رزگار ئەمین نژاد

ئەم رۆمانە لە دوولایەنەوە جێگای سەرنج و تێڕامانە؛ یەکەم بەهۆی رەهەندی رێئالیسمی رەخنەگەرانەی و، دووهەم بە هۆی هونەری نووسەر لە دەربڕینێکی ئۆبژەکتیڤانە دا.

 

وەک سەرەتایەک هەوڵ دەدەم بە پێداچوونەوەیەکی کورت لەسەر هێندێ بنەمای فکریی سەبارەت بە مەکتەبی رێئالیسم و رەنگدانەوەی لە ئەدەبیات و هوونەردا، دەلاقەیەک بەسەر ستروکتوری رۆمانە کلاسیکییەکاندا بکەمەوە و، دواتر لەم گۆشەنیگایەوە خوێندنەوەیەک بۆ رۆمانی “گورستان غریبان” لە نووسینی برایم یونسی بکەم. لە نێو بەرهەمەکانی برایم یونسی دا بە بۆچوونی من رۆمانی “گورستان غریبان” لە دوولایەنەوە جێگای سەرنج و تێڕامانە؛ یەکەم بەهۆی رەهەندی رێئالیسمی رەخنەگەرانەی ئەم رۆمانە و، دووهەم بە هۆی هوونەری نووسەر لە دەربڕینێکی ئۆبژەکتیڤانە دا. ئەم رۆمانە بەرهەمێکی سادە و لەهەمان حاڵدا رێئالیستیانەیە، خاوەن ساختمانێکی داستانیی تۆکمەیە، کەسایەتییەکانی نێو ئەم چیرۆکە نموونەیەکی زیندوون و هەروەها ئەم رۆمانە خاوەن نەسرێکی پاراو و لە هێندێ حاڵەتدا شاعیرانەیە. لەم بەرهەمەدا نووسەر بە پێی دەستمایەی ئەزموونەکانی خۆی و روانینە عەینی و حەقیقییەکانی خۆی، هەوڵیداوە لەرێگای هەڵبژاردنی کەسایەتییەکانی نێو داستانەکەی و هەروەها هەڵبژاردنی ئاقارێکی رێئالی، بەستێنێک بۆ رووبەروو بوونەوەی حەقیقەت و واقعەعیەت لەم رۆمانەدا فەراهەم بکات و، بەم چەشنە رەهەندی واقعنوێنیی داستانەکە بەهێز بکات و ئەم رۆمانە لە فۆرمێکی رووکەشیانە و بەرهەمێکی ژووڕنالی دەربهاوێت و بیکات بە بەرهەمێک کە لەباری داستانییەوە جێگای تێڕامانە. مایە و کەیفیەتی فانتازی وەک زەروورەتێک لەم رۆمانەدا رەنگی داوەتەوە، بەڵام جێگای بە حزووری سەربەخۆی واقع تەنگ نەکردووە و بگرە تواناییەکی بەهێزی بە دەرکی زەمان/ مەکانی رۆمانەکەش بەخشیوە.

دیارە نابێ لەبیری بکەین کە گێڕانەوەی واقع جیاوازی لەگەڵ ساختی رۆماندا هەیە و، نووسەری رۆمان واقعەکان لە قاڵبی ستروکتورێکی جوانیناسیانەدا دەدا بەدەستەوە. ئەگەرچی رۆمانی رێئالیستی زۆرتر سەرنج بە جوزئیاتی ژیانی رۆتینیی دەدات، بەڵام لەهەمان حاڵدا لە تێمی چیرۆکەکەیدا بەگشتی و لە پەیامی سەرەکی رۆمانەکەیدا بەتایبەتیی ئەم جوزئیاتانەش دەخاتە ژێر پرسیارەوە. نووسەری رۆمانی رێئالیستی دەربڕی واقەعیەتێکە کە پێشتر لەرێگای روانینە عەینییەکانیەوە لە زەین و بیرەوەرییەکانی دا تۆمار کراوە و دواتر لە رێگای تەکنیکی زمانی و داهێنانەوە هەوڵدەدات شتێکی جیاواز بۆ ستروکتوری بەرهەمەکەی رەچاو بکات.

مەکتەبی رێئالیزم لەو لایەنەوە گرینگی خۆی وەردەگرێت کە مەکتەبەکانی دوای خۆی نەیانتوانیوە لە قەدر و ئیعتیباری ئەم مەکتەبە کەم بکەنەوە و تەنانەت بینای رۆمانی نوێ و ئەدەبیاتی ئەمرۆی جیهان لەسەر پایەی ئەم مەکتەبە دارژاوە. رێئالیسم لە دەسپێکی دروستبوونیەوە دژکردەوەیەک بوو لە حاست بزووتنەوەی هونەر لە پێناوی هوونەر دا و مێژووی سەرهەڵدانەکەی لە سەدەی نۆزدەهەم و بە گوتەیەک لە فەرانسە دا بووە.  بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٨٣٥ دا رێئالیسم وەک مەکتەبێکی هوونەری بۆ تەوسیفی جوانیناسی و بەرجەسەتە کردنەوەی واقعە ئینسانییەکان لە نەقاشی رامبێراند دا مەترەح دەبێت کە خاڵی بەرامبەری سەبکە زەینیگەراییەکان و روانگەی شێعریی لە نەقاشی نیۆکلاسیک دا بووە (Lukacs, 2001). مەکتەبی رێئالیسم لەم سەردەمەوە بەرەورووی گەلێک رەخنە بۆتەوە، بەڵام بە گشتی رێئالیسم وەک مەکتەبێکی هوونەری و ئەدەبی لە هۆنەری فیگۆراتیڤ و ئەدەبیات لە ئۆروپا و دواتر ئامریکادا رۆژ بە رۆژ پەرەی دەستاند. رێئالیسم لە زۆر حاڵەتدا لەسەر بنەمای هاودژییەکان (تضاد) و تەفسیری جیاوازدا خۆی دەر دەخات. هەربۆیە دیاریکردنی پێناسەیەکی دیاریکراو بۆ ئەم مەکتەبە زەحمەتە و هۆکارەکەش دەگەرێتەوە بۆ چۆنایەتی تێگێشتن لە بنەمای چەمکی واقعیەت. چوونکە واقەعیەت ئەمرێکی نیسبی و بگۆڕە (متغیر) کە لە ژێر کارتێکەری رەوتە هاودژەکاندا بەردەوام لە گۆڕان دایە. ئەم رەوتە هاودژانە لەهەر قۆناغێکی مێژوویدا، چەمکی واقەعیەت لە قاڵب و زەرفیەتێکی دیکە دا پێناسە دەکەنەوە کە خۆی زادەی هۆکارە عیلیەت / مەعلوولیەکانە و، هەروەها کاردانەوەی هاودژە کۆمەڵایەتی و ئەسالەتە فیکرییەکانیشی لەسەر دیارە. کاتێ باس لە واقەعیەت دەکەین یەکەم شتێ کە لە زەینماندا دروست دەبێت فۆرمی واقعیی و موجەرەدی ئەم چەمکەیە، واتە شتێک کە لەبەرداستاندا بێت و بتوانین لەمسی بکەین، نەک شتێک کە تەنیا وەک فەرزێکی بڕاوە (مسلم) رەچاو بکرێت. رەخنەگەرانی ئەم مەکتەبە لەسەر ئەو باوەرەن کە واقعگەرایی چاوپۆشی لە خودی ستروکتوری واقەعیەت کردووە و تەنانەت واقەعیەت وەک دیاردەیەکی عەینی و مسۆگەر فەرز دەکات و، پێی وایە کە دیاردەیەکی حەتمی و “واجب الوجودە” نەک دیاردەیەک کە بەرهەمی هاودژە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکان بێت (هەمان سەرچاوە). هەر بۆیە رەنگە باشترین پێناسەیەک بۆ ئەم رەوتە ئەدەبییە خۆی لەم کانسێپتەدا ببینێتەوە کە؛ رێئالیسم مەیلی ئیرادیی هوونەرە بۆ نزیک بوونەوە لە واقەعیەت.

دیاریکردنی قارەمانی چیرۆک بەلای نووسەری رێئالیستەوە کەسێکی دیاریکراو و نائاسایی و یاخۆ سەیروسەمەرە نییە کە جیاوازییەکی فانتازیکی لەگەڵ کەسانی ئاسایدا هەبێت. ئەو قارەمانەکانی خۆی لە نێوان خەڵک لە هەر فەزایەکدا کە قابلی دەرک بێت هەڵدەبژێرێت و ئەم کەسە لەراستیدا نموونەی گشت هاوچەشنەکانی خۆیەتی و وابەستە بە کۆمەڵگایەکە کە لەودا دەژیت. ئەم کەسە رەنگە نموونەیەکی بەرجەستە و کارامە بێت لە نێو هاوچەشنەکانی خۆیدا، بەڵام کەسێکی دیاریکراو و نائاسایی نییە. چوونکە هۆیەتی فەردی لەم گۆشەنیگایەوە، بریتییە لە هۆیەتی زەمیری خودئاگاهی کە بە پێی زەمان لە وجودی تاکدا نیهادینە دەبێت و شکل دەگرێت. بە واتایەکی دیکە تاک لەرێگای ئەو بیرەوەریانەی کە لە هزر و رەفتارە کۆمەڵایەتییەکانیدا راگی داکوتاوە، پێوەندی لەگەڵ هۆیەتی بەردەوامی (مستمر) خۆیدا دروست دەکات. دەیڤید هیوم فیلسوفی سکاتلاندی ئاخێزگەی هۆیەتی فەردیی تاک لە کۆبەندی بیرەوەرییە فەردییەکانی خۆیدا دەناسێت و دەڵێت: ” ئەگەر بیرەورییەکمان نەبوایە قەت نەماندەتوانی وێنای (تصور) عیلییەت لەلامان دروست ببێت و لە ئەنجامدا قەت نەمان دەتوانی زەنجیرەی عیلەت/ مەعلوولی روداو و شتەکانی دەوروبەری خۆمان دەرک بکەین کە نەفس یاخۆ زاتی بوونی ئێمە پێک دێنن.” (Exphil, 2006). ئەم چەشنە روانگەیە بەشێکە لە تایبەتمەندی رۆمان. بەڵام لەلایەکی دیکەوە کەسایەتی و هویەتی مرۆڤ وابەستە بە عونسریێکی دیکەشە کە ئەویش زەمانە. بۆ نموونە بنەمای فەردییەت بەلای جان لاکەوە بریتییە لە هەبوون لە زەمان و مەکان دا، وەک چۆن گۆڕانی چەمکەکانیش بە پێی زەمان و مەکان عمومیەت پەیدا دەکەن. کەواتە چەمکەکان لە حاڵەتێکدا گشتیی دەبنەوە کە ئەم دوو قاعیدە گشتییە هاوتریب لەئارادا بن و کاردانەوەیان لەسەر یەکتر هەبێت. هەر لەم سۆنگەوەیە کە کەسایەتییەکانی نێو رۆمان دەتوانن فەردیەتی خۆیان بەدەست بێنن کە لە کۆنتێکستێکی زەمان/ مەکانی خاسدا ئامادەبوونیان هەبێت. کۆلێریچ لەسەر گرینگی مەکان لە رۆمان ئا وا باس دەکات: “لەباری سایکۆلۆژییەوە، دەرککردنی زەمان لە رۆمان دا بەپێی مەکان و ئەو شوێنەی کە داستانەکەی تێدا جاری دەبێ دروست دەبێت.” (گلدمن ١٣٧١).  هەر بەم هۆیەیە کە رۆماننووسی رێئالیست، سەرانسەری چیرۆکەکەی بە چەشنێک دادەرێژێ کە ئەم دوو عونسرەی تێدا پارێزاو بێت.

٢

کۆمەڵناسی ئەدەبیات لە ئێستادا یەکێکە لە شێوازە مۆدێڕنەکانی نەقدی ئەدەبی کە لە شرۆڤەکردنی ژانرە ئەدەبییەکان، بەتایبەت رۆمان دا، بەشێوەیەکی بەرچاو دەکار دەکرێت. نەقد و شرۆڤەی رۆمانەکانی هاوچەرخ و لێکۆڵینەوە لەسەر ستروکتوری مێژوویی، سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو کۆمەڵگایانە لە دەیەکانی رابردوودا بە شێوەیەکی رێژەیی لەزیاد بووندا بووە. ئەو کانسێپتە گرینگانەی کە لەرێگای ئەم چەشنە لە رویکەردی نەقدی رۆمانەوە هاتوونەتە ئاراوە، یارمەتییەکی ئەوتۆیان داوە بە دەرکی کۆمەڵناسان سەبارەت بە خوێندنەوەی کۆمەڵگای هاوچەرخ (گلدمن ١٣٧١). کۆمەڵناسی ئەدەبیات لقێکە لە زانستی کۆمەڵایەتی کە زۆر بە تەخیرەوە لە حەوزەی لێکۆڵینەوە کۆمەڵایەتییەکاندا سەری هەڵهێناوە و گەشەی کردووە کە رەنگە هۆکاری ئەم تەخیرە بگەرێتەوە بۆ کەیفیەتی زەمینەکانی ئەم چەشنە لێکۆڵینەوەیە کە بە شێوەیەکی وێڕایی (ضمنی) مەودا لەگەڵ عەینیەت و لایەنی مادیی ئۆبژەکان دەگرن و لە دونیای زێهنیەت و عاملیەتی سایکۆلۆژیکی دیاردە کۆمەڵایەتییەکان نێزیکتر دەبێتەوە. هەر لەم بوارەوە دەتوانین ئاماژە بە کۆمەڵناسانێکی بەرجەستە بکەین کە کاریان لەم پانتایەدا کردووە؛ جۆرج لۆکاچ، لوسین گۆڵدمەن، تێئۆدۆر ئادۆرنۆ، کۆهلێر و باختین بەشیکن لەو نموونانە. بەتایبەت لەم نێوانەدا لۆکاچ یەکێکە لەو کۆمەڵناسانەی کە توانی کۆمەڵناسی ئەدەبیات وەک زانستێکی کاربوردی مەترەح بکات و پێوەندی بداتەوە بە زجوانیناسی کلاسیک و دیالەکتیکی هێگل و مارکسەوە.

لە روانگەی کۆمەڵناسی ئەدەبیاتەوە بەرهەمی هونەری دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە و لەسەر ئەو باوەرەن کە وێکچوونێکی زۆر لە نێوان ستروکتوری بەرهەمە هوونەرییەکان و ستروکتوری زەینیی بەشیک لە گروپە کۆمەڵایەتییەکاندا هەیە – یان لانی کەم پێوەندییەکی دەرکپەزیریان بەیەکەوە هەیە (همان سەرچاوە). بەڵگەی سەرەکی بۆم ئەم روانگەیە پرسی جوانیناسانەی هوونەرە کە لە خۆیدا بەرهەمی جیهانی فانتازیک و کانسێپتە زێهنەییەکانی مرۆڤن و لەهەمان حاڵدا زۆر پڕبایەخ و دەوڵەمەندن. بەم چەشنە ستروکتوری پێکهێنەری بەرهەمێکی هوونەری وەک عونسورێکی گرینگی جوانیناسی دێتە ئەژمار کە لە وشیاری کۆمەڵایەتی ئێمەدا نەهادینە بووە.

لە تەعریفی رۆمان دا ئاماژە بە لایەنی ریوایەتی و داهێنان لە دەقدا دەکرێت کە لەباری ستروکتورییەوە بەسەر دوو بەشدا دابەش دەبێت؛ یەکەمیان درێژایی داستانییە (واتە مەودای نێوان خاڵی دەسپێک و خاڵی کۆتایی چیرۆک) ئەوەی دیکەیان ئیپیزۆدەکانن کە خاوەن پیچیدەگییەکی تایبەتن و پێوەندیان بە ئەزموونەکانی مرۆڤ و ئیستەعدادی فانتازیکی نووسەری چیرۆکەوە هەیە و لەرێگەی کۆمەڵێ رووداوەوە، بە شێوەیەکی کرۆنۆلۆژیک، لە زەمینەی رۆماندا بەیان دەکرێن. ئەم پێناسەیە پێوەندی بە باری ستروکتوری تەکنیکی رۆمانەوە هەیە، بەڵام بەشیکی دیکە لە لێکۆڵەر و مونتەقەدینی ئەدەبیی سەرنج بە نێوەرۆک و مایەی دەروونی رۆمان دەدەن. بۆ نموونە میلان کۆندێرا لە کتێبی هوونەری رۆمان (١٣٦٧)، لە پێناسەکردنی رۆماندا دەڵێت: “رۆمان، ئیعتیرافاتی نووسەر نییە، بەڵکە توێژینەوەی چۆنایەتی ژیانی مرۆڤ لە جیهانێکدایە کە لەداوی کەوتووە.” هەر لەم میانەیەدا جۆرج لۆکاچ (٢٠٠١) پێناسەیەکی دیکە لە رۆمان دەدا بەدەستەوە کە زیاتر سەرنج بە نێوەرۆکی رۆمان دەدات و دەڵێت: “رۆمان، حیماسەی زەمانە، ئەو زەمانەی کە ناتوانین کولیەتی دەروونی ژیان بە تەواوی ببینین، زەمەنێک کە هەست دەکەین بەقاو مانەوەی مەعنا لەگەڵ ژیاندا ناتەبایە.” ئەم دێڕانەی لۆکاچ رەنگە مێتافۆرێک بێت بۆ ئەو دۆخەی کە من لەم بابەتەدا ناوی دەنێم “عومقێکی سادە”. قوڵایی سادەی زەمەنە تیژتێپەڕەکانی ژیان کە لەچەند چرکەدا مەعنا پەیدا دەکەن و بە خێراییش لەبیر دەچنەوە. وەک گشت ئەو وێنانەی کە بە چاوخشاندنێک بە پەنایاندا تێپەڕدەبین و هەستێکی کاتی لەلامان چێدەکەن. ئەو زەمەنانەی کە روانینە عەینییەکانی ئێمە تەنیا کۆپییەکی کەمرەنگیان لێهەڵدەگرنەوە و زۆرجار بەبێ ئەوەی هەستێکمان تێدا چێبکەن، بەپەنایاندا تێدەپەڕین.

گرینگی بەرهەمی ئەدەبی و هوونەری لێرەدا بەرجەستە دەبێتەوە کە مانا بەم قووڵاییە سادەیە دەبەخشێت. ئەم ساتە تیژتێپەر و لە هەمان حاڵدا پڕ لە مانایانە، بە پێی زەمەن لە نیهادی ناوشیاری (ضمیر ناخوداگاه) هوونەرمەند و نووسەردا دەبن بە زەمینەسازکەری بەرهەمێکی هوونەری و، لەوەها دۆخێکدایە کە خوێنەر پێوەندیان لەگەڵدا دروستدەکات و بە سووڕمانەوە لەم ساتە تیژ تێپەڕیوانە رادەمێنێت کە رەنگە بە دەیانجار بە پەنایاندا تێپەڕ بووبێت، بەڵام دەرکی پێنەکردبێت. کاتێ “سلێمان ئاغا” لە رۆمانی “گۆڕستانی غەریبان” دا باس لە “عالیە” دەکات کە لەگۆشەیەک ئەژنۆی خەم لە باوەش دەگرێت و بەچەندین سەعات لە بۆشاییەکانی زەمان رادەمێنێ، رەنگە نموونەیەکی باش بێت بۆ مانا بەخشین بە قووڵاییەکی سادە. ساتە دڵتەنگییەکانی “عالیە” کە خاڵی وەرچەرخانی (نقطە عطف) دراماتیکی ئەم رۆمانەیە، ئەو کۆپییە کەمرەنگەی زەمانە کە مرۆڤەکان زۆر بە ئاسایی بە پەنایدا تێدەپەڕن. گرینگی نەقدێکی کۆمەڵناسیانە لێرەدا بەرجەستە دەبێتەوە کە قووڵایی سادەی ساتە تیژتیپەرەکانی ژیان لە کۆنتێکستێکی میکانیکییەوە شرۆڤە بکات و پێناسەیەکی عەینی لە تەعاموولی نێوان ئەکتەری (کنشگر) کۆمەڵایەتی و ستروکتوری کۆمەڵگا بدابەدەستەوە. ئەگەرچی رۆمان بەچەشنێک گێڕانەوەی واقع، ژیان و نەریتەکانی مرۆڤە و بە شێوەیەکی تایبەت دادەرێژرێت، بەڵام بەگشتی رانگدانەوەی ستروکتوری کۆمەڵگاشە و ئەم رەهەندەی رۆمانە کە زۆر جێگای سەرنجی کۆمەڵناسیی ئەدەبیاتە.

لە هەڵبژاردنی رۆمانی “گورستان غریبان” دا من هەوڵمداوە سەرنج بە سەبک و شێوازی نووسەر بۆدەربڕینی ئازارێکی مێژووی بدەم کە لەم بەرهەمەدا دەکاری هێناوە، نەک بەتەنیا گێڕانەوەی رۆمانەکە. چوونکە ناوەرۆکی هەر رۆمانێک پێوەندی بە لایەنەکانی ژیانی ئەوکەسانەوە هەیە کە تەواویەتی ئەم رۆمانەیان پێکهێناوە. پێکهاتەی رۆمان لە خۆیدا پێرەوی لە سێ شیواز یاخۆ سێ ستروکتوری گشتی دەکات کە بریتین لە:

١/ ساختی داستانی

٢/ ساختی مێژوویی/سیاسی

٣/ ساختی کولتوری/ کۆمەڵایەتی

بێگوومان لە چۆنیەتی دارشتنی هەر رۆمانێکدا – بە پێی راوانگەی نووسەر و شێوەی سەرنجی نووسەر لەسەر روداوەکانی ژیان – یەکێک لەم پێکهاتانە لە بەرهەمەکانیدا بەرجەستە دەبێتەوە. بۆ نموونە رەنگە بەرهەمێک لایەنی کولتوریی رۆمانەکەی بەرجەستەتر بکاتەوە و بەرهەمێکی دیکە لایەنەکانی مێژوویی/سیاسی رۆمانەکەی تێدا زەقتر بێت و نووسەرێکی دیکە سەرنجێکی زیاتر بە ستروکتوری کۆمەڵایەتی لە رۆمانەکەیدا بدات.

٣

گۆرستانی غەریبان یەکێکە لە رۆمانەکانی نووسەر و وەرگێڕی بەتوانا برایم یونسی. ئەم رۆمانە لە ریزی رۆمانە کلاسیکەکانی ئێران دێتە ئەژمار و خاوەن سەبکێکی رێئالیستییە کە بەشێوەیەکی بەرچاو پشت بە کۆمەڵێ ئەزموون و بیرەوەرییەکانی نووسەر دەبەستێت. نووسەر هەوڵیداوە کەسایەتی مرۆڤەکانی نێو رۆمانەکەی لە بەستێنی رووداو و لە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیاندا پیشان بدات و، بە پێچەوانەی رۆمانی نوێ، کەمتر خۆی بە رۆئیەتی دەروونی یاخۆ شووناسی دەروونی و رەمزاوی قارەمانەکانی نێو داستانەکەی خەریک کردووە. بێگوومان یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی رۆمانی رێئالیستی رەهەند یاخۆ بوعدی رێئالیستیانە و کۆمەڵناسیانەی رۆمانە، کە باس لە دیالێکتیکی پیچیدەی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤ دەکات. زەمینەی رووداوەکانی ئەم رۆمانە کوردستانی ئێرانە و زوومی سەرەکی داستانەکەش لەسەر شاری “بانە”یە. کوردستانی ئێران لەم سەردەمەدا لەباری دۆخی کۆمەڵایەتییەوە خاوەن سیستەمێکی شوانکارەیە (pastoral) و کەسانی نێو ئەم رۆمانە لەم زەمینە کۆمەڵایەتییەدا پێدەگەن و رۆڵی خۆیان دەبین کە لە زۆر حاڵەتدا دەتوانین نموونەکانی نێو ئەم داستانە وەک شاهیدانێکی دیاریکراو و زیندوو رەچاو بکەین. یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی ئەم رۆمانە دەگەرێتەوە بۆ رەچاوکردنی سەبکی واقعگەرایی کە بە مەبەستی تەوسیفی قوڵایی ژیانی خەڵک، توانیویەتی سورەت و قاڵبێکی گونجاو بۆ پیشاندانی دۆخی ژیانی پڕ لە ئازار و چەوساندنەوەی سیستەماتیکی قارەمانەکانی نێو ئەم چیرۆکە فەراهەم بکات.

گێڕانەوەی چیرۆکی رۆامانەکە لەباری تەکنیکی رۆمانییەوە لە نێوان کەسی یەکەم و کەسی دووهەم دا دەست پێدەکات و کەسی سێهەم حزوورێکی عەینی لەم رۆمانە دا نییەوە. رووداوەکانی ئەم داستانە لە رێگەی گێڕانەوەی بیرەوەرییەکانی “حسێن” و “برایم” دەست پێدەکات کە خاوەنی چەندین ئیپیزۆد (بابەتە لاوەکییەکان) و هێڵێکی درێژە. ئەم دوو کەسە رووداوەکان بیری یەکتر دەهێننەوە، بەڵام نەک وەک کاردانەوەیەکی سۆزاوی یاخۆ مۆنۆلۆگ، بەڵکە لە زەمینەیەکی دیالۆگیدا باس لە رەنج و ئازارەکانی جیهانێکی حەقیقی دەکەن کە لە چوارچیوەیەکی جوغرافی دیاریکراودا ئاوێتەی ژیانی ئەم خەڵکە چەوساوەیە بۆەتەوە و، بۆخۆشیان بەشێکن لە قوربانیانی ئەم رووداوانە.

رووداوەکە بەم چەشنە دەست پێدەکات: ئەمیرلەشکەری (یەکێک لە پلە بەرزەکانی عەسکەری لە ئێرانی ئەو سەردەمەدا) رۆژئاوای ئێران، کە کۆنترۆڵ و ئیدارەکردنی ئەم ناوچەیەی لە دەستدایە، تەماح لە کوڕە گەورەی بنەماڵەی رەزایی دەکات. بنەماڵەی “رەزایی” تازە هاتوونەتە شاری بانە و باوکیان پینەچییە. ئەم کوڕە، لاوێکی زۆر جوان و لەبەردڵان بووە بەڵام ملکەچی نەزەری ناحەزی ئەمیر لەشکەر نابێت و لەئەنجامدا بە دەسکیسی ئەمیر لەشکەر لە زیندان دەکەوێت. “سمایل” خان یەکێک لە دەرەبەگەکانی ناوچە، کە دەڵاڵی ئەمیر لەشکەر بووە، خوشکی ئەم کوڕە جوانە دەنە دەدات کە لە فریای براکەی بکەوێت و خۆی دەماڵی ئەمیر لەشکەر بهاوێت. “عالیە” بۆ رزگارکردنی براکەی پەنا بۆ ئەمیر لەشکەر دەبات و لە ئەنجامدا لەخشتەی دەبەن و بەبێ ئەوەی کە بتوانێ کارێک بۆ براکەی بکات بۆخۆشی لە باری شەخسیەتییەوە تێدادەچێت و داوێنی پێ پیسدەکەن. براکەی لە زیندان هەڵدێت و خوشکەکەی خۆی دەبینێتەوە و دەکوژێت. ئەوجار داو بۆ ئەمیرلەشکەر دەنێتەوە، بەڵام لەکاتی تەقەکردندا ئەمیر لەشکەر بەرناکەوێت و سەرەنجام برای “عالیە” دەگرن و پاش ماوەیەک ئیعدامی دەکەن. “حسێن”  منداڵێکی دیکەی ئەم بنەماڵەیەیە کە لە دۆخێکی پڕ لە ترس و ماتەمباریدا گەورە دەبێت. “حسێن” لە رێگای “برایم”ەوە، کوڕی “سڵێمان” ئاغا، دەچێتە نێو ریزی خەباتی سیاسی و لە حیزبێکی سیاسیدا دەبێت بە ئەندام و لەئەنجامدا هەردووکیان رێگایان لە زیندان دەکەوێ و، هەر لەم زیندانەدایە کە ئەم سەربردە تاڵە هێندێجار لە زمانی حسێنەوە و هێندێجار لە زمانی برایمەوە باس دەکرێت. برایم لەباری بۆچوونەوە دەگەڵ بابیدا کە یەکێک لە ئاغاکانی ناوچەی بانە بووە و لە حکوومەتیشدا دەستی دەرۆشت، ناتەبایی هەیە و ئەم ناتەباییە زۆر جار دەبێ بە هەوێنی دەمەقاڵە و تەنانەت دڵ لێک ئێشان. “برایم” لەگەڵ کچێکی غەوارەدا زەماوەند دەکات کە لەباری چینایەتییەوە جیاوازیان هیە و بەم چەشنە “برایم” بۆ ماوەیەکی زۆر لە بنەماڵەی بابی دوور دەکەوێتەوە، بەڵام پاش چەند ساڵان بابی برایم نەخۆش دەکەوێت و بۆ عیلاج وەرگرتن دەچێ بۆ تاران و لەوێ لەگەڵ کوڕەکەی ئاشت دەبێتەوە.

ئەمە هێڵی درێژایی داستانەکە بوو کە بەشێوەیەکی زۆر کورتکراوە ئاماژەم پێکرد. هەڵبەت بۆ دەرک کردنی وێنە و دۆخی پڕ لە کارەساتی ئەم داستانە، نووسەر هەوڵیداوە لە هێندێ حاڵەتدا بەشێوەیەکی کۆمیکیش رووداوەکان پیشان بدات. لەم داستانەدا توانای نەسری نووسەر بەشێوەیەکی زۆر جوان توانیویەتی وێنەی کەسانی نێو چیرۆکەکەی راڤە بکات و جوانی سروشتی کوردستان پیشانبدات.

ئیپیزۆدەکانی ئەم رۆمانە لە چەند قۆناغدا دەێنە بەرباس کە بریتین لە رووداوە تراژیکەکانی بنەماڵەی “رەزایی” لەسەردەمی دەسەڵاتی رەزاشاوە تا سەردەمێکی کورت بەدوای کودیتای ٢٨ گەلاوێژ (مرداد) ١٣٣٢. نووسەر وێنەیەکی زیندوو لە سەردەمی رەزا شا، رووداوەکانی ٣٠ی خەزەڵوەری (شهریور) ساڵی١٣٢٠ هەتاوی، رووداوەکانی ئازەربایجان و کۆماری کوردستان، هاتنەوەی هێزە نیزامییەکانی شا بۆ ئەم ناوچانە، گەورەبوونی منداڵان لە دۆخی ئاڵۆز و نائارامی ئەم دەڤەرە و دوخی خەڵکی کوردستان و پێوەندییە ئیداری و عەشیرەییەکانی ئەم دەڤەرە دەدا بەدەستەوە. نێوەرۆکی پڕ لەئەزموونی داستانەکە زۆر دەوڵەمەندە و زمانی نووسەر لە هێندێ حاڵەتدا تەنزاوی و لە هێندێ حالەتدا تەنانەت شاعیرانەیە، وەسفی سروشتی کوردستان، بیرەوەرییەکانی  زیندان، ئەزموونە کۆمەڵایەتییەکان و لایەنە جیاوازەکانی ژیانی خەڵکی ئەم دەڤەرە لە سەردەمی رەزاشادا و دوای ئەویش تەمسیلی داستانی گۆرستانی غەریبان – کە یەکێکە لە گۆرستانەکانی شاری بانە – زۆر بە جوانی لەم رۆمانەدا رەنگی داوەتەوە. گۆرستانێکی کپ و بێدەنگ و ترسناک کە لە ماڵەکانی شار زۆر دوور نییە و تەمسیلێکی گونجاوە بۆ گەیاندنی وێنەی سێبەری مەرگ بەسەر ئەم شارەدا. هێمایەک بۆ مەودای کورتی ژیان و مەرگ، وەک بڵەی مەرگ لەوپەنایە، لەنێو ئاپۆڕەی خەڵکی ئەمشارەدا چاوەڕیی زیندووەکان دەکات. گۆرستانێکی تەماوی و تاریک.

لایەنی رۆمانس لەم رۆمانەدا ئاوێتەی تراژدی دەبێتەوە و خۆی لە چیرۆکی خۆشەویستی پر لە کارەساتی “تەڵا” کچی ئاغای ناوچەکە لەگەڵ “سیامەند” کوڕە رەعیەتێکی لاوچاکدا دەبینێتەوە. “سیامەند” “تەڵا” هەڵدەگرێت و پەنا بۆ ناوچەیەکی دیکە دەبەن، بەڵام “مستەفا” خان بە فێل و سوێندخواردن “تەڵا” دەگەڕێنێتەوە ماڵێ و پاشان بە بیانوویەک دەیبات بۆ دەرەوەی شار و، سەری بڕاوی “تەڵا” بۆ دایکی دەباتەوە. سیامەندیش بەدوای ئەم کارەساتەدا و لە سوێی ئەوینی سووتاوی، لەسەر گۆڕی دڵدارەکەی بە فیشەکێک کۆتایی بە ژیانی خۆی دێنێت. چیرۆکی دوو هەم چیرۆکی عەشقی “برایم” کوڕی “سڵێمان” ئاغا لەگەڵ “دارگوڵ” قەرەواشی ماڵی ئاغایە، کە دواتر ئاغا بەم چیرۆکە دەزانێت و لە ئەنجامدا “دارگووڵ” لە ماڵی ئاغا دەردەپەرێنن. ئەم کچە روو لە ناوچەیەکی دیکە دەکات و لەوێ شوو بە پیاوێکی ئاسایی دەکات. “برایم” پێشوێنی “دارگوڵ” دەبینێتەوە و، ئاگادار دەبێتەوە کە “دارگوڵ” دوور لە ناچاری شووی بەم پیاوە کردوە، بەڵام لە درووندا هەر گیرۆدەی عەشقی برایمە. پێکەوە بڕیار دەدەن کە پاش ئەوەی “دارگوڵ” تەڵاقی لە مێردەکەی ساند، پێکەوە زەماوەند بکەن. مێردەکەی بەم کەین و بەینە دەزانێت و لە ئەنجامدا “دارگوڵ” دەکووژێت.

ئەگەرچی کۆتایی ئەم چیرۆکە خۆشەویستیانە خۆیان لە سەرەنجامێکی خەماوی و تەممەنایەکی بێ ئەنجامدا دەبینێتەوە، بەڵام هێمایەکە بۆ ترس و توندوتیژیی نواندنی چێنی فێئۆدالی ناوچەکە کە وردە وردە سێبەری فەوتان و تێداچوونی خۆیان دەبینن. ئەو شتەی کە بە بۆچوونی من لەم رۆمانەدا زۆر گرینگە؛ چێکردنی پێوەندیی نێوان رۆمانس و رەوتی هەرەسهێنانی سیستەمی فێئۆداڵییە، کە لەیەکەم قۆناغدا خۆی لە توندوتیژی نواندندا دەبینێتەوە و لە کۆتاییدا رۆمانس ئیرادەی خۆی وەک جەبرێکی مێژووی دادەسەپێنێت و ناچار بە سەلماندنیان دەکات. بۆ نموونە رازی بوونی “سڵێمان” خان بە ژیانی هاوبەشی “برایم”ی کوڕی لەگەڵ کچێک لە ئایین و تەبەقەیەکی دیکە. عەشق سەر لە ماڵی دەرەبەگ دەردێنێت، عەشقێک کە خاڵی کۆتایی هێنان بە سیلسیلە مەراتبی چینایەتییە.

لەم رۆمانەدا بێدادگەری و بێ ئاگایی وەک دوو عونسری سەرەکی سەرانسەری ئەم چیرۆکەی داگرتووە کە تەواوبوونی بۆ نییە و زۆر ئازاردەرانە کار لەسەر ئەعسابی خوێنەر دەکات و، هیچ خاڵێکی کۆتایی تێدا بەدی ناکرێت. دایکی “عالیە” دەبینین کە لەدەوری گۆڕی کچ و کوڕەکەیدا دەسووڕیتەوە و جگەرگۆشەکانی دەلاوێنێتەوە. لەسەر ئەژنۆ دەکەوێت و سینگی لە گۆڕی منداڵەکانی دەخشێنێت و شیوەن دەکات: (کافر، چطور دلت آمد… چطور دلت آمد… چطور دلت آمد کە تن و بدن بە این قشنگی، آن صورت بە آن نازنینی… آن گردن بە آن رعنائی را طناب بیندازی… و قایم بە صورتش می کوبد. پسرم خوب کاری کردی کە محض دل مادر با خواهرت آشتی کردی. دخترم! پاشو، داداش بە خانەات مهمان آمدە.) و لێرەدا گشت تازیەبارەکان لە بێدەنگیدا و لە هەڵقڕچانی ئەم دایکە جەرگ سووتاوەدا مات دەبن و تەنانەت مانگ و رۆژیش بەرەو  ئاوابوونێکی خەماوی لەپشت گۆرستانەوەکەوە بزر دەبن.

ئەم رۆمانە وێنەیەکی زیندوو لە ژیانی خەڵکیکی زوڵم چێشتوو و هەروەها ساتە پڕ لە خەماوییەکانیان دەدا بەدەستەوە کە لەبن باری خورافات و چەوساندنەوەی سیستەماتیکی ئیستەبداد دا پشتی چەماوەتەوە. مەیدانی کارتێکەرییە عاتفی و ماملەی کۆمەڵایەتیەکانی ئەم خەڵکانە لە دایەرەیەکی تەنگ دا بەرتەسک بۆتەوە، تامی زوڵم و بێدادی دەچێشن، بەڵام هۆکارەکانی ئەم بێدادگەرییە ناناسن. “رەزایی” پینەچی کە ماڵ و ژیانی تێداچووە و پەنای بۆ شاری بانە هێناوە، سەر لەم رۆژگارە پڕ کارەساتاویانە دەرناهێنێت. لە عالیەی کچی نەبان دەبێت و پێ دەڵێت “سەڵیتەخانم”، بەڵام نازانێ کە کچە بێدەسەڵاتەکەی بۆتە قوربانی سیستەمێکی گەندەڵ و، هەروەها هەوەسبازییەکانی قەزاقێکی بێ ئەسل و نەسەب و رەوانیی سەردەمی رەزاشا، کە بە تێڵای قانوونەوە و وەک بەڕێوەبەری نەزم و ئاسایش بەربۆتە گیان و مال و نامووسی ئەم خەڵکە بێدەسەڵاتە. تەنانەت رێگە بە دایکێکی جەرگسوتاو نادەن کە لەسەر گۆڕی بێ ناونیشانی منداڵەکانی شینگێری بکات و باری قورسی خەمەکانی سووک بکاتەوە. تاسەی عیداڵەتی کۆمەڵایەتی لە دەروونیاندا پەنگی خواردۆتەوە، بەڵام کەس نییە تەفسیرێکی درووست و ئەخلاقیانە بۆ عەداڵەت بکات. روناکبیرەکانیان کە هیچ ئاگاییەکیان لەسەر ژیانی حەقیقی خەڵکەکەیان نییە، لە کاتی پاشاگەردانی دا باس لە ئینقلاب و گۆڕان دەکەن و سوار کۆڵی ئەم خەڵکە بەستەزمانە دەبن. بەڵام کاتێ تووشی گرفت دەبن یاخۆ کاتێ رێیان لە زیندان دەکەوێت، لە پێش هەموانەوە قەڵەم بەدەست دەگرن و تۆبەنامەکانیان پڕ دەکەنەوە و سوێند بە سەری شاهەنشا دەخۆن. ئەوانیش چاوپۆشی لە رابردووی خۆیان دەکەن و وەک بڵەی ئەمە ئەوان نەبوون کە بە شان و ملی ئەم خەڵکەدا هەڵدەگەڕان و نەڕە نەڕیان ئارامی لە خەڵکی شار هەڵدەگرت. وەک بڵەێی تف لە رابردووی خۆیان بکەن، بەڵام بەم حاڵەش هەیشتا نەیانتوانیوە رەسەنایەتییەک بۆخۆیان چیبکەن، چوونکە بەردەوام لە بیری تەفرەدانی خەڵکی دان. “حالا هم مثل گذشتە کە دایرەای بە مرکز خود و شعاع مملکت رسم کردە بود، دایرەای بە مرکز خود و شعاع زندان رسم کردە است. جز بە خود بە چیز دیگری نمی اندیشد. در دایرە خود ابدا سرگردان نیست. حساب کمترین چیز خود را دارد. از کوچکترین پرتقالی کە ملاقاتی ها برایش می آورند تا کمترین آمین و خفیف ترین مردە باد و زندە بادی کە می گوید…” ئەمە تەمسیلی موفەسیرانی عەداڵەت بوو.

“حسێن” منداڵە چکۆلەکەی بنەماڵەی رەزایی لەباوەشی رەنج و هەژاری دا پەروەردە دەبێت و کاتێ کە دەیهەوێ تۆڵە لە کارگێرانی بێدادگەری بکاتەوە، لەداوی کەسانێکی سیاسەتباز دەکەوێ کە ئەگەرچی لافی ئازادیخوازی و رێبەرایەتی کردنی خەباتی چینایەتی لێدەدەن، بەڵام خۆیان ئامێری دەستی سیاسەتی هێندێ لایەنی دەسەڵاتخوازن و خەڵک تووشی سەرلێشێواوی دەکەن. حسێنیش رێێ لە زیندان دەکەوێت و بارێکی دیکە دەخاتە سەر خەم و ئازارەکانی بنەماڵەکەی.

“عالیە” کە پێشتر باسم لێکرد، لەم رۆمانەدا نوقتەی عەتفی دراماتیک و مەزلوومترین قوربانی سیستەمی گەندەڵی پاشایەتی و عەشیرەییە. ئەو کە بۆ رزگارکردنی براکەی دێتە مەیدان، کەچی دەبێتە قوربانیی چاوی نەزەری دەسەڵاتدارەکانی ناوچەکە و لە ئەنجامدا بە ئاوری کورەی غیرەت و رقی براکەی دەسووتێت. ئەگەرچی لەباری کۆمەڵایەتییەوە کەسایەتییەکی روخاوی هەیە بەڵام لەباری وجوودییەوە لایەنە مرۆڤایەتییەکانی خۆی لەدەست نەداوە. ئەو ئیتر ناتوانێ دەلاقەیەکی روون بەرەو ژیانی ئایەندەیدا بکاتەوە، بەڵام لە دەروونی پاک و بێگەردی خۆیدا بە ئینسانی دەمێنێتەوە. بە بێدەنگی لە گوشەیەک بە بیردا رۆدەچێت و بە بێ دەسەڵاتی چاوەرێی ژیانی رۆتینی و کارەساتاوی خۆی دەکات. کاتێ براکەی بە چەکەوە لەبەرامبەر خۆیدا دەبینێت، هیچ بەرگرییەک لەخۆی ناکات و لەبەری هەڵنایەت. تەنانەت دەستەو داوێنی دایک و باوکیشی نابێت کە جیرانیەتی، چوونکە بەباشی ئاگاداری قەزاوەتەکانی سەر خۆیەتی. ئەو هەڵەی کردووە، خەتای کردووە، پەرۆیەکی شینە بەسەر شانی بنەماڵەدا، کەواتە مەحکوم بە تێداچوونە. یەکێک لە گرفتەکانی ژیانی ئەم کچە بەستەزمانە مەوقولەیەکە بەناوی “بەدشانسی”، بەدشانسی تیۆرێکی عامیانەیە کە لە مەکتەبی ژیانی خەڵکی چەوساوە و بێ تەبەقەدا مانا و چەمکێکی زیندووی هەیە. دوای ئەوەی کە بەر تەماعی سەرلەشکەر دەکەوێت و داوێنی پیس دەکات، بەرەو بانە دەگەرێتەوە، لە رێگادا سەرهەنگێک عاشقی دەبێت. ئەفسەرەکە تێدەگات کە ئەم کچە زۆر پاک و شەریفە و لەراستیدا زۆر بێگوناحە. لەگەڵ خۆیدا دەیبات بۆ ئازەربایجان و بە ئەمانەت بە پیرێژنێکی دەسپێرێ و خۆی دەچێ بۆ هەمەدان تا بەڵکە زەمینەکانی زەماوەندەکەیان فەراهەم بکات. بەڵام بەهۆی ئەوەی کە کارەکەی زۆر دەخایەنێت، درەنگ دەگاتەوە لای عالیە. ئەو پیرێژنەی کە سەرهەنگەکە عالیەی بە ئەمانەت پێ ئەسپاردبوو لە راستیدا ئافرەتێکی دەڵال و ریاکار بووە. عالیەی بێ سەرپەنا لە خشتە دەبات و سەرئەنجام سەر لە ماڵیک دەر دەکات کە شوێنی ژنە لەشفرۆشەکانە. سلێمان ئاغا کە جارجارە عالیە بۆ بەزمی مەجلیسەکەی خۆی بانگ دەکات ئاوا دۆخی  ناتەبای ئەم کچە قوربانییە باس دەکات: (یک شب دلش خیلی پر بود. گمان می کنم یکی دو روز پیش از کشتە شدنش بود. خیلی گریە کرد… گفتم چرا گریە می کنی؟ ناراحتی ات چیە. بە من بگو شاید می توانستم کمکی بکنم. آه کشید تفل معصوم… یک تفل بە تمام معنی بود. گاه تا غافل می شدی از محیط جدا می شد و زانوی غم بە بغل می گرفت. چانەش را بر زانو تکیە می داد و در آدم خیرە می شد. چشمهایش یک کتاب قصە بود. قصەای تلخ. در واقع خودش را از خۆدش جدا می کرد. انگار آنکە دستمالی می شود او نیست و کس دیگری است… و او تماشاچی است.)

ئەو چیرۆک نووسانەی کە ژیانی خەڵکی هەژار و لێقەوماو دەکەن بە دەسمایەی چیرۆکەکانیان لە زۆر حاڵەتدا و بەرواڵەت لە دەریای بەزەیی خۆیاندا نوقم دەبن و لە زۆر شوێندا زێدەرۆیی دەکەن و تەک رەهەندیانە باس لە رەوەند و میکانیزمەکانی هەژاریی دەکەن. ئەمە لە خۆیدا شێوەیەک مەرابایی کردنی هوونەرییە کە لەراستیدا بێرێزی بە قارەمانی چیرۆکەکانیان دەکەن، چونکە لەراستیدا قودسییەتێک بە هەژاری و ژیانی هەژاران دەدەن و گشت تاوانەکان دەخەنە پاڵ کەسانی باڵادەست و سیستەمی کۆمەڵایەتی و لە ئەنجامدا خوێنەر بەرەو تیۆری جەبری کۆمەڵایەتی پەلکێش دەکەن. ئەم کارە نەک هەر لەخانەی هوونەردا خۆی نابینێتەوە، بەڵکە بەشێکە لە مانیفێستی کەسانی سیاسی کە بە شێوەیەکی ئامێریی سوود لە کەم ئاگایی خەڵک وەردەگرن. برایمی یونسی لەم رۆمانەدا وێنەیەک لە کارەساتەکان دەدا بەدەستەوە و خۆی لە دەرەوەی نەتەیجەگیرییەکانی رادەوەستێت و چەوسانەوەی خەڵک ناکاتە دەسمایەی چەواشەکردنی (تحریف) واقەعیەت. باس لەگەندەڵی دەکات بە بێ ئەوەی مەبەستی تەحقیر کردنی ئینسانەکان بێت. ئەم رۆمانە هەوڵدەدات وەک چاوەدێرێک تەعامولی نێوان سیستەمی ئیستەبدادی و ژیانی قولەمەرگی خەڵکی ئەو سەردەمە پیشان بدات بۆ ئەوەی بە چاوی روونەوە بیان بینین و هۆکارەکانی ئەم سەربردەیە بناسین کە هەموویان لە بەهێزکردنی رەوەندی ستەمی کۆمەڵایەتیدا بەشدارن چونکە قبوڵکردنی ستەم لەخۆیدا بەشێکە لە پرۆسەی بەهێزکردنی ئیستەبداد. لەوەها دۆخێکدایە کە بێ ئاگایی لە کۆمەڵگادا دەبێتە هۆی لەدەستانی عەیاری چاکە و خراپە، سلێمان خان زەمینەی بەرتیلخۆری و واستەگەری نێوان خەڵک و دەسەڵات لەئەستۆ دەگرێت، سمایل ئاغا دەبێتە دەڵاڵی ئەفسەر و دەسەڵاتدارەکانی ناوچە و مستەفا خان وەک نموونەیەکی دێمۆکرات نەیتوانیوە خەڵکەکەی خۆی بناسێت و تەنانەت دەرکێکی دروستی لە بنەماکانی دێمۆکرات بوون نییە و تەنانەت هیچ هیمەتێک لەخۆی پیشان نادات کە نموونەیەکی رەفتاری بێت. گوند و مڵک و ماڵەکەی خۆی لە هەموو شوێنێک پیستر و بێ سەروبەرەتر بووە: ( این خانە انگار یک اشتباه تاریخی بود. زوال شبە فئودالیزم در دوران شبانی و شکار. از دوران بوروژوازی.. بە جز چراغ…اثری بنود. خودش بود با کیفیت خودش. پس بە قول آقای سلیمانی این دموکرات بازی از کجا آمدە بود؟ همین طور خوش کردە بود دموکرات باشد؟)

کە رەزاشاش دەروات کاسە هەمان کاسەیە و ئاش هەمان ئاش. بۆ چەند رۆژێک ئەمیر لەشکەر، سەرهەنگەکان و رەئیسی ئیدارەکان خۆیان لە چاوی خەڵ دەشارنەوە و ئەو کاسانەش کە دەرفەتی قوتاربوونیان نەببوە، وەک بڵێی نە بایان دیوە  و نە بۆران، مارابایی لەبەر خەڵکی دەکەن و وەک بڵەی تازە فێری ئەدەب و نەزاکەت دەبن، بە زمانی لووس خۆش و بێش لەگەڵ خەڵکا دەکەن و گشت تاوانەکان دەخەنە پاڵ “بزرگان” و پاشان ئازار و بیرەوەرییەکان دەچنەوە دۆخی ئاسایی، چوونکە کەس دەرکێکی روونی لە سەربردەی خۆی نییە و نازان چۆن لەگەڵ ئازادی دا تەعاموول بکەن و سودی باشی لێ وەربگرن.

٤ مارسی ٢٠١٢

تێبینی:

ئەم بابەتە لە گۆڤاری “رۆڤار” ژمارە ٦٩ دا بڵاو کراوەتەوە.

 

سەرچاوەکان   بە زمانی نۆروێژی:

  Lukacs Georg, Romanens teori, 2001. 1. utg. Gyldendal-

1.       Per Ariansen, Inga Bostad, Steinar Mathisen og Øyvind Rabbås. Exphil I tekster i filosofi og vitenskapshistorie. Universitetet i Oslo, 2006.

سەرچاوەکان بە زمانی فارسی:

١/ جامعەشناسی ادبیات (دفاع از جامعەشناسی رمان) لوسین گلدمن، ترجمە محمد جعفر پویندە، انتشارات هوش و ابتکار، تهران ١٣٧١

٢/ گورستان غریبان، ابراهیم یونسی، انتشارات نگاه، تهران ١٣٧٢

٣/ هنر رمان، میلان کۆندرا، ترجمە پرویز همایون پور، تهران، انتشارات گفتار،  ١٣٦٧

 

 

سەرچاوە: وێبلاگی نووسەر

بازدید: 1988