و. ساڵح سووزەنی

 فرۆید ناراستەوخۆ دەڵێ ئەو بەرهەمە ئەدەبییانەی کە رەمزەکانیان زۆرتر ئەزموونی جیهانی ئودیپی ئەنوێنن باشترین بەرهەمن

 

وێرنۆن هاڵ

بۆ وەی نووسەرانی مەزن،  لەگەڵ هەموو تایبەتمەندییەکانی دیکەیاندا ، دەروونناسی شهوودیشن.. تیۆری‌یەکانی دەروونشیکاری بۆ تێگەیشتن لە ئەدەب لەبارتر خۆ دەنوێنن. لەراستیدا زیگمۆند فرۆید زۆرجار وا ئەدوا کە گوایە کاروباری وی تەنیا ئاراستەکردنی بەڵگەنامەی ئەزموونییە بۆ ئەو شتەی کە پێشتر نووسەران و فەیلەسووفەکان ئاشکرایان کردبوو.

فرۆید ئاوەها لە نووسەرانی دەڕوانی: " ئەو کەسایەتییە کەمانەی بەبێ هیچ هەوڵێک دەروونناسییان، پێبەخشراوە، بۆ وەی بتواننن قووڵترین راستییەکان لە گێژاوی هەستی خۆیان رزگاربکەن ئەو کارەی کە ئێمە بە زەحمەتێکی زۆر، لەوکاتانەدا لە ناو بێ متمانەیییەکی زەجراویدا دەتلێینەوە، دەتوانین بیکەین." Civilization and its discontekts…1930

بۆ وێنە بیر و ڕای داستایۆڤسکی پێشتر لە زۆربەی بیروبڕواکانی فرۆید هاتبوونە ئاراوە، بەو جۆرەی کە دەتوانین تئۆرییەکانی فرۆید هەر لە رووی دەقەکانی ئەو نووسەرەوە، بنووسینەوە .

فرۆید لای وابوو نووسەر ئەو کەسەیە کە ناتوانێ حەزەکانی/erotic drives/ خۆی لە ژیانی واقعیدا هەڵرێژێ. هەر بۆیە لە رێگەی ژیانیکی خەیاڵاوییەوە بە پالفتەکردنی ئەو هەستە خۆی دابین دەکا.

ئەگەر مانای ئەم گوتەیە بە لەونێ ئەوەبێ کە نووسەر مرۆڤێکی نێرۆتیک‌ە/Neurotic روان رنجور- دەروونئازار/ ئەم مانایەش بە جۆرێ تر دێتە ئاراوە کە خوڵقاندنی بەرهەمی ئەدەبیش بۆخۆی جۆرە دەرمانێکە کە نووسەر بە هۆی دەسەڵاتی خۆی ئەتوانێ هەستە زگماکییەکانی، لە هەموو ئەوکەسانەی کە نێرۆتیکیان هەیە، باشتر بێنێتە ژێر رکێف.واتا وادیارە نووسەران لە بەراوەرد لەگەڵ کەسانی دیدا کۆت و بەندێ کەمتریان هەیە. بۆ وێنە، فرۆید لە Henri Brulard ی ئستاندال بەشی سێهەمدا، ئەم دەقە سەرسوورهێنەرەی دییەوە:

« ئەو کاتەی ئاشقی دایکم بووم خۆ راست هەر ئەو کەسایەتییەم هەبوو کەدواجار بە سۆز و تینی زۆرەوە ئاشقی Alerth..  بووم. لەو کاتەوەتا ئێستا شێوەی من بۆ چێژوەرگرتن، ئەوەند نەگۆڕاوە . بەو جیاوازییەی کە لە باری فیزیکییەوە ئەوکاتە ئەوین لای من ئەشقێکی «سزاری» بوو، ئەوئەیویست بە کەڵک وەرگرتن لە تۆپ و چەکی سووک بگەڕێتەوە سەر زەوی..من دەبوا زوو فێری ئەوە ببوایەتم هەر چەند ئەو شتەش ئاڵ‌وگۆڕیکی ئەوتۆی لە شێوەکانی مندا سازنەکرد. ئەمویست دایکم ماچباران بکەم ئەو زۆری خۆشدەویستم و لە پەسا ماچی دەکردم منیش هەروا: ماچم دەکرد بە سۆزوتاوێکەوە کە زۆرجاران لە چنگم هەڵدەهات.. من رقم بوو لە باوکم . بەتایبەت ئەو کاتانەی کە دەهات و ماچەکانمی دەبڕی..»

زۆرکەم رووئەدا نووسەرێک بەم ئاشکرایی‌یە مەیلی سەرەکی خۆی لەمەڕ کوشتنی باوک و خۆشەویستی دایکی  دەربڕێ. زۆرجار هەستی ناهۆشیاری نووسەر شوین گومکردنی تایبەتی هەبووە بۆ وەی لەو رێگەوە لانی کەم شتەکەی لە زەینی خۆیدا پەسەند کردبێ. بەناوبانگترین نموونە بۆ ئەم زەمینە«ئودیپ شەهریار»ی «سۆفۆکل»ە ئەوەند بەناوبانگ کە فرۆید ناوی پاشاکەی «سۆفۆکل»ی نا بەسەر گرێی سەرەکی هەموو مرۆڤەوە. پاڵەوانی ئەفسانەی «ئودیپ» باوکی خۆی دەکوژێ و لە گەڵ دایکی تێکەڵ دەبێ. بەڵام ئەم کارە‌ بە بێ ئاگاداری لە‌هەویەی راستەقینەی ئەوان دەکا. فرۆید ئەڵێ:

ئەمە دەربڕینی شاعیرانەیە بۆ ئەو راستییەی کە پیاو شارەزای ئەزموونی ئودیپی خۆی نییە! بەم چەشنە پێشگوتەی «کاهێن» لە مەڕ کردەوەکەی ئودیپ رەمزی بێ‌ئەم‌لاوئەولایی چارەنووسێکە کە هەموومان هان دەدا لەو ئەزموونە تێپەڕین..تەنانەت کوێربوونی ئودیپ بەدەستی‌خۆی، دەتوانێ چەشنێک دەربڕینێ شاعیرانە بێ لە خۆخەساندن/Self asterasion/ بۆوەی هەموو بەرهەمە ئەدەبییەکان، بە هەر چەشنێ گێردڕابێتنەوە، چشتێکی تر نانوێنن جگە لە رەنگدانەوەی دەروونی نووسەر لە دۆخی ئۆدیپی خۆی. .  فرۆیدیستەکان دەیانتوانی ئەو بانگەشەیە بکەن کە توانیویانە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە کە:

لەبەرچی ئەدەب لە سەر مە کاریگەری هەیە؟ ئەوان دەیانگۆت: بۆ وەی ئەدەب لەرێگەی رەمزەکانییەوە سەرەکیترین مەیل و حەزی ئێمە دەنوێنی. بە واتایەکی دیکە خوێنەر گرینگترین ئەزموونی خۆی بە یارمەتی رەمزەشێعرییەکان دێنێتەوە بیر خوی!

هەر چەند ئەم بیرۆکەیە بایەخی ئەدەب راستەوخۆ روون دەکاتەوە بەڵام پرسیارێکی دیش دێنێتە گۆڕێ لەبەر ئەوەی ئەگەر هەموو بەرهەمە ئەدەبییەکان لەگەڵ دۆخی ئودیپی‌دا رووبەروون کە وایە ‌لەبەرچی هەموو بەرهەمە هونەرییەکان وەک یەک رازیمان ناکەن؟

فرۆید بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە وەک رەخنەگرانی قۆتابخانەکانی دی روودەکاتە چەمکی «نبوغ » یان بلیمەتیی،   چەمکێ کە بەقەدەر ئەوان بۆی لێڵ بوو و تێی نەدەگەیشت ـ «لە بەرامبەر هونەرمەندی خوڵقێنەر دا دەروونشیکاری دەبێ سەری تەسلیم دانەوێنێ»

بەم چەشنە، وادێتە بەرچاو کە فرۆید ناراستەوخۆ بڵێ ئەو بەرهەمە ئەدەبییانەی کە رەمزەکانیان زۆرتر ئەزموونی جیهانی ئودیپی ئەنوێنن باشترین بەرهەمن... ئەوەی بۆتە هۆی نەمری میراتی شانۆنامەکانی «ئودیپی شاریار» و «هاملێت»‌ی شکسپێر ئەوەیە کە مەیلی ناهۆشیاری ئێمە بە کەمترین لادان، دەردەبڕن

ئیرنێست جۆنز Ernest gones لایەنگری ئینگلیزیی فرۆید، ئەو دوو شانۆنامەی لە کتێبەکەی خۆی‌دا (هاملێت و ئودیپ1944) لێکدایەوە گەڵالەی(Plot) شکسپێر سیمای گۆڕدراوی پلۆتی «ئودیپی شاریارە» باوکی هاملێت «کلادیووس» بە دەستی مامۆی دەکوژرێ و «گرۆتروود»ی دایکی شوودەکا بە مامەی. بیروڕای هاملێت لەمەڕ ئەم دوو جەنایەتە واتە کوشتنی باوک و تێکەڵبوونی دایکی incest  /لەگەڵ ئەو زۆرجیاوازە. ئەو لە پیاوکوژیی، واتە تاوانی یەکەم، بێزارە و بە ئەرکی سەر شانی خۆیشی دەزانێ کە تۆڵەی باوکی بکاتەوە بەڵام تاوانی یەکەم بە قەدەر تاوانی دووهەم واتە تێکەڵبوونی دایکی لەگەڵ مەحرەمێ کە «کلادیووس»ە هەستی هاملێت بە تەواوی پڕناکا لە رق و کینە.  تەنانەت بەرلەوەی ئاگاداری کوشتنی باوکی بێ لەداخ ئەوەی کە رۆژێ دایک و مامی ببنە ژن و شوو، بیر لە خۆکوشتن دەکاتەوە.

 

خۆزگا جەستەم دەتوایەوە

دەبووە ئاو و زەردەخەنەیەک

یان خوای نەمر خۆکوشتنی بە حەرام نەزانیبا..خوایەگیان خوایە!

هەموو ئەم دنیایە لام چەند هیچ و پووچ و بێ کەڵک و پڕ لە خەم و پەژارەیە

تفی لێبێ تف – باخێک پڕلە گیای هەرز

کە لەپەسا سەوز  دەبن و تۆو بڵاو دەکەنەوە

هەر ناحەزی و ناشیرینییەکانی سروشت چڕتر دەبن و

بەسەریا دەسەڵاتدارن..بۆیە کاری گەیشتۆتە ئێرە

ئاخر خۆ دوومانگ زێدەتر لە مردنی تێناپەڕێ  ئەوەندەش نیە  دوومانگ نیە

چ پاشایەکی چاک بوو لە بەرامبەر ئەم کلادیووسەدا

چ فریشتەیەک بوو لە بەرامبەر دێودا...چەندە ئاشقی دایکم بوو

نەیدەهێشت تەنانەت بای ئاسمانیش

توند لەسیمای بدەن  ئەی ئاسمان ئەی زەوی!

ئەرێ دەبێ هەر ئەمانەم لەبیربێ؟

دایکم خۆی دەخستە ئامێزی باوکم

ئەوەندەکە حەز و تاسەی لەباوکم زێدەتر بوو

بەڵام دوای مانگێک

با بیری لێ نەکەمەوە..ئەی سستی و لاوازی کە ناوت ژنە!

هێشتا مەرگی باوکم لە مانگی تێنەپەڕاند  بەو کەوشانەوە کە، وەک «نیووپە»

 سەرتاپێی فرمێسک بوو...و بەدوای تەرمەکەی باوکمەوە بوو، هێشتا کۆن نەبوونە.

ئاخردایکم  هەر ئەم دایکەم

(خوایەگیان تەنانەت دەعبایەکیش عەقڵی هەبێ، لەو  زێدەتر،  پرسەی بۆ دەگرت)

شووی کرد بە مامم

واتە لەگەڵ برای باوکم.

بەڵام هەر ئەوەند لە باوکم ئەچێ کە من لە «هێرکوول»بچم

لە مانگێکدا   هیشتا فرمێسکی چاوە سوورەوەبوەکانی نەهاتبوونە وشک بوون

شووی کرد. ئاخ چ زوو و بەخێرایی چووە نوێنی زینای ئەوەوە!

ئەمە کارێ خێر نیە و هەرگیزیش خێر نابێ

ئای کە دڵی من بشکێ بۆوەی ناچارم بەر بە زمانی خۆم بگرم.»

تەنانەت ئەوکاتەش بەباشی ئاگادارە لەوەی کە «کلادیووس» باوکی کوشتووە، ناتوانێ ئەوە بسەپێنێ بەسەر خۆیدا کە کلادیووس بکوژێ. ئەو بە پێچەوانەی سوننەتی پاڵەوانەکانی تراژێدی بۆ تۆڵە سەندنەوە هەر لە بیانوو دەگەڕێ بۆ وەی تۆڵەسەندنەوەکەی باوکی بخاتە دواوە. کاتێکیش هەلێکی چاک دێتەگەڕبۆوەی کلادیووس بکوژێ، تێدەگا ئەوکارەی لەدەست نایێ و ئەو لێنەهاتوویییەی خۆی ئاوا پاساو دەداتەوە کە ئەگەر لەکاتی عیبادەتدا کلادیووس بکوژێ، رۆحی ئەو لەرێوە دەفرێتە بەهەشت.

«جۆنز» لە درێژەی باسەکەیدا دەڵێ : کلیلی هەموو ئەم بابەتانە لەم راستییەدا شاردراوەتەوە کە هاملێت بەشێوەی ناخودئاگا لەگەڵ کلادیووس هاوزاتی دەکا چونکە ئەوەتا کلادیووس قووڵترین مەیلەکانی هاملێتی لەژیاندا وەدی هێناوە. مەگەر ئەو باوکی هاملێتی نەکوشتووە بۆوەی لەگەڵ دایکیدا تێکەڵ بێ؟ کەوایە کوشتنی کلادیووس بە لەونێ لەگەڵ خۆکوشتنی دەروونیی وەک یەک دێنەوە. زێهنی هاملێت بەردەوام لەگەڵ دوو فیکردا گیرە؛ کوشتنی مامی یان کوشتنی خۆی ؟ ئەوەش ناکرێ مەگەر لە کۆتایی شانۆکەدا؛ ئەوکاتەی کە ژەهر چۆتە دەمارەکانی هاملێت و ئەو ئیتر دەتوانێ دەست لەخۆی بوەشێنێ و جێگرەکەی خۆی واتە کلادیووس بکوژێ..

کارەکانی دیکەی هاملێتیش دەکرێ بێتە ئەم چوارچێوەوە. چۆنیەتی هەڵس‌وکەوتی ئەو دەگەڵ «ئۆفیلیا» لەو مەیلەوە سەرچاوە دەگرێ کە بۆ هەڵهێنجانی هەستی بەغێڵی دایکی لە ئۆفیلیا کەڵک وەردەگرێ بە تایبەت لەو بەشە توند وتیژە کە هاملێت مل ناداتە دانیشتن لە لای دایکییەوە و خۆی دەخاتە بەر پێی «ئۆفیلیا» و دەڵێ: « نا دایکە! ئیرە زۆر سەرنج‌راکێشترە»  هاملێت دەستبەجێ دەتوانێ بە شیر زگی «پلۆنیووس»ی باوکی ئۆفیلیا هەڵدڕێ، بۆوەی پلۆنیووس لەباوک‌چوویەکی/father imag/ تەواوە و بەو چەشنە نیە کە کلادیووس لە جێی  کوڕەکەشی بێ...

ئەم لێکدانەوە، بە بێ ئەوەی سەرنج بدەینە بایەخ وبێبایەخ بوونەکەی، دەبێ بەر لەوەی رەخنەکاریی لەسەر بکرێ، لانی کەم لێی تێبگەی. چەندین رەخنەگر ئەم لێکدانەوەیان وەک « قسەی قۆڕ و بەس» بەرپەرچ‌داوەتەوە و هۆی قسەکەشیان ئەوەیە کە شازادە هاملێت هەر وشەی سەرکاغەزە نەوەک بوونەوەریکی زیندوو.. کەوایە ناتوانێ  گرێی ئودیپی هەبێ.. بەڵام ئەوە پێوەندی بە باسەکەوە نیە. فرۆید و جۆنز خۆ گەوج نەبوونە، ئەو گرێ ئودیپە کە لە شانۆکەدا ئاشکرا دەبێ گرێی کەسایەتی شانۆنامەکە نیە بەڵکو هی مرۆڤێکە بە گۆشت و هەست و خوێنەوە واتە ویلیام شکسپیەرخۆی.

موعتەبەرترین ئیرادێ کە وەک رەخنە ئاراستەی روانگەی فروید لە باری ئەدەبییەوە دەبێ بکرێ ئەوەیە کە رەخنەی فرۆیدی بەلای ئەوەدا دەچێ کە لە کەسایەتی شانۆ یان رۆمان تیپ سازکا، رێک وەک ئەو رەخنە نەریتییانەی پێشوGenre critism لە بەر ئەوەی کە چوارچێوە فرۆیدییەکان (Stereotypes ) بێ گۆمان رەنگدانەوەی سروشتی مرۆڤن، تاکێتی /فردیت/ پاڵەوانی شانۆنامە یان رۆمانەکان لەبەرچاو ناگیرێ.. ئەوەی کە جۆنز لەمەڕ هاملێت /وەک تیپێکی ئودیپی/ بە ئێمەی دەڵێ تەنانەت ئەگەر راستیش بێ لە ئەنجامدا بە مە ناڵێ، لە بەرچی ئەو کەسایەتییە تاکە، لە هەڵسەنگاندن لەگەڵ ئەو هەموو تیپە ئودیپیانەی دی‌دا، مانای زۆرتر هەڵدەگرێ.

بەو جۆرەو ئاشکرایە کە،  قوتابخانە رەنگاڵەکانی دەروونشیکاری دوای فرۆید، بۆ گۆڕانی تێزەکانی ئەو، رەخنەی دەروونشیکارانەیان بە تەواوی گۆڕی بۆ وێنە لایەنگرانی «ئادلێر» Adler گرێ‌ی خۆ بە کەم زانین و خۆ بە زل زانین‌یان وەک کلیلی لێکدانەوەی کەسایەتی ئەدەبی نایە جێی گرێی ئۆدیپ ئەوانەش کە بڕوایان بە وانەکانی یۆنگە، ئەوە بە باشتر دەزانن کە جەخت بکەنە سەر ناهۆشیاری بە کۆمەڵ /ناخوداگاە جمعی/ و رەگەزی مرۆڤــ بەو شێوەی کە لە‌کەسایەتی ئەدەبی‌دا رەنگ ئەداتەوە، ناهۆشیارێ کە هەڵگری ماکە عرفانییەکانە Mystic.

رەخنە دەروونشیکارییە نوێکان بەلای قەرز وەرگرتن لە هەموو قوتابخانەکاندا دەڕون. تێکەڵ خوازییەک Edecticisme  کە لەگەڵ تێکەڵخوازی زۆربەی دوکتۆرە دەروونشیکارەکان وەک یەک دێنەوە.

رەنگە تۆندڕەوترین رەخنەی دەروونشیکارانە بە پێی روانگەی دوکتور ئادمۆند بێرگلێر Edmund Berglar بەرپرسی پێشووی کلینیکی دەروونشیکاری «وییەن» هاتبێتە ئاراوە ـ ئەو بە شیکاری کردنی دەروونی 36 نووسەری پیشەیی بەو ئاکامە گەیشت کە فرۆید لە هەڵەدا بووە کە پێی وابووە هونەرمەندە خوڵقێنەرەکان مەیلە سەرکوتکراوەکانی خۆیان بەنهێنی دەردەبڕن.

 بێرگلێر، بە پێچەوانەوە، ئەیگوت کە نووسەر بەرامبەربە گریێ مەمک  Breast complex  دێتە بەرەنگاری. خۆشەویستی سەیری منداڵ بە دایکی، خۆشەویستیەکی مازووخیستی‌یە بۆ وەی کاتێ لە مەمکی ئەبڕنەوە لەو بێ‌بەشبوونە هەم چێژ وەردەگرێ و هەم تووشی ئازار دەبێ، کەوایە نووسەر بە شێوەی نابەئاگا وشە و شیر بەیەک دەزانێ و  لەوکاتەیدا کە وشەکان دێنێتە سەرقاقەز، دەڵێ:

«بزانە دایکە! تەنانەت ئەگەر تۆ شیرم نەدەیتێ من ئەیدەم». بەم چەشنە ئەو بەستنەوەی خۆی بە دایکییەوە رەفزدەکاتەوە

ئارتۆر ورم هاوت Arthurworm houdt لە توێژینەوە لە سەر بەرهەمێکی رۆمانتیکی بە ناوی The  Demon Lover بۆچوونەکەی بێرگلێری لەمەر شیعرەکانی وردزورس، کولریج، کیتس شێلی و بایرۆن خستەگەڕ و دیعایەی ئەوەی کرد کە شیعری ئەو شاعیرانە پیشان ئەدات کە هەر پێنجیان گرێی مەمک‌یان هەبووە ئەو لە باسێک لە سەر رەمز /نماد/ ی بە کار هاتوو لەو شیعرانەدا تا ئەو جێیەیە چووە پێشەوە کە بڵێ: گومەزەکان ـ کێوەکان، قەندیل و فنجانەکان، بەبێ لە بەر چاوگرتنی هیچ شتێکی دی تەنیا و تەنیا بە بۆنەی بیچمەکانیانەوە، مەمک بیردەخەنەوە چۆم و فوارە وسێڵاویشی وەک رەمزە کانی تێربوون و شکاندنی تینوویەتی هێنایەگەڕ، رێک بەو جۆرەی کە سێو و خواردەمەنیش بە گشتی ئەتوانن پێوەندی بەو باسەوە بگرن رەمزێکی پێچەڵپلووچی‌تر بۆ مژینی مەمک لە ڵایەن منداڵەوە لای ئەو «دار»ە بۆ وەی لە وەرزی بەهاردا ئەویش لە دایکـ - زەوین ئاو هەڵدەمژێ و لە‌رێگەی گەڵاکانییەوە بە هاویناندا هەناسە ئەکێشێ و لەوەرزی پاییزدا شیرەکەی دەکێشێ کە ئەویش ئەتوانێ بە‌شێوەیەک خاوەنی مانای لاوەکی پێوەندیدار بە‌ «زارە»ەوەبێ بەڵام رواڵەتی باڵدارانیش لە ئەدەبی رۆمانتیک‌دا ئێجگار زۆر وەک رەمزی مەمک هاتووە و دەرکی ئەمەش سەرەتا ئەستەم بوو بە تایبەت لەو رووەوە کە هەڵفرین  و نزیکی‌کردن پێوەندییان پێکەوە هەیە و ئەوەش کە زورجار مەل و ئالەتی پیاو بەیەک شت ‌دادەنرێن جگە ئەوەش پەیبردن بە  نێرماکی پەلەوەر وەک زیندەوەری‌‌تر نیە و پەلەوەرەکان بەهاسانی لێک جۆی نابنەوە جیاوازی رەنگ لە پێوەندی لەگەڵ منداڵدا بۆیە زۆر گرینگ نیە ـ ئەوەش خۆی هۆیەکە مەلان بۆ هەستی پێش نێرماکی Presexoal Emotions ، پێوەندیدار لەگەڵ گرێی مەمک‌، رەمزێکی باش بن. مەلان هەروەها لە ناکاودا دێن و دەرۆن ئەوەش دەکرێ رەمزێ بێ بۆ ئەوەی کە منداڵ هێچ کونترۆلێکی بە سەر هاتن و رۆشتنی مەمک دا نیە ئەوەی لە پێوەندی دەگەڵ شیعردا گرینگە، ئەو راستییەیە کە پەلەوەر لەو کەمینە حەیوانانەن کە هەستی خۆیان بە گۆرانی غەیری ئیرادی دەردەبڕن و ئەم خاڵە بچووکە گرینگە پێوەندی زۆری هەیە بە ناهۆشیارانە دەڕبرینی وشە ـ شیر لای شاعیران.

لێرەدا، لە چوارچێوەی تا ئەندازەیەک توندرەوانە، داگەڕان (گرایش) بە لای رەخنەی دەروونشیکاری بۆتە ریزکردنی تیپ و گشت‌بێژییەکی بەربڵاو ـ ئەوەندە بەربڵاو کە تایبەتمەندی تاکێتی شیعر لەبەرچاو ون بووە

دیارە بەو حاڵەش بڕواکانی  فرۆید ئەگەر بە هۆشیاری یەوە بێتەگەڕ ئەو هیوایە ئەدەن کە رەخنەگران سەرلەنوێ رێگەگەلێک ببیننەوە کە لەوێوە بە شێوەیەکی بەڕاستی بەراوردکارانە لەمەر ئەدەب بێنە دوان و دەربرین

--------------

 

ئەم وتارە لە کتێبی "وتار" ەوە / وەرگێران و ئامادەکردنی ساڵح سووزەنی ٢٠٠٤/ وەرگیراوە

بازدید: 1874