سەباح رەنجدەر

تووڕەیییەکی خوداوەندانە هەمیشە لە ناوچەوانیدا هێمای نائومێدییەکی گەورە بوو، ئەم نائومێدییە هانی دا بە پەلە لە کوردستان ڕابکاتە ئەوروپا، لە ڕێگادا شەوەی بەفر دەستی لێ بوەشێنێت و شەهیدی بکات.

 

نامەی ئەدەبی

سەباح رەنجدەر

1

هەموو درەختێکی بەردار ئەفسانەیەکی هەیە و دەیەوێ مرۆڤ بە ئارامی لەناو ئەفسانەکەیدا بژی. خۆم وەک ئەو خاکەی بۆ باخ خۆش دەکرێ دەبینم: درەختەکانی باخ هەموویان لە خاکێکی دیاریکراودا بە یەکەوە دەژین و بەرهەم پێشکێش دەکەن. بەرهەمەکانیش هەر یەکەی تام و شێوە و قەوارەی تایبەت بە خۆی هەیە، هەر یەکیش کاتی جیا و تایبەتی هەیە لە پێگەیشتن و پێشکێشکردنى بەرهەمەکەی، هەموویان وەک برای دایک و باوکیی بەیەکەوە دەژین و هیچیشیان لە ئیرەیی پێبردنی ئەوی دیدا هەڵنابزڕکێت.

با دێ پێکەوە لە هەموویان دەدا، باران دێ پێکەوە لە هەموویان دەدا، هەتاو دێ پێکەوە لە هەموویان دەدا، ڕووناکی مانگ دێ پێکەوە لە هەموویان دەدا... تاد، منیش داهێنەرم تادواپلەى خۆشەویستى خۆش دەوێ. هەر بابەتێک لە داهێنەرێک بخوێنمەوە، ئەوپەڕى ئاوات و دڵڕوونیمە، لەسەر نانى خوانى هەموو ماڵان ناوى بنووسم، یان لەسەر شانی خۆمی دانێم و بەناو شاردا بیسووڕێنمەوە. وەک هێمایەک پێشانی دەستەبژێرى کۆمەڵگاى کوردى بدەم، بەڵام بە هیچ شێوەیەکیش بە ناداهێنەر و تەمبەڵێکم نەگوتووە، بوونى تایبەتى خۆت هەیە و دەستخۆش. دڵنیام: (نالى و گۆران) بە بەهرە گەورە و تایبەتمەندەکانى دەوروبەرى خۆیان گوتووە: (تۆ کۆششى زاڵ بکە و ببە بە من) و بەناو خوێن و گۆشت و دەمارمدا تێبپەڕە، شیعر پێویستە لە پێناو خۆت و ئێستێتیکاى زماندا بنووسرێت، قسەش پێویستە لە پێناو هەموواندا بکرێت، من شیعرم کردووەتە زمانى هەموو دەربڕینەکان و تەنیا لە شیعریشدا دەگەمە چێژى دەربڕین. چێژى دەربڕین هەورم بۆ دەکاتە بالیف و ئەوەى خەون و خەونمە بە باشى دەیبینم.

خودا ئەو بەندانەی خۆی خۆش دەوێ، هەندێک بیرەوەری و پەیوەندی لێک نزیکی بۆ نزیکتر دەکاتەوە و لە یەک خاڵی خرۆشاندا کۆیان دەکاتەوە، پاشان دەیانخاتە بەر سروەی ئیلهام.

لەناو کتێبخانە بچووکەکەمدا، بە دوای کۆشیعری: (نوختەی نوونەکەی ژیان)ی فەرهاد شاکەلیدا دەگەڕام، پێویستم بوو، بۆ شێوە بەراوردکردنێک لەگەڵ شاعیرێکی هاونەوەی خۆی بۆ جیاوازی و بەکارهێنانی هێڵ و هێماکانی ئەزموونی ئێستایان. بێ ویست و بیرلێکردنەوە کتێبی: (پووشکین: ژیان و بەرهەمی شاکاری)، وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: محەمەدی مەلا کەریم، چاپخانەی (الحوادپ) 1983 بەغدا، کەوتە ناو ڕووناکى چاوم و بە ئاهێکەوە دەستم بۆى برد. سام و مووچڕکی یادێک هەردوو شانى گرتم و لە ناخەوە ڕایوەشاندم و خاوی کردمەوە، وەک ئەوەی کەوتبمە ناو قووڵایی ئاوێکی ساردەوە و مانگ لە ناویدا خنکابێت. لەو چرکە پڕ دەروونڕۆشنییەم دا، داوام لە خودا کرد ڕوو لە جیهانی خامۆشان بکەم. بە توندى خۆرەتاوی ئەو ڕۆژە تێم ئاڵا و دەست و پێی بەستم.

محەمەد خدر مەوولود لە (هۆڵی ڕۆشنبیری جەماوەری هەولێر) لە 23/11/5198، کۆڕێکى لەبارەی کۆشیعرى: (نیگەرانى) نەوزاد ڕەفعەت گێڕا، لەو کۆڕەدا من و (ئیسماعیل تەنیا) بە تەنیشت یەکەوە دانیشتبووین، ناونیشانی کۆڕەکە پێش چەند ڕۆژێک ڕاگەیەندرابوو، کە فڵانە ڕۆژ، کۆڕێک بەو ناونیشانەوە لەبارەی فڵانە بابەت دەگێڕدرێت. منیش کۆشیعرەکەم بەوپەڕی وردەکارییەوە خوێندبووەوە، ئەگەرچی موو بە موو ئاگاداری شیعری نوێی کوردیم و لەناویدا توایمەوە و بێ جیاوازی، هەمووی بە وردى و یەک ئاست و بایەخەوە دەخوێنمەوە. هەستم کرد بەشێکی، کە دەیخوێنمەوە بەر زەین و هەستم کەوتوون. ئەو هەستپێکردنە خستمییە کەڵکەڵە و سەر هێڵی بەدواداگەڕان و زەینم ڕوون بکەمەوە، لە کوێ بەر زەین و هەستم کەوتوون. وەک سەرەقەڵەم دۆزراوەکانم تۆمارکردن. بۆ بەشداری گفتوگۆ لە کۆڕەکەدا ئامادەیییەکم لا دروست بوو، ئەگەرچى بە سروشتى خۆم لە کۆڕ و دانیشتندا حەزم لە گوێگرتن و سەرنجدانە. ئەم بابەتەم لای برادەرانم: (مەولوود ئیبراهیم حەسەن و خالید جووتیار و مەسعوود پەرێشان و فەیسەڵ دێهاتی) باس کرد. ئەو پێشنیارەیان کرد، بۆ ئەوەی بۆچوونەکانم ببێتە بەڵگەدار و جێگای بڕوا، ئەو سەرچاوانە لەگەڵ خۆم بهێنمە کۆڕەکە. وام کرد و هەموو سەرچاوەکانم لەگەڵ خۆمدا بردە بەردەم میکرۆفۆنی سەر مێزەکە، هەرچی دۆزیبوومەوە، کە بە وەرگیراوم دەزانی وەک سەرچاوە، هەم لاپەڕەی شیعرەکە و هەم لاپەڕەی سەرچاوە لێوەرگیراوەکەم پێشانی جەماوەر دا. شاعیریش لە کۆڕەکەدا لە ڕێزی پێشەوە دانیشتبوو، دوای ئەوەی هەستپێکردنەکانی خۆمم پێشکێش کرد، شاعیر هیچ وەڵامێکی نەبوو، بەڵام ڕەنگی بە هەموو ڕەنگەکانی هەیە گۆڕا. سەرەقەڵەمەکان بە هیچ ویست و ئاراستەیەک نەبوو، تەنیا و تەنیا حەز و شەیدایییەکى قووڵى ئەدەبی و جۆشێکى گەرم نەبێت.

لەم چەندان وێنەیەى پێشانى جەماوەرى کۆڕەکەمدا، دوو وێنەم تەواو دێتەوە یاد، کە لە کۆشیعرى: (زریان)ی ئەنوەر قادر محەمەد وەرگیرابوون.

(ترووسکە ترووسکى ئاگرى شوانى شەو بە کێو دامرکا)، نەوزاد

(هێشتبێتم تەزرەى ناوەخت گوڵە حاجیلەت بکوتێت)، نەوزاد

 (تەرزەى ناوەخت، بەسەر سەرما دائەبارێ

تۆ ئاگرى ماڵە کوردێکى کۆچەر بووى)، ئەنوەر

دەبووایە ئەو حەقیقەتە لەبەرچاوی ئەو جەماوەرە زۆر و بێ شومارە ئاشکرا نەکەم. بەوەی نابێت هیچ گیانلەبەرێک بەهۆی منەوە دووچاری ناخ شڵەژان و نیگەرانی ببێت، خودایە: (هەموو دۆست و دوژمنەکانیشم لە کاری باش سەرخەی). داوای بەخشندەییش لە گوتنی ئەو حەقیقەتە دەکەم. واتە: لەخودى حەقیقەتەکە، کە بە گوتنی، مرۆڤێک دووچاری ناخ شڵەژان و نیگەرانی بوو، بێ گومانیشم لە هەستی بێ پەڵەی خۆم. سەرەقەڵەمەکانی من بە ناوی: (شاعیری قۆپیەچی)یەوە بوو، دوای ئەم هەستپێکردنانە لەخۆبوونی و مۆرکى ناسراوى خۆى، بێ ئومێد بووم و لە هێڵى خوێندنەوە و بایەخى مندا کەوتە پەراوێزەوە و بەلاوەم خست، بەوەى زانیم خانەیەکى مردوو لە شیعرى نوێى کوردیدا و بارە بەسەر شیعرەوە.

دیدگا دەگۆڕێت. نموونە: ساڵى 2008 هەرسێ بەرگى کتێبى: مەحرەمى ڕاز: شەرحى غەزەلیاتى حافز - ى (ئەکرەم عەنەبی)م خوێندووەتەوە، چەند شوێنێکم بەلاوە گرینگ و سەرنجڕاکێش بووە، هێڵم بە ژێردا کێشاون. ئێستا، 2016 جارێکى تر دەیخوێنمەوە هێڵ بە ژێر شوێنى ترى دەکێشم و شوێنى تریم بەلاوە گرینگ و سەرنجڕاکێشە. ئەم دۆخگۆڕینە، گۆڕان و خاڵى بینین و دۆزینەوە و بەردەوامبوون و پوختکردنەوەى ژیانە.

دوای 33 ساڵ ئەزموون وام لێ دەکات بڵێم: شێوەی دەربڕینەکەم هێمنیى بیرکردنەوەى کەمێک زیاتر دەویست، یان یاخیبوونێکی کەمێک ڕووشکێنانە و خۆبەشتزان و پڕ بوو لە هەستی گەنجانە، زیاتر لە قەوارەی ڕۆشنبیریی ئەوسام. ئەگەرچی ئەو بەراوردانەی، کە کردبووم. هەموویانم وەک سەرچاوە پیشان دا، دەستەواژەی: (شاعیری قۆپیەچی) بێ هیچ گومان و دڵ لە دڵدانێک دەستەواژە و دەربڕینێکی هەراسانکەر و دڕدۆنگانەیە. (قۆپیەچى) ناوێکى ترە بۆ (دز)، دەکرا ئەو حەقیقەتەی دۆزیبوومەتەوە بە شێوەیەکی نەرم و نیانتر ئاشکرام بکردبووایە. بە تایبەتی، کە بینیم شاعیر سەرنجێکى دوورودرێژى ڕکئامێز و کینە لە دڵى لێدام و ڕەنگی بە هەموو ڕەنگەکانی هەیە گۆڕا. خۆم وەک گەنجێکی ئازاردەر هەست پێکرد، خۆم ئازار دا و سەرقەڵەمەکانی خۆمم هەمووى دڕاند، وەک نووسینێک بۆ بڵاوکردنەوە دامنەڕشتەوە، بۆچوونەکان بوونە جێگای بایەخی زۆرێک لە ئامادەبووان، بەوەى لە کاتى پێشکێش کردنى سەرنجەکانم تەماشاى ئامادەبووانم دەکرد، بینیم هەموو لە هەموو لە بچووکیانەوە تا گەورەیان یەک بە یەک خرۆشابوون. من شڵەژام و حەپەسام، دواى تەواوبوونى کۆڕەکە لە دەرەوەى هۆڵدا زیاتر لە نیو کاتژمێر بەشێکى ئامادەبووان لەگەڵم وەستان و گفتوگۆی سەرنجەکانمیان کرد، یەک لەوانە: (عەبدوڵڵا سەڕاج) بوو، گوتى: لەم ڕووەوە، دەردى گران و بارى گرانى چیرۆکنووسانى کورد لە شانى منە، بەڵام من لە شوێنى ناگونجاو و لەناو جەماوەردا لەڕوویان نادەم و ڕووشکێنیان ناکەم.  

(مەحموود زامدار) بە نەوایەکى پڕهاندانەوە گوتی: (ئەی لە ئومێد ئاشنا وردتر، بینووسەوە و بیهێنە تا لە ڕۆژنامەى هاوکاری، یان گۆڤارى بەیان، کامیانت ویست بڵاوی بکەینەوە)، بە خەندەیەکى گاڵتەئامێز و پڕتەوسەوە دەنگى بەرزکردەوە و دەستى ڕاوەشاند: هاى هاى، چما ئەم شاعیرە ئەوەیە.

ئەم دەروازە و زەمینە خۆشکردنە بۆ سوێی یادێکە: لەناو کتێبخانەکەمدا بووم، هەموو هەستەکانم شۆڕببووەوە ناو ئەزموونى کۆشیعری: (نوختەى نوونەکەى ژیان)، کە لە ئەزموونى هیچ شاعیرێکى هاونەوەى خۆى ناچێت. ژیان لەسادەیى خۆى، لەناو نادیارییەکى خوداییدا ئامادە و مانادارە بە بڕوابوون بە بوونى بەختەوەرییەکى نادیار. ئەم چەمک و تێمایە لەناو شیعرى کلاسیکی کوردیدا ڕەگى لە: (مەلاى جەزیرى و مەحوى و مەولەوى و وەفایی)یەوە دێت و دەگات بەم، ئەمیش بەختەوەرییەکى وێناکراوى تێدا دۆزیوەتەوە و سنوورى فراوانتر کردووە، زمانیشى کارامانە بەکارهێناوە، لەم جۆرە بەکارهێنانەدا جوانیى زمانى کوردیت لا دەردەکەوێت، کە چۆن لەسەر دەستى داهێنەرانى ڕەسەنزادەى خۆى بە پاکى بەرەو پێشەوە دەچێت و پەیوەندیت لەگەڵ زمان دەپچڕێنت، خۆى دەبێتە زمان، هەروەها ئیقاعێکى خاو، بەڵام زۆر سیحراوى بەکاهێناوە.

(یاد)ى کوڕم هاتە لام و گوتی: بابە (ئیسماعیل تەنیا)، نامەیەکی بۆ ئیمێڵەکەت ناردووی، ئەگەر بۆت بێنم لەسەر شاشەی کۆمپیوتەر دەیخوێنیتەوە، نەک دەستوبرد وەڵامێکت لێ داوابکات. لەسەر شاشە چێژ لە خوێندنەوە وەرناگرم و هەم چاویشم یارمەتیم نادات.

دوای ئەوەی لەسەر شانۆکە هاتمە خوارێ و لە شوێنی خۆم دانیشتم. گەنجێکی نزیک لە تەمەنی خۆم، خاوەنی سیمایەکی منداڵانە بوو، لە کورسییەکەی شانی چەپمەوە دانیشتبوو، گوتی: (ڕەخنەیەکى دۆستانە و دەست گرتن بوو، ئەم شاعیرەت لە هەڵە ئاگادار کردەوە، لە قووڵایی چاڵێکى ڕەشدا دەستت گرت بۆ سەرخستنەوە).

مرۆڤێکی داهێنەر و لە ناخەوە دەوڵەمەند بوو. ئەو لە ناخ دەوڵەمەندە: (فوئاد کەریم) بوو، دوای ئەم یەکترناسینەمان بووین بە برادەر و هەستی بێ هوودەی هەمیشە لە خرۆشان دابوو، بە تابلۆی دەگوت: (هاوڕێیە بە وەفاکەم)، لە پێناو هونەری شێوەکاری و ئەدەبدا ژیانی یەکپارچە ببووە یاخیبوون و حەزى لە ژیانێکى پڕ ڕووداو بوو، بەهرەیەکى ڕەسەنى هەبوو، دەیویست لە هونەرى شێوەکاریدا بگاتە ترۆپک.  هەمیشەش لە شێوەکارانى کورد بێ ئومێد بوو، شێوەکارى لەسەر ئاستى جیهان دەویست. هەندێک جار ئومێد و داواى داهێنانى بەرز دەبووەوە و دەگەیشتە پلەى هەڵچوون، دەیگوت: کورد وێنەکێشى هەیە، شێوەکارى نییە، دواى ماوەیەکى کورت هێمن دەبووەوە و دەستێکى بە دەموچاوى دادەهێنا.

پاش ماوەیەک شیعرێکم بە ناونیشانی (موتوربە) لە گۆڤاری نووسەری کورد، ژمارە (4)ی ساڵی 1986 بڵاوکرایەوە، وەک شێوازى نووسین، شێوازى ئاسایییە و جۆرە پەیڕەوێکى شاعیرانى نەوەى پێشە خۆم و باوخوازە، بەڵام لە ناوەوەى شیعرەکەدا جیا دەبمەوە و شێوازى دەنگیم بەکارهێناوە. واتە: دەنگم بەسەر وێنەدا دابەش نەکردووە. بەڵکو بەسەر وشەدا دابەشم کردووە. لە شێوەی بڵاوکردنەوەکەیدا بایەخێکی زۆری پێدرابوو، لە ڕۆژنامەگەری کوردیدا یەکەمجار بوو ئەم شێوە بڵاوکردنەوەیە ڕووبدات، یان لایەنی کەم من بیبینم. ئەو چەند لاپەڕەیەی شیعرەکەی تێدابوو، کرابوو بە ڕەنگێکی جیاواز لە ڕەنگی لاپەڕەکانی تری گۆڤارەکە. فوئاد کەریم شێوەکار بوو، بەڵام ئاگاداری وردی لەبارەی شیعر و هونەری شیعرەوە هەبوو، ئەم کتێبە: (پووشکین: ژیان و بەرهەمی شاکاری) دیاریی ئەم شێوەکارە کۆچکردووەیە، کە هەمیشە سەرخۆش بوو بە هاڕمۆنییەتی ڕەنگ. لە پاداشتی خۆشویستنی شیعری (موتوربە)دا. منیش لە نواندنی ئەم وەفایەیدا، ساڵی 1988، کە ڕۆمانە شیعرى (زێوان)م چاپ کرد، یەکەمین دانەم پێشکێش بەو کرد. شاعیر کاتێک دەنووسێت خەمی خۆی و کاریگەرییەکانی دیکە دەیورووژێنێت. دیاربوو خەمی ئەو لەناو ئەم شیعرەى مندا هەبوو، هەر لە یەکەم یەکترناسینماندا هاوڕێیەتییەک، ئەگەر هەفتەیەک یەکترى نەبینین، بیرى یەکتر بکەین. لە نێوانمان پەیداببوو، خۆشبەختانە ئەویش وەک من خەمى ئەم لاو ئەو لاى نەبوو. واتە: ئایدیۆلۆژیا تێکەڵى دیدگاى هونەرى نەببوو، خەمى من شیعرى بێگەرد و خەمى ئەویش تابلۆى بێگەرد.

لە بنەڕەتدا شیعری (موتوربە)م پێشکێش بە (ڕەفیق سابیر) کردبوو، گۆڤارەکە بێ پرسی من پێشکێشکردنەکەیان لادابوو. لادانەکەش بنیاد و ئەندازەى مانا و تێگەیشتنەکەى تێکدابوو، بە ماوەیەکی کورت دوای بڵاوبوونەوەی شیعرەکە، عەسرانێک لەگەڵ برادەرم: (سەڵاح مەزن) لە قاوەخانەى مەچکۆ دانیشتبووین باسی شیعرەکە و لادانی پێشکێشکردنەکەمان دەکرد. (عەباس عەبدوڵڵا یووسف) هاتە نێوانمان دانیشت، دیاربوو تەنگەتاوببوو بەوەى: دوو لاو بە باشە باسى داهێنانى کوردییان دەکرد، چونکە لە ئەنجامى ئەوەى لە پەراوێزى داهێنەراندا ماوەتەوە. ناتوانێت دان بە داهێنان و دەرکەوتن و ڕوونى و کامڵبوون بنێت، دەرکەوتن و ڕوونى و کامڵبوونى داهێنەران کابووسە بەسەر سینگییەوە. داننان بە داهێنانى ئەوى دى، داهێنان و دەرکەوتن و ڕوون و کامڵبوونە. لە گەرمەی گفتوگۆیەکەماندا بۆچوونی منی داوا کرد لەبارەی خۆی، یان سەڵاح بۆچوونى منى داواکرد لەبارەى ئەو، نازانم. منیش بە ڕاشکاوى بۆچوونى خۆم دەربڕى گوتم: دە شاعیری وەک تۆ لە کۆسەرە بدەیت و بیتراشیت، تا شاعیرێکی لێ پێک بێت شیعرێکی وەک شیعری: (ئەم مرۆڤە)ی ڕەفیق سابیر، کە هەڵوێستە لە پێناو ژیاندا و دەربڕین لە تواناى بەهێزى مرۆڤ دەکات، بنووسێت. بۆچوونەکەم لەناو فۆرمێکى زمانى زبردا خستەڕوو. لەو بارەیەوە پێویستیم بە دڵڕاگرتن و شێوەى دەربڕینى تر هەبوو، ئەگەرچی ئەم شاعیرەی ئەم بۆچوونەم لە بارەیەوە دەربڕی، ئێستا و ئێستاش (لە شیعردا) نەبووە شاعیرێکى چالاک و کاریگەر، خوێنەر دڵی پێی خۆش بێت، هیوایەکى داهێنانى لە زەمینەى شیعردا نەڕواند. هەر وەک پەراوێز و خانەیەکى مردوو لە جەستەى شیعرى کوردى ماوەتەوە و ئەزموونێکى جەڵەبى و مەنگۆلییە، لە بوارى پێکهاتەى میتافۆڕەوەش کڵۆڵ و بێهەستە، لە بنیادیشدا خاووخلچکە و شیعرم تێدا نەدۆزیوەتەوە. واتە: دێڕ و کۆپلەى نیمچە شیعرم تێدا دۆزیوەتەوە، بەڵام شیعرێکى تەواو شیعرم تێدا نەدۆزیوەتەوە. ئەم بۆچوونە حەقیقەتی تێگەیشتن و بیرکردنەوەى منە، ناحەقی تێدا نییە، یان شتێکی لەمە نزیک و لەم بابەتە، ئەوەش دەزانم لەپاڵ ئەو شیعرەى من پەسندى دەکەم. شیعرى دیکەش هەیە و خەڵکانى تر پەسندى دەکەن. لەم شێوە جیاوازەدا دەبێت بیر لە شێوەى داهێنانى جیاوازیش بکەینەوە.

دواى تێپەڕبوونى ڕۆژ و ڕۆژگارێکى زۆر، ئەوجا بۆم دەرکەوت ئەم دوو بۆچوونەم کاریگەریى خراپى لەسەر دەروونى ئەم دوو برادەرە دروست کردووە و شڵەژاندوونى. بەوەى: لە عەنکاوە لە بنکەى ڕۆشنبیرى کلدان،  15/6/2013 لە کۆڕێکى شیعریدا شیعرم خوێندەوە، هەرکە بانگ کرامە سەرشانۆ، ئەم دوو برادەرە: (عەباس عەبدوڵڵا یووسف و نەوزاد ڕەفعەت)، وەک ئەوەى هەواڵى مەترسییەکی لە شێوەى بوومەلەرزەیان پێگەیشتبێت. بەپەلە لە هۆڵەکەدا چوونە دەرەوە و نەیانتوانى گوێم لێبگرن. من نەک شاعیربم. تەنیا مرۆڤبم، مرۆڤێکى خودایی و هەستى. دەبێ دۆخێکى تریان بۆ دروست بکەم و لەم دۆخە دەروونییە ناجێگیر و ناهاوسەنگەی بەرانبەر بە من بۆیان دروست بووە و هەیانە، دەریانبهێنم. داواى بەخشندەیش لە هەستى خۆم دەکەم، کە لە دڵەوە بەدواداچوون بۆ ڕایەڵەکانى شیعر دەکات و ڕێزێکى تایبەتى لێ دەگرێت، ناشزانێت خۆشدووى هیچ کەس و ڕێکخراو و دامەزراوە و دەسەڵاتێک بکات، باشیش لە خورپەى دڵى داهێنان و ناداهێنەریش گەیشتووە، دڵڕوونم بە سروشتێکى ڕاستەقینە، نە بە هەڵنانى ڕووبەڕوو، نە بە ناووناتۆرە و لۆمەى پاشەملە. نە فریو دەخۆم، نە چۆک دادەدەم، نە کەسیش لە ڕێگاى کەس دەناسم. هەوڵ دەدەم تا ئاستى ئەوە بیناسم، تا بۆچوونم لەبارەیەوە پەیدا دەبێت، بزانم کامە کاکڵە و کامە توێکڵ. ئەمەیە: وریایى و وردی و وردەکارى و بیرکردنەوەى نووسین. 

لە هەشتایەکان کۆڕی ئەدەبی زۆر دەگێڕدرا، لە زۆرێک لە کۆڕەکان ئامادە دەبووین. دوای تەواوبوونی کۆڕەکان بە پیاسە و بەدەم گفتوگۆوە، یان بەرەو ماڵ، یان بەرەو بازاڕ دەهاتینەوە. گفتوگۆمان هەمووی لەبارەی جیهانی ڕۆمانسی و ڕۆحانی بوو، کەمتر بە لای شێوەکارییەوە بوو، زۆرتر بە لای شیعرەوە دەڕۆیی و لای نەدەدا، کتێبی: (پووشکین: ژیان و بەرهەمی شاکاری) بە قووڵی چووبووە دڵ و هەستیەوە، دەیگوت: ئەو شیعرانەی (عەبدوڵڵا پەشێو) بە ئارەزووی خۆی بۆ وەرگێڕان هەڵی بژاردوون و لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاوی کردوونەتەوە، شاکار و نایابترن لەم شیعرانەی لەم کتێبەدا لەسەر داوای: (محەمەدی مەلا کەریم) وەری گێڕاون.

تووڕەیییەکی خوداوەندانە هەمیشە لە ناوچەوانیدا هێمای نائومێدییەکی گەورە بوو، ئەم نائومێدییە هانی دا بە پەلە لە کوردستان ڕابکاتە ئەوروپا، لە ڕێگادا شەوەی بەفر دەستی لێ بوەشێنێت و شەهیدی بکات.

جۆرێک ئارەقە لە جەستەی مندا هەیە. نە زێڕ، نە زیو، نە کاتژمێر قبووڵ ناکات. قۆدى جغارەى باوکم و ئەڵقەى هاوسەرگیریم  و ناوکی وشک بووەوەی هەر شەش منداڵەکەم بە بایەخەوە لە شوێنێکی تایبەتدا هەڵگرتووە. ئەم دیارییەی فوئاد کەریمیشم لەناو پەڕۆیەکی کەتان پێچایەوە، لەو شوێنە تایبەتییەم دانا، کە قۆدى جغارە و ئەڵقە و ناوکی وشک بووەوەی هەر شەش منداڵەکەمم تێیدا پاراستووە، هەموو خۆشەویستان وەرنە خەونم، تا بزانین ژیانى ڕاستەقینە لە خەونبینیندایە، خەون پوختەکراوى ژیانە. ژیانیش هەموو ڕەنگێکت ڕووبەڕوو دەکاتەوە، یان هەموو جۆرە خۆشى و ناخۆشییەکى بەدەمەوەیە.        

                                                    ئایارى 2016 هەولێر

 

تێبینى: ئەم نامەیە شەش بەشە، ناوەناوە بەشەکانى تریش بڵاودەکەمەوە.

 

 Bilderesultat for brev kunst

بازدید: 738