنا بۆ زەبر و زەنگ لە ئاستێکی بەرفراواندا دەبەن!؟ 
 
بۆ وەڵام دەکرێ ئاماژە بە دوو شت بدەین: یەکەم ئەوەی کە هیوم پێی وابوو هەست ناتوانێ ئەوەندە بەهێز بێت مرۆڤ بتوانێ سیستمی پێ دامەزرێنێ و گرنتیی مانەوەیشی بکات. دووهەم ئەوەیکە لە روانگەی 'ئەویترخوازانەی' ئایین دا بە هۆی ونبوونی 'من' یان خۆویستی (هەرچەند 'من' و 'خۆویستی' وەک یەک نین)، جۆرێک لە ناهەماهەنگی لە کەسایەتیی مرۆڤەکاندا دەبینرێ کە 'ئەویترخوازی' بە توش کێشەوە دەکا. بە واتایەکی تر مرۆڤ ناتوانێ تەنیا ئەویترخواز بێت، یان تەنیا خۆخواز بێت، بەڵکو دەبێ جۆرێك لە هاوسەنگی لە نێوان ئەم دووانەدا هەبێ بۆ ئەوەی مرۆڤ لە دۆخێکی سروشتی دا ژیان بەسەر بەرێت. 
کەواتە لەو سیستمانەی دا ئایین و دەسەڵات تێکەڵ دەکرێن، ئەویترخوازیی ئایینی نە تەنیا جێی شیاوی خۆی پەیدا ناکا، بەڵکو زۆربەی کات تەنیا رواڵەتێکی لێ دەمێنێتەوە. تەنانەت بە هۆی زاڵبوونی توندوتیژێی دەسەڵات، ئەم تایبەتمەندییە رۆژ بەرۆژ لاواز و لاوازتر دەبێتەوە. 
 
سایتی قەڵەم
٦ سێپتەمبری ٢٠١٦ 
 
Image result for egoisme kunst