وەرگێڕ: رەسوڵ سوڵتانی

رۆمانەکان هەرکام باکگراوەندێکی سیاسییان هەیە و هەرکام لە شوێن و کۆمەڵگایەکی سیاسیی دیاریکراودا روو دەدەن.

 

 

وتووێژ لە گوڵ گۆنتەر گراس

پ: با قسە لە ئەدەبیات بکەین، بەڕێزت ماوەیەک لەوە پێش لە جێگەیەک وتووتە ئەرکی نووسەر ئەوەیە لەگەل هەژاران و لێقەوماوان بێ، ئاخۆ بەڕێزت وەکوو رەگەزێکی بەرەنگاری لە نووسەر دەڕوانی؟

وـ ئەمن وەک خۆم کەڵک لەم چەمک و دەستەواژە قەبە قەبانە وەرناگرم "مۆرەی بەرەنگاری" بەو واتایەیە کە دەبێ هێز و دەسەڵاتێک لەبەردەم تۆدا هەبێ کە بتەوێ بەسەریدا زاڵ بی. ئەوەیکە بەربەرەکانێیەک لە گۆڕێ دایە کە ئینسان بۆ بەشداری تێیدا ئامادەبوونی خۆی رادەگەیەنێ و ئەوەی کە هەموو رێگەکان بۆ چارەسەریی ئەو کێشەیە گیراون. راستییەکەی ئەوەیە کە ئێمە هێشتا نەکەوتووینەتە نێو وەها گێچەڵێکەوە بەڵام شوێنی وا هەیە ـ بە بێ ئەوەی کە بمانەوآێ مۆرەی بەرەنگاری سووک بکەین ـ بەرەنگار بوونەوە هەتا رادەیەک پێویستە. ئەگەر لەو پێوەندییەدا بمانەوێ نموونەیەک لە کۆماری فیدرالی بێنینەوە کە لەوێدا بەرەنگاری پێویستە دەکرێ ناوی زیاتر لە چوارهەزار مرۆڤ بێنین کەلە بەندیخانەدان و چاوەڕێی بەربوونن. لەبەر ئەوەیکە لە یاسا دا بڕگەیەکیان لە پێوەندی لەگەل مافی پەنابەرێتی گۆڕیوە و سەیر ئەوەیە کە ئەو بەرەنگارییە لە بەرامبەر یاسادا لە لایەن چەند قەشەیەکی کاسۆلیکییەوە رێبەرایەتی دەکرێ. هەر ئەوانەی کە دەرگای کلێسەکانیان بەسەر پەنابەراندا ئاوەڵا کردوو. ئەوانە شێوازێکی نوێ و گەشە کردووی بەربەرەکانێن بەڵام "مۆرەی بەرەنگاری" لە راستیدا بە مرۆڤگەلێک دەوترێ کە گیان و ژیانیان لە رێگەی خەبات دا بەخت دەکەن و زۆربەیان بە شێوەی نهێنی کار دەکەن و ئاڵای خەبات دژی دەوڵەتێک هەڵدەدەن ئەویش کاتێک کە هەموو رێگەکانی بەردەمیان بە داخراوی دەبینن، رەخنە دژی سیستەمە فاشیستییەکان یا دژی سیستەمە کۆمەڵایەتییە دژەمرۆییەکان کە نازناوى کۆمۆنیزمیان لەسەر خۆیان دانابوو. 

پ: ئیزن بدەن لە روویەکی دیکەوە لە مەسەلەکە بڕوانین، ئاخۆ بەراستی نووسەر بەوجۆرەی کە سارتر دەڵێ ئەوەیە کە رۆڵەى سەردەمی خۆی بێت و بە گشتی و یەکسەرە لەگەل کێشەکانی سەردەمی خۆیدا دەستەویەخە بێت؟

و: ئەمن قەت ئەو رێگەیە بەخۆم نادەم کە رێوشوێن بۆ نووسەر دیاری بکەم. ئەمن و لەوانەشە زۆربەی هاو نەسلەکانی من، ئەو کاتەى کە لە تەمەنی دەورووبەراڵاندا بووین لە هەڵبژاردنی فوتابخانە جۆراوجۆرە ئەدەبییەکاندا دەستمان ئاوەڵا بوو. بەڵام هێندەى پێنەچوو کە بە پێی پێویست تێگەیشتین کە هێندێ شێوازی جۆراوجۆرمان لە گوێ دەخوێندرێن کە نەدەکرا خۆیان لێ لادەین. دیارە بە لای منەوە گرینگ نەبوو کە بمەوێ خۆم لەو رەوتە ئەدەبییانە دوور بخەمەوە. شانۆ کە رەوگەیەکی گەپجاڕانەی هەبوو ، شێعر و شاعرییش کە هەر لێی گەڕێن، تەواو ببووە شتێک بۆ رابواردن و خۆ خافڵاندن. دیارە هەر ئەو کاتیش (تەپڵی تەنەکە) قورساییەک بوو و لە راستیدا ئەو مەسەلەیە هەتا ئێستاش هەر درێژەی کێشاوە. بەڵام لە وڵاتانی دیکەدا رەوشەکە جۆرێکی تر بووە. جاری وایە بەخۆم دەڵێم خۆزگە لە وڵاتێکدا ژیابام کە مێژوویەکی ئەوەندە پڕ هەوراز و نشێوی نەبوایە و کەمتر برینی زارە ئاوەڵای هەبوایە. لەوێ لەوانەبوو مرۆڤ بۆ هەڵبژاردنی بابەت دەستی ئاوەڵاتر بوایە.

پ: حەزت لێ بوو لە کوێ بژیێت؟

و: جێگەیەکی تایبەتیم مەبەست نییە، بە گشتی دەڵێم. لەگەل تەواوی ئەوانەشدا دەبێ بڵێم کە قایل نیم بەڵام لانیکەم شارەزای ئەو شتەم کە بووەتە بابەتی ئیشەکەیە من و هەمیشە کێشەی من بووە، تەنانەت لە دوایین رۆمانمدا، ئەوەیکە مێژووی ئەلمانیا هێشتا لاپەڕەی نەنووسراوی زۆرن.

پ: دەفەرمووی کە دوورکەوتنەوە لە شێوازە ئەدەبییەکان بۆ تۆ کارێکی زۆر دژوای نەبووە، ئاخۆ ئەمڕۆ زیاتر هەست بەو مەترسییە ناکەی بە تایبەتی بۆ نووسەرێک کە لە چوارچێوەی زمانی ئەلمانیدا  ئیش دەکا؟

وـ بۆچی، لانیکەم لە رۆژاوا ئاوایە. شێوازێکی خۆپەرستانە لە نووسیندا، وردەکاری، خۆپەرستی، پەرەپێدانی بیروڕای بەڵگەنەویست، زۆربەی جاران بە شێوەی دڵخواز. ئەمن وەکوو رۆژ لێم روونە کە ئەم بابەتە بەو شێوەیە نامێنێتەوە. لانیکەم لە بەشی خۆرهەڵاتی ئەلمانیادا کۆمەڵێک نیشانە لەبەر دەست دان. ئێستا بەرەیەکی نوێ سەری هەڵداوە. بەرەیەک کە لە کاتی رووخانی دیوار (ی نێوان دوو ئەلمان)ـدا تەمەنی حەڤدە هەژدە ساڵان بووە. ئەگەر بخوازین لەگەل بەرەی من بەراوردیان بکەین منێک کە لە کاتی شەڕدا حەڤدە ساڵان بووم، ئەوان ئەوەندە گەورەن کە بزانن ئەو سیستەمەی رووخا چۆن بوو، بەڵام هێشتا گەنجن و ئەو کاریگەرییەی ئەو سیستەمە لەسەر بەتەمەنترەکانی داناوە، لەسەر ئەو بەرەیەی دانەناوە و ئێستا زۆر شت ماوە کە دەبێ لەم بەرەیە یا نێوەبەرەیە بیبینین.

پ: هەر بۆیەش رۆژە رەشەکان دەبێ هەلێکی زێڕین بن بۆ کاری نووسەری ، وا نییە؟

وـ راست وایە، چونکە شکست دەزمایە و سامانێکی بنەڕەتییە بۆ ئەدەبیات. لێرەدا تەنیا ئەدەبیاتە کە دەتوانێ وێنەی ئەو شتە بکێشێ کە تووشی شکست هاتووە. لەمەڕ منەوە بۆ وێنە تەواوی ناوچەی بالتیکی دەورووبەری دانزیگ، پێکەوەژیانی نێوان ئەلمانییەکان، پۆلۆنییەکان و جوولەکەکانیانم وێنا کردووە. بە بێ ژۆزێڤ رۆز ئێمە چمان لەسەر پادشایەکی خێزاندار دەزانی؟ بە بێ Grimmelshausen  سەرەڕای ئەو هەمووە کتێبخانە و کتێبە مێژووییەى هەیانە چیمان لە شەڕی سی ساڵە دەزانی؟ هەمیشە لە گۆشەنیگای هەژارانەوەیە کە ئێمە سەرنجمان رادەکێشرآ نەک لە رێگەی سەرکەوتوان و دەسەڵاتدارانەوە، تەنانەت بۆ نووسەرییش ناتوانێ پێگەیەکی لەبەردڵانی هەبێ. خۆ ئەگەر لەبەردڵانیش بوایە زۆر زۆریش خۆش بوایە ئیزنیان نەدەدا وەها روانگەیەکی هەبآ روانین لە ژێرەوە لە ناخی مێژوودا.

پ: جەنابی گراس دوایین رۆمانی بەڕێزت "نیشتمانی قاقڕ" لەگەل کۆمەڵێک رەخنە بەرەوڕوو بۆتەوە جاری وایە مرۆڤ وا بیردەکاتەوە کە ئامانجی هێرشەکان خودی نووسەر و گونترگراسە وەک کەسێکی سیاسی. ئەم کارە فێڵ و تەڵەکە نییە؟ لێرەدا رەخنەگری ئەدەبی دەیەوێ تۆڵە لەو نووسەرە بکاتەوە کە بەردەوام لەگەل کێشەی سیاسی دا دەستەویەخەیە. وانییە؟

و: ئەمن تەنیا بە کێشەی سیاسییەوە سەرقال نیم. خۆ ئەگەر واش بوایە بیچمی کارکردنم بە شێوەیەکی دیکە دەبوو ئەوە لە پێوەندی لەگەل ئاخافتنێک یا بابەتێکی تایبەتی دایە. رۆمانەکان کە هەرکام باکگراوەندێکی سیاسییان هەیە و هەر کام هەرکام لە شوێن و کۆمەڵگایەکی سیاسیی دیاریکراودا روو دەدەن، هەر لە تەپڵی تەنەکەوە بگرە هەتا نیشتمانی قاقڕ هەر هەموان دەسکەوتگەلێکی ئەدەبین. ئەوان رووبەڕووی گۆڕانە کۆمەڵایەتییەکان و ئاڵوگۆڕەکانی کۆمەڵگا دەبنەوە. کەوابوو ئەوەش سیاسیە. بەڵام یەکسەر سیاسی نییە. بۆ ئەوەی بگەیتە دوایین کتێبی من تەنیا بۆ ئەوەی کە رووداو و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی رۆژانەیان لەخۆدا هەڵگرتوە پێموابوو رەوتی یەکگرتنەوەی ئەلمانیا لە ساڵی 1989 ـەوە لە پێوەندییەکی بەربڵاودا پێکهاتەیەکی داستانی بە خۆوە بگرێ کە ئیزنم پێ بدا سەدەی 1800بە شێوەیەک داڕێژم کە رووداوەکانی ئەو سەدەیە دەرکەونەوە، تێکبچڕژێن، بەرەوڕووی یەکتری راوەستن، ئۆبژێکتیڤ بن یا ئەوەیکە وا بنوێنن کە ئۆبژێکتیڤن. ئەو کتێبە گەلێ دەنگی تێدایە کە دژ بە یەکتر قسە دەکەن و ئەوە قسەی نووسەر نییە کە لە زمانی کەسایەتییەکەوە دەبیسترێ. بەڵام هێندێ لەم رەخنەگرانە ئەو قسانە هەڵدەگرنەوە و بە شێوەی سیاسی لەگەڵیاندا بەرەوڕوو دەبنەوە.

ئیزن بدە با نموونەیەکت لە شێوەی هەڵسوکەوتی فۆنتێFonty و لە راستیدا Wuttke کاراکتەرەکانی رۆمانەکە، بۆ بێنمەوە،  لەو شوێنەی کە قسە لەگەلڕ هاوسەرەکەی دەکا و مەسەلەکەش قسەکردنە لەسەر ئەلمانیای رۆژهەڵات. لەوێدا دوترێ:"ئێمە لە سیستەمێکی دیکتاتۆریی ئاسوودەدا دەژیین." ئەم رستەیەیان کردە خوێنی سیاوەش لە دی خۆم، و ئەوەش تەنیا دەگەڕێتەوە بۆ قسەیەک لە زمانی فۆنتانێ لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتیی ویلهۆلمی دووهەمدا، لە نامەیەکدا کە بۆ خێزانەکەی دەنووسێ و لەوێدا راشکاوانە و بە تووڕەییەوە رەخنە لە لێکترازانی بەگزادە پرۆسیەکان دەگرێ. رەخنە لە هەڵسوکەوتی خەڵکی تازە پێگەیشتوو دەگرێ، رەخنە لە پاپۆڕی هەمیشە پاشکەوتکراو و شتی لەو بابەتە دەگرێ، رەخنە لە تەواوی ئەو شتانە دەگرێ کە لەو کات دا ئەویان ئازار دەدا. و دواییش بە شێوەی تایبەتیی فۆنتانیایی هەموو شتێک بە رێژەیی دەزانی و دەڵێ:" لەگەل هەمووی ئەوانەشدا دەبێ ئەوە بڵێم کە ئێمە لە سیستەمێکی دیکتاتۆریی ئاسوودەدا دەژین. بەڵام ئەگەر یەکێک بیەوێ قسەیەکی لەو جۆرە لە بن زمانی من دەرکێشێ، ئەمن دەیڵێم و بێباکم. درۆی بۆ چییە؟ ئەمن کاتێک بارودۆخەکە لە کۆماری دیموکراتیکی ئەلمانیادا لەگەڵ بارودۆخی یەکێتیی سۆڤیەتی کە تەمەن و ئەزموونێکی دورودرێژتری هەبوو بەراورد دەکەم، یا لەگەلڕ حکومەتی ئەم دواییانەی رۆمانیا یا شیلی یا یۆنان، دەێ بڵێم کۆماری دیموکراتیکی ئەلمانیا دیکاتۆری بوو و بە دیکتاتۆری مایەوە و ئەوەش بەس نییە. لێرەدا ئەم رخنەیە جۆرە روانگەیەکی لەخۆیدا هەڵگرتوە. روانگەیەک کە گەرەکیەتی کەسی سەرکەوتووەکان سەرکەوتووتر نیشان بدات. هەر بۆیەش مرۆڤ وردەوردە و بۆ ئەوەی سەرکەوتنی خۆی گەورە نیشان بدات، ئەو دوژمنەی کە لەسەر زەوی راکشاوە زۆر مەترسیدارتر لەوەی هەیە نیشان دەدات، و ئەم کارە لە بنەماوە مەسخەرە و گاڵتەجاڕانەیە.

پ: ئیزن بدە باسی کارە هونەرییەکانت بکەین. تۆ خەریکی دوو جۆرە کاری فەرهەنگیت، یەکێکیان وەک شێوەکار و ئەویتر وەک نووسەری، ئەم دوو پیشەیە چۆن پێکەوە گرێ دەدەیتەوە؟

و: باسی جۆرە تێپەڕینێکی گەڕۆکانەیە. لە حاڵێکدا کە خەریکی نووسینی رۆمان یا چیرۆک یا وتارێکم و یا لە کاتی نووسینەوەی شتێکدا، شێوەکان لەبەر زەینم قوت دەبنەوە، چ بمەوێ یان نەمەوێ. زۆر جاران شتەکە دەگەڕێتەوە بۆ دیمەنێک کە لە وێنەکەدا بە ئاشکرایی و روونی نیشان دراوە و پێویستە بە روونی شی بکرێتەوە یان نەخێر وێنەیەکە لە بابەتێک وەرگیراوە کە پێشتر نووسراوە، و ئەو وێنەیە دواتر دەبێتە گەڵاڵە و داڕشتەی بەربڵاوتر و گەورەتر، وەک ئەوەی کە بە درێژایی نیشتمانی قاقڕ کرا و لە کۆتاییدا و تەنانەت لە درێژایی ئیشکردنم دا دەستم داوەتە رەنگی ئاوی. ئەوە زۆر بە رێکەوت بووە و زۆر یارمەتیدەرم بووە.

پ: ئەدی کاتێک ئیش لەسەر کتێبێکی تایبەتی ناکەیت خۆت بە چییەوە سەرقال دەکەى؟

و: دیارە، خەریکی شێوەکاریم. کاتێک پاش چەند ساڵان لە نووسینی بەرهەمێک دەبمەوە، کاتێک زەینم تەواو بەتالڕ بۆوە، کاتێک هەموو واژەکانم دەکارهێنا، یەکسەر ناچمە سەر کتێبێکی نوێ. بەبێ ئەوەی شتێکم لە چەنتەدا هەبێ. لە پێشانگەکانی کتێبدا ئێمە لەگەلڕ پووچی و بێ هەڵوێستی بەرەوڕووین. کتێبگەلێک کە بە شێوەیەکی زۆر جوان نووسراون و بەڵام بێ ناوەرۆکن لێرەدا دەخرێنە روو، و ئەمن خۆیان لێ دەبوێرم، هەڵبەت ئەگەر بتەوێ و ئەوەش زیرەکیە. وانییە؟ زیرەکیە کە بەو جۆرە دەستم بۆ قەڵەم دەچێ، بۆ بزماری هەڵکۆڵین، بۆ گەچ، یا ئەوەیکە دەچمە سۆراغی قوتوە تۆز لێنیشتوەکانی رەنگە ئاویەکەم و خۆم بۆ تەکووزیەکی تر کە لە ژێر یاسایەکی دیکەدا دەچێتە پێشێ، تەرخان دەکەم و بەو جۆرە کولڕءکۆی خۆم دادەمرکێنمەوە.

 

وەرگێڕانی بۆ فارسی: شرارە گرماروودی

سەرچاوە: ژمارە 48ی گۆڤاری بخارا