ما 2563 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

و. شیلان وەکیلی
ئەم ئایدیۆلۆژیایە بۆتە هۆی کۆمەڵێک گۆڕانکاری زۆر لەئاستی دەوڵەتی، نێونەتەوەیی و تاکەکەسیدا. وەها گۆڕانکاریگەلێک، لەناوبردنی دەوڵەتی خۆشگۆزەران، واقعی گەشەکەری نابەرابەری جیهانی و تاکەکەسیکردنی هەموو کارەکان دەگرێتەوە. 

 

ئاوڕدانەوەیەکی  کورت لە نیۆلیبرالیزم و بەدواهاتەکانی

کێندیس سمیت

وەڕگێڕان: شیلان وەکیلی

پێشەکی وەڕگێڕی کوردی

دەتوانین سەبارەت بەم  تێکستە، کە باسێکی کورتە لەسەر چۆنییەتی زاڵ بوون و باڵادەستی و کاریگەری نیۆلیبرالیزم بەسەر جیهان و هەموو خەڵکدا، ئەوە بڵێین کە  کێندیس سمیت توانیویەتی لەم وتارە کورتەدا سیمای گشتی و چەند فاکتۆری بنەڕەتی سەبارەت بەنیۆلیبرالیزم دەسنیشان بکات و بەکورتی نیۆلیبرالیزم و ئەو گۆڕانکاریانەی کە لەئاستی ئابووریدا دەهێنێتە ئاراوە بدوێت و بەدواهاتەکانی باس بکات. هەرچەندە دەتوانین لەئاستی کولتووریدا ئاماژە بە  هەندێک بابەتی جۆراوجۆر و بەدواهاتەکانی نیۆلیبرالیزم بکەین کە بەچ شێوەیەک توانیویەتی ژیانی هەموان تووشی گۆڕانێکی گەورە بکات. بەرخۆڕیزم و مرۆڤی تاک ڕەهەند لە ژیان و جیهانی هاوچەرخدا، دەرئەنجامی زاڵبوون و باڵادەستبوونی نیۆلیبرالیزمن کە بووەتە تەوەرێکی قەبە لەناو گوزەران و ژیانی تاکەکان و دیاریکردنی حەزەکانیان. هەموو جیهان وردەوردە بەرەوە ئاراستەی بەرخۆڕیزم و قەتیسبوونەوە لە چوارچێوەیەکی بەرتەسکی تاکەکەسیدا دەروات. نیۆلیبرالیزم لەئاستی کولتووریدا موژدەبەخشی ژیانێکی پڕ لە مارک و کردنی  ئینسانەکانە بە تابلۆیەکی پڕ لەمارک و کردنی ژیانە بە ژیانێکی مارکدار و ڕەسەن. مارک بووەبە تابۆیەک لەکۆمەڵگادا کە هەموو خەڵک ناچار بەپەرستنێکی بێئەملاوئەولای  ئەم تابۆیە دەکات و هیچ کەسێک ناتوانێت یان نایەوێت بەتەواوەتی(خۆی) بێت و لەم (بوون بە ئەویتر)ەدا_ ڕازی و شادمان بێت. تاکگەرایی و تایبەتیکردنەوەی ئابووری و سیاسەت و کولتوور، بووە بەهۆی درووستبوونی نابەرابەریەکی زۆر کارەساتبار و گەورە لەئاستی جیهاندا کەتا ئێستاش لەڕێگەیەوە نیۆلیبرالیزم توانیویەتی سەرکەوێت و سەرکەوتوو بێت. ئەم نابەرابەریە دەبێتە هۆی لەناوبردنی ئەو چینە لەکۆمەڵگا کە نەیتوانیوە لەژێر ئەم زاڵبوون و باڵادەستبوونەدا خۆی ڕابگرێت و مقاومەت بکات. تایبەتیبوونەوەی کۆمپانیەکان لەهەرێم و ناوچە و بازارە جیهانیەکاندا و لەئاستی نێونەتەوەییدا، بووە بەهۆکارێک بۆ گەڕانی ئازادی سەرمایە و ئازادی دانانی سەرمایە؛ سەرمایەیەک کە لەڕێگای ئەم تایبەتیکردنەوەی کۆمپانیاکان و ڕێکخراوەکان لە کۆمەڵگادا پێکدێت و دەبێت هۆی باڵادەستبوونی بێئەملاوئەولا بەسەر خەڵکەوە، بێئەوەی کە دەوڵەت بتوانێت و ڕێگەی پێبدرێت دەسکاری و دەستێوەردان لەکاروباری ئەم ئابووریەدا بکات. تایبەتیکردنەوەی کۆمپانیاکان هۆکارێک بوو بۆئەوەی کە سەرمایە تەنیا لەدەست تاقمێکی بچووک لەکۆمەڵگادا  بێت و بتوانرێت قازانجێکی زۆری لێ ببەن و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ گەڕانی سەرمایە لە زۆربووندا بێت و پەرەی زیاتر بستێنێت. بازەرگانی ئازادی کاڵاکان و سێرڤیسەکان، چوارچێوەیەک لەبازاری دەوڵەتە نیولیبرالەکاندا دەهێنێتە کایەوە کە دەیەوێت ئەم چوارچێوە بەسەر خەڵکدا داسەپێنێت و هەموو ڕەهەندەکانی کۆمەڵگا لە ئاستێکی تاکی و فەردیدا ڕابگرێت. ئەم ئایدیا و حوکمرانیە توانیویەتی تا ئێستا لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا بەرەو پێشەوە بڕوات و ئامانجەکانی بەدیبهێنێت و بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە، کۆمەڵگا بەگشتی و خەڵک بەتایبەتی، بچەوسێنێتەوە.

 

نیۆلیبرالیزم لەسەرەتای نیوەی دووهەمی سەدەی بیستەمدا دەستیپێکرد و ڕۆژ دوای ڕۆژ وەک فۆرمێک لەدەسەڵاتدارێتی بۆ بەڕێوەبردن لەهەموو وڵاتانی جیهاندا باڵادەست بوو.(Peters 2001)لە ڕاستییدا سەرچاوەکانی نیۆلیبرالیزم  دەگەرێتەوە بۆ  تیۆری ئابووری سیاسی کلاسیک  کە بەرگری دەکات لە بازارەکان و(هەروەها خەڵک) لە هەر چەشنە  دەستێوەردانێکی دەوڵت.( ( Smit 2001

کێبڕکێی ئازاد و دامەزراوەی ئازاد هۆکارێک بوون وەک هەندێک بۆچوون هەڵکشان کە ئەگەری گەشەیان بەجۆرەکانی ئابووری دەدا. مارتینێز و گارسیا (2000) بانگەشەی ئەوە دەکەن  کە ئەم تیپە (لیبرالە) ی  تیۆری ئابووری لەسەرانسەری سەدەی 18 تا سەرەتای سەدەی 19 لەڕوژئاوادا وەڕگیرا.هەرچەندە  دابەزینی((Depression گەورەی  ئابووری دەیەی  1930 و پەرەسەندنی ئابووری کێینزی بەشێوازێکی کاتی پەرەسەندن و پێشکەوتنی ((Advancement ئابووری لیبرالی خاو کردەوە. بەڵام لەم چەند دەیەی دواییدا، لیبرالیزمی ئابووری(یان نیۆلیبرالیزم) لەئاستێکی جیهانیدا ،بەو جۆرەی کە لە زۆربەی وڵاتەکانی کۆی جیهاندا بینیمان،چ هەڵیانبژاردبێت و چ ناچار بووبێتێن بەچالاکیکردن لەبەڕێوەبەرایەتی نیۆلیبرالیدا. لەدەرئەنجامی باڵادەستی گەشەکەری هێژێمۆنیکی نیۆلیبرالیزمدا،گۆرانکاریەکی بەربڵاو لەئاستە نەتەوەیی ،نێونەتەوەیی و فەردی و کەسیدا ڕوویداوە . لە ئاستی نەتەوەییدا، ئایدیای نیۆلیبرالی بەتوندی  شێوازی جووڵەی دەوڵەتەکانی گۆڕیووە.

نیۆلیبرالیزم لەڕێگەی بەروەپێشبردنی بێئەملاو ئەولای ئابووری بازار، کە بەهایەکی زۆر بۆ ڕکابەری و کارامەیی دادەنێن، پاڵیان بەکۆمەڵێک وڵاتەوە ناوە بۆ قبووڵ و وەرگرتنی داروینیزمی کۆمەڵایەتی. پیترز  بەڵگە دەهێنێتەوە کە لەسەردەمی تاچێر و ڕێیگاندا نیۆلیبرالیزم بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەرەو ئازاد/عەقڵانیکردنەوەی دەوڵەت، بۆژاندنەوەی پێکهاتەی بەشە دەوڵەتیەکان و لەناوبردنی دەوڵەتە خۆشگۆزەرانەکان ڕۆشتووە.

لەدەرئەنجامی ئەم گۆرانکاریانەدا وڵاتە یەکگرتووکان و بریتنانیا بینەری کۆمەڵێک شتی وەک لابردنی سوبسیدەکان و تەعرەفەکان ،شەریکایەتیکردنەوە و تایبەتیکردنەوەی بەشە بازەرگانییە دەوڵەتیەکان، پەلاماری بەردەوام بۆسەر یەکییەتییەکان، فەردیکردنەوەی تەندرووستی و دەرمان، خۆشگۆزرانی و پەروەردە بووە. 

هەرچەند ئەم ئایدیایەی کە دەبێت بازارەکان بەتەواوەتی بەسەر دەوڵەتەکاندا زاڵ بن، لەدەیە  پێشووەکاندا بەتەواوەتی نالۆژیکی بوون (جۆرج 1999). (بووردیۆ 1999) لەسەر ئەو باوەرەیە کە نیۆلیبرالیزم وەکوو فۆرمێک لەبەڕێوەبردنی نەتەوەیی بەشێوەی گشتگیر (Doxa)  و بەبێ ڕارایی و زۆر بەئاسانی پەسەند بکرێت.(هارڤەی 2005) بەم جۆرە هارڤەی سەری سوورنەما لەوەی کە ئایدیا  کاپیتاڵیستیەکان لەدامەزراوە سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتووریەکان  لەئاستی دەوڵەتدا گۆنجێندراوە. نیۆلیبرالیزم  لەڕێگەی گونجاندنی  جۆرێک لەکوالیەتەی ماتماتیک لەژیانی کۆمەڵایەتیدا (بووردیۆ 1999)دەوڵەتە سەربەستە پێشووکان بەرەو گەڕانەوە بۆ دەوڵەتە تاوانخۆازەکان هاندەدا کە گرنگی بە بەرهەمهێنان ،کێبەڕکێ  و قازانج، زیاد لەهەموو شتێکی دیکە، بۆنموونە پرسە کۆمەڵایەتیەکان بدەن.

بەباوەری سووزان جۆرج  نیولیبرالەکان لەئاستی نێونەتەوەییدا لەسەر سێ  خاڵی سەرەکی چڕ بوونەتەوە: 1-بازرەگانی ئازاد  کاڵاکان و سێرڤیسەکان، گەڕانی ئازادی سەرمایە و ئازادی دانانی سەرمایە. بەم پێیە جیهانیبوونەوەی نیولیبرالی بەو مانایە کە لەسەرانسەری سنوورە نەتەوەیەکانیشدا بەقەد کۆمەڵگای مەدەنی و بان نەتەوەیی جۆرێک جەخت کردن لەسەر دانووستاندن، ماڵیگەرایی و پەرەسەندنی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان بۆنیان هەبووە (Bandelj, Shorette,and Sowerd 2011).

سووزان جۆرج لەسەر ئەو باوەرەیە کە لایەنگرانی نیۆلیبرالیزم بەهاریکاری و  یارمەتی سەندووقی نێونەتەوەیی دراو و ڕێکخراوی بازەرگانی جیهانی، لەبنەڕەتدا زۆربەی وڵاتەکانیان ناچار کردووە دان بەم چوارچێوەیەدا بنێن. پەسەندکردن و وەها داننانێک بەم چوارچێوەیەدا بەمانای ئەوەیە کە زۆربەی وڵاتانی هەنووکەیی بەشێوەیەکی پاڵەکی لەڕێگەی بانگەشە بۆ دەسەڵاتدارێتی بازار، دابەزینی توندی تێچووە گشتییەکان، دابەزینی ڕێسا دەوڵەتیەکان و لەئامێزگرتنی چەمکی تاکایەتیدا تەبان و دێنەوە؛ تەنانەت ئەوەی کە ئەم کارە بەمانای وەلانانی میلیۆنان (ئەگەر نەڵێن بە میلیارد) کەس لەخەڵک وەک دۆراوی یارییەکە [دەرەنجام] لە کۆدا سفر بن. (مارتینز و گارسیا 2000)

سووزان جۆرج ڕایدەگەیەنێت کە لەڕێگەی ئەم جۆرە دنیابینیە ئابووریەوە ئەگەری ئەوە هەیە بۆشایی نێوان باکوور و باشوور و نابەرابەری جیهانی لەساڵانی داهاتوودا ڕەنگە توندتر ببێتەوە. بەو پێیەی کە نیولیبرالیزم دەرئەنجامەکەی دەبێتە جیهانیکردنی بازارە ماڵییەکان(بووردیۆ 1999)،دوابەدوای ئەمە دەتوانین چاوەڕێی ئەوە بکەین کە ئەو قەیرانە ئەبوورییانەی کە لەسەر دەستی سیاسەتە بەرتەسکە نیولیبرالیەکان  هاتوونەتە پێشەوە، گەلێک باوتر و کارەساتبارتر ببێتەوە.

لەئاستی تاکەکەسیدا، نیۆلیبرالیزم  پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە عەقڵانییەت، تاکایەتی و بەرژەوەندی شەخسی هەموو هەوڵەکان ئاراستە دەکات(پیترز2001). لەڕاستییدا نیۆلیبرالیزم زۆرجار خۆی بەزانستێکی کۆمەڵایەتی جیهانی دادەنێت کە لەتوانایدایە هەموو ئەدگارە مرۆیەکان دەرببڕێت چوونکۆ پێیوایە ئامانجە لۆژیکی و تاکگەرایانە و خۆخۆازانەکان کۆی ئەدگارە مرۆییەکان ئاراستە دەکات .چڕبوونەوە و فوکوسی نیۆلیبرالیزم لەسەر تاک بەو مانایە کە هەنووکە ئەو ئایدیایانەی کە پەیوەندیان بەکۆمەڵێک چشتی وەک بەرژەوەندی گشتی و کۆمەڵ وەک پاژێکی ناپێویستی دەوڵەتی خۆشگۆزاران هەیە، وەلادەنێن(مارتینز و گارسیا 2000). لەم ڕوەوە جێگەی سەرسووڕمان نییە کە تاکەکان بەهۆی بێکاری و نابەرابەری و هەژاریەوە سەرکۆنە دەکرێن، نەک سنوورداریتێە پێکهاتەیەکان(پاساس 2000).

(بووردیۆ 1999 ) پێوایە کە چونکوو ئێمە لەحاڵی دوورکەوتنەداین لەڕۆڵی کۆمەڵ و لەجێات ئەوەی لەسەر تاکەکان بەشێوەیەکی ڕووت چڕ بووینەتەوە، لەدەرئەنجامدا گرفتە کۆمەڵایەتیەکانی وەک خۆکوژی، ئەلکۆلیزم، خەمۆکی و تووندوتیژی بنەماڵەیی بەشێوەیەکی گەشەکەر پەرەدەسێنن. لێرەوە ڕەنگامەیی ڕووکەشیی ئازادی، خۆشگۆزارانی و گەشەی فەردی ئەم گرفتە بۆ نیۆلیبرالیزم درووست دەکات کە خەڵک بەگشتی تێدەگەن کە نیۆلیبرالیزم تەنیا لە ڕاستەهێڵی بەرژەوەندی چینێکی بچووک لەخەڵکدا دیزاین کراوە(هارڤەی 2005). ئەگەرچی وا دنیابینیێەک پاساوی ئەم بیرکردنەوەیە، کە هەندێک لەخەڵک شایانی بەهرەمەندی زۆرترن لەخەڵکیتر و لەدەرئەنجامیشدا برەودانی ئەم باڵادەستکردنەوە باوە کە هەر یەکە و بەرپرسی چارەنووسی خۆیەتی، ئاسانتر دەکاتەوە.

هەر بەو جۆرەی کە لەم ئاوڕدانەوە کورتەی نیۆلیبرالیزم و بەدواهاتەکانیدا بینیمان، ئەم ئایدیۆلۆژیایە بۆتە هۆی کۆمەڵێک گۆڕانکاری زۆر لەئاستی دەوڵەتی، نێونەتەوەیی و تاکەکەسیدا. وەها گۆڕانکاریگەلێک، لەناوبردنی دەوڵەتی خۆشگۆزەران، واقعی گەشەکەری نابەرابەری جیهانی و تاکەکەسیکردنی هەموو کارەکان دەگرێتەوە. بەپێچەوانەی ئەم بەدواهاتە لەناکاوانە، سۆزان جۆرج (1999) پێوایە کە سرووشتی هێژێمۆنێکی نیۆلیبرالیزم دەبێتە هۆی ئەوەی کە وەک تاکە دەستووری ئابووری وکۆمەڵایەتی ئەگەردار، دەربکەوێت.

 

نیۆلیبرالیزم وەکوو باوەڕێکی گشتگیر بۆتە واقعێکی بێئەملاو ئەولا تا ئەو شوێنەی کە هەنووکە لەئاستێکدا لۆژیکی بێتە بەرچاو کە بازارەکان دەبێت دابینکەری سەرچاوەکان و کانگاکان بن، ڕکابەری دەبێت بزوێنەری سەرەکی داهێنان بێت و کۆمەڵگا دەبێت لەکۆمەڵێک تاک پێکبێت کە پاڵنەری سەرەکیان دۆخی ئابووریە. (کۆبرن 2000) لەبەرانبەر هێرشی بیرۆکەگەلی نیۆلیبرالی هەندێک لە لێکۆڵەران وەکوو بووردیۆ و هارڤەی لەو باوەرەدان کە جەماوەری خەڵک  دەبێت لەبەرانبەر ئەم ئایدولوژیادا ڕابن و خۆڕاگری بکەن. ڕێک بەهەمان ئەو کاریگەرییەی کە نیۆلیبرالەکان باوەرەکانی خۆیان بەرەوەپێش بردووە ، هەرچەندە وەها ڕابوونێک لانیکەم لەداهاتوویەکی نزیکدا ئەستەم و نەکردەیە.

سەرچاوە:

 https://thesocietypages.org/sociologylens/2012/10/02/a-brief-examination-of-neoliberalism-and-its-consequences/

 

 Bilderesultat for wall street

 

 

گەڕان بۆ بابەت