لە سویدییەوە: شاهۆ حەسەنپوور 
 پیاوەکەی کە منداڵەکەی کوشتووە، دەزانێ ئەو بێدەنگییە دووژمنیەتی،... ئەو دەزانێ ساڵانێک دەبات هەتا بە سەر ئەو بێدەنگییەدا زاڵ بێت و، دڵی خۆی دەداتەوە کە هەڵەی ئەو نەبووە. 

 

کوشتنی منداڵێک

ستیک داگێرمەن

لە سویدییەوە: شاهۆ حەسەنپوور

 

ڕۆژێکی ئاساییە و، خۆر، لار بەسەر دەشتەکەوەیە. بەم زووانە دەنگی زەنگی کاتژمێرەکان بەگوێ دەگات. دوو منداڵ ڕێگەیەکیان لە نێوان چەند کێڵگەیەکی جۆ دیوەتەوە کە پێشتر پێیدا نەڕۆیشتوون. لە سەر ئەم ڕێگایەوە سێ ئاوەدانی دیارن کە پەنجەرەکانیان شۆقدەداتەوە. پیاوان لە سەر مێزی نانخواردندا و لە بەردەم ئاوێنەکان ڕیشیان دەتاشن و ژنان پچڕئاسا خەریکی بڕینی نانن بۆ دەمی قاوڵتی. منداڵان لە سەر ئەرز دانیشتوون و بەندی سووخمەکانیان دەبەستن. ئەمرۆ سەرەتای بەیانییەکی خۆشە، بەڵام هەواڵی هاتنی ڕۆژێکی شوومیشی پێیە. ئەمرۆ منداڵێک لە ئاواییەکەی سێهەم بە دەستی پیاوێکی بەختەوەر دەکوژرێت. منداڵەکە هێشتاش لە سەر ئەردی ژوورەکە دانیشتووە و خەریکی بەستنی بەندی سووخمەکەیەتی و پیاوەکە کە خەریکی تاشینی ڕیشیەتی دەڵێ ئەمرۆ گەشتێک بە بەلەم دەکەنە ناو دەریاچەکەی خوار ماڵان و، ژنەکەش نانە بڕدراوەکان دەخاتە سەر دەورییەکی شین.

 

هێشتا سێبەر بەسەر مەتبەقەکەدا نەکشاوە کەچی لە ئاوایی یەکەم ئەو پیاوەی کە قەرارە منداڵەکە بکوژێ لە بەنزینخانەیەک لای پەمپێکی سوور وەستاوە. پیاوێکی بەختەوەرە کە چاو لە کامێراکەی دەکات و لە شاشەکەیەوە ئۆتۆمۆبێلی شینی چکۆڵە کە لەلایەوە کچۆڵەیەک دانیشتووە و دەتریقێتەوە، دیارە. هاوکات لە گەڵ ئەوەی منداڵەکە پێدەکەنی و پیاوەکە وێنەیەکی جوان دەگرێ، بەنزین فرۆشەکەش سەری باکی بەنزینی ئۆتۆمۆبێلەکە دەنێتەوە و هیوای ڕۆژێکی خۆش بۆ پیاوەکە بەئاوات دەخوازێ. کچەکە دێتەوە نێو ئۆتۆمۆبێلەکە و ئەو کابرایەی کە قەرارە منداڵێک بکوژێ کیفی پووڵەکەی لە گیرفانی دەردێنی و دەڵێ قەرارە بچنە سەر دەریا ولەوێوە بەلەمێک بە ئەمانەت وەرگرن و گەشتێکی درێژ بکەن. کچەکە لە کووشنی پێشەوە دانیشتووە و لە مابەین جامە نیوەدادڕاوەکەوە گوێبیستی قسەکان دەبێت. کچەکە چاوەکانی لێک دەنێ و وێنای دەریا و بەلەمەکە و پیاوەکە دەبینێ. کابراکە کەسێکی خەراپ نیە، ئەو شادە و ژیانێکی خۆشی هەیە. پێش ئەوەی کابرا سواری ئۆتۆمۆبێلەکە بێتەوە، چاوێک لە ڕادیاتێری ئۆتۆمۆبێلەکە دەکا کە لە بەر تیشکی خۆر شۆقدەداتەوە. بۆنی بەنزین و گڵووکەکانی داری پرتۆس سەرمەستی دەکەن. نە سێبەر بە سەر ئۆتۆمۆبێلەکەدا کشاوە و، نە سپەرە سپییەکەی ماشێنەکە، قووپاوی پێوەدیارە و، نە بە خوێن سوور بووە.

 

هاوکات پیاوی ناو ئۆتۆمۆبێلی ئاوایی یەکەم دەرگای لای چەپی دادەخا و سلفی ئۆتۆمۆبێلەکە لێدەدا، ژنەکەی ئاوایی سێهەم کەنتۆری مەتبەقەکە دەکاتەوە، بەڵام دەبینی شەکریان نیە. ئەو منداڵەی کە خەریکی بەستنی بەندی سووخمەکەی بوو ئێستا بەندەکەی بەستووە و قەیتانی کەوشەکانیشی تووندکردوە و، لە سەر چۆکان لە سەر موبڵەکەیە و سەیری رووبارەکە دەکا کە مارپێچی بە ناو دارەکانی تووسکا دا تێپەڕ دەبێ. بەلەمەکەی قەراغ ئاوەکەش کە ئامادە لەوێ لەنگەری گرتووە دیارە. ئەو پیاوەی کە قەرارە منداڵەکەی بۆ هەمیشە لە دەست بدا لە تاشنی ڕیشی بۆتەوە و خەریکی کۆکردنەوەی ئاوێنەکەیەتی. لە سەر مێزەکە فنجانەکانی قاوە، نانەکە، قەیماغەکە و مێشەکان دەبینرێن. تەنیا شەکرە کە پێویستیانە، دایکەکە بە منداڵەکەی دەڵێ بچێتە ماڵی لارشۆن بڕێک قەند بێنێت. کە منداڵەکە دەرگا دەکاتەوە بڕوا، باوکەکە بە منداڵەکەی دەڵێ پەلە بکات چوونکە بەلەمەکەی قەراغ ئاوەکە چاوەڕێیانە و ئەوان ئەورۆ گەشتێکی درێژیان دەبێ لە چاو جارەکانی دیکە. کاتێ منداڵەکە بە غاردان بە ناو حەوشەکەدا تێدەپەڕێ خەیاڵی دەریاچەکە، بەلەمەکە و ماسییەکان هەڵیدەگرێ؛ بەڵام کەس نەبوو بە گوێیدا بچرپێنێ کە تەنیا هەشت دەقەی ژیان ماوە و ئەوەی کە بەلەمەکە ئەمرۆ  و زۆر رۆژی دیکەش هەر لە و شوێنە دەمێنێتەوە.

 

ماڵی لارشۆن دوور نیە و تەنیا بەو بەری جادەکەوەیە. کاتێ منداڵەکە بە غاردان دەپەڕێتەوە ئۆتۆمۆبێلە بچووکە شینەکەش دەگاتە ئاواییەکەی دیکە. ئاواییەکی بچووک بە ماڵی بچووکی سوورەوە و خەڵکی تازە لە خەو هەستاو کە لە مەتبەقەکانیاندا دانیشتوون و کووپی قاوەکانیان بە دەستەوەیە ئۆتۆمۆبێلەکە دەبینن کە تیژ بەوێدا تێدەپەڕێ و، دەچێتە ئەو بەری دەوەنەکانی تووکاساوە کە بە تەم داپۆشراون. شتەکان خێرا تێدەپەڕن، پیاوەکەی ناو ئۆتۆمۆبێلەکە دارسێو و دارە تازە چەقێندراوەکانی خەتی تەلەفۆن وەک سێبەرێکی خۆڵەمێشی و تیژتێپەڕ دەبینی. فێنکە باێکی هاوینی لە جامی ئۆتۆمۆبێلەکەوە دێتە ژوورێ. بە خێرای بە ناو ئاواییەکەدا تێدەپەڕن، ئۆتۆمۆبێلەکە بە ناوەڕاستی جادەکەی دەڕوا و هەنووکەش نە ئۆتۆمۆبێل و نەکەسی دیکەش بە ڕێگەکەوە دیار نین. بە تەنیای بە جادەیەکی پان و تەخت دا ئۆتۆمۆبێل ئاژووتن و بە تایبەتی لە دەشتەکاندا کەیفی خۆی هەیە. پیاوەکە بەختەوەر و هەست بە بە هێزی دەکات بە تایبەتی کاتێ قۆڵە ئەستوورەکەی لای ڕاستی بەر جەستەی ژنەکەی دەکەوێت. ئەو پیاوێکی خراپ نیە و تەنیا پەلەیەتی بگاتە دەریا. تەنانەت ئەو ناتوانێ ئازاری زەرگەتەیەکش بدات لە گەڵ ئەوەشدا ئەو بەم زووانە منداڵێک دەکوژێت. هاوکات لە گەڵ ئەوەی ئەوان دەگەنە ئاوایی سێهەم کچەکە خەریکی یاری کردنە. ئەو چاو لێک دەنێ و نایهەوێت چاوەکانی بکاتەوە هەتا دەگەنە دەریاکە. خێرای و نەرمی  ئۆتۆمۆبێلەکە و بەرزو نەزمییەکەی کە بە سەر جادەکەدا دەڕوات و ئەو وێنایانەی کە دێنە بەر چاوی لە زەینی کچەکەدا دێن و دەچن.

 

ئای کە ژیان چەندە زاڵمانە لە چوارچێوەدراوە. ئاخر دەقەیەک پێش ئەوەی پیاوێکی بەختەوەر منداڵێک بکوژێ، هێشتا بەختەوەرە و پێش ئەوەی ژنێک لە تاوان بقیژێنێ، چاوی لێک ناوە و خەیاڵی دەریا هەڵیگرتووە و ئەوەی کە دواین چرکەکانی ژیانی منداڵێک دایک و باوکی منداڵەکە لە مەتبەق دانیشن و چاوەڕێی شەکر بن و باسی ددانە سپییەکانی منداڵەکەیان و گەشتی ناو ئاو بکەن و منداڵەکەش بۆ خۆی بتوانێ بە تەنێ دەرگای حەوشەکە دابخات و، چەند دانە کڵۆشەکر کە لە کاغەزێکی سپییەوە پێچراون و بە دەستی ڕاستیەوە بگرێ و ئەوەی کە دوایین ساتەکانی تەمەن، منداڵەکە تەنیا بە خەیاڵی دەریا درێژ و سپییەکە و ماسییە گەورەکان و بەلەمێکی پان بە سەوڵەکانیەوە بێت.

 

ئیدی هەموو شتێ درەنگ بووە. ئۆتۆمۆبێلە شینە بچووکەکە لە سەر لا کەوتۆتە قەراغ جادەکە و ژنێک بەدەم قیژەوە دەستی بریندار و لە خوێندا شەڵاڵ بۆ دەمێ دەبات. پیاوێک کە لەشی هەڵدڕاوە دەرگای سەیارەکە دەکاتەوە و، هەوڵ دەدات لە سەر پێ ڕاوەستێت. چەندانە قەند خەڵتانی خوێن و خیز لە سەر جادەکە پەڕش و بڵاو بوونەوە و جەستەی بێ جووڵەی منداڵێک بە ڕوودا بە سەر جادەکەوەیە. دوو کەس بە دەم ڕاکردنەوە کە هێشتا لە خواردنەوەی قاوەکانیان نەبوونەوە، ڕەنگ پەڕیو دەرگەی حەوشە دەکەنەوە و دیمەنی ئەو کچە بۆ هەمیشە لە یادەوەریان دا دەمێنێتەوە. مەخابن کە کات برینەکان ساڕێژ ناکاتەوە، زەمەن نە برینەکانی منداڵێکی کوژراو ساڕێژ دەکاتەوە، نە غەمی ژنێک کە لە بیری چووە شەکر بکڕێت و منداڵەکەی بنێرێتە ماڵەکەی ئەو بەری جادەکە بۆ هێنانی چەنددانە کڵۆ قەند. زەمەن ئازاری پیاوێک کە ڕۆژیک بەختەوەر بوو ساڕێژ ناکاتەوە کە منداڵيک دەکووژێ.

ئەو پیاوەی منداڵەکە دەکوژێ، ناچێتە دەریا و بێدەنگ لە تەک ژنێکی ڵاڵ کە دەستی هەڵپێچاوە بە ناو ئاواییەکاندا کە نووقمی خەم بوون دەگەڕێتەوە ماڵ. سێبەرەی دارەکان تاریکن و کاتێ ئەوان لێک جیا دەبنەوە هێشتا بێدەنگن. پیاوەکەی کە منداڵەکەی کوشتووە، دەزانێ ئەو بێدەنگییە دوژمنیەتی،... ئەو دەزانێ ساڵانێک دەبات هەتا بە سەر ئەو بێدەنگییەدا زاڵ بێت و، دڵی خۆی دەداتەوە کە هەڵەی ئەو نەبووە. لە گەڵ ئەوەشدا دەزانێ ئەوە جگە لە درۆیەک هیچی دیکە نیە و هەموو تەمەنی بە خەیاڵی ئەوەوە دەژی ئەو دەرفەتەی بۆ هەڵکەوێ کات بگەڕێتەوە دواوە بۆ ئەوەی ئەو دواساتانەی ڕووداوەکە بە جۆرێکی دیکە بنووسێتەوە، بەڵام ژیان زاڵمە بەرامبەر ئەو کەسەی ژیانی منداڵێکی ستاندووە و ئیدی هەمووشتێ درەنگە.   

 Image result for modernisme kunst

 

 

بازدید: 1381