و. محەمەد شێخی
 
 گولاگ دەبێ وەکوو هۆکارێکی «ئابووری/سیاسی» لە دەوڵەتێکی سۆشیاڵیستیدا شی بکرێتەوە. دەبێ لە هەموو چەشنە داشکاندنی مێژووگەرایانە پارێز بکرێت. گولاگ نەک پاشماوە یان دەرەنجامێک، بەڵکوو هەنووکەییەکی ڕەهایە.

 

پرسیاری گولاگ

میشێل فۆکۆ

وەرگێڕان: محەمەد شێخی

(ئەم دەقەی خوارەوە بەشێکە لە دیمانەی «ژاک ڕانسیەر» کە لەژێر ناونیشانی «دەسەڵاتەکان و ستراتیژییەکان» لە کۆتایی حەفتاکاندا لەگەڵ «میشێل فۆکۆ» ئەنجامی داوە.)

من دەترسم لە هەموو چەشنە بەکاربردنێکی گولاگ/ زیندان کە بیهەوێ ئەم دووانە لێک نزیک بکاتەوە. بەکاربردنێکی چەشنی ئەم بانگەشە کە: هەموو ئێمە گولاگی خۆمان هەیە: گولاگ هەر لێرەدایە لەبەر دەرگاکانماندا، لە شارەکانماندا، لە نەخۆشخانەکان و لە زیندانەکانی ئێمەدا: هەر لێرە لە سەرماندا. دەترسم بە بیانووی «سەرکۆنەی سیستماتیک»وە جۆرێک «ئێلێکتیسیزم»ی ناکۆتا بێتە ئارا؛ کە ئەمە خۆی سەرپۆشێک دەبێت بۆ زۆرێک لە مانۆڕ و جووڵە گومانبارەکان. ئێمە بە تووڕەییەکی زۆر و ئاخێکی درێژی لامۆرتاسا [ئاماژە بە «ئادریان لامورت»ە، مەبەست ئاخێکی برایانەیە کە دەیەوێ کۆتایی بە جیاوازی و ناکۆکییەکان بهێنێت] هەموو ئەو ئازار و ئەشکەنجە سیاسییانە قبووڵ دەکەین و بەم شێوە بە ڕەوای دەزانین پارتی کۆمۆنیستی فەڕەنسا (P.C.F.) لە دانیشتنێکدا بەشدار بێت کە بڕیار وایە پلیوشەچ تێیدا گوتار پێشکەش بکات. [پلیوشەچ، بیردۆزی ڕووس، یەکێک لە نەیاران و ڕەخنەگرانی سیاسەتەکانی یەکێتیی سۆڤیەت کە ساڵی ١٩٧٢ دەستگیر کرا و پاش ساڵێک بەندکران، بەپێی بڕیاری دادوەر لەسەر شێتبوونی ئەو، نێردرایە نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە نەخۆشە دەروونییەکان. دادگاییکردن و بەندکرانی ئەو لە ئاستی جیهاندا ناڕەزایەتیی زۆری لێ کەوتەوە. ساڵی ١٩٧٦ ڕێگەی پێ درا لە سۆڤیەت بچێتە دەر. ئەو هەرگیز لە بیروباوەڕی کۆمۆنیستیی خۆی پاشگەز نەبۆوە و دەستبەردار نەبوو.] ئەمە ڕێگە بە پارتی کۆمۆنیست دەدات تاکوو سێ گوتار وەگەڕ بخات:

١ـ بۆ ڕای گشتی: لێرە ئێمە و ئێوە هەموو پێکەوە و لەتەنیشت یەکدا کارتێکراو و زیانمەندین. یەکێتیی سۆڤیەت بەرەوڕووی هەمان پرس و گرفت و کێشەگەلە کە لە ڕووبەڕووی هەموو وڵاتێکدایە؛ نە کەمتر نە زیاتر و لەبەرامبەریشدا بەهەمان شێوە. کەواتە وەرن با لە خۆڕاگریدا بەشدار بین، بەواتایەکی دی،  وەرن با کێشەکان دابەش بکەین.

 

٢ـ بۆ هاوپەیمانانی هەڵبژاردن: بزانن ئێمە چەندە تایبەت بە سۆڤیەت ئازادبیرین و سەربەخۆ دەبزوین. ئێمەش وەکوو ئێوە گولاگ پڕۆتستۆ دەکەین و بە شەرمی دەزانین. کەواتە ڕێگە بدەن کارەکەمان بکەین.

 

٣ـ  لەناو پارتدا: بزانن ئێمە بە تەفرەدانی پرسی گولاگی سۆڤیەت و شاردنەوەی لەژێر پرسی مەبەستدار و گشتیی زیندانی سیاسیدا زیرەکیمان نواند.

بەڕای من دەبێ لەنێوان ناوەندی گولاگ و پرسیاری گولاگدا جیاوازی قاییل بین. وەکوو هەموو تەکنەلۆژیا سیاسییەکانی مێژوو، ناوەندی گولاگ وەرچەرخان و ئاڵۆگۆڕ و کارکرد و کاریگەرییەکانی خۆی هەیە. و لەوانەیە بتوانین بڵێین، زیندان و بەندکردن و گیرانی سیاسیی سەردەمی کلاسیک بەشێک لە پێشینەناسییەکەی پێک دەهێنێت.

بەڵام پرسیاری گولاگ دەرخەری بڕیار و هەڵبژاردنێکی سیاسییە. هەندیک کەسان پرسیاری گولاگ ئاراستە دەکەن و هەندێک نا. ئاراستەکردنی ئەم پرسیارە باس لە چوار شت دەکات:

٤ـ خوبواردن لە ئاراستەکردنی پرسیاری گولاگ بەپێی دەقەکانی مارکس و لەنین؛ بەواتایەکی دی، خۆبواردن لە ئاراستەکردنی ئەم پرسیارە کە کام هەڵە، لادان، نەناسینەوە، یاخود گێڕبوونەوەی هزری یان کردەیی بۆتە هۆی ئەوە تیۆری مارکس و لەنین تاکوو ئەم ڕادە خەیانەتیان پێ بکرێت.

بەپێچەوانەوە، پرسیاری گولاگ واتە ژێرپرسیارخستنی گوتارەکانی مارکس و لەنین ـ ئێستە ئەم پرسیارانە هەرچەندیش کۆن بن ـ بەپێی ڕاستێتییەکانی گولاگ. لەبری شەنوکەوکردنی ئەم دەقانە بە مەبەدستی دۆزینەوەی شتێک کە بکرێ بەهۆیەوە پێشەکی گولاگ ئیدانە بکەین، پرس دادان و ئاراستەکردنی ئەم پرسیارەیە کە لەم دەقانەدا چ شتێک ڕێگەیان بۆ گولاگ خۆش کردووە، چ شتێک هێشتا هەوڵی بۆ پاساودانەوەیەتی، چ شتێک ئەمڕۆکە ڕێگە دەدات کە هەروا ئەو حەقیقەتە تەحەمولنەکراوە قبووڵ بکەین. پرسی گولاگ نەک بەپێی هەڵە و لادان (کە هاوپێچە لەگەڵ جۆڕێک دابەزین بۆ ئاستی تیۆری) بەڵکوو دەبێ بەپێی ئەمری واقیع ئاراستە بکرێت و بێتە ئاراوە. 

٥ـ خۆبواردن لە سنووردارکردنی ئەم پرسیارە تەنها لە ئاستی هۆکارەکاندا. ئەگەر ئەم پرسیارە بکەینە خاڵی دەستپێکی خۆمان کە: «هۆکار»ی گولاگ چییە؟ (دواکەوتوویی و درەنگکەوتنی گەشەی ڕووسیا، شکڵگۆڕکێی حیزب بۆ بوڕۆکراسی، کێشە ئابوورییەکانی تایبەت بە یەکێتیی سۆڤیەت) گولاگ دادەبەزێنن بۆ جۆرێک نەخۆشی ـ ئاوسانێکی پڕکیم و هەو، داڕزان یان هەڵدانەوەی نەخۆشی. بەم پێیە، تەنها بەشێوەی نەرێنی و سەلبی بیرمان لە گولاگ کردۆتەوە؛ وەکوو لەمپەرێک کە دەبێ وەلا بنرێت، یان کەچە کارکردێک کە دەبێ چاکسازی بکرێت؛ ژانی زایین بۆ وڵاتێک کە بەشێوەیەکی ئازاراوی ژان گرتوویەتی و سۆشیاڵیزمی بووە.

پرسیاری گولاگ دەبێ بەشێوەی ئیجابی ئاراستە بکرێت. پرسی هۆکارەکان بۆ ئەوە نابێ لە پرسی کارکرد جیا بکرێتەوە: گولاگ لە خزمەت چیدایە؟ گەرەنتیدەری چ کارکردێکە؟ وە دەچێتە خانەی کام دەستە ستراتیژییەوە؟

گولاگ دەبێ وەکوو هۆکارێکی «ئابووری/سیاسی» لە دەوڵەتێکی سۆشیاڵیستیدا شی بکرێتەوە. دەبێ لە هەموو چەشنە داشکاندنی مێژووگەرایانە پارێز بکرێت. گولاگ نەک پاشماوە یان دەرەنجامێک، بەڵکوو هەنووکەییەکی ڕەهایە.

 

٦ـ خۆبواردن لە دانانی جۆرە یاسایەکی فیلتەرینگ بۆ ڕەخنەگرتن لە گولاگ کە لە ناو گوتارەکان یان خەونگەلی تایبەتی خودی ئێمەدا کار بکات. مەبەستم وەلانانی سیاسەتی جووتکەوانەیە؛ پارێزکردن لە دانانی سۆشیاڵیزمی سۆڤیەت لەناو جووتکەوانەگەلی ئایرۆنیک و شەرماوەردا بۆ پاراستنی سۆشیاڵیزمی ڕاستەقینە و پەسەند. لەڕاستیدا، تەنها سۆشیاڵیزمێک کە شایستەی ئەم جووتکەوانە پڕسووكایەتییانەیە هەمان سۆشیاڵیزمە کە لە سەرماندا بزوێنەری ژیانی فەنتازیی ئایدیاڵبوونێتییە.

ئێمە دەبێ بەپێچەوانەوە چاوەکانمان بکەینەوە بەڕووی ئەو شتەدا کە هەر لێرە، دەستبەجێ، ئەگەری خۆڕاگری لەبەرامبەر گولاگدا فەراهەم دەکات؛ بەڕووی ئەو شتەدا کە گولاگ تەحەمولنەکراو دەکات و دەتوانێ بوێریی پێویست بدات بە مرۆڤە دژەگولاگەکان کە بتوانن هەستن و بمرن لەپێناو ئەوەدا کە وشە یان شیعرێک بهێننە سەر زار. دەبێ ئەو شتە دەرک بکرێت کە میخائیل ستەرن هان دەدات کە بڵێ: «من ملکەچ نابم»؛ وە هەروەها ئەوەی کە چۆن پیاوان و ژنانێکی «بەزۆری رەشۆکی و نەخوێندەوار» کە لە دەوری یەک کۆ بوبوونەوە (وێڕای چ مەترسیگەلێک؟) تاکوو ئەو تۆمەتبار بکەن هێز و توانای تۆمەت لابردنی ئەو لە بەرامبەر ئامادەبوواندا بەدەست بهێنن. لەبری سرودە بچووکە عاشقانە سەدساڵانەکەمان بۆ «سۆشیاڵیزم» دەبێ گوێ لەمانە بگرین. ئەوانە لەسەر چی بەندن، چی وزەیان پێ دەدات، خۆڕاگرییان لە کوێوە دێت؟ چ شتێک ئەوان هان دەدات کە هەستن؟ وە بەتایبەت وەرن با پرسیاریان لێ نەکەین کە ئایا هێشتا و وێڕای هەموو شتێک بەڕاستی «کۆمۆنیست»ن، دەڵێی ئەمە مەرجی ئێمەیە کە بەڵێن بدەین گوێیان لێ بگرین. نوێڵی ئێمە لەدژی گولاگ، نەک لە سەرماندا، بەڵکوو لە جەستەی ئەوان، لە وزەیان و لە کارێکدایە کە ئەوان، بە ئاخاوتن و ڕامان، ئەنجامی دەدەن.

٧ـ خۆبواردن لە  چارەسەرکردنی گشتیگەرایانە و یونیڤێرساڵی پرسەکە بە «ناشیرینکردنی» هەموو جۆرەکانی گرتن و بەندکردن. گولاگ پرسێک نییە کە بە شێوەی یونیرفۆڕم و یەکسان بۆ هەموو کۆمەڵگاکان، وێڕای هەموو جیاوازییەکانیان، ئاراستە بکرێت. بەڵکوو دەبێ بەشێوەی تایبەت سەبارەت بە کۆمەڵگا سۆشیاڵیستەکان ئاراستە بکرێت، چونکە لە ساڵی 1917 بەم لاوە هیچ وڵاتێکی سۆشیاڵیستی نەیتوانیوە و سەرنەکەوتووە بەبێ جۆرە سیستمێکی کەم تاکورتێ بەرفرەکراوەی گولاگ کار بکات.

بەکورتی، وای بۆ دەچم کە لەبەرامبەر هەر چەشنە داشکاندنێکی تیۆریک (کە گولاگ بەشێوەی هەڵەیەکی قابیلی دەرک و خوێندنەوە بەپێی دەقەکانی [مارکس و لەنین] دادەبەزێنێت)، هەر چەشنە داشکاندنی مێژووگەرایانە (کە گولاگ بۆ دەرەنجامێکی هاوئاکامی قابیلی لێکدانەوە و قابیلی پێشگیریی چەند هۆکارێک دادەبەزێنێت)، هەر چەشنە جیاکردنەوەیەکی یۆتوپیایی (کە گولاگ لە تەنیشت «سۆشیاڵیزم»ی درۆییندا دەخاتە بەرامبەر خودی سۆشیاڵیزم)، و هەروەها لەبەرامبەر هەر چەشنە چارەسەری گشتێتی‌بەخشی پرسەکە لە فۆڕمی عامی گرتن و زیندان، دەبێ لەسەر تایبەت بوونێتیی پرسیاری گولاگ پێ دابگیردرێت.

سەرچاوەی وەرگێڕان بۆ کوردی ماڵپەڕی http://www.thesis11.com

سەرچاوەی وەرگێڕان بۆ فارسی:

Michel Foucault, «Pouvoirs et stratégies» (entretien avec J. Rancière), Les Révoltes logiques, no 4, hiver 1977, pp. 89-97; Dits et écrits III. 1976-1979, texte 218, Paris : Gallimard, pp. 418-428

 

 Image result for postmodern art

بازدید: 858